نەجیبە قەرەداغی
گۆڕانکارییەکانی جیهان لە سەرەتای سەدەی ١٩دا لە ڕووی پیشەسازی، تەکنیکی، سیاسی و ئابووری، ڕاستتر لە سەردەمی هەڵکشانی سەرمایەداریدا، زیاترین کاریگەری لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی دانا. مۆدێرنیتە لە سێ پێگەی سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازیگەرایی (ئیندوستریالیزم)دا خۆی بەهێز کرد. لەم ڕێگەیەوە کێشە و قەیرانی گەورەی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکرد، هەر لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاک و کۆمەڵگە تا دابڕانی تاکەکان لە یەکدی و نامۆبوونی نەوەکان لە یەکتر. بەکورتی ”داڕزان و لێکترازانی کۆمەڵایەتی” بەرهەمهێنا. سۆسیۆلۆژی ”کۆمەڵناسی” وەک زانستێک کاری تیۆری و ئاکادیمی دەکات، وەک پێویستییەک بۆ لێکۆڵێنەوە و خوێندنەوەی پەیوەندی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان سەریهەڵدا. زۆر لقی وەک مێژووناسی، زانستی سیاسی، مرۆڤناسی، دەروونناسی ، ئاخیرەتناسی و زۆر بواری تری لێ بۆوە و لە ژمارەیەکی زۆر تێز و بەرهەمی هزری گەلاڵەکران. سۆسیۆلۆژی وەک جۆرێک لە ئالەنگاری مۆدێرنیتە بۆ خوێندنەوە و چارەسەرکردنی ئەو داڕزان و لێکترازانە کۆمەڵایەتییانەی کە تاک و کۆمەڵگەی ڕووبەڕووی دەبویەوە، هاتە مەیدان.
ئەگەر بێژمارە لقەکانی زانستی کۆمەڵایەتی بەرهەم هات، بۆچی ئەو هەموو کێشە، ئاڵۆزی، داڕزان و لێکترازانە کۆمەڵایەتی، توندوتیژی و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییانە هەن کە هەر ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە و هی نوێی لێ زیاد دەبێت. بۆچی ئەو شەڕە ٥ هەزار ساڵەیە یەکلانەبۆتەوە کە دەوڵەت، دەسەڵاتداری و پیاوسالاری لە بەرانبەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتی ژن بەڕێوەی بردووە.
بێگومان هەموو هزرەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چ میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە و دواترینیان زانستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چارەسەری پرسەکانی کۆمەڵگە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی مرۆڤ سەریهەڵداوە، بەڵام بە بەکارهێنانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ مسۆگەرکردنی هەبوونی خۆیان، ئەو جۆرانەی هزر لە ئامانجە سەرەکییەکانیان لایانداوە. تەنانەت پەیامەکانیان لە سەردەستی زۆرێک لە فەیلەسوف و زاناکان پێچەوانەی سروشتی کۆمەڵگە و مرۆڤ بۆتەوە و ڕەوایەتییان بە پێگەی دەسەڵات بەخشیووە. تۆماس هۆبز دەڵێ ”مرۆڤ بۆتە گورگی مرۆڤ”، بۆ ڕێگرتن لەوە، ڕەوایەتی بە میکانیزمی دەوڵەت و دەسەڵاتداری دەدات. هۆبز و فرانسیس باکۆنیش کاریگەرییان لەسەر ئۆگۆست کۆنت هەبووە. ئۆگۆست کۆنت کە بە داڕێژەری زانستی پۆزەتیڤیست دادەنرێت مێژوو دابەش دەکات بۆ سێ قۆناخ ١. قۆناخی ئاینی (لاهوت) ٢. قۆناخی میتافیزیک ٣. قۆناخی زانستی. لە قۆناخی ئایینیدا پێی وابووە بتپەرستی، فرەخودایی و پاشان تاکخودایی هەبووە. ئەو پێی وایە لە سەردەمی بتپەرستی مرۆڤ بیرکردنەوەی نەبووە. ئەم نکوڵیکردنە لە مێژووی هزر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی نکوڵی لە سەردەمی ژنە خوداوەندەکان و ئەو بەرهەمە یەکەمانەی کە هەر یەکەیان سەمبولی داهێنانێکن، بناغەی دیدی پۆزەتیڤیزمە لەسەر مێژووناسی و زاڵکردنی دیدی ئۆرینتاڵیستییە لەسەر دەستپێکردنی مێژووی کۆمەڵگەبوون لە میزۆپۆتامیادا.
ناکۆکییەکی تری زانستە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیە زانستی بۆ هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان کردووە، بەڵام لە ئاست بوونێکی وەک ژن نادیدەیە؛ ”ژن نەک وەک بوونێکی بایۆلۆژی” بەڵکو وەک بوونێکی کۆمەڵایەتی و بەرپاکەری یەکەم شۆڕشی گوند و کشتکاری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ژن نەک تەنیا نیوەی کۆمەڵگە، بەڵکو بناخە و خوڵقێنەری کۆمەڵگەیە. لە کاتێکدا هۆکاری سەرەکی قەیران و گێژاوی مرۆڤایەتی سەرچاوەکەی لە دەسەڵاتدارییەوەیە و دەسەڵاتداریش بەپێی هزری پیاوسالاری و لەسەر بنەمای تێکشکاندنی سیستەماتیکانەی پێگەی ژن لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا شکڵی گرتووە. لە خودی ژندا کۆمەڵگە، لە کۆمەڵگەبوون خراوە. ئۆجالان دەڵێ ژن ”بوونێکی لەناوبراوە، بەڵام زانستی بۆ دادەڕێژرێت”. لەسەر بنەمای ئەو دیدە تێدەگەین کە ئەوەی سەرەتا دەبێ بکرێت ڕاستکردنەوەی ئەو بارەیە کە دۆخی مێژوو و کۆمەڵگە تێیکەوتووە لە ڕووی پێناسەکردن و مەعریفەتناسییەوە. ئەو سۆسیۆلۆژییەی کە هەنووکە لە ئارادایە، زانستێکە هۆشمەندی پیاوسالاری کاریگەری گەورەی لەسەر داناوە.
زانستە کۆمەڵایەتییەکان هێندە پارچەکراون و لەیەک دابڕێنراون، بۆیە تەنیا بوونەتە تێزگەلێکی ئەبستراکت و لە ڕاستینەی کۆمەڵگە دوورخراونتەوە؛ بوونەتە مەیدانێکی گفتوگۆی ”ڕۆشنبیران و کۆمەڵناسان” بۆیە تەنیا وەک تێز و بەرهەمی سەرکاغەز ماونەتەوە. زانستە کۆمەڵایەتییەکان نەیانتوانیوە لە ئاست دیاردەکاندا بێلایەنانە و سەربەخۆبن، بەڵکو لەژێر کاریگەری دەوڵەت-نەتەوە و بەرژوەندییەکانی دەستەبژێری دەسەڵاتدا بەکاردەهێنرێن.
ئەوەی لە ڕووی کردەکییەوە لە ژیانی کۆمەڵگەدا دەیبینین، ئەوەیە فەلسەفە، ئایین و زانست بەگشتی و زانستی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لە پاوانی پیاوسالاریدایە و دژ بە کۆمەڵگە بەکاردەهێنرێت. تەنانەت بەشێک لە کۆمەڵگە کراوەتە ئامرازی ناکۆکی و ململانێ بێکۆتاکان. ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەستە بەو مەعریفەتناسییەوە کە دەسەڵاتداران لە چێوەی مێژووییەکی نووسراودا بەرهەمیان هێناوە و زۆر جاریش مێژووی کۆمەڵگە و ڕەوتە چاکسازی و ڕۆشنگەرییەکانیان لەناوبردووە.

ژنۆلۆژی لەلایەن بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کوردەوە لەسەر بنەمای ڕەخنەی ڕیشەیی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێکرد. ماوەی حەوت ساڵیشە بزووتنهوهی ژن لێکۆڵینەوە لەو زانستە دەکات و دەیەوێ بە شێوازێکی نوێ هەم لەسەر بنەمای مەعریفەی مێژوویی و هەم تێکۆشانی ٤٠ ساڵەی بزووتنهوهی ئازادیی کوردستان لە بەرهەمهێنانی تێگە و زاراوەی نوێ لەناو زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەروازە لەسەر سەردەمێکی نوێی مەعریفی بکاتەوە.
“ژنۆلۆژی لەلایەن بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کوردەوە لەسەر بنەمای ڕەخنەی ڕیشەیی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێکرد.”
لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە ئەو کاتەی زانست و مەعریفە تەنیا لە چێوەی ژیری ئەنالتیکی ”شیکاری”دا گەشەی کرد و لە ژیری هەستەکی و بەها ڕۆحییەکان دابڕا، ئەوا کێشەی گەوری لێکەوتەوە. ژنۆلۆژی پێی وایە ”ڕۆحی مەعریفە بە بەها واتادار و جوانەکانی کۆمەڵگەبوونەوە بەدەست دێت”.
هۆکاری ئەرێنی و نەرێنی لە هێنانەئارای ژنۆلۆژیدا هەیە. لە هۆکارە ئەرێنییەکان ئەوەیە جیهانی ژن تا دواڕادە سەرکوتکراوە و وزەکەی بە هۆشمەندی پیاوسالاری لە میکانیزمی خێزان و دەوڵەتدا قەتیسکراوە. بۆیە ژنە نووسەری فێمینست ماری دالی دەڵێ ”ژن لە دەرکی ئەوەدا نییە کە بوونێکی هەڵگری وزەی سروشتی (ژنەرژی) یە”. ژنۆلۆژی زانستی دەرخستنی ئەو وزەیە و کەنالیزەکردنێتی بە ئاڕاستەی کۆمەڵگەیەکی دادوەر، یەکسان و ئازاددا. سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی خێزان بە هەست و هۆشی ژن، دیموکراتیزەکردنی خێزانە لە چێوەی تیۆریی هاوژیانی ئازاددا. هاوژیانی ئازاد تەنیا بە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاو دەستپێناکات، بەڵکو بە پەرەپێدانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی سۆسیالیست فەراهەم دەبێت. کەی هاوسەری یان هاوژیانی دەبێتە هاوسەرێتی ئازاد، کاتێ پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای موڵکداری و زۆربوون نەبێت. لە هۆکارە نەرێنییەکانی پاڵنەری هاتنەئارای ژنۆلۆژی، بەرەنگاربوونەوەی ئەو وێرانکاری و خراپەکارییانەیە کە بەدرێژایی مێژوویی دەسەڵاتداری بەتایبەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەر کۆمەڵگە و ژن دروستی کردووە، هەروەها توێژینەوە و تیۆریزەکردنی تێکۆشان لە بەرانبەر ئەو وێنە و پێگەیەیە کە ئاینە تاکخوداییەکان بۆ ژنیان داتاشیووە، بێ خزانە ناو ”نکوڵیکاری پۆزەتیڤیزم و مامەڵەی پیرۆزکارییانەی ئایدیالیزم لە ئایین”. واتا ڕووناککردنەوەی ئەو تاریکییە کە لەسەر مێژووی نەنووسراو هەیە.
ژنۆلۆژی تەنیا تیۆری و ئەکادیمی نییە، بەڵام ڕاستەوخۆ لە ڕووی ئەکادیمی و تیۆرییەوە، پەیوەست بە ژیانی کۆمەڵگە و ژنانەوە تێز بەرهەم دێنێت. بۆ نموونە، ئێستا لە جیهاندا ئابووری تەنیا بۆتە مەیدانێکی ململانێ، دەستبەسەرداگرتن، زەوتکردن، تاڵانکاری، گەندەڵی و مافیاگەرییە، بۆیە پەیوەندی بە کۆمەڵگە نەماوە و بۆ وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی کۆمەڵگە نییە، تەنانەت بەرهەمه ئابوورییەکانیش بۆ پێویستییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە نین. بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و خستەبازاڕی ٢٥٠٠ جۆری پەنیر لە هۆڵەندا جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەکدا نییە، لە کاتێکدا لە زۆرێک لە هەرێمەکانی ئەم سەر زەوییە مرۆڤ لە برسان دەمرن. ژن لە سەردەمی نیۆلۆتیکدا خۆی داهێنەری ئابووری بووە، بەڵام بۆچی ئێستا بۆ قوتی ڕۆژانەی ناچار دەکرێت ببێتە سێکسفرۆش و سواڵکەر یان بۆ بژێوی ژیانی ناچار دەکرێت بۆ هەموو سیاسەتێکی قۆرخکاری ئابووری لەنێو خێزان و شوێنی کار ملکەچ بکات. زۆربەی کاتیش ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ خراپترین جۆری توندوتیژی جەستەیی و دەروونی. ژنۆلۆژی لە بواری ئابووریدا پەردە لەسەر ئەم ڕاستییە سەپێنراوە هەڵدەداتەوە و بە تێزی ئابووری کۆمیناڵ و بەشداری ڕاستەوخۆی ژن و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، ئابووری دەخاتەوە سەر سکەی ڕاستەقینەی خۆی کە یەکەم جار بە شێوەی هەروەزییانە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە بووە و ژن تێدا ناوەند بووە.
ژنۆلۆژی لە ڕووی مێژووییەوە لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی نەنووسراو دەکات. لە دیدێکی بابەتییانە و پشت بە ڕاستییە مێژووییە داپۆشراوەکان لە شوێنەوارە ئارکۆلۆژییەکان و نووسراوەکاندا، لێکۆڵینەوە لە میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە، داستان، چیرۆک، پەند و بەرهەمە ئەدەبی و مێژووییەکاندا دەکات.

ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوە لە ٩ هەزار ساڵی شێوەگرتنی ژن و پیاو و پێگەکانیان دەکات. لە نۆ قات ”چین یان تەبەقە”دا بەوردی لەوە دەکۆڵێتەوە چۆن ژن بەڕێی میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە و دوایینیشیان زانست لە سەردەمی سیستەمی سەرمایەداریدا، گەیشت بەم دۆخەی ئێستای. ژنۆلۆژی لە کاروانی ٩ هەزار ساڵی ژن دەکۆڵێتەوە، سیحری دەوڵەت و دەسەڵاتداری بەتاڵ دەکاتەوە و درۆکانیان ئاشکرا دەکات. بەڕێی ئارکۆلۆژییەوە دەیەوێ ڕاستییەکان هەڵبکۆڵێ و شکۆ بۆ ئەو ژنانە بگێڕێتەوە کە بوون بە ژێر داڕووخاوی دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەکانەوە. هەروەها ژنۆلۆژی کۆدی دەقە میتۆلۆژییەکان، کە دواتر بوون بە بناخەی سەرەکی ئاینەکان، دەکاتەوە.
یەکێكیتر لەو بوارانەی کە زۆر گرنگە لە ژنۆلۆژیدا ڕەخنەکردنی ڕیشەیی فێمینیزمە، چونکە زۆرێک لە ڕەوتە فێمینیستییەکان پێیان وایە ئەگەر فێمینیزم هەبێ، ئەوا ژنۆلۆژی پێویست نییە هەبێت، ژنۆلۆژی بۆ چییە؟ لە تیۆری و پراکتیکی ژنۆلۆژیدا بەفراوانی ئەوە دەخرێتە ڕوو کە نکوڵی لە فێمێنیزم ناکات، بەڵکو بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییە کە فێمینیزم ڕووبەڕووی بۆتەوە کار دەکات. ژنۆلۆژی پێی وایە ڕەوت و بزووتنهوهکانی فێمێنیزم پرسی ژنیان زەق کردۆتەوە، ڕەخنەیان لە نێرسالاری و سێکسیزم گرتووە و زەمینەی بەشداری ژنانیان لە زۆر بواردا کردۆتەوە، بەڵام ژنۆلۆژی دیدی ئۆرێنتاڵیستانەی زۆر لە ڕەوتەکانی فێمینیزم ڕەخنە دەکات کە هێشتا لەژێر کاریگەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدان. ژنۆلۆژی دەکرێت ببێت بە دەروازە و میکانیزمێک بۆ فێمینستەکانیش تاکوو لەگەڵ کۆمەڵگە یەکیان بخاتەوە، چونکە زۆر لە فێمینستەکان بوونەتە توێژێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە، وا دەزانن کاری ئەوان تەنیا قسەکردن و بەرهەمهێنانی تێزە. ژنۆلۆژی تەنیا ڕەخنە ناگرێت، بەڵکو ئەلتەرناتیڤی پێویستیش دەخاتەڕوو بۆ کۆمەڵگە بۆئەوەی زەمینەی گۆڕانکاری ڕیشەیی- ڕادیکاڵ بکاتەوە.
ڕەخنەی ژنۆلۆژی لە زۆر ڕەوتە فێمینیستییەکان ئەوەیە لە ئاست ئەو شەڕەی لە جیهاندا بەرپاکراوە، پەرتەوازە، بێڕێکخستنن، بێدەنگن و چالاکییان نییە بەتایبەتی لەو دەوڵەتانەی کە کاریگەرییان لەو شەڕانەدا هەیە. بۆیە ژنۆلۆژی پێی وایە دەبێ فێمێنیستەکان سەرلەنوێ پێناسەی دۆست و دوژمن بکەنەوە. لە ڕوانگەی ژنۆلۆژیەوە گەورەترین دوژمن هەژمون و سیستەمە باڵادەستەکانی دەوڵەت، دەسەڵاتداری، هۆشمەندی پیاوسالارین، لە هەموو جێیەک ئەمانە دوژمنی هاوبەشن. دوژمن بەو واتایەی کە ژنۆلۆژی تێکۆشان لە بەرانبەریاندا دەکات گۆڕانکاری ڕیشەییان تێدا دەکات یان ڕەتیان دەکاتەوە تا ئاستی خۆلێدابڕان. بۆ نموونە لە بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداری و هەموو تێگە و دەزگاکانی تێکۆشان دەکات.
لەم قۆناخەی ئێستادا ژنۆلۆژی بۆتە مایەی سەرنجی زۆرێک لە بزووتنهوهکانی ژنان لە جیهاندا و دەیانەوێ لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەن و لێی تێبگەن. ژنۆلۆژی زانستێک نییە تەنیا سنوردار بێت بۆ ژنان، بەڵکو لێکۆڵێنەوەی ورد لەبارەی دەوڵەت، دەسەڵاتداری و مێژوویی سەرهەڵدانی باوکسالاری دەکات نەک بەو مێتۆد و ئامرازانەی کۆمەڵناسیی باو کاری لەسەر کردوون، بەڵکو لە مێتۆددا تێگەی حەقیقەتی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی سۆبژێکت-ئوبژێکت نییە، چونکە پێی وایە جیاکردنەوەی سۆبژێکت-ئۆبژێکت بەرهەمی هۆشمەندی باڵادەستی ”هەژموونایەتی”یە. ژنۆلۆژی، لە دیدی ژنەوە بۆ مێژوو و ئەمرۆی کۆمەڵگە چ لە بواری سیاسی، ئیکۆلۆژی، ژینگەیی، دیمۆگرافی ، تەندروستی، پەروەردە و ئابووری و زۆر بواری دیکە کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان ڕووکەشییانە بایەخی پێداون، لێکۆڵینەوە و زەمینەسازی پراکتیکی دەکات.
ژنۆلۆژی لە چاکسازی لە سیستەمێکی بنبەست و داڕماو زیاتر کار لەسەر تێزی گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکات بۆ ئەوەش لە گۆڕینی یاسایی و چاکسازی یاسایی و دەزگاکاندا کار لە سەر گۆڕانکاری هۆشمەندی لە کۆمەڵگە و تاکەکانیدا دەکات. بە واتایەکی تر ژنۆلۆژی کار لەسەر کاڵکردنەوەی هەموو کاریگەری دەسەڵاتداری لەسەر کۆمەڵگە دەکات، لەبەرئەوەی دەسەڵاتداری لە شێوەی ٤٠٠ ساڵی دواییدا کە قۆناخی هەڵکشانی سەرمایەداری بوو، گەورەترین وێرانکاری لە هۆشمەندی کۆمەڵگەدا دروستکردووە. دابڕان لە کۆمەڵگە و تاکڕەوێتی و بوونە توێژی ”ڕۆشنبیر، دەسەڵاتدار، سەرمایەدار، … هتد” وەک مۆدێرنبوون وێنە دەکات. داخۆ زۆر یەکێک لە ئێمە باوک و دایکمان وەک کەسی دواکەوتوو نەبینیووە؟ یان لە ڕێکردن لەگەڵیان لە جێگا گشتییەکاندا هەستمان بە شەرم نەکردووە؟ یان بۆ ئەوەی خۆمان وەک کەسی مۆدێرن نیشان بدەین چەندان ماسک و درۆمان نەکردووە؟ ئەمانە هەموو نەخۆشی مۆدێرنیتەن، دوورکەوتنەوەن لە کۆمەڵگە.
لەوانەیە گرنگترین پرس لە ژنۆلۆژیدا ئەوە بێ: داخۆ لە کوێ و بە چ ڕێ و ڕێبازێک ئەم زانستە بە کۆمەڵگە بەگشتی و بەتایبەتی بە ژنان بگات؟ ئەم زانستە داخۆ تەنیا ژنان یان پیاوانیش دەگرێتەوە؟ دەبێ بزانرێ دامەزراندنی ئەکادیمیاکان و ناوەندەکانی پەروەردەی ئەلتەرناتیڤ گرنگترین میکانیزمن، بەڵام ئەگەر ئەمانە نەبن، بەو واتایە نایەت پەروەردە و دەستڕاگەیشتن بە مەعریفەی نوێ لە چێوەی ژنۆلۆژیدا هەر چاوەڕیی ئەو میکانیزمانە بێت، بەڵکو لە هەرکوێیەک دەرفەت بڕەخسێ دەکرێت جێی پەروەردە بێت. لە ماڵێک یان کونجی دەزگایەک، لە باخچەیەک یان بن تاشەبەردێکی چیاکان، لە هەر جێیەک دەکرێت بێ درەنگ کەوتن بکرێتە جێی پەروەردەکردن لەسەر زانستی ژن-ژنۆلۆژی، بەڵام بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگە لە بەرانبەر دەزگا پەروەردەییەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری کە ئامانجیان هێشتنەوەی ئەو کۆیلایەتییەیە هەزاران ساڵە بەسەر ژندا سەپێنراوە، دەبێ ئەکادیمیای ئەلتەرناتیڤی خۆی بونیاد بنێت. ئامانجی سەرەکی ژنۆلۆژیش ئەوەیە ژن و کۆمەڵگە ببنە خاوەنی زانیاری لەسەر خۆیان، چونکە ژنۆلۆژی زانستی ژن، ژیان و کۆمەڵگەیە. ژنۆلۆژی داڕشتنی زانستێک نییە لە سفرەوە دەستپێ بکات، بەڵکو هەڵگر و درێژپێدەری هەموو ئەو بەهایانەی کۆمەڵگەیە کە بەدرێژایی ٥-٦ هەزار ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارەکان هەوڵی لەناوبردنیان دا، ژنۆلۆژی ئەو بەهایانە زیندوو دەکاتەوە و دەرفەتی ژیان و گەشەکردنیان بۆ فەراهەم دەکات. ژنۆلۆژی گەیشتنەوەی ژنە بەو حەقیقەتەی هەزاران ساڵە ئاوەژووکراوەتەوە و ونکراوە. بۆ ئەوەش ئەکادیمیا و ناوەندەکانی پەروەردە لە هەموو بوارەکانی ئابووری، دیمۆگرافی، ئیکۆلۆژی، مێژوو، تەندروستی، پەروەردە، سیاسەت و ئێتیک-ئێستێتیک دەبێت لە هەموو جێیەک و بەگوێرەی پێویستی هەر جێیەک بایەخی پێبدرێت. بەگوێرەی هەر جێیەک دەکرێ پێشەمی لە بوارێکدا بێت. بەکورتی ژنۆلۆژی زانست و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە. ئێستا لە شۆڕشی رۆژاڤای کوردستان ئەم زانستە زیاترین زەمینەی پەرەسەندن و پراکتیککردنی هەیە. هەر ئەوەشە هاندەر و پاڵنەری ژنان و کۆمەڵگەیە لەم بەشەی کوردستاندا. ژنۆلۆژی دەروازیەکی نوێیە، جێی مشتومڕێکی زۆر قووڵە، بۆیە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لەگەڵ فێمینیستەکان کۆنفرانس و کۆنگرەی گەورە بەستراون، بۆ نموونە لە هەولێر، چیاکانی کوردستان، ڕۆژاڤا و باکوری کوردستان، کۆڵن، پاریس، زۆرێک لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، لە ئیسپانیا، هندستان و زۆر جێی تری جیهان.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی