بوارەکانی ژیان, فێمێنیزم, کار و پڕۆژەکانی ژنۆلۆژی, مێژوو, وتار و لێکۆڵینەوە

خەونەکەی ناگیهان ئاکارسەل لە جێیەکی دیکەی کوردستان بەدی هێنرا

شارەوانی پەیاسی ئامەد سەر بە پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە پارکی ٧٥ “کتێبخانەی بەرهەمەکانی ژنان”ی کردەوە. چەندین سیاسەتمەدار و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشداری کردنەوەی کتێبخانەکەیان کرد. لە کردنەوەی کتێبخانەکەدا ژنان چەندین جار دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یان وتەوە.

هاوسەرۆکی شارەوانی پەیاس بێریڤان گوڵشەن سینجار ڕایگەیاند کە کتێبخانەکە بۆ شار یادەوەرییەکە و ئەم شتانەی خستەڕوو: ” کاتێک ئەم کارەمان دەکرد، ویستمان شوێنێکی تایبەت بە ژنان هەبێت. یادەوەریمان گەورە دەکەین و بەهێزی دەکەین.”

هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی ئامەد سەرا بوجاک باسی لەوە کرد کە بە کردنەوەی کتێبخانەکە زیاتر حەقیقەت بونیات دەنرێت.

ناوەندی یادەوەری

پەرلەمانتاری سەر بە پارتی دەم لە ئامەد عەدالەت کایا جەختی کردەوە کە دامەزراندنی کتێبخانەکە لە ڕووی مێژووییەوە واتادارە و وتی: ” ئێرە لە هەمان کاتدا گۆڕەپانی بەرخودان و یادەوەرییە. کاتێک ناگیهان ئاکارسەل لە سلێمانی کاری بۆ کردنەوەی کتێبخانەی ژنان دەکرد، تیرۆر کرا. جێبەجێکردنی خەونەکانی، میراتی ئێمەی ژنانە. داهێنەری فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوا چاوپێکەوتنیدا پەیامی بۆ ژنان نارد. ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان ئەوەیە کە خۆمان بەهێز بکەین و ئەم زانیارییە بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازادیخواز و یەکسان بڵاو بکەینەوە.”

نووسەر فاتما تاشلیتونج باسی لەوەش کرد کە دەبێت ئەم کتێبخانەیە بۆ هەموو شارەوانییەکان ببێتە نموونە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: ” دەبێت کار بۆ ئەو ژنانەش بکرێت کە لە ماڵەوەن. پێویستە شارەوانییەکان گوڕ بە کارەکانیان بدەن بۆ ژنان.”

هەڵمەتی کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانەکە بەردەوامە و ئامانجت سەرەکی لە کتێبخانەکە دروستکردنی ژینگەیەکە کە تیایدا ژنان پێکەوە بخوێننەوە و گفتوگۆ بکەن. لە کتێبخانەکەدا، بەرهەمەکانی نووسەرانی ژن، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیان، بڵاوکراوە و ڕاپۆرت و کەرەستە دیجیتاڵییەکانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان، گروپی کاری لێکۆڵینەوەی زانستی ژن بەڕێوەدەچن و ناوی کتێبخانەکە بە بڕیارێکی هاوبەشی ژنان دیاری دەکرێت.

هەدیە گونەش زەنگەر، بەڕێوەبەری سیاسەتە ژنانەکانی شارەوانی پەیاس گووتی: “هۆکاری کردنەوەی ئەم کتێبخانەیە کەمی ناوەندەکانی یادەوەری و جێیەک بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی ژنانە. ژنان گەلێک بەرهەمی نووسراو و نەنووسراویان هەیە و دەمانەوێت هەموویان کۆبکەینەوە. هاوکات ژنان شوێنی تایبەت بە خۆیان نییە بۆ کارکردن و ئەنجامدانی کاری تایبەت.

کتێبخانەکە، ٥ ڕۆژ لە هەفتەدا لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٥ی ئێوارە کراوە دەبێت، تەنها شوێنێک نابێت بۆ خوێندنەوەی کتێب، بەڵکو دەبێتە جێگەی سازکردنی سیمینار، گفتوگۆ، جێی کۆکردنەوەی ئەدەبیاتی نووسراو و زارەکی و گفتوگۆی سەر زانستی ژن و وشیارکردنەوەی ژن بۆ تێکۆشان لە بەرامبەر ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی ( سێکسیزم).

هەدیە گونەش زەنگەر داوا لە هەموو ژنان دەکات کە پشتیوانی لە کتێبخانەکە بکەن و بەشداری تێدا بکەن، چونکە ئامانجیان ئەوەیە ببێتە شوێنێک بۆ هەموو ژنان لە تەمەنی ٧ەوە تا ٧٠ و بتوانن یادەوەرییەکانیانی تێدا تۆمار بکەن.

هاوسەرۆکی دەم پارتی شارۆچکەی پەیاسی ئامەد گوڵشەن ئۆزەر بانگەوازی بۆ هەموو ئەو ژنانە کرد دەیانەوێت بخوێننەوە، بنووسن و توێژینەوە بکەن کە بێن بۆ کتێبخانەکە. دوای وتارەکان، کتێبخانەکە بە دەم وتنی گۆڕانی و هەڵپەڕکێ کرایەوە. ژنان دەفیان لێدوان و هەڵپەڕین.