ئابووری, ئیکۆلۆژی, بوارەکانی ژیان, تەندروستی, خۆپاراستن, وتار و لێکۆڵینەوە

ئەو خۆراکەی تۆ دەیخۆیت بە ژەهر گەورەکراوە

ناساندنێک بۆ کتێبی ” ئەو خۆراکەی تۆ دەیخۆیت بە ژەهر گەورەکراوە”

کشتوکاڵیی پیشەسازی وەک پڕوپاگەندەیەک بۆ لەناوبردنی برسێتی لە جیهان و مژدەبەخشێک بۆ بەرهەمێنای خۆراکی زۆر، پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت. ئەم کشتوکاڵە توانای بەرهەمهێنانی ٢٥٪ خۆراکی هەیە، لە کاتێکدا لە ٧٥٪ی سەرچاوەکانی زەویی بەکار دەهێنێت و سروشتی خاک و ئاویش دەشێوێنێت، هەروەها لە هەمان کاتدا هەمەچەشنەی بایۆلۆژی و تۆوی ڕەسەن و کشتوکاڵی نەریتی و ئەو ئابوورییە ناوخۆییەی لەناو بردووە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی کشتوکاڵی نەریتی دروست بووە.

لە کۆمەلگە کشتوکاڵییەکاندا ژنان رۆڵ و بەشداری کارایان هەبووە هەر لە ناو کێڵگە و لە ناو ماڵیشدا، بەتایبەت ساڵانە ژنان لە دوای چنینەوە بەرهەم باشترین و جوانترین جۆری تۆویان لە بەرهەمەکانی کێڵگەی خۆیان جیاکردۆتەوە و بۆ ساڵی داهاتوو هەڵیان گرتووە. لەگەڵ هاتنی کشتوکاڵی پیشەسازی رۆڵی ژن لە رۆڵێکی کاریگەرەوە گۆڕی و ژنانی تەواو پەراوێزخست.

کشتوکاڵی پیشەسازیی هەمان تەکنەلۆژیای جەنگەکانی بەکارهێنا. ئەو پەیین و قرکەرە/ژەهرەی بۆ گەشەی خێرای بەروبووم و قڕکردنی مێرووەکان بەرهەم دەهێنریت، هەمان ماددەی کیمیاییە کە لە تاقیگەی نازییەکاندا بەرهەم دەهێنرا. ئەم جۆرە لە کشتوکاڵ لەلایەن ئەمریکا و کۆمپانیا کیمیاییەکانەوە سەپێندرا، ئەمەش دروستکردنی بازاڕ بوو بۆ پیشەسازی کیمیایی، مەبەستیش لێی فرۆشتنی ماددە کیمییاییەکانی ئەو کەرەستانە بوو کە بۆ جەنگ دروست کرابوون.

لیرەدا دەمەوێ سەرنجی ئێوە ڕابکێشم بۆ رێگە چارەسەری ئەو شۆڕشەی کە ماڵوێرانییەکی زۆری بەسەر سروشت و کۆمەڵگەکاندا هێنا، تاوەکو بتوانین بیر لە چارەسەر و کاری نوێ بۆ بابەتی سەروەریی خۆراک و تۆو بکەینەوە. سەروەریی خۆراک واتە ئەوەی خۆراکی ڕەسەن و هەمەچەشن بخۆین و خۆمان لە بەڵێنە درۆینەکانی خۆراکی دەستکرد ئازاد بکەین. ئێمە بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەروەرییە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کشتوکاڵی ژینگەیی و ئۆرگانی.

ئەم کتێبەی بەردەستتان هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و نیشاندانی لێکەوتەکانی کشتوکاڵی پیشەسازی لە جیهان و هەرێمی کوردستان، دواتریش کارکردنە لەسەر پێشنیازکردنی کۆمەڵێک ڕێگەی چارەسەر. ئەم نامیلکەیە پرۆژەی تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوونە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هۆشیاری یەک مانگە بە ناونیشانی (ئەو خۆراکەى تۆ دەیخۆیت بەژەهر گەورە کراوە) کە ئامانج لێی دروستکردنی گفتوگۆی زیاتر و گۆرانکارییە لە شێوازی کشتوکاڵکردن لە هەرێمدا.

کتێبەکە سەرەتا بابەتی لێکەوتەکانی پەیینی لەسەر ئاو، خاک، هەوا و میرووەکان شی دەکاتەوە و پاشان کار لەسەر کۆمەڵێک رێگەچارەسەری وەک: بەکارهێنانی پەیینی سروشتی، گەرانەوە بۆ کشتوکالی نەریتی و ئۆرگانی، كاركردن بۆ بنیادنانه‌وه‌ی كه‌له‌پووری كشتوكاڵی سروشتی و پاراستنی تۆوی خۆماڵی دەکات.

 

ناونیشانەکان

یەکەم: په‌ینى کیمیایی و كاریگه‌رى له‌سه‌ر سیسته‌مى ژینگه‌یی و ته‌ندروستى مرۆڤ.

دووەم: نەفرەتی پەیینی کیمیایی لەسەر خاک.

سێیەم: کاریگەری پەیینە کیمیایەکان و قڕکەرەکان لە سەر پیسبونی هەوا.

چوارەم: کاریگەری بە  کارهێنانی پەیینی کیمیایی لەسەر سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەی پێنجوێن – هەرێمی کوردستان.

پێنجەم: کاریگەری مێرووقڕکەرەکان لەسەر زیندەهەمەجۆری مێرووەکان.

شەشەم: چۆنیەتی دروستکردنی کۆمپۆست لە پاشماوەی ڕووەکی و ئاژەڵی.

حەوتەم: کشتوکاڵی ئۆرگانی واتە گەرانەوە بۆ سروشت.

هەشتەم: كاركردن بۆ بنیادنانه‌وه‌ی كه‌له‌پووری كشتوكاڵی سروشتی و پاراستنی تۆوی خۆماڵی وه‌ك چاره‌سه‌ر.

 

هەڵوێست کەریم، ئەندامی تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوون

تێبینی: ئەم کتێبە لە کتێبخانەی ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان بەردەستە