بوارەکانی ژیان

ناگیهان.. ژنێک گەڕیدەی حەقیقەت

خەندە حەمید

ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی

نزیکەی ٥ ساڵە من هەڤاڵ ناگیهان دەناسم، سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٧ بو . لە ڕێگەی نووسینەکانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە کە کۆمەڵێک نووسینی زۆر باشیان هەیە، کۆمەڵێک ژنی زۆر هزرمەند و بەتوانا تێیدا دەنووسن و نووسین بڵاودەکەنەوە. نووسینەکانی ئەوانم بینی بەڕاستی ئەوکاتە تەنیا شارەزاییم لە فیمێنیزم هەبوو، پێم وابوو ئەوە تاکە ڕێگە و تاکە چارەیە بۆ ژنی کوردیش نەک تەنیا ژنانی جیهان. بەڵام کاتێک بەدیدی ژنۆلۆژی ئاشنابووم بەڕاستی بۆ من ڕاچڵەکینێک بوو. دوای ئەوەی داوای پەروەردە و زانیارییم کرد وتم هیچ کەسێکی ژنۆلۆژی هیچ هەڤاڵێکی ژنۆلۆژی لێرە هەیە حەز دەکەم پەروەردەی ژنۆلۆژی و کۆرسی ژنۆلۆژی وەربگرم؟ وتیان هەڤاڵێکی ئێمە دێت دەتوانی بیناسی و پێکەوە بتوانن کارێک بکەن. هەر لە ڕێگەی ئەوەوە بوو، کە هەڤاڵ زیلان هاتە باشوور و لەو یەکەم کەسانە بووم کە ئاشنای بوو.ئەو ژنێکی زۆر سەنگین و قورس و بەتوانا بوو. کەسایەتییەکی زۆر نەرم، قووڵ، هۆشێکی زۆر ئازادی هەبوو، هزرمەند بوو. کە سەرەتا ناسیم زۆرجار کێشەی زمانمان بۆ دروست دەبوو، ئەو کرمانجی و من سۆرانی، بەڵام هەستم کرد ڕۆحێکی هاوبەش هەیە ئێمە کۆدەکاتەوە. هەڤاڵ ناگیهان مامۆستای من بوو. ڕێگە نیشاندەری من بوو. بۆ ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاوا چەندین پانێلمان ڕێکخست. ئەوە ئاشنایەتی ئێمەی زیاتر کرد. هەر کاتێک داوای هاوکارییم کردبا لە هەڤاڵ زیلان، بۆ نووسین و بۆ هەر شتێک، بۆ کتێب، قەت نەیدەگوت نا. ئەو کاتە هێشتا بە رەسمی ئیشمان نەدەکرد. تەنیا هاوڕێ بووین. ماوەیەک کە ئاگای لێم نەدەبوو، تەلەفۆنی بۆ دەکردم. دەیگوت خەندە وەرە. هاوڕێیەتییەکی زۆر قووڵمان هەبوو. دوای ئەوە کۆمەڵێک ئیشمان پێکەوە کرد. هەم لە ڕووی پەروەردەوە هەم لە ڕووی نووسینەوە. داوای لێکردم کە لە بە ڕەسمی لەگەڵ ژنۆلۆژی کار بکەم. بە خۆشحاڵییەوە من قبوڵم کرد و بۆ من هەمیشە جێگەی شانازییە کە مامۆستایەکی وەک هەڤاڵ ناگیهانم هەبوو. 

خەندە و زیلان

ئێمە بەردەوام گفتوگۆمان دەکرد. گفتوگۆکانی ئەو ئەوەندە هێمن و قووڵ و لەسەرخۆ بوو، حەزت دەکرد هەمیشە گوێی لێ بگریت. زۆرکات ئەو ڕەخنەی منی دەکرد، من ڕەخنەی ئەوم دەکرد. زۆرکات دەم گوت ئێمە درەنگ دەستدەکەین بە ئیشەکان. تۆ هێواشتر دەڕۆیت. دەیگوت: نا خەندە ئێمە دەبێت هێواشتر بڕۆین. بەڵام هەنگاوێک بنێین کە جێگە بگرێت. دەیگوت باشوور پێویستی بە خوێندنەوەی کۆمەڵناسییانە هەیە. بە ڕاستیش وای کرد. ئەو چەند ساڵە تەنیا لیکۆڵێنەوەی لەسەر کۆمەڵگەی باشوور دەکرد. دەزانن کە باشوور چۆن داگیرکراوێکی نێودەوڵەتییە. دەیگوت دەبێت ئێمە ئەو کاریگەرییانە نەهێڵین و کۆمەڵگەی ئازاد دروست بکەین. گروپی کۆلێکتیڤ دروست بکەین. زیاتر گفتوگۆکانی ئێمە لەسەر هزر، هونەر، ئەدەب بوو. ئەو بەوە گەیشتبوو پاش ئەو هەموو لێکۆڵینەوەیە  دەیگوت: کۆمەڵگەی باشوور ئەوەندەی ئایدۆلۆژی و بیری چەقبەستوویی لەسەر تاقیکراوەتەوە لە ڕێگەی سەرمایەداری، پیاوسالاریی، نیولیبرالیزم، پێویستە ئێمە شتێکی تر بکەین کە جێگەی ئەوە بگرێتەوە، کە ئەوە تێبپەڕێنێ. بۆ ئەوە زۆر بڕوای بە هونەر بوو. پێی وابوو کە لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانین و تا ڕادەیەکی زۆر باشیش کاریگەریمان هەبوو. دواتر هەر ئەوەش بوو کە گروپێکی هونەریمان دروست کرد بە ناوی خۆبوون. ساڵ و نیوێک کارمان لەگەڵ کردن و ئەنجامەکەی پێشانگایەکی هاوبەش بوو بۆ کۆمەڵێک ژنی هونەرمەند، زۆر بەتوانا بوون. ئەو پرۆژەی ئەوەی هەبوو ئێمە لە ڕێگەی نووسینەوە، لەگەڵ ژنان و پیاوانی نووسەر کۆببینەوە. نووسینی ئەلتەرناتیڤانە بنووسین، دەربارەی کۆمەڵگە، ژیان، سروشت، پیاوسالاریی، سەرمایەداری، نیولیبرالیزم. بۆ ئەو ئەو دیدانە زۆر گرنگ بوون و کاریگەریشی هەبوو. هەمیشە دەڵێم هەنگاوی کولتووریی و هزرمەندیی هەنگاوی هیواشن بەڵام جێگەی خۆی دەگرێت. هەنگاوەکانی هەڤاڵ زیلان ئاوها بوو. زۆر جەختی لەسەر لایەنی ئابووری دەکردەوە. چەند گرنگە لایەنی ئابووری چەندە سەربەخۆ بێت، ئەوەندەش گرنگە هۆشی ژنەکە ئازاد بێت و خۆی بناسێت.

ژنۆلۆژی دامەزراندنی لە باشووری کوردستان تەنیا لە ڕێگەی یەک کەس و دوان نییە، بیری ژنۆلۆژی ئەوەی جوانە بیرێکی هاوبەشی کۆلێکتیڤی هەیە. ئامانجەکە ئەوە بوو کە پێویستیی بوو بۆ باشوور. بەردەوام دەیبینی ژنی باشوور چەندە پێویستی بە زانستی ژنە. چەندە دوورکەوتووەتەوە لە خۆناسین. دەیبینی ڕۆژانە لێرە مرۆڤ دەکوژرێت، ژن دەکوژرێت، ئەوەی ناو نابوو قڕکردنی ژن تەنیا لە توندوتیژییدا کورتی نەدەکردەوە. بۆ ئەوەش بە پێویستی دەزانی  و بە ئەرکی خۆی دەزانی. هەمیشە دەیگوت: ئەرکی منە کە کێشەی ژنی ئێرە چارەسەر بکەم، هۆشی ژن چارەسەر بکەم کە هۆشێکی داگیرکراوی هەیە.

زۆرجار پێم دەگوت: هەڤاڵ زیلان تۆ زۆر خەون و خەیاڵت هەیە نابێت وابیت. ئەویش دەیگوت تۆش زۆر واقعییت نابێت وابێت. هەستم دەکرد لەو نێوانەدا یەکتر تەواو دەکەین.

زۆرجار کە دۆخی چەقبەستوویی باشوور ڕایدەگرتین، زۆر جار من بێ ئومێد دەبووم وەک هەر تاکێکی تر و بێ ئیرادە دەبووم، ئەو بەردەوام منی هەڵدەستاندنەوە، دەیگوت: خەندە نابێت بێ مۆراڵ بیت، دەبێت ئیرادەت هەبێت، ئێمە بەردەوام دەبین و کاریگەرییمان دەبێت. ئەو وزەیەم لەو وەردەگرت. سەرەڕای ئەو هەموو کارە و ئەو هەموو ڕێگریی و ماندووبوونە، وزەیەکی زۆر پۆزەتیڤی هەبوو. بەردەوام بیری لەوە دەکردەوە، ژنان لە هەموو جیهان لە مێژوودا وەدەرنراون. دەنگ و ڕەنگی ژن نییە. لە سەرەتای ناسینی ئەوەوە باسی ناوەندی ئەرشیف و کتێبخانەی ژنی کوردی بۆ دەکردم. منیش ئەوکات فیکری من وابوو، کە وەک بەرپرسیاریەتی دوایی جێگەی خۆم بگرم، دەمگوت باشە ئێوە شتەکە بکەن و منیش هاوکارتان دەبم هەرچی بە من بکرێت. هەتا چەند جارێک پێکەوە دانیشتین، ڕۆژێک پێی وتم: نا، پێویستە تۆ بەشێک بیت لە دامەزراندنەکەی .ئەوە وای لێکردم بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆبگرم. ئەو هاوڕێیانەی، کە لە دەوری کۆدەببوونەوە زۆر سودیان لێ وەردەگرت. نزیکەی پێنج ساڵ بیرۆکەکە هەبوو و دوو ساڵی کۆتایی لە هەوڵدابووین بۆ مۆڵەت وەرگرتنی ئەو ناوەندە. بیرمە کۆتا هەنگاو کە نامان، پاش ئەو هەموو ڕێگریی و زەحمەتییە، کە مۆڵەتەکەمان وەرگرت، بە شاگەشکەوە تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی تەواو. ئێمە ناوەندەکە دەکەینەوە و مۆڵەتەکەمان وەرگرت.  حەزی دەکرد هەموو شتێکی بە ڕەسمی بێت و پێشێلی یاسایی نەکات و هیچ خاڵێکی خراپ و نێگەتیڤ بچێتەسەری. چونکە دەیگوت: ئەوە پرۆژەیەکی ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە و پرۆژەیەکی مەودادرێژە ئەمە پرۆژەیەکی مێژوویی دەبێت بۆ یادگا و مێژووی ژن، بۆ خۆناسینی ژن. خەونی ئەو زۆر بوو. زۆرجار پێم دەگوت: هەڤاڵ زیلان تۆ زۆر خەون و خەیاڵت هەیە. نابێت وابیت. ئەویش دەیگوت تۆش زۆر واقعییت نابێت وابێت. هەستم دەکرد لەو نێوانەدا یەکتر تەواو دەکەین.

لە سەرەتای کارکردندا بووین کە هەڤاڵ زیلان شەهید کرا. ئێمە لە هەوڵی دامەزراندنیدا بووین، وەک شکڵ دامانمەزاند، لە هەوڵی کۆکردنەوەی ئەرشیف بووین و کتێبی ژنانی کورد بووین. چونکە پرۆژەکە تەنیا بۆ باشوور نییە و بۆ چوارپارچە و نەتەوەکانی تریشە. بۆ کوردستانی سوور و ناوچەکانی تریش کە کوردی لێیە و دەنگی ئەوان بە ئێمە ناگات. پرۆژەکە زۆر گەورە بوو. هەم ئەرشیف بوو هەم بەشی توێژینەوە و کتێبخانەی هەبوو. هەمیش گەڕانی مەیدانی هەبوو. بۆ گوندەکان بۆ شارەکان و شارۆچکەکان. بڕیار بوو کە مانگی دە یان یانزە بۆمان بگونجایە. کرانەوەکەی بکەین بە ڕەسمی. بەڵام بەداخەوە کە ئەو شەهید بوو. بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین بە هەر شێوازێک. ئەوە خەون و ئاواتی ئەو بوو. خەونی سەرەکیی ئەو ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد بوو و لەسەر ئەو ڕێبازەی بەردەوام دەبین.

یادەوەرییەکانی زۆرن، ئەو بەردەوام دەیگوت: ئێمە ڕاگوازراوین، ئێمە لەسەر خاکی خۆمان ڕاگوازراوین بۆ شوێنێکی زۆر فاشیست، کە کۆنیایە، لە وێشەوە بۆ گوندێک کە زۆر وشک و بێدار بوو. بەڵام ئەو ڕۆحە پڕ ژیان و ژیاندۆستی و ژینگەدۆستییەی لەناودا بوو. زۆربەی ڕۆژ، کە دەهات گوڵەکانی ماچ دەکرد. بەردەوام دەیگوت دەبێت تۆ بەرپرسی باخچەکە بیت. هەمیشە دەیگوت وزەی ژنێتی خۆتانی بدەنێ و وزەی پۆزەتیڤی خۆتانی بدەنێ.

هەر کاتێک پرۆژەیەکمان دەکرد و سەرکەوتوو دەبووین تێیدا، یان زۆرباش بەڕێمان دەکرد، بەردەوام دەمگوت: بژی هێزی ژن، بژی هێزی خەندە، ئەویش دەیگوت“ بژی هێزی زیلان، بژی هێزی خەندە و ناوی هەموو هەڤاڵانی تریشی دەبرد. ئەوە جوانترین یادەوەری نێوانمان بوو. دەمەوێت لە کۆتاییدا بڵێم: بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادیی، کە هەڤاڵ زیلان ڕێبەرایەتی دەکرد لەگەڵ سەرجەم ژنانی ئازادیخواز ئێمە بەردەوام دەبین.