وتار و لێکۆڵینەوە

چیرۆکەکانی خۆڕاگری و عیشقی خاک و ئازادی

ساڵ: ٢٠١٤

جێ: کۆبانێ

لە ئەنجامی هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، کاتێک گەمارۆی سەر کۆبانێ تەسک بووەوە، زۆرینەی خەڵکی شارەکە سنووریان بەزاند و بەو برینەی دڵیانەوە ڕوویان لە باکووری کوردستان کرد. بەڵام ژن و پیاو، پیر و گەنجانێکیش هەبوون کە لەو بەرخودانە مێژووییەدا تا ئازادکردنی کۆبانێ بەشداریان کرد و مانەوە. ئەوان دەڵێن؛ ‘ژنانی شەڕڤان تا دوا هەناسەیان دەم بە خەندەوە لە سەنگەرەکانیاندا شەڕیان کرد. هەرکەسێک لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ تا ٢٦ی کانوونی دوەومی ٢٠١٥ شاهیدی شەڕی شارەکان بووبێت، ئەوە دووپاتی دەکاتەوە کە بەرخودانی کۆبانێ بە ئیرادە، ورە، ڕۆح و جەسارەتی ژنان سەرکەوت.

ئاسیا عەبدوڵڵا لە بەرخودانی کۆبانێدا وەک هاوسەرۆکی پەیەدە بەشداری کرد. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە بەڕێوەبەرێتی ژنانی شارەکە دڵ و بڕبڕەی پشتی بەرخودانەکە بوون: “وەک بەڕێوەبەری ژنان، بەپێی بارودۆخی نائاسایی سیستەمی بەڕێوەبەرییمان دامەزراند. پێش ئەوەی شەڕ بچێتە ناو شارەوە، دەرمان و خۆراکمان ئامادە دەکرد. هەموو کەس بە ورەیەکی بەرزەوە کارەکانیان ئەنجام دەدا، ئێواران کۆدەبووینەوە و پلانمان بۆ ڕۆژی دواتر دادەنا، دوای ئەوە دۆخەکە جددی بوو، داعش هاتبووە ناو شارەکەوە، ئیتر هەمووان قۆڵیان هەڵماڵی، دەستمان دایە چەک، بۆ خۆپاراستنی خۆمان و دەوروبەرمان. بڕیاری هەموو لایەک ڕوون بوو: ئێمە لە کۆبانێ دەبین و شەڕ دەکەین، ئێمە بە ئازادی لەسەر خاکی خۆمان دەژین، هیچ ژیانێک بەدەر لەوە قەبوڵ ناکەین! هەموو هەڤاڵانمان بەو شێوەیە هەڵوێستیان نیشاندا. بەرخودان لەو ئاستەدا بوو، شەهیدمان هەبوو. تۆ هەرچییەک بکەیت دەبێت هێزی بەرخودانت لەو ئاستەدا بێت. ڕۆژ هەبوو ٣٠ هەڤاڵ شەهید دەبوون و ٧٠-٨٠ هەڤاڵ بریندار دەبوون.

ئەوە شانسێک بوو بۆ من کە شایەتحاڵی ئەو بەرخودانە بووم. ئێمە شاهیدی بەرخودانی هەڤاڵانی ژن، هەڵوێست و تێکۆشانیان بووین. دەیان هەڤاڵی ژنی بەڕێوەبەر هەبوون کە شاریان بەجێنەهێشت. کۆمەڵێک هەڤاڵی ژن خزمەتی هەڤاڵانی برینداریان کرد. لێرە لە سەختترین بارودۆخدا بوون. سووتەمەنی و گاز نەبوو. هەڤاڵانی ژن، سەرقاڵی کۆکردنەوەی کارتۆن، زبڵ و خاشاک بوون بۆ ئەوەی ئاگر بکەنەوە و خواردن بۆ هەڤاڵە بریندارەکان لێنێن. هەموو کەسێک بە ورەوە کاری خۆیان دەکرد. کۆمەڵێک هەڤاڵ هەبوون کە تەنیا تەرمی هەڤاڵەکانیان بە خاک دەسپارد. ژمارەیەک هەڤاڵ تەنیا کاری هەڤاڵە بریندارەکانیان دەکرد. کۆمەڵێکی تر تەنیا جل و بەرگی هەڤاڵە بریندارەکانیان دەشۆرد و وشکیان دەکردەوە و دەیانناردە بەرەی شەڕ. هەموو کارێک مانادار بوو. بە ڕۆحی هەڤاڵێتی و ورەیەکی بەرزەوە تەواوی کارەکەیان بەڕێوەبرد. زۆر جار هەڤاڵانی بریندار پێداگریان دەکرد کە جارێکی تر بچنە بەرەی شەڕ. ڕۆحێکی بەو شێوەیە هەبوو” .

سارا، عەدلێ و سەمیرە: ڕۆحێک لە سێ جەستەدا

سارا، عەدلێ و سەمیرە سێ لەو ژنانە بوون کە لەو بەرخودانانەدا بەشداریان کرد، نەیاندەویست کۆبانێ بەجێبهێڵن. بە ڕەنجی خۆیان، بە دڵ و گیان لەگەڵ شەڕڤانان بوون. سارا بیرەوەرییەکانی خۆی بەو شێوەیە باس دەکات: “کاتێک شەڕ لە شارەکە نزیک بووەوە، جگە لە یەپەگە و یەپەژە کەس لە شارەکەدا نەمابوو. دراوسێکانمان هەموویان ڕۆیشتبوون. من و شیلانی کچم و مەحمودی هاوژینم چووینە سەر سنوور. بە مەحمودم وت: ‘بەڵێن بدە، من لەم شار نەبەیت! لەو کاتەدا ئەردۆغان سنووری کردەوە، بۆ ئەوەی هەموو خەڵک شارەکە بەجێبهێڵن و چۆڵی بکەن. پێشتر پەڕینەوە تەنیا بە نهێنی بوو، بەڵام ئیتر گرووپێکی گەورەی هەڤاڵ، گەنج لە باکوورەوە هاتن، سنووریان بەزاند بۆ ئەوەی بەشداری لەو شەڕەدا بکەن، ورەمان گرت و دڵخۆش بووین و گوتمان ‘چەتەکان ئیتر ناتوانن بێنە ناو کۆبانێ!’ بەڵام دواتر بینیمان کانی کوردان کەوت. ئەو ڕۆژە شەڕەکە زۆر قورس بوو، چووینە لای هەڤاڵانمان. عەدلێ لە پڕ هەستا و وتی: هەستە با بڕۆین، ئێمە ژنین، چەکمان نییە، با بچین بۆ باکوور’. چووینە بەر دەرگای سنوور و دیسان هاتینەوە و وتی؛ ‘وەڵا ناچم! من لە هەڤاڵەکانم باشتر نیم، ئەگەر هەڤاڵەکانم شەهید ببن با منیش لەگەڵ ئەوان بم! چوومە لای هەڤاڵانی بریندار، جلەکانیانم دەشۆرد. دواتر مەحمود تەلەفۆنی کرد و وتی ؛ ‘سارا دەبێت تۆ بڕۆیت! وتم: ‘ناچم!’ ئەو ڕۆژە بەڵێنمان دا، لەو بەڵێنە پاشگەز نابمەوە!. هەر یەکێک لە منداڵەکانمان لە شوێنێک بوو، هەڤاڵانیش بەهەمان شێوە هەوڵیاندا بە هۆی منداڵەکانەوە ڕازیمان بکەن کە بڕۆین، مەحمودیش فشاری خستە سەرم، لە کۆتاییدا سنوورمان بەزاند، بەڵام زۆر بێزار بووم. زۆر بە هێواشی دەڕۆیشتم بۆ ئەوەی فیشەکێکم بەرکەوێت و شارەکە بەجێنەهێڵم. هەستم دەکرد خیانەت دەکەم، بەهۆی تەلەفزیۆنی تورکەکانەوە ورەم دادەبەزی، هەمیشە دەیانگوت ‘ها کۆبانێ کەوت، ها کۆبانێ کەوت’. هەمووش درۆ بوو. شەش ڕۆژ لە پیرسوس ماینەوە. عەدلێ لەگەڵ هەڤاڵە بریندارەکانی هاتبووە سەر سنوور و دەستگیرکرا، کاتێک عەدلێ لە زیندان ئازاد بوو، بڕیارماندا پێکەوە بگەڕێینەوە، من و شیلان و عەدلێ و سەمیرە گەڕاینەوە. منداڵەکانی ترم دا بە خێزانەکەم” .

عەدلێ بەو شێوەیە باس لەو بەسەرهاتەیان دەکات: “کاتێک هەڤاڵ سارا لە سنوور پەڕیەوە، ئێمە خەریکی شۆردنی جل و بەرگی بریندارەکان بووین. هەڤاڵان پێیان گوتین عەدلێ؛ ‘ئێوە بڕۆن. تۆ هەڤاڵی بریندار لەگەڵ خۆت ببە و ئەودیوی سنووری بکە’ گوتم: ناڕۆم. بەڵام من تەنانەت نەمدەزانی چەکیش بەکار بهێنم، نەمدەویست زیان بە هەڤاڵان بگەیەنم، کە هاتینە بەر دەرگای سنوور، هەڤاڵە بریندارەکەم وەک خوشکم پیشان دا، بەڵام کێشە درووست بوو و ڕەوانەی زیندان کراین، دەستمان بە مانگرتن لە خواردن کرد. هەڤاڵانمان بەرخودانێکی باشیان کرد، ئێمەیان بردە دادگا، لێدوانەکانمان هەمووی وەک یەک بوون. دەیانویست بمانبەنە لای پزیشک بزانن کە هاوسەرگیریمان کردووە یان نا بەڵام من ڕەتم کردەوە، دوای شەش ڕۆژ ئازادکراین. خۆم گەیاندە سارا و سەمیرە و گوتم دەگەڕێینەوە!’ هەر چوارمان تێپەڕین، دەنگی تۆپ دەهات” .

سەمیرە سەبارەت بە هاتن و چوونی خۆی لە نێوان هەردوو دیوی سنوور دەڵێت؛ “باوەڕم نەدەکرد شەڕ بچێتە ناو شاری کۆبانێ، خەڵکی گوندەکە لە سەرەتاوە دەهاتن و دەچوونە سەر سنوور، خەڵک دڕکەزی سنووریان هەڵدەدایەوە و دەپەڕینەوە، بۆ هەرچی زوو گەڕانەوەیانە. ئێمە پێداگربووین کە بەرخودانی بکەین. ژمارەیەکی زۆر کەس شەهید بوون. ٤-٥ کەس مابووینەوە. بریندارەکان لای ئێمە بوون. هەڤاڵان وتیان ‘ئێوەش بڕۆن، هەرکەس نەتوانێت چەک هەڵگرێت با بڕوات’. هەر چوارمان پەڕینەوە، کاتێک گەیشتینە دیوی باکوور، بینیمان سەربازانی تورک و داعش لەسەر سنوور وەستاون، هەر چوارمان لە ماڵێک لە پیرسوس کۆبووینەوە و بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ کۆبانێ. بەنێو تۆپباراندا شەو گەیشتینەوە شارەکە. گەنجێکی خەڵکی ئامەد(دیاربەکر) شەهید بوو، پێش شەهیدبوونی دەنگی دەهات، دەیووت؛ ‘دایکە سەیرم کە’ من کەفیەکەم هەڵگرت و سەیرم کرد و وتم من دایکی تۆم. ئەو کاتە بەڵێنم دا کە بمێنمەوە” .

دوای ئەو ڕۆژە عەدلێ، سارا، شیلان و سەمیرە لە یەکتر جیا نەبوونەوە. بەڵام شەڕی ناو شار زیاتر و زیاتر سەخت دەبوو. لە کۆتاییدا تەنیا یەک گەڕەک لە دەستی شەڕڤانان و خەڵکی خۆڕاگردا مایەوە: “ئەو شەوە کە گەیشتینە کۆبانێ، شەڕ زۆر قورس بوو. ئەو گوللە تۆپانەمان دەژمارد کە بەسەرماندا دەبارین. گەیشتە ١٥٠ دانە. ئەو ماڵەی ئێمەی لێبووین، بانێژەکەی چیمەنتۆیەکی تەنک بوو. ڕۆژی دواتر، هاتینە لای هەڤاڵانی تر. ڕۆژێک تەقینەوەیەکی گەورە لە بەردەم خوێندنگەی ڕەش ڕوویدا، چووینە نەخۆشخانە. هەڤاڵە بریندارەکان بە زۆر خۆیان بەکێش دەکرد. هەندێک هەڤاڵ دەستیان نەبوو، هەندێک قاچ. پزیشکیش بەبێ بەنج نەشتەرگەریی دەکرد. ئاسمان بەهۆی تەقینەوە، سوور ببوو. کاتێک بریندارەکانیان هێنا، دەوڵەتی تورک دەروازەکانیان داخست، هەڤاڵ هەبوو لە بەر دەرگای سنوور شەهید دەبوون. ئەو کاتە یەک جار دەروازەکانیان کردەوە. بەتانیەکان هەمووی بە خوێن سوور بوون. هەندێک هەڤاڵ هەبوون بە دۆخی برینداری سەختەیانەوە دۆخی هەڤاڵەکانی تری دەپرسی؛” ‘چۆن بوو؟ سەنگەرت بەجێهێشت یان هەڤاڵی لێیە؟’ لەگەڵ هەر شەهیدێک بەڵێنمان نوێ دەکردەوە. ئێوارە کاتی کارەبا کوژایەوە، پێکەوە دانیشتین، ورەی یەکترمان بەرز دەکردەوە. دونیا تاریک بوو، یەکترمان نەدەناسی، بەڵام پێکەوە گۆرانیمان دەگوت” . عەدلێ دەڵێت، شەو هەمیشە ساتەوەختی قورس بوو. شەڕڤانان بیریان لە سەنگەرەکان دەکردەوە؛ “هەم شەڕ بوو. هەم ئێمە هەرسێکمان خواردنمان بۆ هەڤاڵان درووست دەکرد. دەمانگوت ‘ئەگەر مردن بێت با پێکەوە بێت’. ئێمە خوشک و دایکانی یەک بووین. هەرچیمان لەدەست بهاتایە دەمانکرد. کەسمان بێ خواردن نەهێشتەوە، جلی تەڕمان بە کەس نەدەدا، جل و بەرگی شەهیدەکانمان دەشۆرد و دەماندا بە شەڕڤانەکان، هی شەڕڤانەکانیشمان دەشۆرد و دەماندایە بریندارەکان. هەموو بەیانییەک و ئێواران، خواردنمان بۆ شەڕڤانان، بریندار و پزیشکەکان لێدەنا. نزیکەی ١١٠٠ کەس بوون. خواردنی وەک برنج، دۆڵمە، ساوەر، شفتە و کوبەمان لێدەنا، بۆ ئەوەی هێز بەبەر هەڤاڵاندا بێتەوە. ئێواران دەستمان پێدەکرد و تا کاتژمێر ٣ی شەو چێشتمان لێدەنا. وەک دایکی هەڤاڵان بووین. ئێمە لە سەنگەرەکان نەبووین، بەڵام ورەمان پێدەدان و هاوکاریمان دەکردن” .

چیرۆکی پیرەژن

کاتێک عەدلێ منداڵ بوو، پیرەژنێک چیرۆکێکی بۆ گێڕابوویەوە. لە ماوەی ٤ مانگ و ٤ ڕۆژی شەڕی کۆبانێدا، عەدلێ زۆرجار لەخۆی دەپرسی ئەو پیرەژنە چۆن ئەم شتانەی زانیبوو؟ ئەو کاتە گوتبووی؛ “ڕۆژێک دێت پیاوان جلوبەرگی درێژ لەبەر دەکەن و سەری خەڵک دەبڕن. مرۆڤ سەری مرۆڤ دەبڕن و خوێن لە شەقامەکاندا وەک جۆگەلە دەڕژێت’ لە منداڵیدا دەمانگوت؛ ‘پیرەژن ئەم چیرۆکە چییە؟ مرۆڤ چۆن سەری مرۆڤ دەبڕن؟ بەڵام ئەو شەوە چیرۆکی ئەم پیرەژنەم بە بیرهاتەوە. شەهیدێکمان هێنا. کچێکی خەڵکی پیرسۆس بوو. تەرمەکەیمان هێنا بەڵام سەری پێوە نەمابوو. لەو کاتەدا گوتم: دایە، بینیت؟ ئەمە ئەو کاتەیە کە مرۆڤ، سەری مرۆڤ دەبڕێت!’

زۆر هەڤاڵ لە تەنیشت ئێمەوە شەهید دەبوون. تەرمەکانمان دەگەیاندە ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان کە لە باکوورەوە دەهاتن. زۆرێک لە هەڤاڵانمان مینیان پێدا تەقیبووەوە. پارچەی جەستەیانمان لە بەتانیدا کۆکردەوە. ساردخانەکە پڕ لە تەرم بوو. تەرمی هەڤاڵەکانمان لە سەر زەوی نزیک ساردخانەکە دادەنا. هەڤاڵێکی ژن بە ناوی لالەشین سەرقاڵی پاککردنەوەی تەرمی شەهیدەکان بوو. هەڤاڵانی تریش یارمەتیان دەدا. لە بن بەفر و باراندا، لە سێ جێگە گۆڕمان هەڵکەند بۆ بە خاکسپاردنی تەرمی هەڤاڵان. دوای شەڕ هەموویانمان بردە گۆڕستانی شەهیدان. کە بیستم لەزگینی برام شەهید بووە، دەستبەرداری کارەکە نەبووم و سەرقاڵی درووستکردنی خواردنی هەڤاڵان بووم و دەگریام. من تەنیا بۆ براکەم نەگریام، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو شەهیدانەی بەخشیمان. شەوێک کاتژمێر یەک هەستاین، لە تەنیشت خوێندنگە تەرمی٢٤ هەڤاڵی شەهیدمان بە خاک سپارد. ئیتر بەرگەم نەدەگرت. هێندە هەڤاڵی قارەمانمان بە خاک دەسپارد. لەخۆمم پرسی ئایا دوای ئەم شەهیدانە دەتوانم بژیم؟ ئایا خەڵکی کۆبانێ جارێکی تر دەتوانن لەم شارەدا بژین؟” .

وەک سارا، عەدلێ و سەمیرە، دەیان دایک و ژنانی گەنجی کۆبانێ کاری گرنگیان بۆ سەرکەوتنی شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە ئەنجامدا. شەڕڤانانی یەپەژە دەڵێن؛ “ژمارەیەک لە ژنانی گەنج هەبوون بە دەستپێشخەری و لەخۆبووردووییەوە دەچوون، جبەخانە، تەقەمەنییان دەبردە سەنگەرەکان و بریندارەکانیان دەگواستەوە نەخۆشخانە، برینەکانیان تیمار دەکرد، وەک ئەوەی چەندین ساڵ لە نێو شەڕدا بوو بن، ڕۆحی هەڤاڵێتیان زۆر بەهێز بوو” .

لە نێو دایکە خۆڕاگرەکاندا، دایکێک هەبوو بەرپرسیاری دەزگای ئاسایش بوو، بەناوی هیڤا هەبوون کە دایکێکی عەرەب بوو، دەیگوت؛ ‘ناڕۆم!’ ئەو دەیویست منداڵەکانی شایەتحاڵی ئەم مێژووە بن. هەر بۆیەش دەیگوت؛ “ئەگەر بژین با بزانن ئەم مێژووە چۆن درووست بووە، با دڕندەیی دوژمن لەسەر خاکی کوردستان ببینن، ئەگەر شەهیدیش بن، ئەوە خۆیان دەبنە مێژوو” .

ئەم نوسینەی سەرەوە بەشێکە لە کتێبی ” ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن ” کە ئێستا ئامادەیە بۆ چاپ، لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆژییە لەسەر مێژووی دێرینی ڕۆژئاڤا و شۆڕشی ژن. کتێبەکە لە  لانی کەم ٦٥٠ لاپەڕە پێکدێت. لە پاڵ لێکۆڵینەوەی مەیدانی سوود لە سەدان سەرچاوە وەرگیراوە. هەر ئێستاش ئامادەکاریی بۆ وەرگێڕانی دەکرێت بۆ زمانی ئینگلیزی. کتێبەکە ئێستا بە زمانەکانی زاروەی کرمانجی ژوورینی کوردی- لە ئایندەیەکی نزیکدا بە زاراوەی کرمانجی ناوینی کوردی و لە ئایندەدا بە ئیگنلیزی و عەرەبی لە بەردەست دەبێت.