شارا تاهیر
بەشی یەکەم
ژنۆلۆژی یان فێمێنیزمی ئاپۆیی؟
ئاپۆ تۆقێنەرە، دڕندەیە و بکوژ، هەڕەشەکارە و مەترسیدار، جۆرێکە لە فرانکشتاینی سیاسی لە بۆسەی ناکاودا کە ئیشی بەتەنها ئەوەیە تیرۆری خۆمان و ژن و کچ و منداڵەکانمان بکات، ناخافڵانە و بە شەو بێتە سەرمان، پەلامارمان بدات و بە بارمتە بمانگرێت و لەبەرانبەر نرخێکدا بمانداتەوە بە خاوەنەکانمان. لە لایەکی دیکەوە ئاپۆ، دۆنجوانیشە، بەو مانایەی کە کارەکتەرێکی ڕۆمانسی و سەرنجڕاکێشی خاوەن ئەفسونێکە یەزدانی، کە بە ناوی عەشق و سۆزەوە کچۆڵەکان، کیژەکان، ژنەکان بۆ خۆیدەبات، سەرسامیان دەکات و بەڵێنی ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەرانیان پێدەدات. وەک دەبینین ئێمە لەبەردەم دوو چەشن ئاپۆداین کە هەردووکیان زادەی گوتاری میدیای تورکی و حیزبە کوردستانییەکانن بۆ ئاپۆ کە هیچ نییە جگە لە ترسیان لەو، نەوەک بنچینەیەکی واقیعیانەی هەبێت. گومان لەوەدا نییە ئاپۆ وەک دامەزرێنەری بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی یار و نەیاری خۆی هەیە، هەوادار و دوژمنی خۆی هەن، بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێت ئاپۆیزم شتێکی ترە کە دەبێت لە دەرەوەی ئەم دوالیزمە (دۆنجوان/فرانکشتاین)یە بخوێنرێتەوە و ببینرێت. فۆبیا لە ئاپۆیزم وەک یەکێک لە تاعونەکانی گوتاری چارەکە سەدەی ڕابوردووی حیزبە کوردییەکانی باشوری کوردستان، نەک هەر دیاردەیەکی مێژووییە کە شایستە بە لەسەر وەستانە، بەڵکوو جۆرێکیشە لە ڕەفتار و بەرپەرچدانەوەی سایکۆلۆژی کە بووە بە دۆخ، کە جۆرێکە لە میکانیزمی بەرگری دژ بە ئاپۆیزم و بەرەنگاربوونەوەی.
تۆقین لە ئاپۆیزم بەربەستێکی وای دروستکردووە کە هەمووان وەک زۆنێکی مەترسیدار، ئەدەبیاتێکی دڕندە لە کارەکانی دەڕوانن و تا ئاستی شێواندن و سانسۆرکردنی، هێرشی دەکەنە سەر. هەر وەک ئاپۆ خۆی دەڵێت:
”کاتێک دەرکم بە زەروورەتی ئەم خەباتە کرد، خەبات بۆ ئازادکردنی ژن، منیان کردە بۆمبێکی ئامادەکراو، کە لە هێرۆشیما مەترسیدارە. لێ منیش بەئاگایییەوە ئەڵقەی بۆمبەکەم ڕاکێشا و تەواوی کەرەستەکانم بەڕووی خوڵقێنەری بۆمبەکەدا دایەوە”.
ئاپۆیزم مەترسیدار نییە بەو مانایەی کە گوتاری میدیای حیزبە کوردییەکان بەبەردەوامی هۆڤاندویانە و لەبەرگە مرۆیی و ژندۆستییەکەی کە لە بنەڕەتدا لای خودی ئاپۆ ژیاندۆستییە، دایانبڕیوە و هەمیشە وەک خێوێکی ڕفێنەری ژن، هەڵگری ژن و گرتن و بردنی بە بارمتە، وێنایانکردووە، واتە دوورخستنەوە و دابڕینی ژنان لە شوێنە ئەبەدییەکەی خۆیان: چەقی ماڵ، دروستکردنی منداڵ و پەیڕەوکردنی یاساکانی پیاو؛بەڵکوو خودی ترسەکە لە بینین و دانپێدانانی ئەو وێنەیەدایە بۆ ژن کە ئاپۆ لە هەوڵی دامەزراندنی کارەکتەرەکەیدایە وەک هاومانای ژیان و سەرچاوەی خودی ژیان خۆی. بەم مانایەش دەتوانین قسە لەسەر جۆرێکی دیکە لە ئاپۆیزم بکەین کە جێندەری و فێمێنیستییانەیە: فێمێنیزمی ئاپۆیی کە لە لای خۆی بە تێرمی ژنناسی یان ژنۆلۆژی ناودەبرێت.

بە باوەڕی من یەکەمین کار کە بۆ شێواندنی فەلسەفەی ئەم سەرکردە کوردە کرابێت و پەراوێزی خستبێت، بەرجەستەکردنی میکانیزمە سەربازی و پارتیزانییەکانی بەرنامەکەی بووە، واتە بەبەردەوامی میلیتاریزەکردنی ژن لە شۆڕشێکدا کە وەک خودی ئاپۆ خۆی دەڵێت: یەک پارچە ئاگرە[1]! هیچ کام لە شیکەرەوە سیاسییەکانی ئەم مانیفێستە فێمێنیستییەی ئاپۆ بۆ ژنناسی بایەخیان بە ڕەهەندە جێندەرییەکەی ئەم کتێبە نەداوە، هێندەی جەختیان لەسەر لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی کردۆتەوە کە گوایە ئاپۆیزم جۆرێکە لە ئایدیۆلۆژیای مەحف و هەڵوەشاندنەوەی سترەکتوری تەقلیدییانەی خێزانی کوردی، بەوەی کە کچەکان لە ماڵ دەردەکات و بە فریوی ئازادی دەیانکاتە سووتەمەنی جەنگێکی نابەرانبەر و بێوادە کە دەرەنجامەکەی هەر ماڵوێرانییە بۆ ژنان خۆیان. دیارە ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئاپۆ ڕەخنە لە خێزان ناگرێت وەک مۆدێلێکی بچووکراوەی دەسەڵات و پیاوگەرایی کە پێویستی بە هەلوەشانەوە و سەرلەنوێ دروستکردنەوەیە، بەڵام داخۆ ئامانجی ئاپۆ لەو تێزەی بۆ ژنناسی دیسانەوە بە قوربانیکردنەوەی ژنە یان مەبەستی بەخشینەوەی خەسڵەتە پۆزەتیڤەکانی ژن خۆیەتی بە خۆی کە پێشتر پیاو لێی دزیوە: ئازایەتی، ژیاندۆستی، شکۆمەندی، خوداوەندی و ڕۆڵی وەک کارگێڕێکی چالاکی ئابووری؟ بەکورتی، ئامانجی من لە سەرلەنوێ خوێندنەوەی ئەم کتێبە وەک یەکەمین مانیفێستی فێمێنیستییانەی کوردی کە لەلایەن پیاوێکەوە نووسراوە و دەستپێشخەری کردووە لە دامەزراندنیدا وەک گوتار، بریتیە لە تیشکخستنە سەر ڕەهەندە فێمێنیستییەکانی و گفتوگۆکردن لەسەر خودی تێزەکە تا بەرچاوڕوونییەک بدەین بەوانی تر، تا بتوانن لە دەرەوەی قاڵبە ئایدیۆلۆژییەکەی ئاپۆیزم وێنەی ئەو ژنە ببینن کە ئەم پیاوە هەوڵ بۆ دامەزراندن و سەرلەنوێ داهێنانەوەی دەکات.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی