دیرۆك قاره‌مان
دیمۆگرافی وشه‌یه‌كی گریکییە لە دوو بەش پێکهاتووە دیمۆس واتا خەڵک، گرافی واتا زانست، بەسەریەکەوە واتا زانستی خەڵک یان دانیشتوانناسی، به‌ڵام مرۆڤ ده‌توانێ بڵێ دانیشتوانناسی زانستێکی زۆر كۆنی كۆمه‌ڵگەیه. مرۆڤ لە ٥٠٠٠ی پ.ز به‌گوێرەی پێویستی ژیانی خۆیان رێكخستووە. به‌تایبه‌ت له چاخی بەردینی نوێ (نیولیتیک)دا بە‌پێشه‌نگایەتی خو‌داوه‌ند-دایك، دایكان به‌گوێرەی ئەو ئەزموونەی لە ژیانیانەوە به‌ده‌ستیان هێنابوو، ژیانیان ڕێك دەخست و به‌ڕێوه ده‌برد.
لێره‌دا خاڵی سەرنجڕاكێش و گرنگ ئه‌وه‌یه ژنان به‌پێشه‌نگایه‌تی خۆیان ئه‌م ژیانه‌یان به‌ڕێوه بردووه. زۆر به‌وردی و به‌ڕێزەوە له‌گه‌ڵ سروشت هه‌ڵسوكه‌وتیان كردووە و بەگوێرەی ئەمەش سه‌رژمێری و رێكخستنیان كردووە. ژنی پێشه‌نگ له كۆمه‌ڵگای سروشتی‌دا به تێگه‌یشتن له جه‌سته‌ی خۆی هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه و هه‌میشه له ژیاندا هاوسه‌نگی دروست كردووه. بەگوێرەی ئەمەش ژیانی به‌ڕێوه بردووه و بۆتە پێشه‌نگ. كاتێك مرۆڤ مێژووی دیمۆگرافی جارێكی تر ده‌خوێنێته‌وه، دەبینێت زانست و شرۆڤه‌ی زانستی هەنووکە، مێژووی دیمۆگرافی بە مێژووی زۆر نزیك دیاری ده‌كه‌ن. وای پێناسە دەکەن کە دیمۆگرافی وەک زانستێك لەسەردەمی یۆنانییه‌كاندا پەرەیسەندووە.
ئاشیلی گیولارد (Achille Guillard) زانای دیمۆگرافی یه‌كه‌م جار له ساڵی ١٨٥٥ وشه‌ی دیموگرافی به‌كارده‌هێنێت، وه‌كوو زانستی سه‌رژمێری پێناسەی ده‌كات. بۆ نموونه جەختی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه کردووە: زایین، مردن، كۆچبه‌ری و هاوسەرگیری. بێگومان هه‌ر كام له‌مانه گۆڕه‌پانێكی گرنگی ژیانن، به‌ڵام مرۆڤ كاتێك ئه‌مه شرۆڤه ده‌كات له مێژووی باوكسالاریدا و له زۆر وڵاتاندا ته‌نیا پیاو له سه‌رژمێریدا هەژمار ده‌كران و هه‌تا ئێستاش له زۆر وڵاتاندا بۆ ئەوەی ژمارەی پیاوان دیار بكرێت، ئه‌م سه‌رژمێرییه ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌م ڕاستییه ده‌خاته ڕوو کە ژن هه‌ژمار نه‌كراوه و پیاوان بۆ کاری سه‌ربازی ژمێردراون. ئه‌مه‌ش نیشانی دەدات کە ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می سه‌رده‌ست ئامار و هه‌ژمارکرن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بەکاردەهێنێت. له چێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیاندا و له‌ژێر ناوی سه‌رژمێری ئیش لەسەر دیمۆگرافی ده‌كه‌ن، بۆیە بێناوه‌ڕۆكی ده‌كه‌ن. سیاسه‌تێكی زانستی دیمۆگرافی دژ بە كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه ده‌چێت. ئه‌م سیاسەتە دژبه‌ره یا ده‌ستێوه‌ردانی له‌سه‌ر ناوی دیمۆگرافی و سیاسەت له سه‌رده‌می پێشكه‌وتنی دینه‌كانیشدا پەرەیسەندووە.

زۆر ئاشکرایە کە لە هه‌ر سێ ئاینی تاکخوداییدا سیاسەتی منداڵ زۆر خستنەوە هەیە. بۆ نموونه له كتێبی پیرۆزی ته‌وراتدا هاتووه: ”ده‌ستكه‌وتتان هه‌بێت و خۆتان زۆر بكه‌ن”. هاوكات له قورئانیشدا هاتووه: ”بۆ ئه‌وه‌ی ببن به قه‌ومێك، زۆر ببن و ده‌ستكه‌وته‌كان زیاد بكه‌ن”. كاتێك ئه‌م دۆخه شی بکەینەوە، ئەوا دەبینین به‌رده‌وام زۆربوونی قه‌وم، گەل، هۆز و دانیشتوانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر حسابی جەستەی ژن بووە. بێگومان مرۆڤ ناتوانێ نكۆڵی له ڕۆڵی ژن بكات، ڕۆڵی ژن له زایینی منداڵ، په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان هه‌تا مردن. هه‌تا كۆتایی ژیانی سه‌رقاڵی منداڵ گه‌وره‌كردنە و به‌رانبه‌ر به ژیانی منداڵان به‌رپرسیاره، به‌ڵام پێگه‌ی وه‌كوو پیاوان نییه و لاواز دەبینرێت. ژن له لایه‌نی په‌روه‌رده‌كردن و چاودێریكردنه‌وه ڕەنجدەر و به‌رپرسیاره. له ڕاستینەی ژنی ئه‌مڕۆدا، ژن ناتوانێ له‌سه‌ر جەستەی خۆی، منداڵه‌كانی و منداڵ خستنەوە خاوەن بڕیار بێت. ناتوانێ به‌ته‌نیا ڕۆڵی دیاریکەری هەبێت له‌سه‌ر ژیانی خۆی. هۆشمەندی، تێگه‌یشتن و هه‌ڵسوكه‌وتی پیاو و پیاوسالاری، زۆرتر ڕاستییه‌كان چه‌وت نیشان ده‌دات و له‌سه‌ر ژنان ده‌یچەسپێنێت.
كاتێك هزری فه‌لسه‌فییش شرۆڤه ده‌كه‌ین، زۆر به‌ئاشکرایی ده‌بینین تیۆرییه‌كانیان له‌سه‌ر جەستەی ژن پەرەپێدەدەن. لە سیاسه‌تی “دیمۆگرافی” سه‌رژمێریدا نزیکن لە سیستەمەوە. بۆ نموونه: له فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان‌دا پلاتۆن بیری له‌وه كردۆ‌ته‌وه كه بە دانیشتوانێکی کەم كۆمار ساز بكات. چاره‌سه‌ریش وه‌ها بینراوه كه په‌روه‌رده‌كردنی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مای منداڵی كه‌م و هاوسەرگیری له ته‌مه‌نی گه‌وره‌ییدا پێک بێت. به‌گوێرەی هزری پلاتۆن ته‌مه‌نی بچووك تا ته‌مه‌نی مه‌زن پێویسته هاوسەرگیری بکەن بۆ ئەوەی ژماره‌ی دانیشتوانی كۆمار زۆر ببێت، ئه‌مه‌شی وه‌كوو ڕێبازێك بینیووه.
گۆڕه‌پانی زانستی دیمۆگرافی یه‌كێک له‌و بوارانەیە ژنۆلۆژی گرنگی پێده‌دات. گۆڕه‌پانێكه زۆر لە ژنەوە نزیکە.
بێگومان هه‌ر وڵاتێك به‌گوێرەی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی سیاسه‌تی خۆی دیاری ده‌كات. تولس رۆبێرت ماڵتوس له تیۆرییەکەیدا باسی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كات و زۆرتر له‌بارەی تیۆریی شه‌ڕ قسه ده‌كات. ویستویه‌تی كێشه‌ی دیموگرافی به شه‌ڕ چاره‌سه‌ر بكات. بەگوێرەی ئه‌م هزرە چه‌نده شه‌ڕ بەرپا بێت، ئه‌وه‌نده كێشه‌ی دیموگرافی چاره‌سه‌ر ده‌بێت. ئه‌م تیۆریی شه‌ڕه بۆ هەژاریشەکانیش لەسەر بنەمایەی نابێ کەس هاوکاری هەژارانی نێو کۆمەڵگە بکات بۆ ئەوەی لەناو بچن، پەرەیسەندووە.
له‌و وڵاتانه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانیان زۆره، بۆ نموونه وڵاتی چین لە ڕووی دیمۆگرافی ”دانیشتوانناسی” و سه‌رژمێرییەوە بڕیاریان داوه كه هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ك ته‌نیا یه‌ك منداڵیان ببێت. وێرای ئەوەش ملیۆنان منداڵ له كاتی كۆرپه‌له بووندا و له منداڵدانی دایكدا له‌ژێر ناوی مافی لەباربردندا ده‌كوژرێن. له كوردستانیشدا بۆ پاراستنی نەوە و عه‌شیره‌ت خۆیان منداڵی زۆر دروست ده‌كه‌ن. گه‌لی كورد یه‌ك له‌و گه‌لانه‌یه كه زۆر حه‌زیان له زۆربوون و دروستكردنی منداڵه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌رفه‌تی ژیانی ئازاد كه‌مه، به‌ڵام حەزیان لە زۆرخستنەوەی منداڵە و به‌تایبه‌تیش بۆ منداڵی كوڕ ئه‌م هه‌سته قووڵتره. له ڕاستیدا، كاتێك چاو له‌م بابه‌ته ده‌كه‌ین به رێگای زۆربوونی منداڵ ده‌یانه‌وێت خۆیان بپارێزن و وه‌ك ڕێگا چارە پەیڕەوی دەکەن.
ئەو گەلە بندەستانەی کە ڕووبه‌ڕووی كوشتن، كۆمه‌ڵكوژی و كۆچبه‌ری بونه‌ته‌وه بۆ ڕێگریكردن له‌م سیاسه‌تی قڕكردن و له‌ناوبردنە، زۆربوونیان وەک خۆپاراستن پەیڕەو کردووە. هۆشمەندیی ده‌وڵه‌تی زۆرتر سیاسه‌تی منداڵ خستنەوەی زۆر دەخەنە ڕۆژه‌ڤەوە. ئامانجیش درێژەدانە بەو کو‌لتووره‌ی له خزمه‌تی ده‌وڵه‌تدایه. چه‌نده منداڵ زۆر بێت، واتا ئه‌وه‌نده سه‌رباز و كرێكار زۆر دەبێت.
سروشتی ژن و سروشتی یه‌كه‌م زیاتر لەژێر کاریگەری ئەو سیاسەتەدان و زۆریش زه‌ره‌مه‌ند ده‌بن. مافی سروشت پێشێل دەکرێت و ڕووبەڕووی ئێش و ئازار ده‌بنه‌وه، هه‌ردووکیشیان ده‌ناڵێنن و هاوار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه شاناز و به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت، دیسان ده‌سه‌ڵاتدارێتی پیاوه. ئایا ژن و سروشتیش تۆڵه‌ی خۆیان له‌م هۆشمەندییە ناکەنەوە؟
ژنۆلۆژی هێزی چاره‌سه‌ری کێشەی دیمۆگرافییە.
به‌رانبه‌ر ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی ژمارەی دانیشتوان دووچاری هاتووە، ژنۆلۆژی هێزی چاره‌سه‌ری کێشەی دیمۆگرافییە. به‌تایبه‌تی زیاتر پێویسته کار لەسەر ده‌زگای خێزان بکرێت. كاتێك مرۆڤ پێناسه‌ی بنه‌ماڵه ده‌كات، ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی بنه‌ماڵه وه‌كوو ده‌زگایه‌كی سەرەکی له خزمه‌تی سیسته‌می ده‌وڵه‌تدایه. ده‌وڵه‌ت به ئایدیۆلۆژیای خۆی ئه‌م ڕاستییه بەسه‌ر بنه‌ماڵه‌دا ده‌سه‌پێنێ. زۆریی سه‌رباز هاوتەریبە لەگەڵ به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌ت. چه‌نده كرێكار و خه‌باتكاری ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، ئه‌وه‌نده به‌هێز ده‌بن. هه‌بوونی بنه‌ماڵه زۆر له‌م سیاسه‌ته‌ی ده‌وڵه‌ت زه‌رەر‌مه‌ند ده‌بێت. به‌تایبه‌تی له بنه‌ماڵه‌دا ژن زیاتر زه‌ره‌مه‌ند ده‌بێت. منداڵ خستنەوە گوشار لەسەر جەستەی ژن دروست ده‌كات. ئه‌مه‌ش هه‌م ده‌بێته هۆكاری لاوازبوونی ژن و هه‌م ژنیش زوو پیر ده‌كات. هاوكات له به‌ر زۆر هۆكاری وەک لاوازبوونی ئابووری، بێكاری و هۆشمەندیی ئایدیۆلۆژیی کە لەسەر ژن پەیڕەو دەکرێن ده‌بێته هۆكاری ئاڵوزبوونی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو. بۆیە كێشه‌ی نێوان ژن و پیاو لە هەموو کێشەیەکی تر زیاتر پێویسته چاره‌سه‌ر بکرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشه‌یە چاره‌سه‌ر ببێت، ئه‌و كاته ژن و پیاویش ده‌توانن خۆیان له تیۆری زۆرخستنەوەی منداڵ ڕزگار بكه‌ن. بۆ نموونە: هه‌موو بوارەکانی ژیان چ ئابووری، ته‌ندروستی، سیاسه‌ت، ئایین و ماف پێویسته له خزمه‌تی هاوژیانی ئازاد‌دا بن. تاکوو ئه‌م پەیوەندییانە خۆیان له کۆیلایه‌تی ڕزگار نه‌كه‌ن، هیچ كێشه‌یه‌كی دیكه چاره‌سه‌ر نابن. بۆیه ده‌زگای خێزان و بنه‌ماڵه پێویسته به پێشه‌نگی ژن و پیاو ئازاد ببێت و دیموكراتی ببێت.
گۆڕه‌پانی زانستی دیمۆگرافی (سه‌رژمێری یان دانیشتوانناسی) یه‌كێک له‌و بوارانەیە ژنۆلۆژی گرنگی پێده‌دات. گۆڕه‌پانێكه زۆر نزیکە لە ژنەوە. دەبێ ژن بۆی هەبێت لەسەر جەستەی خۆی بڕیار بدات، به‌ڵام به‌داخه‌وه جگە لە ژن هەموو كه‌س ده‌توانێ له‌سه‌ر جەستەی ژن ببێته خاوه‌ن بڕیار. بۆیه ئه‌ركی سه‌ره‌كی ژنۆلۆژییە ژن له بواری زانسته‌وه په‌روه‌رده بكات، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر زانستی ناسینی جەستەی خۆی و هاوكات بڕیاردان لەسەر جەستەی. به‌شداری ژن له ژیاندا به شێوه‌یه‌كی زانستی، زۆر له‌و تیۆرییانه پووچه‌ڵ دەكاته‌وه.
ژن به تێگه‌یشتن له جه‌سته و هزری خۆی پێویسته له‌گه‌ڵ سروشت هاوسه‌نگی دروست بكات و سه‌رله‌نوێ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه بونیادبنێتەوە و پێشی بخات. لێرەوە ئه‌و ئاڵوزییانه نامێنێ لەسەر گۆی زەوی هاتۆتە ئاراوە. وه‌ک عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ده‌ڵێت: ”زۆربوونی ڕەچەڵەکی مرۆڤ پێویستی به مامەڵەی زانستی، ئایدیۆلۆژی، فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. مرۆڤ دەبێ پەیوەست بەو ڕاستییەوە زۆربوون پەیڕەو بکات. ته‌نیا زۆربوونی بایۆلۆژی چارەسەر نییە، بەڵکو زۆربوونی كۆمه‌ڵایه‌تیش چاره‌سه‌رییه. بۆیه پێویستە به‌شێوەیەکی زانستی و فه‌لسه‌فی پەرە بە کۆمەڵگەبوون بدەین و له‌و چێوەیە‌شدا بە ئازادی و سه‌ركه‌وتوو بژین. ئه‌مه ئه‌ركی سه‌ره‌كی و بنەڕەتییە”.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی