کار و پڕۆژەکانی ژنۆلۆژی, وتار و لێکۆڵینەوە

ناگیهان.. ژنێک گەڕیدەی حەقیقەت

نەجیبە قەرەداغی

ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

بەناوی ژنۆلۆژییەوە نەفرەت و لەعنەت لەو دەستە ڕەشە دەکەم، کە هێزێکی ناشرینی ناوخۆیی و دەوڵەتێکی فاشیستی لەپشتەوە بوو، کە گیانی هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەلی پێکا.

لە ڕووی فەلسەفییەوە هەمیشە رایەڵەیەکی پەیوەندیی لە نێوان من و ناگیهان ئاکارسەل هەبووە، لەو کاتەوەی من بە دوای ئازادی و ئەو بەدوای ئازادییەوەیە یەکتری دەناسین، لەناو ڕایەڵەیەکی بیرکردنەوەی هاوبەشدا بووین، بەڵام وەک کەسایەتی – فیزیکی، کە یەکترمان ناسی ساڵی ٢٠١٨ بوو.

ئێمە لەگەڵ مۆزەخانەی هامبۆرگدا لە ئەڵمانیا پرۆژەیەکمان هەبوو ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە برۆکسل لەگەڵ مۆزەخانەکە و حەوت ڕێکخراوی دیکەی ژناندا، کە لە ڕەنگ و بۆچوونی جیاواز بوون. پرۆژەی ئەمارگیمان هەبوو لەگەڵ مۆزەخانەکە، ئەو کاتانە من پێویستم بە کەسێک  هەبوو، هەتا تەنانەت لەگەڵ گروپەکەی خۆماندا کە لەگەڵ مۆزەخانەکەدا دانیشتین، لەگەڵ سەرپەرشتیاری پرۆژەکەدا وتمان هاوڕێیەکمان هەیە زۆر زۆر قووڵە لە ڕووی مێژووییەوە لە ڕووی شوێنەوارناسییەوە، تەنانەت لەسەر کولتووری خوداوەندێتی، پێویستمان بە بۆچوونی ئەوە، لەبەرئەوەی لێکۆڵینەوەی زۆری کردووە، لێکۆڵینەوەی لەسەر عەفرین کردووە، لەسەر کولتووری خوداوەندێتی کردووە، ئێمە پێویستمان بەوەیە سەردانی کوردستان بکەین و ئەو هاوڕێیەمان ببینین، لەبەرئەوەی لە باشووری کوردستانەوە، ئاسانتر دەتوانین دەستمان پێی بگات و لێکۆڵینەوەی لەسەر شەنگال دەستپێکردووە، پرۆژەکە ناوی ئەمارگی (بە واتای ئازادیی دێت لە زمانی سۆمەریدا واتە گەڕانەوە بۆ کولتووری دایک) کاتێک بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کرد، وتم ناگیهان پێویستمان بە ڕێنمایی تۆیە، چونکە دەزانین لێکۆڵینەوەی باشت کردووە، لەگەڵ مۆزەخانەکە سەرپەرشتی ئەوە دەکەین، کە ئێمە بێین ئەو کارە پێکەوە بکەین و قسەبکەین لەسەر ئەو لیکۆڵینەوەیە، پێویستمان بە ڕێنمایی هەیە لەسەر ئەوەی ئەمارگی چییە؟ کولتووری خوداوەندێتی چییە؟ بەتایبەت لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئێمە لە ماڵپەڕی ژنۆلۆژی کورتەی ئەو پرۆژەیەمان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بڕیارە بۆ گیانی پاکی هەڤاڵمان ناگیهان لە داهاتوودا وەک ڕەنجی ئەو شتێک بڵاوبکەینەوە.

کاتێک هاتینەوە گفتوگۆمان کرد بۆ یەکەم جار ڕووبەڕوو ئەوم ناسی و بەڕاستی بۆ من جێی سەرسامی بوو، هەموو شتێکی زۆر شاعیرانە و فەلسەفییانە بوو، حەزم نەدەکرد لە قسەکردن بوەستێت، چونکە وەک کانییەک هەر لێی هەڵدەقوڵا، لە دوای قسەکانی وتم بۆچی ڕێکۆردەرێکم دانەنا تەنیا تێبینیم نووسی، چونکە قسەکانت بەقەد ئەوەی ببێت بە کتێبێک زۆر گرنگن، لێکۆڵینەوەکانی تۆ زۆر وردکۆڵیی تێدایە، وتی لە داهاتووشدا من ئەوانە دەکەمە کتێب، ئەمە بەشێکە لەو لێکۆڵینەوانەی کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی پێکەوە کردوومانە و بەردەوامی پێ دەدەین.

تەنانەت وتی ئەو کارەی من نابێت تاکەکەسیی لێی بڕوانیت، من تەنها ناگیهان ئاکارسەل نیم، من ئەکادیمیای ژنۆلۆژیم. ئەمە شتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ من، چونکە هیچ کاتێک وەک تاکەکەسییانە مامەڵەی نەدەکرد. ئەمە بۆ من دیداری یەکەمین و وانەی یەکەمین بوو کە لێم وەرگرت.

