بەیاننەمەی ئەنجومەنی ژنانی سوریا
ئێمەی ژنانی سوریا، ساڵانێکی درێژە لەژێر گوشاری نەژادپەرستی و سیاسەتی تاکڕەوانەی ڕژێمی بەعس کە ئیرادەی ژنانی پەراوێزخستبوو، ژیاین. گەلانی سوریا کە لە ساڵی ٢٠١١ دژی ڕژێمی دیکتاتۆر ڕاپەڕین، لەم ١٣ ساڵەی دواییدا ڕووبەڕووی شەڕ، کۆچبەری، داگیرکاری و ستەمی داعش بوونەتەوە. لەم پڕۆسەیەدا زۆرترین ئازاریان ژنان چەشت.

ئێمە، هەم لە بەرامبەر ڕژێمی بەعس و هەم لە بەرامبەر داعش، دژی هەموو جۆرە ستەم و هەوڵی کۆیلەکردن، خۆڕاگریمان کرد. باجی قورسمان دا، بەڵام هیوامان بۆ ژیانێکی دیموکراتی و ئازاد لە سوریا لەدەست نەدا. ئێمەی ژنانی سوریا لە هەموو پێکهاتە ئیتنیکی، کولتووری و ئایینییەکان، بە ئامانجی دروستکردنی داهاتوویەکی ئازاد بۆ هەموو گەلانی سوریا، ئەنجومەنی ژنانی سوریامان دامەزراند. ئێمە بڕیار و ویستی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە دەتوانین لە هەموو کاتێک زیاتر لە پڕۆسەی ئێستادا، ڕۆڵێکی چالاک و پێشەنگ بگێڕین.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە سوریا هەوڵ دەدرێت بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی نوێ. بەڵام پێویستە لەم پڕۆسەیەدا ئیرادەی ژنان لەبەرچاو بگیرێت و بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە ژنان نوێنەرایەتان هەبێت، چونکە ژنان زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگای سوریان. بونیاتنانی وڵاتێکی دیموکراتیانە، دادپەروەر و ئارام کە ئێمە خەونی پێوە دەبینین، تەنها بە بەشداری یەکسان و هاوبەشی ژنان و هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی باوەڕ، کولتوور و ئیتنیکییەکانی سوریا، دەتوانرێت بێتە دی.
لەم ١٣ ساڵەدا، ژنانی تێکۆشەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆیان ڕێکخست و دەستکەوتی گرنگیان بەدەستهێنا. لە سیاسەت، ئابووری، خۆپاراستن، دادپەروەری و زۆر بواری تردا، ئەزموونی گرنگیان بەدەستهێناوە. کاتی ئەوە هاتووە هەموو ژنانی سوریا سوود لەم دەستکەوتانەی ژنان وەربگرن. لەبەر ئەوەی ئەم دەستکەوتانە بە فیداکاری و باجی گەورە بەدەستهاتوون، پاراستنیان زۆر گرنگە. یەکێک لە گرنگترین مەرجەکانی ڕەوایی سیستەمی نوێ کە لە سوریا دادەمەزرێت، لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، دڵنیاکردنەوەی ڕۆڵی ژنانە لە دامەزراندن و سیستەمی نوێی سوریادا.
شایەنی باسە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ڕووداوێکی ئەرێنی بوو بەڵام بەداخەوە لە ئیدلیب، عەفرین، جەرابلوس، باب، گرێ سپی و سەرێکانی، تاوانەکانی دژی ژنان، وەک ڕفاندن، کوشتن و بێبەشکردنی ژنان لە مافە بنەڕەتی و ئازادییەکانیان کۆتاییان نەهاتووە. لەم شوێنانە و ئێستاش لە مەنبەج هەندێک گرووپی چەکدار بە پشتیوانی تورکیا، هیشتاش تاوانەکانیان و داگیرکارییان بەردەوامە.
لەم ڕۆژانەدا کە ئاهەنگ بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەگێڕین، دەبینین کە کردەوەی توندوتیژی دژی ژنان و گروپە باوەڕی و کولتورییەکان بەتایبەتی دژی مەسیحی، عەلەوی و دورزییەکان لە ناوچەکانی باشوور و کەنارەکانی سوریا زیادی کردووە. هێرشەکانی سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سەربڕینی ژنان وەک لە تل ڕیفعەت لەلایەن گروپە چەتەکانی پشتگیری تورکیاوە ئەنجامدرا، بەردەوامە. بۆ ڕێگرتن لەم پێشێلکارییانە و کۆتاییهێنان بەو مەترسییانەی کە گەلەکەمان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی سوریا دەکەین، کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە بکەن:
١. دەبێ سورییەکان بڕیاری ئایندەی سوریا خۆیان بدەن.
٢. دەستبەجێ ئازادکردنی هەموو ئەو ژنانەی کە تا ئێستاش لە زیندانەکانی گروپە چەکدارەکان لە ئیدلیب، عەفرین، جەرابلوس، باب، گرێ سپی و سەرێکانی دیل گیراون.
٣. پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەماندا؛ داخستنی ئاسمانی سوریا لە جموجۆڵی سەربازی، ڕاگرتنی هەموو هێرشێک لەسەر خاکی سوریا و کشانەوەی هەموو سوپا داگیرکەرەکان.
٤. دامەزراندنی لیژنەیەک بۆ گەڕانەوەیەکی سەلامەتانەی کۆچبەرانی سوریا و کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی خاکی سوریا و بە بەشداری کاریگەرانەی ژنان لەو لیژنەدایە.
٥. دڵنیایی بۆ بەشداری ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەموو ناوچەکانی سوریا، بە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە، لە دامەزراندنی سوریایەکی دیموکراتی و لە کۆمیتەی داڕشتنی دەستووری نوێ دا.
٦. جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ دڵنیابوون لە بەشداری ژنان لە پڕۆسەکانی ئاشتیدا، ڕێگرتن لە پێکدادان و توندوتیژی دژی ژنان لە کاتی ململانێ و پێکدادانەکاندا. بەشداری کاریگەرانەی ژنان لە پڕۆسەکانی بڕیاردان، جێبەجێکردن و بەدواداچوون دا لە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە.
٧. دامەزراندنی لیژنەکانی ڕاستی و دادپەروەری، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی هەموو تاوانەکانی شەڕ، تاوانی دژی ژنان و مافەکانی مرۆڤ.
٨. دابینکردنی بەشداری یەکسان و ئازادانەی ژنان لە هەموو میکانیزمەکانی بڕیاردان، لە بوارەکانی سیاسی، پەروەردە، زانست و ئابووری دا.
٩. داننانی یاساییانە بە مافی ژنان بۆ خۆپاراستن.
١٠. جێبەجێکردنی تەواوی بنەماکانی مافی مرۆڤ کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی وەک سیداو- CEDAW ( پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری دژی ژنان) دیاریکراون و دابینکردنی مافە بنەڕەتی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان.
١١. دامەزراندنی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی ئیرادەی ژنان، لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی یەکسان لە دامەزراوە سیاسی و گشتییەکاندا.
١٢. دامەزراندنی کۆمیتەکانی دادپەروەری، بۆ ئەو منداڵانەی کە لەم پرۆسەیەدا لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە، لە شەڕ و توندوتیژیدا، زیانیان بەرکەوتووە.
١٣. دامەزراندنی لیژنەیەکی ژینگەپارێز، بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی وێرانکردنی ژینگە، دادگاییکردنی تاوانباران و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.
ئەنجومەنی ژنانی سوریا
٢٠-١٢-٢٠٢٤