فێمێنیزم

هاوخەمی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بۆ مەرگی ماریا میس

بەڕێز و سوپاسەوە یادی ژنە زانا ماریا میس تیۆریسیانانی ئیکۆفێمینیزم و چالاکوان و نووسەر دەکەینەوە. ماریا میس لە ١٦ی ئایار ٢٠٢٣ لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. ماریا میس بە نووسین، تێزەکانی و هەوڵ و تێکۆشانەکانی کۆمەکێکی گەورەی کرد بە تێکۆشانی ئازادیی ژن لە هەموو جیهاندا، هەر چۆن بۆ بزووتنەوە فێمینستییەکان، بە هەمان شێوەش بۆ بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کوردستان بووە سەرچاوەی ئیلهام. ماریا میس نەک تەنیا وەک نووسەر و تیۆریسیانێک بەڵکوو وەک تێکۆشەرێک و چالاکوانێک خاوەن مێژووییەکی پڕ بەرهەم و وزە بووە لە تێکۆشانی ئازادیی ژن و سروشت لە هەموو جیهاندا. ماریا میس بە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ناکۆکییە ڕەگەزییەکان بە سەرچاوەی کێشە و ململانێیەکاندا ڕۆچوو و لە کتێبەکەیدا بە ناوی “پیاوسالاری و کەڵەکەکردن” ئاماژەی بە سەرچاوەی یەکەمی ستەم و ڕەتاندن کرد و لە چەمکاندنی ” بەکەیبانووکردنی ژن” دا ڕۆڵێکی گرنگی بینی کە ڕەخنەگرانە باس لە ڕیشەی دابەشکاری کۆمەڵایەتی و ستەمی پیاوسالاری کرد. ماریا میس هەروەها بەو بەرهەمەی کە ناوی” دوایین کۆلۆنی ” بەرچاوڕوونییەکی گرنگی بۆ هەموو بزووتنەوە ئیکۆلۆژییەکان، بزووتنەوە فێمینستی و کۆمەڵایەتییەکان کرد کە ئازادیی سروشت و ئازادیی ژن پێکەوە بەستراوە، چونکە سەرچاوەی ستەمە مێژووییەکەیان یەکە و یەکەمین داگیرکاری، بە داگیرکردنی ژن، لەوێوە داگیرکردنی سروشت و ئابووری دەستیپێکرد و ئەو داگیرکارییەش بووە سەرچاوەی یەکەمی هەڵکشانی پیاوسالاری و دواتر دەسەڵاتداریی و سەرمایەداریی. نووسینەکانی ماریا میس تەنیا هاوارێک نەبوو بۆ بیستی چیرۆکی قوربانی و غەدرلێکراوان، بەڵکوو ڕێیەکی نیشاندا کە چۆن ژنان لە بەرژەوەندیی خۆیاندا خاوەن سیاسەتێکی بەرهەڵستکار و زمانێکی چالاکی بن. نووسین و لێکۆڵێنەوە و تێزەکانی ماریا میس بۆ ڕێبەر ئۆجالانیش مایەی ئیلهامبەخشی بوو بۆ ئەو ئاماژەی کە ” ژن یەکەمین و دوایین داگیرکراوە”، لەوێوە تێزەکانی ماریا میسی قووڵتر و تەواو کرد بە ئاماژەی ” ژن یەکەم و دوایین کۆلۆنییە”.

ئێمە لە ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، بە پێویستی دەزانین بە بۆنەی کۆچی دوایی ماریا میس و ئەو هەوڵ و ڕەنجەی لەپێناوی دەرخستنی مەعریفەی ژن داویەتی خۆمان بە قەرزباری دەزانین و سوپاسی دەکەین و درێژە بەو ڕێیە دەدەین کە ماریا میس پەردەی لەسەر مەعریفە شاراوەکانی ژن هەڵدایەوە و هەوڵی قووڵکردنەوەی ئەو هەوڵانەی دەدەین. لە ساڵی ٢٠١٤ لە کۆنفرانسێکدا چاومان بە ماریا میس کەوت، ئەو هەوڵ و هەستەی لە سەردەمی گەنجییەوە هەڵگری بوو، کاتی بینی کە لەو کۆنفرانسەدا لە لایەن گەنجانەوە بە جۆشەوە درێژەی پێدەدرێ، هەم سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی و هەم ئاماژەی بەوە کرد کە ئومێدبەخشە. هەستی بە شانازی دەربڕی کاتێ ژنانێکی بینی کە هێشتاش باوەڕیان بە تێکۆشانی ئازادی هەیە و لەپێناویدا تێدەکۆشن. ئێمە هەم وەک ئاکادیمیای ژنۆلۆژی و هەم وەک ناوەندی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا هەروەک چۆن لە دیدارمان لەگەڵیدا لە ساڵی ٢٠١٧دا جەختمان لەسەر گرنگی تێکۆشانی هاوبەش کردەوە، ئێستاش بە پێداگرییەوە ئاماژە بەو دەکەین کە ئەو تێزانەی و تێکۆشانەی لە پێناوی ئازادی، یەکسانی و دادوەری و بەستنەوەی ڕایەڵەی ژن، ژیان، کۆمەڵگە و سروشت و بە گەیاندنی ئەو تێکۆشانە بە ئامانجەکانیی، بەردەوام دەبین. هەرگیز تێکۆشەر، نووسەر و تیۆریسیانی وەک ماریا میس لە یاد ناکەین.

ئاکادیمیای ژنۆلۆژی و ناوەندی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا