ئەکادیمیای ژنۆلۆژی
ماڵدا کوسا لە گوندی بیریڤایی شاری عامودە لە دایک بوو. بنەماڵەی ماڵدا نزیکەی ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە عێراقەوە هاتنە عامودێ. دواتر ڕوویان لە شاری حەسەکە کرد. ٢٠ ساڵ لە گەڕەکی خەوران ژیاون. ماڵدا لە ٢٧ی تەمموزی ١٩٩٨ لەدایک دەبێت. بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە قوتابخانەی سەرەتایی لەو شارە خوێندی. خەوەران زۆربەی پێکهاتەکەی عەرەبن. دواتر دەچنە گەڕەکی تەل حەجەر لەوێ درێژەی بە خوێندن دا تا پۆلی ١٢ تەواو دەکات.
دایکی ماڵدا دەڵێت ” ماڵدا لە قوتابخانەدا زۆر بەهرەمەند بوو، پێش ئەوەی دەست بە خوێندن بکات، کاتێک تەمەنی نزیکەی ٥ ساڵ بووە، دراوسێکەمان فێری ئەلفوبێی عەرەبی دەکرد، لە ماوەی مانگێکدا فێری بوو، مامۆستاکەی زۆر سەرسام بوو”.
ماڵدا لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر گەورە بوو. منداڵی دووەمی خێزانەکەی بوو. یەک برا و دوو خوشکی هەیە. لەناو خێزانەکەی و کەسوکارەکەیدا زۆر خۆشەویست بوو. منداڵی و گەنجێتی لەو نێو خۆشەویستیدا بەسەر برد.
ماڵدا کوسا لە مانگی نیسانی ٢٠١٧دا، بۆ خوێندن لە ئەکادیمیای میزۆپۆتامیا ڕووی لە شاری قامیشلۆ کرد و لەوێ بۆ ماوەی ساڵێک بەشی مێژووی خوێند. دایکی دەڵێت ” دوای دەرچوونی لە ئەکادیمیا، زۆر پێشکەوت و کرایەوە. هزر و بۆچوونی لەسەر هەموو بابەتێک هەبوو، پەیوەندی باشی لەگەڵ کوڕان و کچاندا هەبوو. هەندێک جاریش لەو ڕۆژانەی کە ئەکادیمیا دادەخرا، لەگەڵ هەڤاڵانی دەهاتەوە ماڵەوە، هەڤاڵەکانی دەهاتن، پەیوەندی باشی لەگەڵ هەڤاڵە ژنەکان هەبوو. هەرگیز نەیدەهێشت پیاوان ببنە ڕێگریان”.
خێزانی ماڵدا بە ئاسوودەیی و لە نێو ئارامی ئەویان گەورە کرد. خەسڵەتی ڕەگەزگەرایی توند نەبوو لە نێو خێزانەکەیدا، لەئاست ماڵدادا هەڵسوکەوتیان نەرم و نیان بوو. دوای ساڵێک لە ئەکادیمیا دەرچوو و گەڕایەوە حەسەکە. یەکەم تێزی ئەکادیمی خۆی لەسەر بابەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسی.
دوای ئەوەی ٢ مانگ گەڕایەوە حەسەکە و لە مانگی نیسانی ٢٠١٨ تێکەڵی کارەکانی ژنۆلۆژی بوو و بووە وتەبێژی ناوەندی توێژینەوەی ژنۆلۆژی کانتۆنی حەسەکە. ڕۆڵی پێشەنگی هەبوو لە دامەزراندنی بناغەی زانستی ژنۆلۆژی لەو کانتۆنە. بە فێربوونی زانستی ژنۆلۆژی، خۆی دەناسی و پێشکەوتنی بەدی دەهێنا. وەک گەنج دەست بە جوڵە دەکات و بەدوای ڕاستییەکانی ژن و ژیاندا دەگەڕێت. کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەروەردە، سیمینار و لێکۆڵینەوەکانیەوە وشیار دەکاتەوە. لە ڕێگەی پەروەردەوە دژی ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری و دەسەڵات تێدەکۆشێت. بۆ یەکەمجار لەو تەمەنە گەنجەیدا وانەی ژنۆلۆژی بۆ ٣٠٠-٤٠٠ پیاو دەڵێتەوە و بە جۆشەوە دەڵێت؛ “چۆن وایان لێبکەم لە زانستی ژن و ژیان تێبگەن و چۆن بتوانم پەرە بە بناغەی گۆڕینی پیاوان بدەم؟” لە کۆتایی پەروەردەکاندا هەستی بە ئاسوودەیی دەکرد و بە دڵێکی خۆش دەگەڕایەوە. چونکە دەبینێت کە پیاوێتی پێنج هەزار ساڵ لەبەرامبەر شێوازی پەروەردە و پرسەکانی ڕێزدارن و گوێی لێدەگیرێت، بە خۆی دەڵێت کە شۆڕش ئەوەیە کە ٤٠٠ پیاو گوێ لە ژنێک بگرن و لەلایەن ژنێکەوە پەروەردە دەکرێن. ئەو کۆمەڵگەیەی کە پیاوان ناوەندی ژیان بوون، بەڵام ئێستا ژنان پەروەردەیان دەکەن. دوای ئەو پەروەردەیە، ئیرادە و باوەڕی بەهێز دەبێت. لە هەر ئەکادیمیا، کۆمۆن، ئەنجومەن و دامەزراوەیەک کە پەروەردەی دەدا، پەیامەکەی دەگەیاند و هەستی پێدەکرا. لە کۆمەڵگەدا بەساڵاچووان و منداڵان ڕێزیان لێدەگرت و ئامێزیان بۆی دەکردەوە. شەهید ماڵدا خۆی بەتەواوی لە زانستی ژنۆلۆژی دا بینیەوە، نهێنیەکانی ژیانی بینیەوە. بەدەر لە ژیانی ڕووکەشی، ئەو ژیانەی بینیەوە کە پەنهان بوو. ئەو ژیانەشی بینی کە لە چاوانی دا تەمومژاوی بوون. لە ژنۆلۆژی هەموو ڕەنگ، زمان، کولتوور و ژیانی ژنانی ستەملێکراو و خۆڕاگری ناسی، نهێنی مێژووی ونبووی ژیانی دۆزیەوە. هەربۆیە ماڵدا دەڵێت ” وەک ئەوە وابوو چاوەکانم بەڕووی ژیانێکی نوێدا بکەمەوە. ژیان چەندە ناوازە و دەوڵەمەندە”. پرسیار و پەیجوورەکانی هەمیشە بەرهەمدار بوون. هەستی بە پێویستی ژنۆلۆژی دەکرد، بە جۆش، خرۆش و وشیارییەوە بەشداری لە کارەکاندا دەکرد. ئەو شەڕ و ئالۆزییەی بینی کە ژیانی لە سوریا سەروژێر کردبوو. شۆڕشی ڕۆژاڤاش هیوای ژیانێکی ئازادی لە لای ماڵدا دروست کرد.
هەرگیز پاشەکشەی نەدەکرد، هەر بەرەو پێش دەچوو. کەسێکی زەحمەتکێش بوو. داهێنەر بوو. حەزی بە نادادی نەبوو. هەرکەسێکیش نادادی لەبەرامبەر بکردایە، بە زەردەخەنە و دڵێکی پاکەوە وەڵامی دەدایەوە و دەیخستنە شەرمەوە لە ئاست هەلوێستەکانیان. خۆشەویستی بۆ مرۆڤ هەبوو، هەستیار بوو. تەنانەت ئەگەر هێزی بەشی ئەنجامدانی ئەرکێکی نەکردایە، درێغی نەدەکرد لە دەستپێشخەری و بەدەستهێنانی سەرکەوتن. زۆر خاکی بوو. کەسایەتی و هەڵوێستی هەڤاڵ ماڵدا پێوەر و نموونەیەک بوو بۆ پێشەنگانی ژنۆلۆژی.
ماڵدا کوسا لە ٤ گوڵانی ٢٠١٩ لە کاتی گەڕانەوەی لەناوچەی هۆڵی حەسەکە، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی مینی چێندراوی چەتەکانی داعشەوە شەهید بوو. شەهیدبوونی هەڤاڵ ماڵدا هەستی تۆڵەسەندنەوە و خەباتی دژ بە داگیرکەری و چەتەکانی داعش لە نێو هەموو گەل، هەڤاڵ و خێزانەکەیدا بەهێزتر کرد. هەرکەسێک کە دەیناسی، هەرکەسێک کە بەشداری لە پەروەردەکردنیدا دەکرد، شایەتحاڵی کاریگەریەکەی بوو. بووە یەکەمین ژنە شەهیدی ڕۆژاڤا لە کاری ژنۆلۆژی دا. شوێنکەوتووی خوداوەندە یاخیبووەکان بوو. بووە هێمای زانستی ژنۆلۆژی لە ڕۆژاڤا. ئێمەش بەدوای ئەو ڕێگایەدا دەچین کە هەڤاڵ ماڵدا لە زانستدا کردوویەتییەوە.