لە ساڵی ٢٠١٨دا دوای ئەو دیدارە جارێکی دیکە سەفەرێکی کوردستانم کردەوە، لەبەر ئەوەی، کە ناوەندی ژنۆلۆژی لە برۆکسل سەرقاڵی کاری ژنۆلۆژییە لە ئاستی نێونەتەوەییدا، بەڵام بێگومان ڕایەڵەیەکی پتەوی بە کوردستانەوە هەیە. ئەو کارانەی لە باشووری کوردستان دەبوو بکرایە، پەیوەست بەو کارانەی لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەکرا، وەکو حەوزێکی هاوبەشی بیرکردنەوە وابوو، یان بڵێین ناوەندێکی هاوبەشی بیرکردنەوە، کە چۆن بتوانین هەم لە ئاستی هەرێمی و گەردوونی یەکتری تەواو بکات، بەردەوام دیالۆگ و گفتوگۆ نەک بە تەنیا من، هەڵبەت هاوڕێیانی دیکەش، کە لە ناوەندی ژنۆلۆژی کار دەکەن بەردەوامیی ئەم ئاڵۆگۆڕیی بیروبۆچوون و زانیاریی و مەعریفەیە، یان ئەو لێکۆڵینەوانەی لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەبوو، کەڵکی لێ وەردەگیرا، هەر لێکۆڵینەوەیەک بکرایە یان بۆ نموونە بیرۆکەیەک بۆ دەستپێکردن بە شیکردنەوەیەکی سۆسیۆلۆژیی لەسەر باشووری کوردستان بکرایە، بێگومان هەوڵمان دەدا، کە کەڵک لە هەموو ئەو ئەزموونانە وەربگرین، کە لە دەرەوە کردوومانە وەک ناوەندی ژنۆلۆژی. هەڤاڵمان ناگیهان لە ساڵی ٢٠١٨ لە کۆتاییەکەیدا، پێکەوە وەک گروپێک لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەی ئازادیخوازدا دەستمان بە گفتوگۆیەک کرد، کە ئێمە بۆ باشووری کوردستان پێویستمان بە چییە؟ ڕاستە کار زۆر زۆر دەکرێت، لە باشووری کوردستاندا مرۆڤ ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە کار بۆ ژنان دەکرێت، ڕێکخراوی ژنان و ناوەندی ژنان هەیە، پلاتفۆڕمی جیاواز و بیروبۆچوونی جیاواز هەیە. تەنانەت لە ئاستی پەرلەمان و جێگەی دیکەدا کار دەکرێت، کەم و زۆر خراپ و باش من قسەم لەسەر ئەوە نییە لێرە هەڵسەنگاندن لەسەر ئەوانە بکەم، بەڵام ئایا ئێمە ئەمانە چۆن بخەینە ئاستی خەباتێکی ستراتیژییەوە، واتە هەم کورت مەودا چی بکەین، هەم ناوین مەودا، هەم درێژمەودا چی بکەین؟ ئایا شوێنێک کە یادگای مێژوویی ژن کۆبکاتەوە لەگەڵیشیدا توێژینەوە بکرێت کە ئەم یادگا مێژووییە بەهێز بکات، هەم ئاستی مێژوویی هەبێت هەم ئاستی ڕۆژانەیی هەبێت، هەم ڕێنمایی بۆ ژن لە ئاستی ڕۆژانەیی و لە ڕووی هۆشمەندییەوە هەبێت، ژنی لە ڕووی زیهنییەوە و کۆمەڵگەی کورد ببەستێتەوە بە ڕایەڵەی مێژوویی خۆیەوە، ئێمە ئەو گفتوگۆیانەمان دەکرد، بۆ نموونە لە درووستکردنی ئەو بیرۆکانەدا هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەل زۆربەی گفتوگۆ جەوهەرییەکان و بەردی بناغەکان ئەو ڕێنمایی دەکرد، وەکو ئەوە وایە حەوزێکی بیرکردنەوەی هاوبەشت هەبێت، بەڵام هەمیشە وزەیەکی زۆر ئەرێنی و بەهێز هەبێت کە ئەم وزە کۆکراوەیە ئاڕاستە بکات، بە شێوەیەک ئاڕاستەی بکات کە بتوانێت بەرهەمهێن بێت، پۆزەتیڤ بێت، کەمترین دەرفەت بۆ ناکۆکی بکاتەوە، کەمترین زەمینەی ناکۆکی هەبێت، ناکۆکییەکان بەردەوامیش ناکۆکیی ئەرێنی بوون. بۆ نموونە ئەگەر گفتوگۆ هەبوایە یان کێشمەکێش هەبووایە بەردەوام لەسەر باشکردنی کارەکان بوو. لەسەر ئەوەی یەکێک بۆچوونێکی هەبوو دەیوت ئەو بۆچوونە وانییە، بەڵام کاتێک وای دەوت لە ئاستی بردنەسەرەوەی کارەکەدا بوو. واتە بۆ پێشخستنی کارەکە بوو. بەردەوام بۆچوونەکانی بەو شێوەیە بوو. کاتێک لە شوێنێکدا وزەیەکی ئەرێنی هەبێت، ئەوانی دیکە ناچار دەکات لە ململانێدا بێت لەگەڵیاندا، ململانێیەک کە ئەوان بە کێش بکات بۆ ناو ئەو وزەیە و کەڵکی بۆ کۆمەڵگە هەبێت. کاتێک باسمان لەوە کرد، کە ئێمە پێویستمان بە شیکارێکی سۆسیۆلۆژی لە باشووری کوردستاندا هەیە، هەڤاڵمان ناگیهان دەیگوت: سەرەتا کۆک، یان ئەوەی کە پێی دەوترێت ڕیشە، سەرەتا ڕیشە، پێویستە لە ڕیشەوە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەمە بکەین. ئایا چی لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا گۆڕاوە؟ لە ماوەی ئەم جوگرافییایە دەکەوێتە کوێی دوو شارستانییەوە. شارستانی میزۆپۆتامیای ژوورین و ژێرین. لە ڕاستیدا ئەو ئاماژەیەی کە بۆ نموونە شەهید دیارغەریبیش هەمان ئاماژەی کردووە، دەڵێت: ئەم جوگرافییایەی ئێمە دەکەوێتە نێوان دوو شارستانییەتەوە. بەردەوام کارەکتەر لە نێوان ئەم دوو شارستانییەتە لە هاتووچوونێکدایە، ئەمە پێویستی بە شیکردنەوە هەیە، ئەمە بۆ من زۆر ڕۆشنکەرەوە بوو. کە ئێمە چۆن بتوانین لە نێوان ئەم دوو شارستانییەتە دەرچوونێک درووست بکەین، شارستانییەتی میزۆپۆتامیای ژێرین، کە شارستانییەتی پیاوسالاریی و دەسەڵاتدارییە، ڕەحمی یەکەمین دەوڵەت و چینایەتییە، چۆن بتوانین شیکردنەوەی لەسەر بکەین. ئایا چ کاریگەرییەکی لەسەر زیهنیەتی ئێمە کردووە و بێگومان ئەمە گفتوگۆیەی ئێمە هەڵقوڵاوی فەلسەفەیەکە کە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادییە. فەلسەفەی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە، فەلسەفەی دیموکراسیی ڕاستەقینەی ڕاستەوخۆ و ئیکۆلۆژی و ژنە. ئەمە تەواو پەیوەستە و ڕایەڵەی هەیە لەگەڵ ئەو فەلسەفەیەدا. بەڵام ڕۆڵ و دیدی هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەل ئەوە بوو کە چۆن ئەم دیدە فەلسەفەیە پراکتیک بکات! واتە ڕۆژانەیی بکەیت. بۆ نموونە بە دامەزراوەی بکەیت، وای لێ بکەیت هیوا لە خەڵکدا درووست بکات. چونکە ئەوەی لەم هەرێمەی ئێمەدا زەبری بەرکەوتووە هیوایە، ئەوەی لەم هەرێمەی ئێمەدا زەبری بەرکەوتووە ڕۆحی بەرخۆدانییە، مێشکە. مێشکە کە داگیرکراوە، لە ڕووی کولتووریی و ڕۆحیی، ئایدیۆلۆژیی و ئابوورییەوە داگیرکراوە. ئەوەی دیدی ئەو کە دەڵێت شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنە، جەوهەری خودی ئەو فەلسەفەیەیە، چونکە لە هەر شوێنێکدا لە ئەڵقە لاوازەکەوە کە ئەڵقەی بەهێزە لە ڕاستیدا بەڵام کراوەتە ئەڵقەیەکی لاواز لەو ئەڵقەیەوە دەستپێبکەیت، دەتوانێت هەموو ڕایەڵەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەهێز بکەیتەوە. ئەمە جەوهەری ئەو فەلسەفەیە بوو، کە هەڤاڵمان ناگیهان بەشێوەیەکی زۆر پراکتیکی بۆ باشووری کوردستان دیدێک بوو کە کاری لەسەر دەکرد. بە دەمەزراوەیی کردووە و دەمەوێت بڵێم کاتێک هەڤاڵمان تاکەکەسییانە مامەڵەی لەگەڵ خۆیدا نەدەکرد ئەوە بوو کە شتەکەی درووستکردووە، واتە لە خۆی دەرهێناوە، تێی پەڕاندووە.

لە هەر بەشێکی کوردستاندا، ڕێبازێکی ژنۆلۆژی هەبوو، کە تاقیدەکرایەوە سەرکەوتوو دەبوو، بۆ نموونە لە وڵاتانی دەرەوەدا زیاتر کەمپمان بە بنەما دەگرت، کەمپی ژنۆلۆژی. بۆ ماوەی ٤ بۆ ٥ ڕۆژ ژنان بە باکگراوند و کولتووری جیاواز دەهاتنە لای یەک. بەرنامەیەکیان دادەڕشت، هەندێ شتی جێگیر هەبوو بە بەردەوامی وەک ژنۆلۆژی گرنگیمان پێ دەدا. هەندێک شتی تریش پێشنیاری ژنەکان بوو کە کارمان لەسەر دەکرد. بەڵام هاوتەریب لەگەڵ هزر و فەلسەفە و زانستی ژنۆلۆژیدا یەکیدەگرتەوە. لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا ڕێبازی جیاواز هەبوو. بۆ نموونە لە باکووری کوردستان زیاتر گروپی کار هەبوو، وۆرکشۆپ یان گۆڤار هەبوو زیاتر ئاوا جێگەی خۆی دەگرت. دەوروبەرێکی زۆر فراوانی دروست کردووە. لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لێکۆڵێنەوەی سۆسیۆلۆژی و فاکەڵتەی ژنۆلۆژی و پەروەردەی گروپ و ئەو شێوازە جێگەی خۆی گرت. گوندی ژنواریش لەو چوارچێوەیەدا بوو. هەموو ئەم کارانە هەڤاڵمان ناگیهان کەسی یەکەمین بوو، کە هەم پێشنیاری دەکرد و هەمیش جێبەجێ دەکرد. لەگەڵ هاوڕێیانی دیکەی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیدا. بۆ نموونە فاکەلتەی ژنۆلۆژی و گوندی ژنوار و گۆڤاری ژنۆلۆژی، لە باشووری کوردستان زۆر بیرمان لەوە کردەوە کە چی دەتوانێت جێگەی خۆی بگرێت؟! بۆمان دەرکەوت، کە کۆرسی ژنۆلۆژی – خوولی ڕاهێنان زۆر دەتوانێت جێگەی خۆی بگرێت، واتە بابەتەکان پێشکەش بکرێت و دوای ئەوە ئەوانەی بەشداریان کردووە بۆچوونی خۆیان بدەن و ئاڵوگۆڕێکی فیکریی بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرپەرشتیکردنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی جۆرێک لە ڕێنماییکردن یان بۆ نموونە ئەو بابەتانەی پێشکەشدەکرا بابەتێک نەبوون تەنیا تۆ زانیاریی بدەیت، یان ئەو لێکۆڵینەوانەی کردووتە وەک چۆن پاوڵۆ فرێری دەڵێت: تورەکەیەک و هەر زانیاریی تێ بکەیت، کە ئەوە ڕێبازی دەوڵەتە. ڕێبازی ژنۆلۆژی ڕێبازی دیالۆگە، ڕێبازی دانووستانە، ڕێبازی گوێگرتنە، ئەم ڕێبازانە ڕێبازەکانی یەکەمینی ژنۆلۆژین. زۆرجار ئێمە تەنانەت ئەو ڕێبازەی هەڤاڵمان ناگیهان ڕێبازێکە، کە واتا بە هەموو شتێک دەدات، کاتێک کە دایکێک قسەدەکات گوێی لێ دەگریت، کاتێک لە درووستکردنی خواردنێک، هەڵسوکەوتێک، قسەکردنێک، لە سەردانێک بۆ جێگەیەکی مێژوویی، بۆ هەموو ئەو شتانە واتادان و جارێکی دیکە هەڵسەنگاندنەوەیان. لەوانەیە زۆر کەس لە ئێمە سەردانی زۆر جێگە دەکەین و زۆر شت دەبینین، بەڵام زۆر کەم واتای پێ دەدەین. نموونەیەک کە من بینیم لە هەڤاڵمان ناگیهان  و چەندین ڕۆژ بیرم لێدەکردەوە. کاتێک ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوەی لەسەر داستانەکان دەکات، داستانەکانی عەشق لە مێژووی کوردستاندا، کە بۆچی هەموو دارستانەکانی عەشق بە تراژیدیا کۆتایی هاتووە. زۆر مەراقی بوو وتی دەچین بۆ هەورامان لێکۆڵینەوە دەکەین بزانین لە هەورامان چ داستانێکی عەشق هەبووە. کە چووین دایکێک لەوێ هەبوو، دایکێک بوو کە دیاربوو زانایە، عاریفەیەکە. دەتزانی کە پڕیەتی لە مەعریفە. لێی نزیک بووە و وتی دایە لێرە چ داستانێکی عەشق هەیە لەم هەرێمەی ئێرە؟ ژن و پیاوێک هەبووبێت وەک داستانێک. یان ئەفسانەیەک بووبێت کە بە یەک نەگەیشتبێتن. هەورامان بە چی بەناوبانگە؟ وتی: لەم هەرێمەی ئێمە داستانی عەشق نییە، لەبەر ئەوەی لێرە خۆشەویستی هەیە، ژیان بۆ خۆی لێرە عەشقە. دوایی کە گەڕاینەوە بە درێژایی ڕێگاکە باسی ئەمەمان دەکرد. دەیگوت ئەمە بۆ من فەلسەفەیە. لەبەر ئەوەی لە جێگەیەکدا دەسەڵاتداریی نەبێت و کۆمەڵگەی سروشتی هەبێت. لەوێدا عەشق هەیە. لە شوێنێکدا پیاوسالاریی نەبێت و کۆمەڵگە بە سروشتی خۆیەوە بژی لەوێدا عەشق هەیە. لەبەر ئەوە پێویست ناکات داستان هەبێت. کاتێک داستان تراژیدیایە و ململانێ دەکەن بگەنە یەکتری، ئەو کاتەیە کە دەسەڵاتداریی هەیە. ئەگەر ململانێ و دەسەڵاتداریی و چینایەتی و پیاوسالاریی نەبێت مرۆڤەکان سروشتییانە دەژین، پێویستیان نییە ململانێ بکەن بۆ ئەوەی بگەن بە یەکتری و بە تراژیدی کۆتایی بێن. وەک ئەوەی ئێمە هەموو داستانەکان لە مێژووی کوردستاندا دەبینین. لەبەرئەوە لێگەڕینی هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەل لێگەڕینی عەشقە. ئەو عەشقەشی بە تێکۆشان بە گیانی خۆی سەلماند. لە هەڤاڵمان ناگیهانەوە فێربووم چەند دەبێت ورد لە ژیان بڕوانیت و واتا بە شتەکانی دەوروبەر بدەیت.

