Uncategorized, خۆپاراستن, سیاسەت, وتار و لێکۆڵینەوە

فەرهەنگی ئایدۆلۆژی بزوتنەوەی کورد

موژگان خالیس

بزووتنەوەی کورد، بۆ ماوەی سالانێکی زۆرە تەنها بە گوتاری “تیرۆر” و “ئاسایش” پێناسە دەکرت، بەڵام نەخشەی فکری بزووتنەوەکە، بە کۆمەڵێک چەمک دروست بووە هەر  لە ‘مۆدێرنیتەی دیموکراتی’یەوە بۆ ‘ژنۆلۆژی’.

لەم رۆژانەدا کە چارەسەری پرسی کورد دەست بە دوورکەوتنەوە لە ئامرازەکانی توندوتیژی دەکات، بە تایبەتی لە شاشەکان، رۆژنامەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بێگومان لە سیاسەتدا زۆر باس لە “گۆڕانی زمان” دەکرێت. نووسەران و سیاسەتمەداران جەخت لە سەر زمانی چارەسەر دەکەنەوە. بەڵام ئەو زمانە ڕەتۆریکانەی دەیان ساڵە، هێشتا لە شاشەکان و میدیاکانی تردا بەردەوامن. ویستم بەم وتارە کۆمەکێک بۆ گۆڕانی زمان بکەم.

ڕۆژانی رابردوو کاتێک گوێم لە ژنە ڕۆژنامەوانێکی ناودار بوو لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی)ی پرسی ” کاتێک باسی نەتەوەی دیموکراتی دەکەن، مەبەستتان چییە؟”، جارێکی تر تێگەیشتم کە ئەو هاوپیشەیە وەک زۆربەی ئەوانەی قسەی گەورە گەورە لەسەر پرسی کورد دەکەن، هیچ کام لە ئۆرگانەکانی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی کوردی بە سەرنجەوە نەخوێندۆتەوە. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە فێری ئەدەبیاتی بزووتنەوەی کورد ببین، کە وەکو فەرهەنگێک وایە و لە میدیای تورکیادا هەتا ئێستا تەنها بە پێشگری’تیرۆر’، ‘رێکخراوی تیرۆریستی’ دەناسێنرێت؟

با دەست پێ بکەین.

لە “پیلانی نێودەوڵەتی”یەوە بۆ گۆڕانی پارادایم

بزووتنەوەی کورد، بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٩٩دا لەگەڵ هێنانی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ تورکیا، نەک تەنها لە ئاستی سەرۆکایەتیدا، بەڵکو لە ئاستی ئایدیۆلۆژی و تیۆریشدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینی. بەم گۆڕانکارییە، دەست بە پرۆسەیەک کرا کە عەبدوڵڵا ئۆجالان بە “گۆڕانی پارادایم” پێناسەی کرد؛ دوورکەوتنەوە لە دەوڵەت- نەتەوە، هەرەمی، ناوەندی و بەرەو مۆدێلێکی کۆمەڵگەی دیموکراتی، کۆنفیدراڵی و ئیکۆلۆژی.

ئەم چوارچێوە نوێیە ناونرا “پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی”، کە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ قەیرانەکانی “مۆدێرنیتەی سەرمایەداری” پەرەی پێدرا. چوارچێوەی چەمکی بزووتنەوەی کورد ئەمڕۆ نەک تەنها بۆ کوردەکان، بەڵکو بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەوساوەکانی جیهانیش پێشنیارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ پێشکەش دەکات.

ئەڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری: مۆدێرنیتەی دیموکراتی

بزووتنەوەی کورد، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەر سێ کۆڵەکە دادەنێت: دەوڵەتی نەتەوەیی، پیشەسازگەرایی و تێگەیشتنی پۆزەتیڤیستانە بۆ زانست. ئەم پێکهاتەیە؛ دەسەڵات، چەوساندنەوە و دابڕان لە سروشت قووڵتر دەکاتەوە. لەبەر ئەم هۆیە بزووتنەوەی کورد، “مۆدێرنیتەی دیموکراتی” وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پێشکەش دەکات. مۆدێرنیتەی دیموکراتی، شێوازێکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە کە پشت بە ئەنجوومەنەکانی گەل، ڕوانگەی ئازادی ژن، هاوسەنگی ئیکۆلۆژی و فرەکەلتووری دەبەستێت.

لەم چوارچێوەیەدا “نەتەوەی دیموکراتی”،  مۆدێلێکی نوێی کۆمەڵگەیە کە دژی تێگەیشتنی دەوڵەتی نەتەوەیی پەرەی پێدراوە؛ دان بە جیاوازییە ئیتنیکی، ئایینی و چینایەتییەکان دەنێت و و پێکەوەژیان بنەمای سەرەکییە. “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی” دەربڕینی سیاسی ئەو نەتەوەیەیە، واتە شێوەیەکی بەڕێوەبردنی دەرەوەی دەوڵەتە.

ئازادی ژنان: بنەمای پارادایمی ئازادی

بزووتنەوەی کورد، ئازادی ژنان نەک تەنها وەک مەسەلەیەکی یەکسانی، بەڵکو وەک بابەتێکی شۆڕشگێڕی دەبینیت. “ژنۆلۆژی” بناغەی تێگەیشتنی ئەم ڕوانگەیەیە. ژنۆلۆژی، سیستەمێکی زانینی ئەڵتەرناتیڤە کە لە هێڵی ژن و دژی تێگەیشتنی زانستی باوکسالارە. بیرۆکەی ئەوەی کە کۆمەڵگەیەک کە ژن تێیدا ئازاد نەبێت ناتوانێت ئازاد بێت، بەردی بناغەی پارادایمەکەیە.

ئەم تێگەیشتنە، ئامانجی ئەوەیە کە ژنان ڕێکخستنی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن و لە مەیدانی خەباتدا ببنە خاوەن کەسایەتی، تاکو چەمکی “هاوژیانی ئازاد” لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بنیات بنێن.

ڕێگەی سێیەم: لە نێوان دەوڵەت و دژایەتی سیستەمدا

بزووتنەوەی کورد، دژی قەیرانەکانی ڕیال-سۆسیالیزم و سەرمایەداری لیبڕاڵ، بژاردەیەکی سێیەم پێشکەش دەکات: “ڕێگەی سێیەم”. ئەم ڕوانگەیە، ڕەخنە لە سۆسیالیزمی دەوڵەتی دەگرێت و پشت بە ڕێکخستنی دیموکراتی خودی گەل و بنیاتنانی بوارەکانی ژیانی خۆیان دەبەستێت. ڕێڕەوێک دەگرێتە بەر کە نە بەرەو چەقبەستوویی (دۆگماکانی) دەوڵەتی نەتەوەیی دەڕوات و نە بەرەو گێژاوی سەرمایەداری نیۆلیبراڵ.

ئەم ڕێگەیە، ئامانجی ئەوەیە کۆمەڵگە دووبارە بکاتەوە بە “کۆمەڵگەی ئەخلاقی-سیاسی”؛ واتە کۆمەڵگەیەک کە تاکەکان نەک تەنها بە یاسای دادگاکان بەڵکو بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسیەوە بژین.

خۆپاراستن و شەڕی تایبەت

بزووتنەوەی کورد، خەباتی چەکداری لە پێکدادانی سەربازی کلاسیکی جیا دەکاتەوە و لەسەر چەمکەکانی “خۆپاراستن” و “شەڕی تایبەت” بنیاتی دەنێت. خۆپاراستن بە مانای پاراستنی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگە، کەلتوور، سروشت و پێكهاتەی کۆمەڵایەتییە لە هێرشە دەرەکییەکان؛ لە کاتێکدا شەڕی تایبەت، کۆمەڵێک دەستێوەردانی ئایدیۆلۆژی بەرفراوانە کە دەوڵەتەکان دەیکەن و ئامانجی جەنگی دەروونی، سیخوڕی، گەندەڵکردنی کەلتووری، چەوساندنەوەی ئایینی و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتییە.

لە کۆمەڵگەی نیۆلیتیکەوە هەتا ئەمڕۆ

تێگەیشتنی مێژوویی بزووتنەوەی کورد، لە گێڕانەوەی مێژووی فەرمی جیاوازە. سەرچاوەی مێژوویی بزووتنەوەکە، “کۆمەڵگەی نیۆلیتیک”ە کە تێیدا هێشتا دەوڵەت دروست نەببوو، بەهاکانی کۆمۆناڵ و شێوازی ژیانی ژن-تەوەر حوکمی دەکرد. پێیان وایە کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئەم مێژووەی بەلاڕێدا بردووە؛ بەڵام دەکرێت بە مۆدێرنیتەی دیموکراتی دووبارە بونیاد بنرێتەوە.

بزووتنەوەی کورد بە چ زاراوەسازییەک قسە دەکات؟

١. ڕێبەرایەتی

چەمکێکە کە لە بزووتنەوەی کورددا بۆ ئاماژەدان بە عەبدوڵڵا ئۆجالان بەکاردێت. ڕێبەرایەتی نەک تەنها پێگەیەکی سەرکردایەتییە، بەڵکو ڕێنیشاندەر یان ڕێنماییەکی ئەخلاقی، سیاسی و تیۆریشە.

٢. پارادایم

چوارچێوەی بنەڕەتی بیرکردنەوە کە ڕوانگەی گەردوونی و ئاراستەی ستراتیژی بزووتنەوەکە دیاری دەکات. پارادایمی “مۆدێرنیتەی دیموکراتی” کە ئۆجالان دوای ١٩٩٩ پەرەی پێداوە، لەم چوارچێوەیەدایە.

٣ . پیلانگێڕی نێودەوڵەتی

ئۆپەراسیۆنی نێونەتەوەیی کە بووە هۆی گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە کینیا لە ساڵی ١٩٩٩ و ڕادەستکردنی بە تورکیا. بزووتنەوەی کورد، ئەم ڕووداوە وەک دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی دەبینێت کە لە کەسی ئۆجالاندا ئیرادەی گەلیان کردە ئامانج.

٤.  مۆدێرنیتەی دیموکراتی

شێوەیەکی ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵگە و بەڕێوەبردن کە وەک ئەلتەرناتیڤی قەیرانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پێشنیار کراوە. بنەمای ژیانێکی دیموکراتی، ئیکۆلۆژی و ئازادیخوازی ژنە دژی جیاکاری ئیتنیکی، ڕەگەزی و چینایەتی.

٥. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری

سیستەمی زاڵ کە لەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی، پیشەسازگەرایی و زانستی پۆزەتیڤیست دامەزراوە و نامۆبوون لە سروشت و کۆمەڵگە قووڵتر دەکاتەوە.

٦. چارەسەری دیموکراتی

ستراتیژییەک کە بانگەشەی ئەوە دەکات پرسی کورد نەک بە جەنگ، بەڵکو بە دیالۆگ و ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێت.

٧.  ژنۆلۆژی

زانستی ژن. لقێکی زانستی کۆمەڵایەتییە کە دژی سیستەمی زانینی باوکسالار پەرەی پێدراوە و مێژووی ژن، ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمهێنانی زانین دەکاتە چەق.

٨.  نەتەوەی دیموکرات

تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی کە تێگەیشتنی تاکە نەتەوە و تاک زمان ڕەت دەکاتەوە؛ پێکهاتەیەکی فرەناسنامە و فرەباوەڕە.

٩.  کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی

سیستەمێکی دیموکراتی ڕاستەوخۆ کە لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە ڕێکخراوە و بە ئەنجوومەنە ناوخۆییەکان و کۆمۆنەکانی گەل بەڕێوە دەبرێت.

١٠. دەوڵەت- نەتەوە

پێکهاتەیەکی ناوەندگەرا، تاکگەرا و ئەسملاسیۆنیستە کە لەلایەن بزووتنەوەی کوردەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت.

١١.  ئایدیۆلۆژی ڕزگاری ژن

چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژی کە ئازادی ژن وەک مەرجی بنەڕەتی ڕزگاری کۆمەڵایەتی دەبینێت.

١٢.  ڕێگەی سێیەم

هێڵێکی سیاسی ئەڵتەرناتیڤ کە بزووتنەوەی دیموکراتیکی گەل بە بنەما دەگرێت، دژی سیستەمەکانی سەرمایەداری و ڕیال سۆسیالیزم

١٣.  کۆمەڵگەی نیۆلیتیک

مۆدێلێکی مێژوویی کۆمەڵگە کە لە سەردەمی پێش دەوڵەت بە بەهای کۆمۆناڵ دەژیا و بە پێشەنگی ژن دروست ببوو.

١٤.  کۆمەڵگەی ئەخلاقی- سیاسی

کۆمەڵگەیەک کە تاکەکان نەک تەنها بە یاسا، بەڵکو بە هەستی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دەژین.

١٥. هاوژیانی ئازاد

شێوازێکی ژیان کە ژن و پیاو لەسەر بنەمای ئازادی پەیوەندییەکی یەکسان و ئەخلاقی پێکەوە دەژین.

١٦.  پیشەسازگەرایی

شێوازێکی بەرهەمهێنان کە لەسەر بنەمای گەشەی بێسنوور و دیدی قازانجە، سروشت و کۆمەڵگە دەکاتە کاڵا. یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.

١٧.  شەڕی تایبەت

ستراتیژی پشتیوانیکراو لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگەکان لە ئاستی کەلتووری، دەروونی و ئایدیۆلۆژی.

١٨.  ڕیال- سۆسیالیزم

سۆسیالیزمی ناوەندگەرا و دەوڵەتی بە شێوازی سۆڤیەت. بزووتنەوەی کورد ڕەخنە لەم مۆدێلە دەگرێت و بانگەشەی سۆسیالیزمێک دەکات کە گەل- تەوەرە و لە دەرەوەی دەوڵەتە.

١٩. خۆپاراستن

مافی گەل بۆ پاراستنی ناسنامە، جوگرافیا، سروشت و کەلتووری خۆی. تەنها واتای خەباتی چەکداری نییە، بەڵکو سەفەربەری کۆمەڵایەتییە.

٢٠. دیموکراسی ڕادیکاڵ

مۆدێلێکی دیموکراتی کە بەشداری ڕاستەوخۆی گەلی بنەماگرتووە، دیموکراسی تەنها بە سندوقی دەنگدان سنووردار نییە؛ بەڵکو بە هەموو بوارەکانی ژیاندا بڵاو دەبێتەوە.

٢١.  کەلتوورگەرایی

چەمکێکی ڕەخنەگرانەیە لە ناو بزووتنەوەی کورددا بۆ ئەو ئاراستانەی کە مافەکانی کەلتووری دەکەنە ناوەند، بەڵام ئەم مافانە پێش خەباتی سیاسی و ئامانجی خۆبەڕێوەبەری دەکەون. پێی وایە کە تەنها ناسینی نەریت، زمانی یان کەلتووری بەس نییە بۆ تێکشکاندنی هەژموونی ئایدیۆلۆژی دەوڵەت- نەتەوە. مافە کەلتوورییەکان دەکرێت تەنها بەشێک بن لە نەتەوەی دیموکرات؛ بەڵام ناتوانن جێگەی بگرنەوە.

 

سەرچاوە: ئەم وتارە لە ماڵپەری ئیندیپێندنت– بەشی تورکیەکەی بڵاوکراوەتەوە