هونەر بۆ ژنۆلۆژی گرنگە یەکێکە لە بوارەکانی ژنۆلۆژی و ئیشی لەسەر دەکات. ژنۆلۆژی پێیوایە هونەر کاریگەری تایبەتی هەیە لەسەر دروستکردنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و هۆشیاری و یەکسانی جێندەریی، ڕیالێتی و ڕاستی کۆمەڵایەتی. ئەمەش پێویستە لەناو هونەردا بەشێوەیەکی ئێستێتیکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. کاتێک هونەرمەند هۆشیار بوو بەرانبەر بە بوون و ئەرکی خۆی لەنێو کۆمەڵگەدا، ئەوا لەڕێگەی هونەرەوە خۆ دەردەبڕێت و بە ئیشە هونەرییەکانی ڕەخنەی نەریتە ترادیسیۆنییە باوەکان دەکات، بۆ دەرچوونی ژن لە بەقوربانی بوون و سەپاندنی قەدەغەکراوەکان بەسەریدا.
خۆبوون گروپێکی کۆلەکتیڤی هونەرییە و لەلایەن ژنۆلۆژییەوە دامەزراوە. ژنۆلۆژی زانستی ژن و هاوژیانی ئازادە، بە ڕوانگەیەکی ژنانە ئیش دەکات. دونیابینی و زانستی ژنە، کە لە کۆمەڵگە و سروشتدا لە مێژووی ژن دەکۆڵێتەوە. بۆ ئەوەی حەقیقەتی ژن زیندوو بێت، ژنۆلۆژی گرنگی بە کولتوور و هونەر ”ئێستێتیک” دەدات. هونەر لە فراوانترین واتایدا چالاکی ئافرێنەرانەی مرۆڤە.

هەروەها خۆبوون پرۆژەیەکی کۆیەکی (هەرەوەزی)ی هونەریی ژنە. بۆ ئەوەی هونەرمەندانی ژن ئەزموون و ئیشی هونەریی خۆیانی تێدا بڵاوبکەنەوە، بە زمانی هونەر ناسنامەی ژن پێناسە بکەن. ئامانجی خۆبوون ئەوەیە ژن لەناو هونەردا خۆبوون و ناسنامەی خۆی پیشان بدات. هەروەها لە ڕێگەی هونەرەوە بەها مەعنەوییەکانی ژن دیاربهێنرێن. بەڕێگەی جیهانبینی ژنۆلۆژییەوە هونەری ئەلتەرناتیڤ پێشبخات. هەروەها لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە لە ڕێگەی هونەرەوە بتوانین پرسی ژن، پرسی پەیوەندیی ژن و پیاو، پرس و کێشەکانی کۆمەڵگە پیشان بدرێن و شرۆڤە بکرێن، ڕەخنە بکرێن و چارەسەری و ئەلتەرناتیڤ پێشبخرێن. هونەری ژن کاریگەری خۆی لەسەر کۆمەڵگە هەیە، لەبەرئەوەی ناسنامەی ژن، ناسنامەیەکی کۆمەڵگەیی و ژیانییە. ژن لە هونەردا دەتوانێ کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی خۆی بناسێنێت و بە زمانی هونەر ڕەخنەیان بکات.

خۆبوون ئامانجی ئەوەیە لەسەر فەرهەنگ و کولتووری خۆیی، خۆ-وڵاتی (کوردی) خۆی ئاوا بکات و خۆی بونیاد بنێت. خۆبوون لە کار، پڕۆژە و چالاکییەکانیدا بە زنجیرەیەک کۆڕ و سەمینار دەستیپێ کرد. لەم سەمینارانەدا تیۆری و فەلسەفەی خۆبوونی ناساند، بۆ ئەوەی هونەرمەندان بەڕێی خۆبوونەوە کڕۆک (جەوهەر)ی هونەری ژن بناسن.
تێگە و کۆنسێپتی خۆبوون: واتا بوون بە خودی خۆت، خۆبوون پڕۆسەیەکە بۆ گەیشتن بە خودی ڕاستەقینەی خۆمان، وەک تاک لەناو گشتێکی کۆیەکیدا. خۆبوون ڕێگەیەکە بۆ خەباتکردن لە دژی سیستەمە ستەمکار و چەوسێنەرەکان لەناو خۆمان و لە جیهانی دەرەوەدا بۆ دۆزینەوە و گەیشتن بە جوانی و ڕاستی.
خۆبوون بۆ ژن چییە؟ لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە خۆبوون لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئازادی بریتییە لە: وڵاتپارێزی، هەروەها ئیرادە و بیرکرنەوەی ئازاد، بەئاگابوون- هۆشیاری بەرانبەر بە ڕەگەزی خۆت. خۆبەڕێخستنکردن، تێکۆشانکردن و ئێستێتیک.
سەبژێکتبوون (خودبوون)ی ژن لە هونەردا بۆچی گرنگە؟ بۆ بوونی خود بەئاگابوون و شێوەی خود گرنگە، ئەمەش واتا بوون-بەئاگابوون–فۆڕم. هەرچەندە سەبژێکتبوونی ژن گرنگە، بۆ ئەوەی ژن باش بناسی و خۆبوونی ژن دروستبکەی، پێویستە لە مێژوودا هەم ئۆبژێکت بوون هەم سەبژێکتبوونی پێناسە بکەی، بۆیە لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییە پێکەوەیی سەبژێکت و ئۆبژێکت هەیە.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی