پێرفۆرمانسی ”شیوەنی خاک” ی هونەرمەند زەهرا دۆغان لە ١٢ی ١ی ٢٠٢١ لە گەلەری ئێستا/ کارگەی جگەرەی سلێمانی نمایشکرا. کارە هونەرییەکە پێکهاتبوو لە ڤیدیۆ ئاڕت و پێرفۆرمانس، کە لەلایەن ناوەندنی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژییەوە ڕێکخرا بوو.
هونەری ئێمە لێرە دەبێت هونەرێکی چالاک و بەرخۆدێر بێت، بەدوای بابەتەکاندا بچێت، تاکو ڕوون و چارەسەریان نەکات نەوەستێت.
شیوەنی خاک
گۆڕستانێکی گەورە لە ناوەڕاستی شاری سلێمانی: گۆڕستانی سەیوان.
لێرە بەهەزاران گۆڕ هەن، کێلی گۆڕەکان بەگەورەیی بەرزبوونەتەوە، لەم شوێنەدا گۆڕەکان بەگوڵ ڕازێندراونەتەوە و گۆڕستانەکە پڕە لە درەخت کە دارستانێك بیری مرۆڤ دێنێتەوە.
بەڵام لە گۆشەیەکی ئەم گۆڕستانە گەورەیەدا، ناوچەیەکی ڕووت، وشک و بیابان سەرنجت بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەوە، بێسەوزایی و ڕووتەنی ئەم بەشە بێزارکەرە. وەک ئەوەی ئەم زەوییە خۆڵەمێشی و بێدەنگە لە شیوەندا بێت. ئەم دژیەکییە ئەو تێگەیشتنە دەهێنێتە ئاراوە کە جیهانی دوای مەرگیش دەشێ جیاکاری لە نێوان مردووەکاندا بکات.
لەم شوێنەدا، بینینی ئەو گۆڕستانە دڵ خەمگین دەکات، کە نزیکەی دوو هەزار تەرمی بەشێوەیەکی کوێرانە و ناڕێک یەک لەسەر یەک تێدا نێژراوە و ناسنامەیان نەزانراوە. هەر یەکێک لە گۆڕەکان قەبارەی بچووکە، کە تەنیا بۆ گۆڕی منداڵ دەشێت. ئاخر ئەوان گۆڕی ژنانی کوژراون! هەندێک لە بەردی گۆڕەکان ژمارەیان لەسەرە، هەندێکیان بەکەمی ڕەنگکراون، ڕەنگە دواتر بەنهێنی لەلایەن خزمێکەوە بۆیەکرا بێت بۆ ئەوەی بتوانێ جارێکی دیکە بیدۆزێتەوە. زۆرینەیان هیچ نیشانەیەکیان لەسەر نییە، بەڵام هەموویان یەک شتی هاوبەشیان هەیە: هیچ یەکێک لە بەردی گۆڕەکان ناوی مردووەکانیان لەسەر نییە.
ڕەئووف چاودێری گۆڕستانەکەیە، ئەو کەسێکە زۆر باش شوێنەکە دەناسێت. ئەو دەڵێ: ”هەندێکیان بەو دەستانەی خۆم نێژراون. هەندێکیان بەمردوویی لەسەر شەقامەکان دۆزراونەتەوە. تەرمی ئەوانی دیکە بە مانگ لە مەیتخانە ماوەتەوە تاکو نێژراون. هەندێکیان بەشەو لەلایەن بکوژەکانیانەوە نێژراون. سەرجەم گۆڕەکان هی ژنانن، بەڵام هیچ یەکێکیان ناسراو نییە”.
ئەم گۆڕستانە لە سلێمانییە، بەڵام گۆڕستانی دیکەی هاوشێوە لە هەولێر و شارەکانی دیکەی عێراقیش هەیە. دەسەڵاتدارانی عێراق و باشووری کوردستان هیچ کاردانەوەیەکیان بۆ ئەم دۆخە نییە.
زەهرا دەڵێت: هونەر ئەمە نییە کە بابەتێک دروست بکەیت و دوایی دەستی لێ هەڵگری، پێویستە بە شێوازی جیاواز بەردەوامی پێبدەیت، بۆ نمونە کارێکم بەناوی “شیوەنی خاک” لە چوارچێوەی کاری ژنۆلۆژیدا دروست بوو. بەو شێوەیە بوو، بۆ نموونە با لەسەر گۆڕستانی ژنی بێکەس کار بکەین، کە ئەم ژنانەی بێناو و ناونیشان لێرە نێژراون کێن؟ چۆن و بۆ کوژراون؟ بۆ هێشتاش لە باشوری کوردستان ژن لەژێر ناوی نامووس دەکوژرێت و بکوژ سزا نادرێت؟ ئەمە بابەتێکی گرنگە کە دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. هونەری ئێمە لێرە دەبێت هونەرێکی چالاک و بەرخۆدێر بێت، بەدوای بابەتەکاندا بچێت، تاکو ڕوون و چارەسەریان نەکات نەوەستێت.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی