کار و پڕۆژەکانی ژنۆلۆژی

ناساندنی کتێبی ”سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە”

ئەم کتێبە پرۆژەیەکی کۆیەکی (کۆلێکتیڤی) ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک وتاری گرنگ کە بە زمانی جیاواز لە لایەن کۆمەڵێک نووسەری کورد و بیانی تایبەت بۆ ژنۆلۆژی نووسراوە، هەروەها چەند وەرگێڕێکی جیاواز وەرگێڕانیان بۆ بابەتەکان کردووە. ئەم کتێبە لە ئێستادا بە زمانەکانی ئینگلیزی و تورکی و کوردی بەردەستە. پێکهاتووە لە چواردە وتار، بە گشتی هەریەکێکیان لە ڕوانگەیەکەوە هێزی داهێنەرانەی ژن دەردەخات و پرسیار دەخاتە سەر دەسەڵاتی نیولیبڕالیزمی سەرمایەداری و سیستەمی پیاوسالاری و هێرش و سیاسەتی نەژادپەرستانەی دەوڵەت بۆ سەر ژن ڕەخنە دەکات و هەروەها ئەڵتەرناتیف پێشنیار دەکات. ژنان پێویستە بە سیستەمی کۆنفیدڕالیزمی ژن کە لەسەر بنەمای ئازادیی ژن و پرنسیپەکانی ژیانێکی ئیکۆلۆژی و دیموکراتی، کولتووری خۆجێی و خۆپاراستن بەیەکگرتوییەکی نەتەوەییانە لەسەر بنەمای دیموکراتی و هاوپشتی ئینتەرناسیۆنالیستانە لەسەر بنەمای پێکەوە کارکردن و ئاڵۆگۆڕی ئەزموون و مەعریفە بونیادبنرێت، تاکو سەدەیەکی باشتر لە سەدەکانی ڕابردوو بۆ ژن بێتە پێش. لە کاتێکدا تێکۆشانی ژنان لەپێناوی ئازادیدا، دژ بە سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە و سنوورەکانی ماڵ بەردەوامە، لەبەرئەوە ژیان سەرلەنوێ بونیاد دەنێتەوە. ئەمەش هێزی سەرەکییە بۆ ئەوەی سەدەی ٢١ ببێتە سەدەی ژن.

تێکۆشانی ژنان لەپێناوی ئازادیدا، دژ بە سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە و سنوورەکانی ماڵ بەردەوامە، لەبەرئەوە ژیان سەرلەنوێ بونیاد دەنێتەوە. ئەمەش هێزی سەرەکییە بۆ ئەوەی سەدەی ٢١ ببێتە سەدەی ژن.

ڕۆژی ٢٠٢١/٥/٢٣ مەراسیمێک بۆ بڵاوکردنەوە و گفتوگۆ کردن لەسەر کتێبی “سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە” سازکرا، کە پێکدێت لە نووسینی کۆمەڵێک نووسەری کورد و بیانی، ناساندنی کتێبەکە لە لایەن نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی بەڕێوەچوو. ئامادەبووان گفتوگۆیان لەبارەی ناونیشان و ناوەرۆکی کتێبەک کرد، دواتر خرایە بەردەستی خوێنەران.

”سەدەی ٢١ سەدەی ژنە” کتێبێکی گرنگ و پێویستە بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانە ڕیشەییە مێژووییە کەڵەبووەکانی ڕابردوو و هاوسەنگکردنەوەی ژینگە و ژیان و بونیادنانەوەی لەسەر بنەمایەکی ئازاد. بێگومان لە ئاست هەموو کێشەکاندا خۆڕێکخستنکردن لەسەر بنەمای مەعریفەی مێژوویی، گفتوگۆ و بەرخۆدان  ژنان بەهێز دەکات، ئەمەش وەڵامدانەوەیەکە بە بیرکرنەوە، نووسین و دەردەبڕین. ئەم بەرهەمە هەوڵیداوە ببێتە پردێک بۆ گەیاندنی ئەزموون، مەعریفە، پێویستی و بەجێهێنانی بەرپرسیارێتیەکانمان. لەم کتێبەدا هاتووە ”ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێت سه‌ده‌ی ۲۱ بکه‌ین به‌ سه‌ده‌ی ئازادکردنی ژن و کۆمه‌ڵگە، پێویسته‌ له ‌خۆمان بپرسین چۆن خه‌باتێکی سه‌رکه‌وتوو ئاوا بکه‌ین؟ بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌رزی و نشێوییه‌کانی مێژوو، هه‌ژموونی مۆدێرنه‌ی سه‌رمایه‌داری، ناجێگیری و که‌م سه‌بری و کورتبینی که‌سایه‌تییه‌ شۆڕشگێره‌کاندا مامه‌ڵه‌ بکه‌ین. دواجار ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ڵچنراوه‌کان به‌ ڕاستی تێبگه‌ین و خۆمان له‌گه‌ڵیاندا په‌یوه‌ندیدار بکه‌ین ئه‌وا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست دێنین. ده‌بێت له ‌خۆمان بپرسین؛ ئه‌و میکانیزمانه‌ کامانه‌ن که‌ لە ئامانجه‌کانی ئازادکردنی هه‌موو مرۆڤه‌کان (کۆمه‌ڵگە)مان نزیک ده‌که‌نه‌وه‌ و چۆن چۆنی ڕووده‌ده‌ن. به‌تایبه‌تی ده‌بێت بپرسین؛ چ وێناکردنێکی ئازادییه‌ که‌ ڕێبه‌رایه‌تی به‌رخۆدانی ئێمه‌ ده‌کات. ده‌بینین که‌ بیرۆکه‌ی لیبڕالیزم بۆ ئازادی تاکه‌که‌سی به‌ره‌و ئه‌وێمان ده‌بات، که‌ به‌رخۆدانه‌کان چیدی به‌ هه‌ره‌وه‌زییانه‌ و هێزگه‌لی هه‌مه‌جۆره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ نه‌برێن، له‌ناو بیری ئازادی کورت مه‌ودادا قه‌تیسمان ده‌کات، ته‌نیا هه‌وڵدان بۆ پێگه‌گه‌رایی و خۆپه‌رستی و ململانێکردن له‌ناو سیستمێکی به‌کاربه‌ری ڕووتاندنه‌وه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنێت”.

هەروەها یڤۆن هاین لە وتارەکەیدا بەناوی ”ئازادی چییە‌؟ تێگەیشتنی نیولیبڕال و ڕادیکاڵانه‌ له‌ ئازادی” ڕەخنەی سیسەتمی پیاوسالاری دەکات و دەڵێ: ”من زۆر به‌ گرنگی ده‌بینم هه‌موو پێکه‌وه‌ هێز و تواناکانمان بکه‌ین به‌ یه‌ک، که‌ سه‌رچاوه‌ی داهێنان، بونیادنه‌ری، ئاڵوده‌یی و سه‌رسامکردنن. ئه‌وەش ئه‌و فاکتەره‌یه‌ که‌ پیاوسالاری لێی ده‌ترسێت و هه‌زاره‌ها ساڵه‌ به‌ ڕێ و ڕێبازی جیاواز سه‌رکوتی ده‌کات. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت جیهان بگۆڕین، به‌ر له‌ هه‌موو شت پێویسته‌ خودی خۆمان بناسین. وه‌ک ئه‌رکیۆلۆگه‌کان ده‌بێت چینه‌ هه‌ڵچنراوه‌کانی ٥۰۰۰ هەزار ساڵ له‌ هه‌ژموونی پیاوسالاری له‌سه‌ر که‌سایه‌تی خۆمان پاکبکه‌ینه‌وه‌. بۆ نموونه‌: تا چه‌ند به‌ باشی چیرۆکی خۆمان ده‌ناسین؟ هه‌تا چه‌ند به‌رهه‌ڵستی و به‌رخۆدان له‌ دژی پیاوسالاری سه‌پێنراو له‌ ناوڕاستی ئه‌وروپادا ده‌ناسین؟ ئه‌و ژنانه‌ کێن، که‌ له‌ دژی به‌ مه‌سیحیکردنی زۆره‌ملێ و کاپیتاڵیزم به‌رخۆدان ده‌که‌ن؟ ئایا تا چه‌ند مێژووی کۆڵۆنیالیزم ده‌ناسین و هه‌تا چه‌ند به‌رخۆدانه‌کان له‌ دژی ده‌ناسین؟” نووسەر بەم کۆمەڵە پرسیارە دەیەوێت مێژووی ئەوروپای کۆلۆنییالیست بخاتە ژێر پرسیارەوە هەروەها هەژموونی سیستەمی پیاوسالاری تێکبشکێنێ کە چەندین ساڵە کاریگەری بەسەرمانەوە هەیە.

نووسەرێکی تر لە کتێبەکەدا بەناوی هاسکار پرسیاری ئەوە دەکات داخۆ سەدەی بیست و یەک دەکرێ ببێتە سەدەی ڕزگاریی ژن؛ بۆ ئەوەی ئەو چەوساندنەوە فرە توێکڵەی سەر ژن کە هەموو مەیدانەکانی ژیانی گرتۆتەوە لەناوببرێت، ئەوا گەرەکە ئێمە بانگەشەی ئەوە بکەین ”سەدەی بیست و یەک، پێویستە ببێتە سەدەی ئازادیی ژن”. ئێمە دەبێ گەشە بە خەباتێکی کۆمەڵایەتی بدەین تێیدا ژنان لە هەموو مەیدانەکاندا ببن بە بکەر کە سیستەمی پیاوسالاریی چۆتە ناویانەوە و بەدامەزراوەیی کردوون.

هەربۆیە خەباتەکانی ژنان تاکو سەرەتای سەدەی بیست و یەک گەشەیان کردووە، ئەوەیان سەلماندووە. کاتێک سەیری مێژووی هەنووکە بکەین، زۆر گەشەکردن هەن ئەوە پیشان دەدەن ئێمە چووینەتە ناو سەدەی ژنانەوە: پێشکەوتنی چالاکییەکانی ژنان، بەدامەزراوەییکردن، بەدەستهێنانی مافە سیاسی و ئابوورییەکان، ژنان ڕابەرایەتی خەباتی ئیکۆلۆژی دەکەن، هەموو ئەمانە هەوڵە بەهادارەکانی ژنانن.