ئاکادیمیای ژنۆلۆژی
گێڕانەوە میتۆلۆژییەکان کە بە زارەکی لە نەوەیەکی بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرانەوە، بە تێپەڕبوونی کات لە ڕێگەی ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان، نەریت، سیستەمی یاسایی پیاوسالاری و پەرەسەندنی پێکهاتەی دەوڵەت، بوون بە یاسا و ڕێسا. کورتەی ئەم چیرۆکە درێژە، لە بەردەوامبوونی سیستەمی کۆیلایەتیدایە کە تا ئێستاش کاریگەری لەسەر ژیانی هەموومان هەیە.
لەوانەیە هۆکاری ئەوەی کە ڕێبەر ئۆجالان لە چاوپێکەوتنەکانیدا، داوای لە پەروین بولدان کردووە کە لێکۆڵینەوە لە نەریتی ساتی بکات، ئەمە بووبێت. ئاشکرایە کە ئاماژە بە چۆنیەتی پەرەسەندنی ڕەگەزگەرایی لە ڕێگەی سیستەمی کۆیلایەتی سەپێنراو بەسەر ژنان و ئەو تێڕوانینە دەکات کە جەستە، ڕۆح و بیرکردنەوەی ژنان وەک “شوێن” دەبینێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، لە لێکۆڵینەوەیەکی بچووکماندا، ویستمان پێشەکییەک بۆ کاریگەریە میتۆلۆژی، کۆمەڵناسی و ئەو کاریگەریانەی کە نەریتی ساتی لەسەر ژنان هەیەتی، بخەینەڕوو. بێگومان نەریتی ساتی بابەتێکە کە پێویستە لە ڕوانگەی ژنانەوە بە قووڵی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و لە ڕووی ناوەڕۆک و ئەنجامەکانیەوە، کۆمەک بە خەباتی ژنان دەکات.
میتۆلۆژییەکان زانیارییان لەسەر خوداکان، بوونەوەرە نیمچە خوداییەکان، ئەو پاڵەوانانەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە پەرەسەندنی کۆمەڵگە هەبووە، ئاژەڵ و ڕوداوەکانی سروشت خستۆتەڕوو یان چەندین ڕوونکردنەوەیان دەربارەیان گەڵاڵە کردووە. هەروەها، لەبەر ئەوەی میتۆلۆژییەکان بانگەشە بۆ بوارێک دەکەن کە واوەتری سنوورەکانی عەقڵ و لۆژیکە، بۆ ئەوەی باشتر تێبگەن و بتوانن بیگوازنەوە، بە شێوەیەکی دراماتیکانە پێشکەش بە کۆمەڵگە کراوە.
بنیاتنانی ئایدیۆلۆژی چەوساندنەوەی ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا
مرۆڤ هەم وەک بوونەوەرێک کە میتۆلۆژییەکان دادەڕێژێت”میتۆژێنیک” و هەم وەک بوونەوەرێک کە دەبێتە بابەتی میتۆلۆژییەکانە “میتۆلۆژیکە”ە. میتۆلۆژییەکان زانیاری دەربارەی بوونەوەرە سەرووسروشتییەکان، سەرچاوەی گەردوون، جیهانی فیزیکی و میتافیزیکی بە مرۆڤەکان دەدەن، هەروەها وشیاری کۆمەڵایەتی، دیدی کولتووری، نەریتەکان و تێگەیشتنێک لە ژیان دەبەخشن. ململانێی نێوان ئەو سیستەمەی کە کۆمەڵگەی دەوری ژن وێران دەکات و بەهاکانی ژن-دایک، وەک جەنگی خودا-خوداوەندەکان دەردەبڕێت. ئەم چیرۆکانە گۆڕان بۆ میتۆلۆژی لەسەر کوشتن و بچووکردنەوەی خوداوەندەکان. لەم ڕووەوە، چەوساندنەوەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە شێوەیەکی ئایدیۆلۆژی بنیات نراوە.
تاک تەواوکارییەکی ئۆرگانیکی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیا پێکهێناوە و فێر بووە کە چۆن بژی و چۆن ڕەفتار بکات لە ڕێگەی ئەم میتۆلۆژیانەوە. بەم شێوەیە، ئەخلاق کە لە کۆمەڵگەی سروشتیدا بوونی خۆی دۆزیوەتەوە، بە تێپەڕبوونی کات چەندین گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و داڕژراوەتەوە و بووە بە خزمەتکاری بیری پیاوسالاری.
هەموو کۆمەڵگەیەک ئەفسانەی تایبەت بە خۆی هەیە کە بە زمانی میتۆلۆژی و وێژەییانەی خۆی دەیگێڕێتەوە. هەر چیرۆکێک کە سەر بە سەردەمی خوداکان و خوداوەندەکانە، ئەو واقیعە دەخاتە ڕوو کە ژنان و کۆمەڵگە تێی کەوتوون. واقیعی بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی هەر چیرۆکێکی میتۆلۆژی بە ناو و شێوەی جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانی جوگرافیای جیهاندا ڕوودەدەن، بەڵام لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیدا ئەو ڕۆڵەی بۆ ژنان دیاری کراوە و ئەو پێگەیەی پێی گەیشتوون، ناگۆڕێت. واتە چیرۆکە میتۆلۆژییەکان خاسیەتێکی گەردوونی (جیهانی) هەیە و چەندین ئاماژە دەربارەی پەرەسەندنی سیستەمی پیاوسالاری ئاشکرا دەکەن.
ڕووی ڕاستەقینەی میتۆلۆژیای هیندی
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرچاوەی میتۆلۆژیای هیندی بەم شێوەیە دەربڕی: ” هیندییەکان تیۆلۆژیایەکی زۆر ڕەنگاوڕەنگیان داڕشتووە. بە هێندەی خوداکان، بوونەوەری خودایی لە ژمارە نەهاتوویان بونیاتنا. لە میتۆلۆژیاکەیاندا کاریگەری قووڵی سۆمەرییەکان دەبینرێت. ئاڵۆزی زۆری تیۆلۆژیاکەیان لە سەرچاوەی دەرەکی و نەبوونی توانای کۆتێز سەرچاوە دەگرێت.”
میتۆلۆژیای هیندی لەم سەرچاوەیەوە ڕابردوویەکی میتۆلۆژی دەوڵەمەندی بۆ خۆی دروست کردووە کە لە دەقە هیندۆس، بودایی و جاینیەکاندا و هەروەها لە زۆر گێڕانەوەی ناوخۆییدا هەیە. میتۆلۆژیای هیندۆس لەم چوارچێوەیەدا چەندین چیرۆکی میتۆلۆژی لەخۆ دەگرێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگەی هیندی هەیە و بە تێپەڕبوونی کات بوونەتە ڕێوڕەسمی ئایینی. لە بنەڕەتی هەموو ڕێوڕەسمە ئایینی و فێستیڤاڵەکاندا پاڵەوانە میتۆلۆژییە پیرۆزکراوەکان هەن. هەروەها چەندین چەمکی وەک سیستەمی خودایی، چالاکی، بەهەشت، دۆزەخ، بەزەیی، مەرگ-نەمری، گۆشەگیری و قوربانیدان لە ڕێگەی میتۆلۆژیای هیندۆسەوە گوازراونەتەوە بۆ کۆمەڵگە. لەم میتۆلۆژیایەدا، بوونەوەرە نیمچە خوداییەکان، پێشکەشکردنی قوربانی بۆ خوداکان، دوورکەوتنەوە لە چێژە دنیاییەکان بۆ پاککردنەوە لە گوناهەکانی پێشوو و ژیانێکی گۆشەگیرانە باون. ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات بووەتە هۆی پەرەسەندنی جیاوازی لە نێوان دیدگا کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا.
نهێنی کالیکا پورانەکان
سەرچاوەیەکی سەرەکی تری میتۆلۆژیای هیندۆس دەقەکانی براهمانایە. ئەم دەقانە باس لە چۆنیەتی بەدەستهێنانی دەسکەوتی دنیایی لە ڕێگەی ڕێوڕەسمەکانی قوربانیدانەوە دەکەن. یەکێک لە دەقە پیرۆزەکانی میتۆلۆژیای هیندۆس، کالیکا پورانەکانن (دەقی نووسراو لەسەر تابلێتەکان). هەرچەندە بە دروستی نازانرێت کەی و لەلایەن کێوە کۆکراونەتەوە، بەڵام پوراناکان لە هەژدە دەقی گەورە و چەندین دەقی بچووک پێکهاتوون. ئەم دەقانە باس لە چیرۆکی خوڵقانی جیهان، بەردەوامی خوڵقاندن و ڕوخاندنی، خوداکان، چاکەکاران، پاڵەوانەکان و ڕیشەی مرۆڤ دەکەن. هەروەها باس لە پەرستگاکان، شوێنە پیرۆزەکان، ئەستێرەناسی، ئەستێرەزانی، فەلسەفە و زمانزانی دەکەن.
لە دەقەکانی کالیکا پورانادا، باس لە میتۆلۆژیای خوداوەند ساتی دەکرێت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات پێناسەیەک بۆ میتۆلۆژیای ساتی لەلایەن هیندووەکانەوە کرا. بەپێی ئەم پێناسەیە؛ ناوی خوداوەند ساتی کە هێمای هاوسەرگیری بەختەوەر و درێژخایەنە، لە ڕیشەی وشەی “سات”ەوە هاتووە، بە واتای “ژنی باش، بەڕەوشت و باوەڕدار”. لەم چوارچێوەیەدا، ساتی وەک ژنێک کە خۆی تەرخان کردووە بۆ مێردەکەی، ژنێکی باش و داوێن پاک لە وێژە و باوەڕی هیندیدا ئاماژەی پێکراوە. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم پێناسەیە بووە بە ڕێوڕەسمێک کە بەو واتایە دێت کە ژنێکی وەفار و دڵسۆز بۆ مێردەکەی، خۆی قوربانی دەکات لە ئاگری تەرمی هاوسەرە کۆچکردووەکەیدا. نەریتی سووتاندنی ژنانی هیندۆس لەگەڵ مێردە مردووەکانیاندا، هەوڵدراوە بە پشتبەستن بە بنەما میتۆلۆژییەکان ڕەوایەتی پێبدرێت.
لە میتۆلۆژیای هیندۆسدا، ساتی کچی داکشایە کە بوونەوەرێکی نیمچە خوداییە و هاوسەری خودا شیڤایە. ساتی کاتێک لە هەرێمێکی داربەڕوودا پیاسەی دەکرد، چاوی بە شیڤا کەوت کە سەرقاڵی یۆگا بووە و عاشقی بووە. بەڵام باوکی ساتی، داکشا، شیڤای وەک کەسێکی چینی خوارەوە دەبینی و ڕازی نەبوو کچەکەی لەگەڵیدا هاوسەرگیری بکات. خوداوەند ساتی وێرای ناڕازیبوونی باوکی، لەگەڵ شیڤا هاوسەرگیری کرد.
کاتێک شیڤا لەگەڵ ساتی بوو، بیرکردنەوە لە براهمان و ئەو سروتانەی کە پەیڕەوی دەکرد، لە بیر کرد. لەو کاتەدا، داکشای باوکی ساتی بڕیاری دا ڕێوڕەسمێکی گەورەی قوربانیدان ئەنجام بدات بە مەبەستی گەیشتنی هەموو جیهان و بوونەوەرەکان بە خۆشگوزەرانی. هەموو خوداکان، بوونەوەرە سەرووسروشتییەکان، پیاوانی ئایینی و هەموو بوونەوەرەکانی گەردوون بانگهێشت کران بۆ ڕێوڕەسمەکە. بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکە لەلایەن خودا ڤیشنوەوە بوو. بەڵام داکشا، پێی وابوو گونجاو نییە شیڤا کە کوپێکی دروستکراو لە کەلەسەری مرۆڤی هەڵگرتبوو، بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە بکات، بۆیە بانگهێشتی نەکرد. سەرەڕای ئەوەی کە ساتی کچی بوو، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی هاوسەری شیڤا بوو، لە ڕێوڕەسمەکە ئاگاداری نەکردەوە.
ساتی کە بە ڕێکەوت گوێی لە ڕێوڕەسمەکە بوو، تووڕە بوو لەوەی کە باوکی ئەوانی پەراوێزکرووە، چوو بۆ شوێنی ڕێوڕەسمەکە. بەپێی ئەفسانەکە، ساتی هێندە خۆی نوقمی ڕێوڕەسمی قوربانیدان کرد کە چووە ناو یۆگاوە و هەر نۆ دەرگای هەستەکانی لە جەستەیدا داخست، وەستا لە هەناسەدان و دوای ماوەیەک جەستەی لە ناو ئاگردا سووتا. بەپێی هەندێک گێڕانەوە، ساتی خۆی فڕێدایە ناو ئاگری قوربانیدانەکە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر باوکی و بۆ سزادانی ترسنۆکی هاوسەرەکەی شیڤا. لە بنەڕەتدا، ئەمە جەنگی دەسەڵات بوو لە نێوان خوداکاندا.
کاتێک شیڤا جەستەی بێگیانی ساتی بینی، هەڵچوونێکی تووڕەیی دەیگرێت، دەست بە سووتاندن و لەناوبردنی شوێنی ڕێوڕەسمەکە دەکات. بەپێی ئەفسانەکە، دەگوترێت کە سەری داکشای بڕی. لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا، هەندێک لە خوداکان هەوڵیان دا ڕێگری لە شیڤا بکەن و بیوەستێنن، بەڵام هەموو جارێک شیڤا بەسەر ئەو خودایانە سەردەکەوت کە دەهاتنە سەر ڕێی. خوداکان و بوونەوەرە سەرووسروشتییەکان کە هێزی وێرانکەری شیڤایان بینی، لە ترساندا بە هەموو لایەکدا هەڵهاتن. شیڤا بەرەو جەستەی بێگیانی ساتی چوو. هەموو شتێکی لە بیر کرد و لە تەنیشت جەستە مردووەکەدا دانیشت و دەستی بە شین کرد. شیڤا کە لە ئازاردا بێهێز ببوو، تەرمی ساتی هەڵگرت سەر شانی و لە کاتێکدا نەیدەزانی چی دەکات، دەستی بە سەمایەکی شێتانە کرد.
پەرستگاکان لە جەستەی ساتیەوە
خودا براهما و خوداکانی تر، پێیان وابوو تا کاتێک شیڤا دەست لە ساتی دەدات، جەستەی ناڕزێت و گەردوون لەبەر ئەم سەمایە لە ژێر هەڕەشەدایە، بۆیە بەدوای چارەسەرێکدا گەڕان. بەهۆی ئەمەوە، خوداکان جەستەی ساتیان پارچە کرد. بەپێی گێڕانەوەکان، پێیەکانی، سەری، ئەندامی زاوزێی، قۆڵ و شانەکانی، ناوکی، مەمکیان پارچە کرد و لە زۆربەی شوێنەکانی هیندستان بڵاویان کردەوە. لەو شوێنانەی پارچەکانی جەستەی ساتی کەوتنە سەری، پەرستگا دروست بوون کە نوێنەرایەتی خوداوەند دەکەن وەک سەرچاوەی گەردوون.
خوداکان، لە شیڤای پارێزەری جیهان پاڕانەوە کە بە شێوەی فالوس بوو، تا ئارام بێتەوە. شیڤا بە بێدەنگی گوێی لە قسەکانیان گرت و لە براهمای پرسی کە دەبێت چی بکات. براهما پێی وت کە خۆی بهێنێتەوە یاد، واز لە خەم بهێنێت و لە ئازار ڕزگاری بێت. هەروەها، بە بیری هێنایەوە کە کاتێک شیڤا لە ژێر کاریگەری ئازاردا هاوسەنگی خۆی لەدەست دەدات، زیان بە هەموو بوونەوەرەکانی گەردوون دەگەیەنێت. دەڵێن ساتی وەهمێکی گەورەیە کە جیهانی گرتۆتەوە و شیڤاش بەم هۆیەوە لە ئازارێکدا دەتلێتەوە کە چاوەکانی کوێر کردووە.
مردنی جووتە خودا
پیتاکان (پەرستگاکان) کە لە پارچەکانی خوداوەند پێکهاتوون، بەگشتی ژمارەیان ١٠٨-ە. زۆربەی ١٠٨ پیتاکان بوونەتە ناوەندی گرنگی حەج کە لای باوەڕدارانی سەر بە مەزهەبەکانی شاکتی لە هیندۆسیزمدا بە پیرۆز دادەنرێن. پیتاکان زۆربەیان لە ڕۆژئاوای بەنگالدان، بەڵام لە هەموو هیندستاندا بڵاو بوونەتەوە. دەگوترێت کە هەر پیتایەک لەسەر یان لە نزیک سەرچاوەیەکی ئاوی کە پێیان وایە بە وزەی خوداوەند پیرۆز کراوە، هەڵکەوتووە. حاجیان پێیان وایە کە بە شۆردن لەم ئاوە پیرۆزانەدا پاک دەبنەوە.
زۆربەی پیتاکان لە نزیک دارە پیرۆزەکان هەڵکەوتوون کە بە دایکەزەوی دەناسرێن. خودا و خوداوەندەکان لەسەر پشتی ئاژەڵ (ڤاهان) دەچنە پەرستگاکان. پیتاکان وەک شوێنی پیرۆز دادەنرێن کە باوەڕداران پەیوەندی و کارلێک لەگەڵ خوداکان دەکەن.
لە بنەڕەتدا، ساتی دژی تێگەیشتنی ئایینی ڤێدایی کە باوکی نوێنەرایەتی دەکرد و دژی چالاکی یۆگای شیڤا دەوەستایەوە. ئەو بە بەرپاکردنی شۆڕش، خەباتی هەڵبژارد بەرامبەر بە سیستەمی باڵادەستی پیاو. بەهۆی ئەوەوە، خوداکان جەنگیان دژی ساتی ڕاگەیاند و بەدوای ڕێگاکانی جیاکردنەوەی لە ژیاندا گەڕان و بە فڕێدانی بۆ ناو ئاگر، سزایان دا. پەیوەندی نێوان ساتی و شیڤا، بە دوانەی تێشوپ-هیپاتی میتۆلۆژی هیتیتەکان، یان ئەنکی-نینهورساگی میتۆلۆژی سۆمەرییەکان بەراورد دەکرێن.
ئەوەی جەستە سووتاوەکان بۆمان دەگێڕنەوە
سووتاندنی ساتی لە ئاگردا، خۆ قوربانیکردنی یان بە زۆر قوربانیکردنی، پەیوەندی هەیە بە باوەڕەکان دەربارەی پیرۆزی ئاگر. ئەم چیرۆکە، هاوتەریبە لەگەڵ میتۆلۆژی فڕێدانی ئیبراهیم پێغەمبەر بۆ ناو ئاگر لەلایەن نەمروود لەبەر ئەوەی بتەکانی شکاندبوو و گۆڕانی ئەو ئاگرە بۆ گۆلی ماسی لە ئورفا. بە هەمان شێوە، گۆڕانی پارچەکانی جەستەی ساتی بۆ پەرستگا و دەرکەوتنی سەرچاوە پیرۆزەکانی ئاو کە پەیوەستن بەم پەرستگایانە گێڕانەوەیەکی میتۆلۆژییە. بێگومان لێرەدا جەخت لەسەر لێکچوونی میتۆلۆژی فڕێدان بۆ ناو ئاگر دەکرێت لەبری دەرهێنانی واتایەک لەم لێکچوونە.
ئەم چیرۆکە لەوانەیە باس لەوەش بکات کە چۆن ئەو پیاوانەی لە پاڵ ژنان وەستاون لەلایەن شامان و خوداکانەوە ڕێکخراون و دواتر چۆن لە ژن دابڕاون. وەک دەزانرێت، لەگەڵ پەرەسەندنی یەکەم پرۆسەی کۆمەڵایەتیبوون، ژن و پیاو لە چوارچێوەی تێگەیشتنی هاوژیانی ئازاد دا، هاوبەشییان دروست کردووە و بۆ ماوەیەکی درێژ بەم شێوەیە ژیاون.
میتۆلۆژی ساتی، هاوکات لەگەڵ ئەو سەردەمانەدایە کە زهنیەتی پیاوسالاری دەیویست خۆی زاڵ بکات. لە ڕێگەی ئەمەوە، ئەم چیرۆکە میتۆلۆژییە دواتر دەبێت بە چیرۆکی ساتی کە خۆی قوربانی دەکات بۆ هاوسەرەکەی. لەوانەیە زهنیەتی پیاوسالاری، ئەم میتۆلۆژیەی وەک پێویستییەکی کۆمەڵایەتی نیشان دابێت و ڕاستی چیرۆکەکەی چەواشە کردبێت و بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا گونجاو بێت، دووبارە لێکدانەوەی بۆ کردبێت.
دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگەی سروشتی و وەرگرتنی میتۆلۆژی خوداوەند ساتی وەک ناوەند، کۆمەڵگەی بەرەو قاڵبە ڕەگەزییەکانی پیاوسالاری بەکێش کردووە. یەکەم هەنگاوی ئەمە لەلایەن خوداکانەوە نرا. دوای یەکەم هەنگاوی شامانەکان کە پیاویان لە ژن دابڕی، ژن وەک بوونەوەرێک سەیر کراوە کە دەبێت بکرێتە قوربانی بۆ پیاو. دەڵێین هیندستان، بەڵام لە ڕاستیدا، هاوشێوەی ئەم گێڕانەوە میتۆلۆژییە لە کۆمەڵگەکانی تریشدا هەیە. پێویستە شیکاری ڕاست بۆ ئەم زهنیەتە بکەین کە بووەتە هۆی ئەوەی ژنان نەک تەنها بە جەستەیان بەڵکو بە ڕۆح و بیروباوەڕیشیانەوە وەک درێژکراوەی پیاو سەیر بکرێن. ئەم زهنیەتەی کە ژنی لە قاڵبەکانی کۆیلایەتیدا گیر کردووە، ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکی جیهاندا بە شێوەیەکی سیستەماتیک و دامەزراوەیی بەردەوامە.
لەم گێڕانەوەیەدا کە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕدراوە و لەگەڵ سیستەمی کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا گونجێنراوە، خوداوەند ساتی کراوە بە هێمای هاوسەرگیری درێژخایەن و بەختەوەر. واتە، ئەو بیرۆکەیە بڵاو کراوەتەوە کە ژن دەبێت هەتا مردن پابەند بێت بە هاوسەرەکەیەوە. بەپێی ئەم تێگەیشتنە، مێردی ژن وەک جۆرێک خودا دەبینرێت کە ژن دەبێت بیپەرستێت. لە ڕاستیدا، لە زمانی سانسکریتیدا وشەی “سوامی” کە بۆ “مێرد” بەکاردێت، واتای “سەروەر” دەدات، لە کاتێکدا وشەی “پاتی” هەم واتای “مێرد” و هەم “سەروەر” دەدات. بۆیە نەریتی ساتی بەندە بەو بیرۆکەیەوە کە ژن دەبێت لە وابەستەیی ڕەهادا بۆ مێردەکەی بژی و تەنانەت دەبێت قوربانی بۆ بدات.
“دایکی نموونەیی”، “هاوسەری نموونەیی” و “ژنی ماڵی نموونەیی”
ڕەنگە لە هیندستانی ئەمڕۆ یان لە هەر شوێنێکی تری جیهاندا، ژنان بە فیزیکی کاتێک مێردەکانیان دەمرن بە زیندوویی فڕێ نەدرێنە ناو ئاگر یان نەکوژرێن. بەڵام، بەردەوامبوونی وابەستەیی ڕۆحی و فکری ژنان بە پیاوەوە، لە ڕێگەی بڕیارە کۆمەڵایەتییەکانەوە درێژەی پێدەدرێت. واتە، لە ڕاستیدا نەریتی ساتی بەبێ خوداوەند ساتیش بە شێوەی سیستەمێک بەردەوامە کە ژنان لە سنووری کۆیلایەتیدا دەهێڵێتەوە. ژنان، بە قاڵبەکانی “دایکی نموونەیی”، “هاوسەری نموونەیی” و “ژنی ماڵی نموونەیی” شێوەیان پێ دەدرێن و هەوڵ دەدرێت لە ناو بڕیارەکانی بنەماڵە، نەریت، هۆز و کۆمەڵگەدا بەند بکرێن.
قوربانیکردنی ژنان بۆ پیاوان لە هیندستان ڕادیکاڵترین شێوەی بەخۆیەوە بینی و ژنان، کاتێک مێردەکانیان مردوون، بە زیندوویی سووتێنراون و کراون بە “قوربانی”. ئەم ڕێوڕەسمە وا لێکدەدرێتەوە کە ژن “دەبێت بە خوداوەند”. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەمە دەکرێت وەک بیرۆکەی سزادانی ژنان لەلایەن خودا پیاوەکانەوە ببینرێت، کە بە تێپەڕبوونی کات لە باوەڕە ئایینییەکانیشدا جێگیر کرا. ئەم تێگەیشتنە، لە کۆمەڵگەدا، بووەتە هۆی پەرەسەندنی فیگۆری ژنی بەشەرەف، بەنامووس، داوێن پاک و وابەستە بە مێردەکەیەوە و ئەو قاڵبە زهنیەتییانەی کە بڕیارە کۆمەڵایەتییەکان پێکدەهێنن، تا ئەم سەردەمە ژنانیان بە زنجیرەکانی کۆیلایەتیەوە بەستۆتەوە. ئەم زهنیەتە، وا دەخوازێت کە ژن خۆی لە زهنیەتی پیاودا بتوێنێتەوە و هەتا مردن پێیەوە پابەند بێت. لە نەریتە ئایینییەکانیشدا، ژن وەک خزمەتکاری مێردەکەی پێناسە دەکرێت و بەرپرسیار دەکرێت لە تێرکردنی شەهوەتی ئەو و دڵخۆشکردنی.
زۆربەی خێزانەکان لە ترسی ئەوەی کە ژنێکی “بێوەژن”، ” لە ڕێ دەردەچێت”، سنووردارکردنی بە ڕێسا و نەریتی کۆنەپەرستانە، وەک چارەسەر دەبینن. ژنێک کە هاوسەرەکەی لەدەست دەدات، وەک ‘ موڵکێکی بێ خاوەن ‘ ناچار بە هاوسەرگیری لەگەڵ شووبرای ( برای هاوسەرەکەی) دەکرێت، یان دەبێت بە شێوەیەکی نادیار و وەک مردوویەکی زیندوو بژی، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دادەبڕێن و نادیدە دەکرێن. کاتێک هاوسەری ژنێک دەمرێت، کردارەکانی وەک سەرتاشین، قژڕنینەوە، لەسەر زەوی نووستن، بە پێی خاوس ڕۆیشتن، ئەنجامدانی کاری قورس، پۆشینی جلی ڕەش، خۆڵەمێشی، قاوەیی یان ڕەش و لابردنی خشڵ، نموونەگەلێکن نیشانی دەدات کە نەریتی ساتی بە شێوازی جیاواز بەردەوامە. ئەم ژنانە لە کۆمەڵگەدا وەک ژنانی پیرۆز، بەئەخلاق و بەهێز لە وەفاداری بۆ هاوسەرەکانیان نیشان دەدرێن. ئەم جۆرە قەید و بەندە کۆمەڵایەتیانە، نەک تەنها لە هیندستان، بەڵکو لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەسەر ژناندا دەسەپێنرێن و ژنانیش لەژێر کاریگەری بڕیارە کۆمەڵایەتییەکان دڵخوازانە پەیڕەوی دەکەن. ئەم دۆخە هیچ کاتێک بۆ بێوەپیاو پەیڕەو نەکراوە.
ئەم تێگەیشتنە هاوکات ناچار دەکات کە ژن خۆی بەپێی پێوەرەکانی ڕەزامەندی پیاو بگونجێنێت و بەپێی پێداویستییە دەروونی و جەستەییەکانی ئەو بوونی خۆی دەربخات. ئەو تێگەیشتنەی کە جەستەی ژن، ڕۆح و بیرەکانی تەنها دەبێت بۆ یەک پیاو تەرخان بکرێت، داهێنانێکە کە لە شامانەکانەوە بۆ خواوەندەکان و لەوێشەوە بۆ زهنیەتی پیاوسالاری ئەمڕۆ درێژ بووەتەوە. لە بنەمای ئەم نەریتە، پلەداریی پیاو بەسەر جەستەی ژندا سەپێنرا. سنووردارکردنی بوونی کۆمەڵایەتی و جەستەیی ژن، بەشێکە لەم زهنیەتە.