هەڤاڵمان بە بەردەوامیی دەینووسی، هزرێکی زۆر کراوە و ئاسۆیەکی زۆر کراوەی هەبوو بۆ نووسین، بەردەوام ئەو هەوڵەی هەبوو بۆ نووسین. بەردەوامیش لەگەڵ دەوروبەری خۆی لە گفتوگۆدا بوو و بۆچوونییشی لەسەر وەردەگرت و بۆ خۆشی قاڵبوونەوەشی هەبوو. خاڵی سەرەکی ڕۆمانەکەی دیالۆگێکی فەلسەفی بوو، بۆ نموونە چەند جارێک ئاماژەی بەوە دەکرد دەیگوت: بە تێکۆشان بە ڕەنج دەبێت دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە و خەونی من ئەوەیە دیالۆگێکی فەلسەفی لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان بکەم و ئەمە دەبێتە بەشێک لە ڕۆمانەکەم.

ئەو واوەتر لە مەسەلەیەکی فیزیکی لێی دەڕوانی و واوە تر لەوەی دیالۆگێکی ڕووبەڕووی فیزیکی بێت ڕاستە ئەوە خەونی هەموو کەسێکە. بەشێکی گەورە لە تێکۆشانی ئێمە، ئەوەیە کە ئەم دوو ئازادییە، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ کۆمەڵگە پێکەوە گرێبدرێت. واتە کۆمەڵگەیەکی ئازاد پێویست بەوە نابینێت زیندان هەبێت. چ لە تورکیا چ لە هەر شوێنێکی دیکەی ئەم هەرێمەی ئێمە. هەتا کۆمەڵگە ئازاد نەبێت ئەوە پێکنایەت. بۆ ئەوەش هەموو هەوڵدانەکانی هەڤاڵمان بۆ ئەوە بوو کە لە ڕاستیدا ئەم دوو ئازادییە پێکەوە ببەستێتەوە بەشێک بێت لە ڕۆمانەکەی. ڕۆمانەکەی دیالۆگێکە یان بڵێین قاڵبوونەوەیەکە لەسەر ئەو دیالۆگە فەلسەفەییە. واتە ئەو تێگەیشتنەی کە ڕێبەر ئۆجالان بۆ ژن و فەلسەفەی ژن ژیان ئازادیی هەیەتی و چۆن ناوەڕۆکەکەی پر بکرێتەوە؟ ڕۆمانەکەی وەک تەکنیک پێویستی بە کۆکردنەوە هەیە و چونکە بەش بەشە و لە هەر شوێنێ شتێکی نووسیوە پێویستی بەوەیە کۆبکرێتەوە و ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوە پارچەکانی ئەم رۆمانە بلکێنن بە یەکەوە و لە ئاییندەدا کاری لەسەر بکرێت بۆ بەچاپ گەیاندنی.

ئەڵبەتە هێزی واتادانی ناگیهان بۆ هەموو شتێک کە لە دەوروبەری ڕوویدەدا بۆ من مۆمێکی ڕۆشنکەرەوەیە، هەم بۆ من هەم بۆ دەوروبەری خۆشم بەهەمان شێوە دەیبینم. هەڤاڵمان ئاکارسەل مۆمێک بوو کە نابێت بکوژێتەوە بەرچاوی ئێمەی ڕووناککردەوە و  هێزی واتادانی ئەو لە ئاستی خوداوەندێتییدایە. چۆن لە کولتوورەکانی قۆناغەکانی مێژوودا هەر خواوەندێک سیمبوڵی شتێک بووە، هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەل خوداوەندی واتادانە، هێزی واتادانی بە هەموو ڕووداوەکانی دەوروبەر و هەموو شتەکان زۆر گرنگە. یەک شتی کە هیچ لەبەرچاوم ون نابێت، کە بە لای شوێنێکدا دەڕۆیشت گیا یان دار هەبووبێت دەستی دەهێنا بەسەریدا، هێزی لێوە وەردەگرت. بەتایبەتی ڕێحانە، شتێکی هەمیشە وزەبەخش بوو لای. هەموو بەیانییەک کە دەهاتە شوێنی کار دەستی بەسەر ریحانەکاندا دەهێنا و دەهاتە ژوورەوە. پڕکردنی ناوەندەکە لە ئینجانە و گوڵ و دار و ڕازاندنەوەی باخچەکە ژیانی دەبەخشی. دەچووە هەر شوێنێک پڕی دەکرد لە ژیان.

ڕاستییەک هەیە ئەگەر ژن ڕێکخستن بێت، جیهان دەگۆڕێت. ئەمە هەروا دروشمێکی لەخۆرا و سەرپێی نییە، کە دەگوترێت: سەدەی بیست و یەک، سەدەی ژنە. کە ناوی کتێبی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە. دەسەڵاتدارەکان، فاشیستەکان، پیاوسالارەکان لە ژنی ئازاد دەترسن و ئەمە خودی خۆی شەڕێکە لە نێوان دوو زیهنییەتدا، زیهنییەتێکی تاریکپەرست و زیهنییەتێک کە وەک هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەل مۆمێکە لەم دونیایەی کە پڕیەتی لە ناشرینی و تاریکی.  لە هەمان کاتیشدا ئەوە دەڵێم ئەو بە زیادەوە تۆوی ژنۆلۆژی بڵاوکردەوە لە باشووری کوردستاندا، دوژمنان پیاوسالاران دەسەڵاتداران، دەوڵەتە فاشیستەکان چی دەکەن با بکەن، ئەو تۆوە بەرهەمی خۆی داوە، زۆر کەسی لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە و بەردەوام دەبێت. چەند بترسن لە ژنی ئازاد، ژنی ئازاد ژمارەیان زیاتر دەبێت.