کار و پڕۆژەکانی ژنۆلۆژی

نیسان

ناگیهان ئاکارسەل

ئێستا لە بەرەبەیانی شەپۆلی خۆشحاڵیەکدام ڕێ بۆ ئارامی دەکەنەوە

لە لایەکمەوە شکۆی کێزۆیەک کە خۆی بە دڵۆپێکی شەونمەوە گرتووە

لە لایەکی ترمەوە بارسووکی بێ ئەندازەی خۆ-بوونمە

ئەگەر نیسانم، دە هەر با وابێت

لە شوێنێک لە پشت گوڵی یاسەمین کە ئیرەیی بە بۆنەکەی دەبرێت

گۆرانی ئەو ساتەوەختانەی دڵمم پێ سپاردوون

ئێستا گەڵایەکم لەسەر تەلی کەمانچەیەک خۆی بە دەنگمەوە گرتووە

ئەگەر نیسانم، با ببێتە گرمەی سیمفۆنیایەکی دەنگدار

چیتر باکم بە خەم و تووڕەیی دنیا نەماوە

لە گۆشەی باخچەی چیرۆکەکەم کە تۆزی لێ نیشتووە

یادەوەری ئەو ساتانەی بۆنی ڕۆژیان لێدێت لە شیعرەکەمدا دەیانهۆنمەوە

ئەگەر نیسانم، با ببێتە بۆنی سەرنجڕاکێشی بەیانییەکی ئارام

بە تاسەی ئەو ڕۆژانەی بێ خەم سەرت دەخەیتە سەر سنگم

خەونی ئەو شەوانەی سەرم بێ خەفەت دەخەمە سەر شانت

سیحری ڕاستەقینە لە زەمەنێکی ڕوون تەنیا لەو ساتانەدایە

ئەگەر نیسانم، با بەردەوام بێت

دەنگی ئارامبەخشی باڵندەیەک لە لێواری پەنجەرەکەدا

غاردانی ڕۆژانەی ئەو مرۆڤانەی لە خۆیان نامۆ بوون

لەرزینی جەستەم هێواش بەرەو دەنگی ئاو مل دەنێت

ئەگەر نیسانم، با ببێتە یاداشتێک

ئێشی دڵم، بە کردنەوەی نهێنی پەردەی پێڵووەکانم، ڕەوییەوە

خۆشەویستی جۆشی دۆزینەوەی ئارامییە

کاتێ پێکەوەش بین، تاسەمان بۆ یەکتر بنووسین

دووریش بین، لە نزیکەوە متمانەی هەست بە بوونی یەکتر

ئەگەر نیسانم، با ببێتە شێوەیەک لە خۆشییەکی بێ وابەستەیی

نەخشی ئەو کاتەی لە کاتژمێری لمینەوە بەردەبێتە خوارەوە

بە تاسەوە بەر لەرزینی بایەک دەکەوێت

لەو پەنجەرانەی بۆ کاتە خۆڵەمێشییەکان دەکرێنەوە

ئەگەر نیسانم، با ببێتە چیرۆکێکی خۆشەویستی بەختەوەر

چیرۆکی خۆشەویستیەک نیە لە دوورەوە خەمەکانیان گەورە دەکەن

هەرگیز هی ئەوانەش نیە لە نزیکەوە ڕاهاتوون بە یەکتر

پێداگرییە لەسەر هاوسەنگی ئێمەبوون لە من دا

ئەگەر نیسانم، با ببێتە کاتژمێرێکی لمین لە ساتێکی داڕێژراودا پەرش بێتەوە

شیعرێک لە نامیلکە شیعرییەکەی گوڵە پاییزە(نیسان) لە نوسینی ناگیهان ئاکارسەل

وەرگێڕانی لە تورکیەوە: نەجیبە قەرەداغی

دیزاینی بەرگ بەر لە شەهیدبوونی : ناگیهان ئاکارسەل

دیزایینی نامیلکەکە: نەوال بولووت