خەباتی ئازادی کە بە ژنۆلۆژی قووڵ بووە
لەو شەڕانەی کە ئەمڕۆ لەسەر بنەمای مەزهەب، نەژاد، نەتەوەپەرستی و ڕەگەزگەرایی جیهانی تەنیوە، ژنان وەک قوربانی دەبینرێن. وەک ئەوەی هەمیشە دەبێت قوربانییەک هەبێت و ئەوەش دەبێت ژن بێت، وەک هێڵێکی ئایدیۆلۆژی لەسەری ڕێککەوتوون. دەستێوەردانە دیکتاتۆرییەکان لە ڕەوتی گەشەی سروشتی، بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان. شەڕە کۆمەڵکوژییەکانی ئەمڕۆ بە تەواوی ئەمە پیشان دەدەن. هەر یەکە لە ئێمە، لەناو ئەم قەیرانانەدا هەڵسووڕاوین، لە کاتێکدا بەدوای ڕێگای دەرچوونین لەو قاڵبە کەسایەتییانەی کە بەسەرماندا سەپێنراون. بۆ بنیاتنانی ناسنامەی ژنی ئازاد، پێویستە خەباتێکی ناوخۆیی جددی، هۆشیاری و گەیشتن بە خود بەدی بێت.
خۆبوون بە ناسنامەی ژن
ڕێک لەو خاڵەدا شیکردنەوەکانی عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە ژنان ڕێنیشاندەرن. لە دوایین پەیامیدا بۆ ژن ئاماژەی بەوە کردووە کە “ڕاستی بەکۆمەڵی ناوەرۆکی گەردوونی بزووتنەوەی ژنانە” و هەروەها ” ژن خودی گەردوونە، پیاو هەسارەیەکە لە ڕێڕەوی گەردوون لایداوە، ئەوە ژنە کە یەکەم جار زمانی بەرهەم هێنا بۆ ئەوەی بانگی منداڵ بکات. هەروەها ژنە کە کولتووری بەرهەم هێناوە. ئەوە ژنیشە کە سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی دابین کردووە. پیرۆزی و خوایەتی هی ئەوە.” ئەم وتانە، ئاماژە بۆ ناونیشانی تێکۆشانی هاوبەش دەکەن دژی تاریکی کونە ڕەشەکەی زهنیەتی پیاوسالاری کە ژنان ڕادەکێشێتە ناوی. لەبەرامبەر ئەو زهنیەتە پیاوسالارەی کە ژن دەکاتە قوربانی و بە شێوەیەکی سیستەماتیک پشتگوێی دەخات، ژنان سەردەمی هاوپشتییان لە لە بزووتنەوەی ئازادی ژنانەوە دەستپێکرد کە بە ژنۆلۆژی قووڵایی بەدەستهێناوە. ژنان بە هەنگاوی یەکەم بەرەو “خۆبوون” بە هزری ڕزگاری ژن، پرەنسیپەکانی ژنانیان بەرجەستە کرد لەو سەردەمەی کە بە خەبات دەستی پێکرد. بۆ ژنان، گەیشتنە “خۆبوون”ی خۆیان واتە گەیشتن بە ئەشق و حەقیقەتی ئازادی. لە ئەشق دا، پرەنسیپی سەرەکی ئەوەیە کە ژن بگاتە “خۆبوون”ی خۆی و لەدەستی نەدات. ئەمە ڕێک ساتەوەختی شۆڕشی ژن و بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی و پێکەوە بوونە بە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی”. شۆڕشی ژن، تێکۆشانی ژن، ئەو سنوورانەی بێ واتا کردووە کە بۆ جەستەی ژن، ڕۆح و هزری دیاری کراون. ژنان خاوەنی وزەیەکن کە دەخرۆشێ، داهێنەرە و لە ناتوانرێت لە سنووردار بکرێت. تەنها بە لە پرۆسەی خۆبوونیان دا سەرکەوتوو بن.