ڕۆڵی پارادایم لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا – شیکاری
زۆزان سیما
گۆڕینی لە کرمانجییەوە: نەجیبە قەرەداغی

لەم ڕۆژانەدا شایەتحاڵی ئەوەین کە چۆن گۆڕانی ڕوانگە بۆ کێشە گەورەکان ڕێگا بۆ چارەسەری نوێ دەکاتەوە، باسەکانی پەیوەست بە پارادایمیش لە نوێوە زیندوو دەبنەوە. سادەترین واتای پارادایم، گۆشەنیگای ڕوانینە و ئەو باسانە لە ساڵانی ١٩٧٠دا دەستیانپێکرد و لە ساڵانی ١٩٩٠شدا فراوانتر بوو. ئەو کەسانەی هەڵوەشانەوە و دەستبەتاڵی پارادایمی کۆنیان ڕاگەیاند، بۆ پێناسەکردنی پارادایمی نوێ بە ئەندازەی پێویست شارەزا نەبوون. بزووتنەوەی ئازادی کوردستان بە بەرگرینامەی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئەسینا نووسرا، دەستی بە گفتوگۆ لەسەر پارادایمی نوێ کرد. ئەوە ٢٢ ساڵە دەزانین پارادایمی نوێ چییە. بەڵام زانین بەو واتایە نایەت کە مرۆڤ پێی ناوەتە پارادایمەکە و بەپێی ئەو ڕوانگەیەکی بەدەست هێناوە. لەم قۆناغەدا دەبێت بەپێی پارادایمی نوێ ڕوانگە بەدەست بهێنین، هەرچەندە درەنگیش بێت و دەبێت لە بابەتی بەدەستهێنانی ڕوانگەدا بە شێوەیەکی فراوانتر گفتوگۆ بکەین. لەبەر ئەوەی لایەنێکی بنەڕەتی ئەم پارادایمە ئازادی ژنە و ئەرکی پێشەنگی ژنان لە بەجێگەیاندنی ئەم پارادایمەدا، بەرپرسیارێتییەکانی ئێمە زیاتر دەبن. لەبەر ئەوە دەبێت مرۆڤ ڕۆڵی پارادایم لە زانستدا، بەتایبەت لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا و پەیوەندی لە نێوان ئامانجەکانمان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و پارادایم پێناسە بکات.

فکر و داهێنانی سەرچاوەی هەموو زانستەکان، ئەزموونی هەزاران ساڵی میراسی هاوبەشی مرۆڤایەتین. لە هەموو سەردەمەکاندا، ناوچە جوگرافییەکان، قوتابخانە و فەیلەسووف هەبوون کە پێشەنگییان بۆ پێشکەوتنی زانستی کردووە. یەکەمین ناوچەی جوگرافی و سەردەم کە پێشکەوتنی زانستی تێدا ڕوویدا، سەردەمی نیۆلیتیک لە کەوانی بەپیت بوو. شۆڕشی نیۆلیتیک کە لە نێوان ١٠,٠٠٠-٤,٠٠٠ پێش زایین ڕوویدا و لە ناوچەی کۆنی کوردستان لە تل خەلەف گەیشتە لوتکەی خۆی، لە ساڵەکانی ٦,٠٠٠ی پێش زایین شۆڕشێکی زانستی و تەکنیکی و هەروەها شۆڕشێکی گوندەکان و کشتوکاڵ بوو. گۆردۆن چایلد یەکەمجار شۆڕشی نیۆلیتیکی وەک شۆڕشێکی زانستی-تەکنیکی پێناسە کرد و دەڵێت؛ ” ئەوە هاوتای شۆڕشی زانستی سەدەی ١٦ لە ئەوروپایە”. ئەم پێشکەوتنە تەکنیکی-زانستییە کە لە تل خەلەف پەرەی سەند، هەنگاو بە هەنگاو خۆی گەیاندە هەموو جوگرافییەکانی جیهان و کۆمەڵگەکان. ڕێبەر ئاپۆ شۆڕشی نیۆلیتیک وەک شۆڕشی ژن پێناسە دەکات. لەبەر ئەوە دەکرێت بگوترێت کە یەکەم شۆڕشی زانستی لەسەر دەستی ژن بەرپا کرا. زانست کە بەهای هاوبەشی کۆمەڵگەیە، دواتر پێی نایە قۆناغێکەوە کە بە باڵادەستی پیاو و باڵادەستی دەوڵەت، لە سەر ژن، کۆمەڵگە و ژیان دابڕێنرا.

ئەزموونی زانست لەگەڵ دەسەڵاتدا زوو دەستی پێکرد. یەکەمجار لە دەوری زیگوراتەکان لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا، پاشان شارستانییەتەکانی بابل، میسر و هیند، زانین و زانستیان کردە ئامرازی دەسەڵاتداری. ئەوە زۆر ڕوونە کە؛ زانین و زانست بە دەستی شارستانییەت دانەهێنراوە. پێشکەوتنە زانستییەکانیش بەرهەمی هزری پیاوان نین. ئەو زانستەی لە ژنان و کۆمەڵگە دزرابوو، بۆ دەسەڵاتداری لەسەر شارستانییەت بەکاریان هێنا. بەڵام هەڵبەت مێژوو بووەتە شایەتحاڵی کەسانێک کە بۆ زانستی ئازادیش بەرخودانیان کردووە.
لە نێوان ئەو زانستەی کەوتووەتە خزمەتی دەسەڵات و زانستی ئازاددا چەندین ڕووداوی پێکدادان ڕوویانداوە. کتێبخانەی ئەسکەندەرییە ٣ جار سووتێنراوە، هیپاتیا کە فەیلەسووفێکی ژن و نوێنەری زانستی ئازاد بوو، بە دڕندەیی کوژرا. بەهۆی هێرشی مەغۆلەکان کتێبخانەی بەغدا تاڵان کراوە و دەگوترێت کە بۆ چەندین ڕۆژ ڕووباری دیجلە بە ڕەنگی مەرەکەب ڕەنگ بووە. زانا و ئەکادیمیە کۆنەکانی حەڕان، نسێبین و گوندێ شاپوور ناچاری کۆچبەریی کران. سوقرات بە بیانووی بەلاڕێدابردنی گەنجان، مانی و سوهرەوەردی و حەلاجی مەنسوور لەبەر ئەوەی دژی دۆگماکانی ئایینی وەستانەوە، کوژران. لە ئەوروپادا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کیمیاگەر و ژنانی ژیر بە بیانووی ئەوەی دوژمنی ئایینن، کوژران. برونۆ سووتێنرا، گالیلیۆ ناچار کرا کە نکۆڵی لەوە بکات کە زەوی بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە. بە سایەی ئەم میراتە بوو کە شۆڕشی زانستی-تەکنیکی لە ئەوروپادا، دژی فەلسەفەی ئایینی دۆگماتیک، نوێنەرایەتی هزری ئازادی دەکرد.
دەبێت مرۆڤ پێشکەوتنی زانست و ڕیشەی شۆڕشی زانستی لە ئەوروپادا ڕوون بکاتەوە. یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی کارەساتەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە، ئەو پێشکەوتنە زانستیانەی لە سەدەی ١٦دا لە ئەوروپا سەریان هەڵدا، کرانە موڵکی سەرمایەداری. ڕاستییەکە کە پێشکەوتنەکان لە زانست و تەکنەلۆژییەکان زۆرترین ڕەواییان بە سەرمایەداری دا. بەڵام ئەمانە ئەنجامی سەرمایەداری نین، ئەنجامی ئەزموون و کەڵەکەبوونی مێژوویین. سەرمایەداری ئەوانی بەکارهێناوە. لەم ڕێبازەی ڕەتاندنە ( ئیستغلالکردن)دا پارادایمی میکانیکی بەپێی ڕێبازی زانستی و پۆزیتیڤیزم ئاراستەکەرن.
یەکەمجار پرۆفیسۆری فیزیا تۆماس کون گوتی ئێمە تەنها دەتوانین پێشکەوتنە زانستییەکان لە سەر بنەمای پارادایم، کە لە هەر سەردەمێکدا لە زانستدا کاریگەر بوون، تێبگەین. وەک میتۆدی شیکردنەوە و بیرکردنەوە لەسەر حەقیقەتێک، واتای پارادایم ئەوەیە؛ زانست دەبێت کام پرسیار بپرسێت، دەبێت کام لێکۆڵینەوە بکات، کام سەرچاوە بۆ ئەو لێکۆڵینەوانە بەکار بهێنێت و ڕێبازی ئاشکراکردنی زانیارییە. پارادایم وەک تێگەیشتنێکی ڕوانگە، بینینی ڕاستی لە پشت شتێکەوەیە. تۆماس کون چەمکی پارادایم بە نموونەی چیای بەستەڵەک ڕوون دەکاتەوە. لەسەر بەشی چیای بەستەڵەکی سەر ئاو، ئێمە تیۆر و هزرەکان دەبینین، بەڵام پارادایمێک هەیە کە بناغەکەیەتی. سێ پێکهاتەی بنەڕەتی پارادایم؛ فەلسەفەی بوون، فەلسەفەی زانین و ڕێبازی زانستیین. ئەو هزرەی کە زانست تەنها ڕاستییە بەرچاوەکانی دابڕاو لە فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیا دەکۆڵێتەوە، لەم فۆرمەدا زیاتر بووەتە جێگای باس. لە هەر سەردەمێکدا زانایان، فەیلەسووفان و لێگەڕانی حەقیقەت تیۆرەکانیان لەسەر بنەمای پارادایمی باڵادەستی ئەو سەردەمە بەرهەم هێناوە. بەڵام کاتێک کە تیۆرەکان بەس نین و وەڵامی تەواوی پرسیارەکان نادەنەوە، هەر وەک شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕینی پارادایمی زانستیش پێویست بووە. زانست بە شۆڕشەکان پەرەی سەندووە.
لە دووەمین شەڕی جیهانییەوە، کاولکارییەکانی زانستی ناوەند-ئەوروپا، جێی مشتومڕن. لێپرسینەوە لەو پارادایمە دەکرێت کە ئەم زانستە پشتی پێ دەبەستێت. با لە نزیکەوە سەیری ئەوە بکەین کە جیهان و مرۆڤ لە ڕوانگەی پارادایمی میکانیکی کە زانستی ناوەند-ئەوروپا پشتی پێدەبەستێت، چۆن هەڵدەسەنگێنرێن.
تێگەیشتنی زانستی ناوەند-ئەوروپا بووە هۆی ئەوەی کە ئێمە جیهان وەک کاتژمێرێکی میکانیکی بناسێنین. چەرخ و میلەکانی کاتژمێرێک چۆنن، زیندەوەرانی جیهانیش بە هەمان شێوە وێنا کران. ڕوانگەیەکی پلەداری هەیە کە مرۆڤەکان لە سەرەوە دەبینێ و دواتر زیندەوەرانی تر دێن. ئەمەش بووەتە بنەمای کارەساتە ئیکۆلۆژییەکان و دابەشبوونی چینایەتی. لە سەردەمە کۆنەکانی مێژوودا مرۆڤەکان جیهانیان زیندوو و یەکپارچە دەبینی. بەڵام پارادایمی میکانیکی ئەم ڕوانگەیەی شکاندووە. پەیوەندییەکانی مرۆڤ-سروشت و مرۆڤ-مرۆڤیان لەسەر بنەمای ئۆبژە-سوبژە پێناسە کردووە. جیاوازی ئۆبژە-سوبژە واتای ئەوەیە کە لایەنێک هەمیشە لەسەر دەسەڵاتدارییە و بڕیاردەر و لایەنی دیکەش لە دۆخێکی پاسیڤ و ژێردەستدا بمێنێتەوە. مرۆڤ لەبەرامبەر سروشت، پیاو لەبەرامبەر ژن و سەردەستەکانیش لەبەرامبەر ژێردەستەکان کراونەتە شت/سوبژە. ئەو دەسەڵاتە بێسنوورە گەیشتووەتە ئاستی کۆمەڵکوژی و قڕکردن. کاتێک کە ئەم تێگەیشتنە لە بیر و هزری مرۆڤەکاندا بنیات نرا، کاتێک مرۆڤ سەیری سروشت دەکات نموونەی گونجاویش دەبینرێن. ماسی گەورە ماسی بچووک دەخوات، شێر ئاسکەکان دەخوات، ئەوانەی بەهێزن لاوازەکان دەخۆن. بەڵام لە سروشتدا زۆر زیندەوەر هەن کە یەکتر تەواو دەکەن، زیان بە یەکتر ناگەیەنن، یان لەگەڵ یەکتردا لە دۆخێکی هاوگوزەرانیدا دەژین. لەم پەیوەندییانەدا کە ئێمە پێیان دەڵێین پەیوەندی سیمبیۆتیک (هاوگوزەرانی)، ئاژەڵە بچووکەکان پشتگیری ئاژەڵە گەورەکان دەکەن و ئەوانەی ڕاوچین پشتگیری ئەوانە دەکەن کە ناتوانن ڕاو بکەن. لە ئیکۆسیستەمدا دار، مرۆڤ، مێروو، ماسی و هتد.. درێژە بە ژیانێکی هاوبەش دەدەن. پارادایم پەیوەستەی بەوەی کە ئێمە ئەم ڕاستییانە چۆن دەبینین. ئەم ڕوانگەیە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا خۆی نیشان دەدات. هەر بوونێک لە ناو ئیکۆسیستەمدا واتا و بەهایەکی خۆی هەیە. سەردەمێکی درێژی مێژوو ئەم هەڵوێستە لە نێوان مرۆڤ-سروشت و مرۆڤ-مرۆڤدا زاڵ بووە. بەڵام کاتێک کە سیستەمە دەسەڵاتدارەکان کە جیاوازی سوبژە-ئۆبژەیان دروست کرد، کاتێ ڕێبازی زانستی خرایە جێی حەقیقەت، کارەساتە ڕاستەقینەکان ڕوویاندا.
لە بەرامبەر پارادایمی میکانیکی کە جیهان وەک مەکینەیەک دەبینێت، پێویستی بە پارادایمێکە کە سەرقاڵ بێت بەوەی کە ڕێگایەکی زیندوو و یەکپارچە-گشتگیر هەیە. پۆزیتیڤیزم لەم لایەنەوە سەرقاڵی کۆمەڵگەی مرۆڤە، بە کۆمەڵایەتیبوونی گەیاندووەتە ڕادەی هەڵوەشانەوە. ئەنجامەکانی ڕوانینی کۆمەڵگە وەک کەڵەکەبوونی دیاردەکان دەبینێت، لەم دوو سەد ساڵەی دواییدا هۆکارێکی سەرەکی کۆمەڵکوژییەکانە.

پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کە وەک پارادایمی دیموکراتی، ئیکۆلۆژی، ئازادیخوازی ژنانیش ناسراوە، ئەڵتەرناتیڤ و چارەسەر دەخاتە ڕوو. سەیرکردنی جیهان لە دیدێكی جیاوازەوە، دۆزینەوەی چارەسەر لە خاڵە جیاوازەکاندا، بەندە بە تێگەیشتن و بەجێگەیاندنی پارادایمی نوێ.
داڕمانی ئیکۆلۆژی، کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گەلان و قڕکردنی ژنان بەرچاوترین نیشانەی قەیرانی ئەم سەردەمەیە. هێزی چارەسەریی پارادایمی دیموکراتی، ئیکۆلۆژی، ئازادیخوازی ژنانیش، بەندە بەو واقیعەی کە کولتووری دیموکراسی؛ نوێنەرایەتی پێکەوەژیانی جیاوازییەکان، فرەڕەنگی و جیارەنگییەکان دەکات، ڕێ دەکاتەوە بۆ بیرکردنەوە لە مۆدێلە دیموکراتییەکان کە وەک دەنکەکانی ملوانکەیەکی ڕەنگین پێکەوە بەستراون. سیستەمێک کە هەر کەسێک بە ڕەنگ و ناسنامەی خۆیەوە بەشداری بکات، بەڵام وەک پارچەیەکی کۆکراوە بێت، مەگەر بە پارادایمی نوێ بیری لێ بکرێتەوە. هەتا بە پارادایمێکی نوێوە لێی نەڕوانین، ناتوانین سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتی دامەزرێنین. پەیوەندی هەمەلایەنەی نێوان دامەزراوە و کۆمەڵگەکان، تەنها بە ڕوانگەی پارادایمی نوێ دەکرێت واتادار بێت.
بەبێ هەڵوێستێکی ئیکۆلۆژی ناتوانین هاوسەنگی لە نێوان هەردوو سروشتدا دروست بکەین. ئەو تێگەیشتنەی کە مرۆڤ بەشێکە لە سروست، بەرپرسیارێتی لە ئاست سروشت دا پێ دەسپێردرێت. سروشت خاوەنی ئەو هێزەیە کە خۆی نوێ بکاتەوە و خۆی چاک بکاتەوە. بەڵام هێزی بێسنوور و چاوبرسێتی بۆ قازانج ئەمە دەشکێنێت. هەڵوێستێکی ئیکۆلۆژیانە تەنها سنووردار نییە بە هەڵوێست لە ئاست سروشتدا، ڕوانگەی گەردوونی و کۆمەڵگەش لەخۆدەگرێت.
لەبەرامبەر باڵادەستی بێسنووری پیاو، ئەگەر ژیانێک لەسەر بنەمای ئازادی ژن بونیاد نەنرێت، ناکرێت کە قەیرانی سیستەم تێپەڕێنرێت. ژنۆلۆژی زانستێکە کە پشت بە پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەبەستێت. لەبەر ئەوە ئەو بابەتانەی کە دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکات، کام سەرچاوانە بەسەر بکاتەوە و کام ڕێبازی زانستی بەکاربهێنێت، دەبێت بەپێی ئەم پارادایمە دیاری بکرێن.
هەر زانستێک پشت بە میتۆدێکی زانستی دەبەستێت. ژنۆلۆژی وەک زانستێکی نوێ پەرەدەسەنێت و پرسیارێکی زۆر باو ئەوەیە کە لە ژنۆلۆژیش دەکرێت؛ میتۆدۆلۆژیای ژنۆلۆژی چییە؟ لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی ئەوروپا-ناوەند لە زانست، تەنها میتۆدی زانستی خۆی وەک پێوەری زانستی بەکاردەهێنێت و دانی پێدا دەنێت، بەو پێیەش بیرۆکەیەک تەنها کاتێک دەتوانێت وەک زانست ببینرێت کە ئەم میتۆدانە بەکاربهێنێت. بەڵام ئەوە لە ماوەی ٥٠ ساڵی دواییدا ڕۆژ بە ڕۆژ خرایە ژێر گومانەوە. میتۆدی زانستی کە وەک حەقیقەت دەسەپێنرێت، خۆشی بەرەوڕووی تەگەرەیەکی گەورە بووەتەوە. پرسیاری میتۆد و میتۆدۆلۆژی زانستی ژنۆلۆژی چییە؟، پەیوەندی بە چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەم تەگەرەیەوە هەیە.
میتۆدۆلۆژی واتە ڕێبازناسی (زانستی ڕێباز)، وەک بوارێکی فەلسەفە، لێکۆڵینەوە لەسەر میتۆدی بوارە زانستییە جیاوازەکان دەکات. ئەگەر میتۆد وەک کورتترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان پێناسە بکەین، ئەوە میتۆدۆلۆژی، سیستەم یان کۆی ئەم هەوڵانەیە. کاتێک هەوڵدەدەین گرفتی میتۆد تێبگەین و چارەسەری بکەین، ئەو وتانەی کە لە نەریتی فەلسەفی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەڵین؛ “حەقیقەت یەکە، ڕێ هەزارە” و “مرۆڤ لەبەرئەوەی تەریقەت واتە ڕێبازی لەدەستداوە، لە حەقیقەت واتە ئەنجام بێبەش بووە” ڕێنماییمان دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە لە گفتوگۆکانمان لەسەر میتۆدی ژنۆلۆژی، دەوڵەمەندی میتۆدەکان پەیڕەو دەکەین و ئەوەش دەرفەتمان پێ دەدات کە لە واقیع تێبگەین، هەرچەندە بێ میتۆدیش نییە. رێبەر ئاپۆ بابەتی میتۆد بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە و ڕێگای هەڵوێستمان لەسەر میتۆد نیشان دەدات؛ “لە جیاتی گەڕان بۆ میتۆدێکی ئەلتەرناتیڤ، ڕێگایەک بۆ گرفتە گەورەکانی ژیانی پڕ لە هەڵە و دووربوون لە نرخی ئازادی دەخوازرێت.” میتۆدی زانستی کە ڕێگا بۆ ڕاستی ناکاتەوە و هەڵەیە، واتای ژیان لەناودەبات و ئەم دۆخە بنچینەیەک بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگە دەکاتەوە. ئێستاش ڕەخنەیەکی زۆر لەسەر میتۆدی زانستی هەیە. گرفتی سەرەکی سەپاندنی میتۆدە. زانستی ئەوروپا-ناوەند میتۆدی خۆی دەسەپێنێت و میتۆدەکانی ناسینی جوگرافیاکانی تر، گەلان و ژنان پشتگوێ دەخات. بۆ نموونە؛ ‘دەرمانی کوردی’ زانستی شیفای کۆن بە هیچ هەژمار دەکات. بەڵام سەرچاوەی دەرمان، دەرمانخانە و دەرمانی نوێ لە نەریتی حەکیمیەوە دێت. زانستی مێژوویی لە داستانە میتۆلۆژی و چیرۆکەکاندا، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی نییە و نووسراو نییە، وەک سەرچاوە قبووڵ ناکات. بابەتەکانی وەک مەعنەویات و میتافیزیک وەک شتێکی نازانستی دەبینرێن. هەست، سۆز و نەست وەک سەرچاوەی زانین نابینێت. وەک ئۆبژە لێکۆڵێنەوە لەسەر کۆمەڵگە و ڕاستی مرۆڤەکان دەکات. بەدەر لە کۆمەڵگە، مێژوو، کات و شوێن، لێکۆڵینەوە لە مرۆڤ دەکات. لە جیاتی ئەوەی ڕووداوەکان بەپێی مەرج و هەلومەرجی مێژوویی خۆیان هەڵبسەنگێنێت، درێژەی مێژوو وەک هێڵێکی ڕاست دەبینێت. بۆ ئەمەش دەکەوێتە پێگەیەک کە لە ڕاستی دوورە و بەپێی پێویستی دەسەڵات و سەرمایە زانیاری/زانین بەرهەمدەهێنێت.
نەریتی زانایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەلسەفەکانی چین و هیند و میتۆدەکانی زانینی گەلانی ژێردەست کە لە دەرەوەی ئەوروپا دەژین، کە دەرفەتی تێپەڕاندنی ئەو میتۆدانەیان هەیە، بەردەوامن. پێشکەوتنی فیزیای کوانتوم، ئەو ڕەخنانەی کە رێڕەوی مێژوو جیاوازە و رەخنەکانی بزووتنەوەی ئیکۆلۆژی و فێمینیست، لە میتۆددا زەمینەی پێهەڵگرتنی نوێی ڕەخساندووە. ژنۆلۆژی لە ڕێگای ئەم میراتەوە میتۆدەکانی خۆی دیاری دەکات و دەوڵەمەند دەکات.

لە میتۆدی زانستی ژنۆلۆژیدا، گرنگ گەڵاڵەکردنی ڕێنماییەکە کە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتداری تێبشکێنێت کە لە سەر جیاوازی سوبژە-ئۆبژەن. لە بری پێناسەکردن تێگەیشتن، لە بری ئۆبژەکردن بە هاوسۆزییەوە ڕوانین، تێگەیشتنێکی ڕاستتر دەدات بەدەستەوە. لە هەموو لێکۆڵینەوەکاندا کە لە چوارچێوەی ژیان و کۆمەڵگەدا کراون، دەبینین کە سوبژە و ئۆبژە هەمیشە جێگۆڕکێ دەکەن و کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن. بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بهێنیتە ئاراوە و بە شێوەیەکی ڕەخنەیی لێی بڕوانرێت، پێویستە مرۆڤ حەقیقەتی بەردەمی خۆی لە هەموو لایەنەکانەوە واتادار بکات. تێکشکاندنی ڕوانینی پارچەبوو کە گشتگیریی- یەکپارچەیی حەقیقەت تێکدەدات، بابەتێکی دیکەی گرنگە. لەبەرئەوە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، دەخاتە سەرووی ئەو زانستانەی کە پارچەبوونی نێوان زانستەکان تێپەڕێنێت. واتای دانانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە بناغەی هەموو زانستەکان؛ پەیوەندییەک لە نێوان گەشەسەندنی زانستی و ژیانی کۆمەڵایەتیدا دروست بکات کە فیزیا، کیمیا و بایۆلۆژیش لەخۆدەگرێت. لە لێکۆڵینەوەکانی ژنۆلۆژیدا چەندین بابەت لە ئابوورییەوە هەتا دیمۆگرافیا، لە سیاسەتەوە هەتا جوانناسی- ئەخلاق، لە تەندروستییەوە هەتا پەروەردە، لە ئیکۆلۆژییەوە هەتا تەندروستی، تێکەڵاون. بەتایبەتی بە ڕۆژانەکردنی ئەزموونی ژنان، وشیاری ژنان و شێوازەکانی زانینی ژنان، خۆی ڕۆژانە دەکاتەوە و کاری خۆی دەکات.
لە شوێنێک کە جەنگی جیهانی سێیەم ڕوودەدات، وەک گەل و ژنانێک کە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە، هۆکاری ڕەوا و ژیانی هەیە کە دژی ئەم زانست و میتۆدانەی ڕاوەستین. میتۆدی زانستی ئێستا، شرۆڤە بۆ هۆکارەکانی هێرش و کۆمەڵکوژییەکان، واتای بەرخودانەکەمان و سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە ئێمە دەمانەوێت دایبمەزرێنین، ناکات. ژنۆلۆژی ئامانجێتی لەو خاڵانەی کە میتۆدی زانستی ئاستەنگی و وێرانکاری دروست دەکات و ڕاستی تاریک دەکات، پێهەڵگرتنێک ئەنجام بدات. هەوڵدەدات ئامراز و میتۆدی دۆزینەوەی سەرچاوەکانی زانین کە نکۆڵی لە حەقیقەتەکەی کراوە و بە هیچ ژمێردراوە، بدۆزێتەوە.