ڤیدیۆ, وتار و لێکۆڵینەوە

ناگیهان ئاکارسەل کێیە؟

ئەمە چیرۆکی گوڵە کێوییەکە، لە هەموو دێڕێکدا، مانا، ئازار، جوانی، فەلسەفە و وشیاری و ڕەنج لە ئامێز دەگرێت.

چیرۆکی ژنێکی ئازا کە تا دواڕدە عاشق و ڕاستگۆی کوردستانێکە، کە لێی دەربەدەر کرا. چیرۆکی ژنێکە نرخی هەموو وشەیەکی دەزانی کە لە زارییەوە دەردەچوو، بەهای پێدەدا دەنگی شنەبایەکە لە پێدەشتی دامێنی چیاکانەوە هەڵیدەکرد، پێی لە هەر بستە خاکێک بنایە ئازاری نەدەدا، دەستی بۆ هەر شت ببردایە گیانی بەبەردا دەکرد و ڕۆحی پێ دەبەخشی. چیرۆکی گوڵە کێوییەکە، بای پاییزە بەرەو دەریای واتای گەردوونی دەیبرد. چیرۆکی گەڕیدەیەکی ئازادی، ڕۆژنامەنووسێک، ئەکادیمییەکە کە ژیانی تەرخان کرد بۆ زانستی ژن. ئەو زیلانەیە کە بە زیادەوە زەردەخەنە، هیوا و وشیاری خۆی لەگەڵ گەل، ژنان و هەڤاڵەکانیدا بەش کرد. پێیان دەگوت ”ناگیهان ئاکارسەل” کاتێک شوناسێک، وڵاتێک و خۆی دۆزییەوە ناوی خۆی نا زیلان. زیلان سوو؛ واتە زیلان ئاو.

ئێستاش گوێ لە خرۆشانی ئەو ئاوە بگرن. لەگەڵمان بن لە کاروانی گەریدەیی حەقیقەتی ناگیهان لە هەر چوار بەشی کوردستان، لە پێدەشتەکانەوە بۆ چیاکان، لە چیاکانەوە بۆ شارەکان. ناگیهان ئاکارسەل لە ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری کۆنیای تورکیا لە دایکبووە. تەمەنی منداڵی لە سروشت و دەشتە فراوانەکانی گوند-دا بەسەربرد، بۆیە هەمیشە باسی لە یادگاریی و بەسەرهاتەکانی کردووە، لە وتەکانیدا ئازادیی و جوانییەکانی سروشت هەستی پێدەکرا، لە منداڵیدا زۆر تامەزرۆی چیرۆکەکانی ژنانی کردووە، هەرچەندە ژیانی لە کۆمەڵگەیەکی باوکسالاردا بوو، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ باوکی هاوڕێیانە بووە.

بەهۆی کولتوور و ئەو بیروباوەڕانەی لە گوندەکەیاندا هەیانبووە، پیرۆزبینینی خۆر، ئاگر و گەنم، خۆشەویستییەکی زۆری لە ناخیدا بۆ ناوچەکانی دێرسیم و شەنگال دروست کرد. خەم و پەژارەی گەلێکی دەربەدەرکراو، چارەنوسێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەو هەبوو. لەو جێیەی لە دایک بوو، خوێندی و ئامادەیی تەواو کرد. لە ساڵانی یەکەمی خوێندنی بەیەکەم زلەی مامۆستاکەی چاوی لەو ستەمە کرایەوە کە لە گەلی کورد دەکرا. هەر لێیان بپرسیایە خەڵکی کوێی دەیگوت قۆنیا، کاتێ بە گوشار مامۆستا تورکەکانی دەیانگوت کۆنیا، بەڵام ئەو پێداگر بوو لەسەر وتنی قۆنیا، بەهۆی قەدەغەکردنی زمانی کوردی و پیتی قاف.

لە ماوەی ساڵانی خوێندنی لە زانکۆی غازی، فاکەڵتی ڕاگەیاندنی تەواو کرد، دواتر لەڕێی بزووتنەوەی گەنجانەوە، بە فەلسەفەی بزووتنەوەی ئازادی ئاشنا دەبێت. ئەوە بووە کردنەوەی دەرگای کاروان، گەڕان و حەقیقەت.

بۆچی کاروانی ژن بەرەو ئازادی دەست پێدەکات؟

ناگیهان وەڵامێکی سادەی هەیە؛ لە نامەیەکدا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بۆ هەڤاڵانی خۆی دەڵێت؛با نهێنیەکی خۆمتان پێ بدەم. لە منداڵیمەوە هەمیشە لێگەڕێنێم هەبوو، لە مەسەلەی تێگەیشتن لە گەردوون و دروستکردنی ڕایەڵەم لەگەڵیدا. هەمیشە بوونەوەرێکی بەدەر لە مرۆڤم دەستنیشان دەکرد و لەگەڵی دەکەوتمە گفتوگۆوە. لەبەر ئەوەی لە لای ئێمە دار نەبوو، بەنرخترین شت لە لام دار بوو. دار شتێکی بەردەست نەبوو. لە هەر کوێ دارێکم لەو بیابانەی ئێمەدا دەبینی، دەچووم دەستم لێدەدا. بەڵام بەو پێیەی دار لە هەموو شوێنێک نەبوو، زیاتر خۆر، مانگ، ئەستێرە، چیمەن و هتد دەبوونە هاوڕێم. دواتر بە تایبەت لەگەڵ هاتنم بۆ وڵات، ئاو و درەختی زۆر بوو. ئەم  پەیجورەم کاتێ بەرەو زیاد بوون دەچوو، بەوەم زانی کە دارەکان چۆن بەرەو ئاسمان لق دەدەن و هەڵدەکشێن، ڕەگیان بە خاکدا ڕۆدەچن و لەگەڵ یەک لە پەیوەندیدان. بیر بکەرەوە، دەستت لە دارێک داوە، ڕەنگە هەموو دارەکان هەستیان بەو دەست لێدانە کردبێت. دۆخێکی نائاساییە.

پێدەچێت باوەڕ نەکەی کە ئەگەر بڵێین ئەو ڕیسکی ئەوەی کرد کە دەست لە دار بدات، ئەمە تاکە ئامانجی شۆڕشگێڕانە و بەدیهێنانی سادەییە؛ ناگیهان وا دەڵێت نەک ئێمە.

سادەیی قوڵییە و هەستی ژیان دەبەخشێت. بانگی بیرکردنەوەیەکی پڕ لە جۆش و خرۆش دەکات. چونکە سادەیی، فێرکەری ژیانە، دیالێکتیکی بوون و خودی بوونە. لە دیالێکتیکی ساتەوەخت، مانا، تێگەیشتن، بەرەو پێشەوە چوون لەگەڵ نەست، بونیادنانی ژیانە. ئەوانەی ژیان بە دروستی بونیاد دەنێن، ئەوانەن کە بە باشترین شێوە مانای کرداریی بوون دەزانن”.

شۆڕشگێڕان دەزانن خۆبوون، بونیادنانی ژیانی ڕاست باجی گرانی دەوێت، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی چالاک بەشداری خەباتی یەکێتی جەوانانی کوردستان دەبێ، لە ساڵانی ٢٠٠١- ٢٠٠٧ زیندانی دەکرێت. دەستگیرکردنی هەنگاوێکی گەورەتری پێدەنێت لەو کاروانەدا. ئەوانەی دەکەونە ڕێی ئەو کاروانی حەقیقەتە، لێپێچینەوە لە بەربەستەکانی ئازادی دەکەن. لە دژی ئەوە بوو کێشە و چارەسەرییەکان بە پارچەکراوی ببینێ. دەیویست هەمیشە گەورە و دیمەنەکان بە کۆیی ببینێت. تەنانەت بەهای بە زۆر شت دەدا کە هەندێ وەک بچووک پێناسەی دەکەن.

ناگیهان لەو بارەیەوە دەیگووت: لە سەردەمێکدا کە تەنانەت کات و فەزاش لە جیهانی جیاواز ئاخنراون، مەگەر کێ بیەوێت شتەکان بە کۆیی ببینێت؟ مرۆڤ بە هۆی بایەخدانیان تەنیا بەو شتانەی لە ژیانیاندا بەلایانەوە گرنگە، هەموو شتەکان بەخێرایی لەناو دەچێت. کێ دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات لەو کۆیە تێگەیشتووە، لە کاتێکدا هەمووان قەناعەتیان بەو  چارەنووسە کردووە کە ئەزموونی دەکەن؟ چونکە مرۆڤ لەو پەردەیەی لە نێوان جەستە و ڕۆحیدا کێشراوە لە ژیان دەڕوانێت. ژیانێک کە تەنیا دەیەوێ بگوزەرێ و بڕوات، ماناکەی ڕێژەییە لەگەڵ خێراییەکەی و ساتەوەختی بە فیڕۆ دەدات. ژیان لە ژیانی تر بەفیڕۆ دەدات. بەم شێوەیە خۆشی لە ژیان دوور دەخاتەوە”.

ناگیهان بەو شێوەیە دەیویست هەموو ساتەوەختێکی ژیانی پڕاوپڕ تێپەڕێ و واتاداری بکات، نەک تەنیا ژیان تێپەڕێ و بەفیڕۆبچێت. ئەو نەیدەویست جەستەیی بژی، بەڵکو دەیویست ڕۆچێتە نێو ڕیشەی خۆی، وەک ژن و وەک کۆمەڵگەیەک کە هەمیشە پەراوێزخراوە. بۆ ئەوەش لەو گەڕیدەی حەقیقەتەدا هەنگاو دەنێ بۆ دونیای ڕۆژنامەگەریی. یەکێک بووە لەوانەی کە حەقی تەواوی بە ڕۆژنامەگەری بنکۆڵکاری داوە. کارەکانی بەزیادەوە گەواهی ئەوە دەدەن. پەیامنێریی و سەرنووسەری لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە کرد. لەوەش زیاتر ناگیهان دامەزرێنەری نەریتی ڕۆژنامەگەریی ئازاد بووە. مامۆستایی بۆ زۆرێک لەو ڕۆژنامەوانانە کرد، کە تا ئێستاش کاری ڕۆژنامەگەری دەکەن. مەگەر کاری شۆڕشگێڕ، بونیادنان و پاراستن نییە؟  هەمیشە ناگیهان هەنگاوی یەکەمی ناوە لە کارە نوێیەکاندا. لە دامەزراندنی ژن نیوزدا یەکێکە لە باوەڕمەندانی ئازادی ژن.

کاتێک کاری ڕۆژنامەگەری دەکرد، لە بەشی لێکۆڵینەوەی ژن لە زانکۆی حاجەتەپەی دەیخوێند. بەو پێیەش بووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی هەواڵسازی ژن. ناگیهان لە دوا دواییدا ئەو دەروازەیەی دۆزییەوە کە ڕێی حەقیقەتی نیشان دەدا، ئەو ساتەوەختانە بوو کە بە جەوهەرکردنی ئازادی ژن لە کۆمەڵگەدا، نهێنیەکانی ‎گەردوون و مرۆڤ تێگەیشت بوو. بەڵام ئیتر دەیویست شتێک زیاتر لە ڕۆژنامەگەری بکات، کە بە شایستەییەوە لە ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ ئەنجامیدابوو.

بەم شێوەیە بە عەشقەوە دەستی بە هەوڵەکانی بۆ دانانی بەردی بناغەی ژنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کرد. باوەڕی ناکۆتای بە حەقیقەتی ژن و ئەزموونی نیوەچڵماوی تێکۆشانی سەدە، گەشەکردنی لە زەمینەی زانستیدا گۆڕا بۆ وزەیەکی ناکۆتا، ڕەنج و جۆشی ژیان. هەم ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی بووە، هەم لەو نووسەرانە بووە کە وتارەکانی لە هەر ژمارەیەکیدا کۆمەکێکی گەورەی بە ناوەرۆکەکەی کردووە و ئاسۆیەکی نوێی دەکردەوە.

ناگیهان بە ئەقڵ و هەستی خۆیەوە لەوە تێگەیشت کە ژنۆلۆژی لەگەڵ کۆمەڵگە گەشە دەکات. لە وتنەوەی هەر وانەیەک لە فاکڵتی ژنۆلۆژی لە عەفرین و جزیرە. لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی  سۆسیۆلۆژی لە شەنگال کاری بۆ ڕۆشنگەری ژن کرد. بەو چیرۆکانەی کە دایکان، کچانی گەنج و شیفاگەران دەیانگێڕایەوە، هەنگاوێکی تری بەرەو حەقیقەت دەنا. کاتێک شەڕڤانانی ئازادی لە ڕۆژائاڤا پەروەردە دەکرد لەسەر ژنۆلۆژی، بە نیگایەکی زەردەخەنەوە، هیوا و مانای پێناسە دەکرد و دەبەخشی. بەم شێوەیە بووە دڵۆپێک لە خرۆشانی شۆڕش. ئەو لە نووسینەکانیدا بەزمانێکی نازەنینانە، سەرزەنشتی خۆپەرستی ئەو کەسانەی دەکرد کە ڕێی خۆیان نابیننەوە.

ئەزموونێکی گەورەیەمن بەجێبهێڵیت و ببیتە ئێمە. لەو جێیەی من و تۆ دەبینە ئێمە، ئەستەمە لە پەنجەرەیەکی نوێوە سەیری ژیان بکەین. دەرچە شوێنێکی وەهایە کە هەموو دوالیتەکانی تاریکی و ڕووناکی، چاکە و خراپە، بوون یان نەبوون، ژن و پیاو، ژیان و مردن، جوانی و ناشیرینی، مانگ و خۆر، شەو و ڕۆژ، دەبنە یەک.

ناگیهان لەم کاروانەدا هەر حەقیقەتێکی پێی دەگەیشت دەیگەیاندە کۆمەڵگە. ئەو باشترین فێرکار بوو کە چۆن وشەکان لەگەڵ شۆڕش، کۆمەڵگە و ژیاندا ئاوێتە بکات و واتای پێبدات. ئەو جوانناسی بە ”جوانکردنی ژیان” پێناسە دەکرد. دەیگوت؛ ئەگەر ژیان جوان نەکەین، هەموو جوانییەک لە مەترسیدایە، جوانیشی سەرەتا لە ئازادکردنی ڕۆحی ژندا دەبینیەوە. هەر بۆیە دەڵێ: “لە سەردەمێکدا دەژین کە مرۆڤ تەنانەت بە گومانەوە لەو بەهایانە دەڕوانێت کە باوەڕی پێیەتی.  بەو شێوەیەش ڕێی حەقیقەتی بە قسەکانی ڕۆشن دەکردەوە.

گەیشتن بە وەڵامی پرسیاری دەبێ چۆن بژین، لە هێزی ئازادی ئەخلاق، وشیاری ئازادی  و هێزی دەرککردنیدایە. واتە وێرای هەموو تەگەرەیەک، لەبەرچاوگرتنی شەڕێکی گەورە لەو پێناوەدا و نەترسان لە تەنیایی و وازنەهێنان لە هیوا. متمانەکردن بەوەی کە هەموو ژنێک هەستێکی هاوشێوەی هەیە لە ئەزموونی یەکتریدا، دەستنیشانکردن و تێپەڕاندنیان، گەیشتن بە مەعریفەی هاوتای ئازادی. واتە نەترسان، متمانە بە یەکترکردن، گەیشتن بە عەقڵێکی هاوبەش سەبارەت بەوەی کە چ جۆرە ژیانێکمان دەوێت.”

ناگیهان بۆ گەیشتن بە نهێنی ژن، ڕێگاگەلێک و مەوداگەلێکی بڕی. بێ شەرت و مەرج، بێ دووڵی، بێ پاساوهێنانەوە و بێ گلەیی و سکاڵاکردن کاری کرد. نە لە خۆی هەڵدەهات و نە لە خاک و کۆمەڵگە. هەر خۆشی هۆکارەکەی دەخاتەڕوو: “سەرسامبوون بە هزرێک و گەورەبوون بە هێزی دەربڕینەکەی وەک خۆشەویستیە لە یەکەم نیگاوە. لە ساتەوەختێکدا ڕوودەدات. بەڵام تێگەیشتن لەو هەستە و دەربڕینی، کاتێکی درێژی دەیەوێ”.

دەیزانی ڕێی بڵاوکردنەوە و ناساندنی ژنۆلۆژی ڕێیەکی درێژە. یەکێک لە وێستگەکانی ئەو ڕێیەی باشوری کوردستان بوو. لە ساڵی ٢٠١٩ هەنگاوێکی تری نا بەرەو داهێنانێکی نوێ. لە ماوەیەکی کورتدا خۆی فێری کوردی سۆرانی کرد و خۆی گەیاندە زۆر کەسی جیاواز.

بە ئەشق و جۆشەوە، لەگەڵ هونەرمەندانی ژن هەنگاوی پرۆژەی ”خۆبوونی” نا، دەیزانی خۆبوون زەحمەتە، بەڵام ئەو مۆمی هیوای داگیرساند. ئەگەر ڕۆژانە دەیان جار دووبارەی بکردایەوە وای دەزانی قەت ئاماژەی پێنەکردووە کاتێ دەیگوت: دەبێ ژن یەکتریان خۆش بوێت و یەکگرتوو بن. هەر ئەوەیە ئێمە ئازاد دەکات و تەنانەت پیاویش ئازاد دەکات. خەونە گەورەکەی ناگیهان کۆکردنەوەی یادگای مێژوویی ژنی کورد بوو.

بۆ ئەوەش زەمینەی بەشداریی زۆر ژنی ڕەخساند لە پرۆژەی ”ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و کتێبخانەی ژنی کورد”.هەنگاوێکی تری لە نهێنی ژن نزیک بووەوە و خۆشی لەسەر ئەو قۆناغە وەها دەنووسێ:

“ژن لە تورەگەکەیدا بۆ خۆشویستنی دەنگی دەریا هێلکە شەیتانۆکە، بۆ خۆشویستنی خاک ڕەیحانە، بۆ خۆشویستنی هەوا پەروانە هەڵدەگرێت، بۆ ئەوەی نهێنی هەستکردنی بەو شتانە لەبیر نەکات. پێداگری لەسەر نەمری دەکات. مەعریفەی چۆنێتی ژیانمان لەگەڵ خاک، هەوا و ئاودا پێدەبەخشێت”.

ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەرمەی سەرقاڵبوونی بە یەک لە گەورەترین خەونەکانی لە ژیانیدا، لە شاری سلێمانی بە ١١ فیشەک پێکرا. ئەو چەند ئازا و چاونەترس، دوژمن ئەوەندە ترسنۆک، دڕندە و خیانەتکارتر بووە. ناگیهان چەندە ڕوون وەک ئاو، بەهێندەش دوژمنەکەی نامەرد. دوژمن لەو بەشەی کە بە ئازادترین بەشی کوردستان پێناسە دەکرێت دەسوڕێتەوە، ناگیهان کە گەڕیدەی حەقیقەتی ژن بوو بە ڕۆژی ڕووناک و بەبەرچاوانەوە پێکرا. چونکە دوژمن لە حەقیقەتی ژن دەترسێ، لە ژنی ئازاد دەترسێ. ئەو فیشەکە بەرامبەر ئەوانەیە کە پێداگری لەسەر ئازادی و بەرخۆدان دەکەن و بڕیاری کۆمەڵکوژییان دراوە.

“ئەو بڕیارە لەو کاتەوە درا کە دوژمن بوونی خۆی لەسەر نەبوونی کورد داناوە. ئێستاش لە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبین. چەقۆ گەیشتۆتە سەر ئێسقان. ئێمە لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییداین بۆ تۆڵەسەندنەوەی بەهاکانمان، هەموو لایەک چیمەنتۆ کراوە بۆ ئەوەی دەستمان بە خاک نەگات، بە ڕێگەی پۆست تەرمی ڕۆڵەکانمان دەخەنەوە ئامێزی دایکیان، دایکانمان لە ناوەڕاستی شەقامدا خوێنیان دەڕژێنرێت، ڕۆڵەکانمان بە زرێپۆش دەشێلرێن و زەوییە داگیرکراوەکانمان و دارستانەکانمان دەسوتێنرێن. ئەو نەخشە و پیلانانەی کە لەسەر مەتینا، زاپ، ئاڤاشین، شەنگال، قامیشلۆ، کۆبانێ، کرماشان، سلێمانی و ئامەد، نەخشەی هێرشی سەرتاسەریی دەوڵەت نەتەوەیە. ئەمڕۆ گەریلا بە وشیارییەوە شەڕ دەکات. دوا دوایی دوژمنیش لەسەر دەستی شەڕی گەریلا دەبێ. دەزانێت زۆر باش دەزانێت، چونکە دڵی کوردستان لە دڵێ گەریلادا لێدەدات. ئەگەر دڵ بوەستێت ژیان دەوەستێت”.

دڵمان لێدەدات و ژیان دەخرۆشێ. ئاڕاستەی ئەو خرۆشانە، لە وتەکانی ناگیهاندا شاراوەیە، بەر لە هەرشتێک نابێ لەیاد بکەین: “هێزی بیرهێنانەوە، گرنگترین جیاوازی ئێمەیە لەگەڵ بونەوەرەکانی تر. وشیاری مێژوویی، زەمینەی لێشاوی یادەوەرییەکانمان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر پێکدێنێت. ساتەوەختی شیکارییەکی تەندروست بەو ئاگاییەدا تێدەپەڕێت. دەتوانین بەدەستگرتن بە هێزی یادگامان لەسەر ئەو خاکەی کە یادەوەری تێدا گەشە دەکات، لە ئێستا تێبگەین و بەرەو داهاتوو بڕۆین”.

پێداگر دەبین لەسەر ئەوەی زانستی ژن- ژنۆلۆژی بکەینە بناغەی شۆڕشەکەمان. پێداگر دەبین لەوەی خەونی گەورەی ناگیهان بەجێ بهێنین.