بوارەکانی ژیان, مێژوو

شۆڕشی ژن و ژنۆلۆژی

زۆزان سیما

کۆمەڵگەبوون هەمیشە لە گۆڕانکاری و وەرچەرخاندا بووە، بەڵام هەندێ گۆڕانکاری هەیە پێیان دەڵێین شۆڕش. مانای ڕاستەقینەی شۆڕش چییە؟ چ گۆڕانێک بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێن؟ یەکەم شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە مێژوودا، شۆڕشی زمانە.  بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەم شۆڕشە 50 هەزار ساڵ پ.ز بەرپا بووە. بەم شۆڕشەی زمان، کولتوور و کۆمەڵگەبوون، لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی زۆر گەورە هاتە ئاراوە. بەو پێیە دەتوانین بڵێین ئەو گۆڕانکارییە مەزنانەی کە لە ماوەیەکی کورتدا ڕوودەدەن شۆڕشن، ئەو گۆڕانکارییانەی بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی کۆمەڵگە هەیە بە شۆڕش پێناسە دەکرێن. شۆڕشی دووەمی مرۆڤایەتی، لە بواری کشتوکاڵ و گونددا بووە. گۆردن چایلد ئەم شۆڕشە بە شۆڕشێکی زانستی و تەکنیکی پێناسە دەکات. واتە شۆڕشی سەردەمی بەردینی نوێ- شۆڕشی نیۆلیتیک. ژن ڕۆڵی پێشەنگی بینیوە لە شۆڕشی نیۆلیتیکدا. ئۆجالان دەڵێت: ئەمە شۆڕشی یەکەمینی ژنە، چونکە ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر سروشتی ژن بنیاتنراوە. ڕۆڵی ژن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و  پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکلاکەرەوەیە. هەرچەندە لە زۆر سەردەمی مێژووییدا گۆڕانکاری لە دژی کۆمەڵگە ڕوویداوە، پێیان دەڵێین دژە-شۆڕش. لە ساڵانی 3500ی پ.ز پەرەسەندنی سیستەمی باوکسالاری یەکێکە لەو نموونانە. هەروەها دەوڵەت، چین، کۆیلایەتی و داگیرکاری لە دوای ئەو سیستەمەوە هاتنەئاراوە.

زۆزان سیما

لە سەدەی ڕابردوودا وەک بزووتنەوەی ژنانی کوردستان ماوەیەکی درێژە باس لە شۆڕشی دووەمینی ژن دەکەین. شۆڕشی ڕۆژاڤا وەک  شۆڕشی ژن پێناسە دەکرێت، بەڵام کاتێ دەڵێین شۆڕشی ژن ”چۆن لێی تێدەگەین؟” ئۆجالان وەها وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە:

سیستەم لەمێژە هەلی سەرلەنوێ ڕاسبوونەوەی بە چاکسازی لەدەستداوە. ئەوەی پێویستە ”شۆڕشی ژن”ە لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەنجام دەدرێت. هەروەک چۆن کۆیلایەتی ژن قووڵترین کۆیلایەتییە، دەبێت شۆڕشی ژن ببێتە قووڵترین شۆڕشی یەکسانی و ئازادی. پێویستە شۆڕشی ژن لە ڕووی تیۆری و پراکتیک-جێبەجێکردندا هەنگاوی ڕیشەیی بنێت.

لە مێژوودا ژمارەیەکی زۆر شۆڕش بەرپا بوونە. شۆڕشی فەلسەفی، ئایینی، کولتووری، چینایەتی، چەوساوەکان و هتد… هەروەها زۆرێک ژن لەو شۆڕشانەدا بەشداریان کردووە، بەڵام کاتێک شۆڕش بەرپابوو، بە ژنان گووترا بگەڕێنەوە ماڵ و سەرەڕای ڕەنج و هەوڵەکانیان، لە کۆمەڵگەدا هیچ گۆڕانکارییەک لە پێگەی ژن بەدینەکرا. کاتێک دەڵێین ”شۆڕشی ژن” واتای تەنیا بەشداری ژن نییە لە شۆڕشدا. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەبوونی بزووتنەوەی خۆسەری ژنان و تێکۆشانی ژنان لەپێناوی یەکسانی و ئازادی بۆ ئەوەی نزیکەی 300 ساڵە بەشێوەیەکی سەربەخۆییانە بەڕێوەدەبرێت. ئەو بزووتنەوانە لە هەموو جیهاندا کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە و چەندین دەستکەوتی بۆ ژنان بەدیهێناوە، بەڵام هێشتاش ناتوانین ئەم پێشکەوتنانە وەک شۆڕشی ژن پێناسە بکەین. بۆ ئەوەی کە شۆڕشی ژنی کورد ڕووبەڕووی هەمان ئەنجام نەبێتەوە. ئۆجالان لە ساڵانی نەوەدەکانەوە ئەوەی دەستنیشان کرد کە شۆڕشی کوردستان وەک شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و شۆڕشی ژنان بەرپا دەبێت.

هەر بۆ ئەوەش کاتێک لە مێژوو دەڕوانین، دەبینین خەبات بۆ ئازادی کوردستان لە چوارچێوەی ئازادیی ژناندا پێشکەوتنی گەورەی بەخۆوە بینیووە، بە شۆڕشی ڕۆژاڤا گەیشتە بەرزترین ئاست و لە جیهاندا دەنگی دایەوە. ڕێکخستبوونی ژن لە بوارەکانی سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، دامەزراوەیی و سیستەمی هاوسەرۆکایەتیدا لە ئەنجامی ئەم پێشکەوتنانەوە هاتنەئاراوە.

بەڵام ئایا ئەم پێشکەوتنانەی تا ئێستا بە تێکۆشانی ژن دروست بووە، واتە بەپێی ئەو هەنگاوانەی دەگیرێتە بەر دەتوانین بڵێین شۆڕشی ژنمان بەرپاکردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە. لەبەرئەوەی بە تێڕوانینی ئێمە شۆڕش پڕۆسەیەکە و بەردەوامی هەیە. چەندە بەهاکانی ئازادی لە کۆمەڵگەدا بەرەو پێشەوە بچێت، ببنە کولتوور و ئەخلاق، ئەوەندە ئەو شۆڕشە دەبێتە شۆڕشێکی بەرجەستە و هەمیشەیی.

شۆڕشی ژن لە هەمان کاتدا شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپا دەکات. لە ڕۆژاڤاش، شۆڕشی ژن، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کولتووری کۆمەڵگە و لە ئازادیدا ئەنجامداوە. بۆیە شۆڕشی ژن، لە هەمان کاتدا شۆڕشی کۆمەڵایەتییە، ئازادی ژن وەک کولتوور و ئەخلاق لەناو کۆمەڵگەدا جێکەوتە بووە.

ئۆجالان بەپێی ئەو خاڵە سەرەکییانە ئامانجی شۆڕشی ژن پێناسە دەکات:

•تێکۆشانێکی بەردەوام و دژبەر لە بەرانبەر ئایدیۆلۆژیای سێکسیزم.

•بەرپاکردنی شەڕ دژ بە تێگەیشتنی دەستدرێژیکەر، کە بیست و چوار سەعات لە کاردایە و بەهێزکردنی ئەو شەڕە لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسییەوە.

• دیاردەی منداڵبوون بەئامانجی ئیستغلال و دەسەڵات مەحکوم و ڕەتبکرێتەوە، ئیرادەی منداڵخستنەوە بەتەواوی بۆ ژن بەجێبهێڵرێت.

• دەبێت شۆڕشێک لە دژی ئایدیۆلۆژیای خانەدانێتی-بنەماڵگەرێتی و خێزان بەرپا بکرێت.

• ئەو فەلسەفەی ئێستای ژیان لەگەڵ ژندا، لەوانەیە وردتر بێت، ئەو بێفەلسفەییە تێپەڕێنرێت.

هەروەها ژنۆلۆژی بەرپرسیارێتییەکی گەورەی هەیە، بۆ بەهێزکردن و مسۆگەرکردنی شۆڕشی ژن، چونکە هەموو شۆڕشێک پشت بە زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستێت. ژنۆلۆژیش زانستی شۆڕشی ژنە.

ئەو کارانەی ژنۆلۆژی بەڕێوەی دەبات، بناغەیەکی زانستی بۆ شۆڕشی ژن فەراهەم دەکات. هەر بۆ ئەوەش ژنۆلۆژی بابەتەکانی لێکۆڵینەوە بەپێی پێویستییەکانی شۆڕشی ژن دیاری دەکات.

بەسادەیی، ژنۆلۆژی بە توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، کێشە و پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان شیدەکاتەوە و ئەنجامەکانی لەگەڵ کۆمەڵگە بەش دەکات. هاوکات لەگەڵ ئەو ڕێکخراو و تاکانە کاری هاوبەش دەکات کە ڕوویان لە گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆرشە. ئەو کەس و ڕێکخراو و بزووتنەوانەی سەرقاڵی شۆڕشن کەڵک لە پڕۆژە و توێژینەوەکانی ژنۆلۆژی وەرگرن. ئامانجی لێکۆڵینەوەکان چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە، بەهێزکردنی کۆمەڵگە و هێنانەئارای هەقیقەتە.