( ڕانانێک بۆ کتێبی: گەڕیدەی حەقیقەت)
شیرین تاهیر

لەم نووسینەدا باس لە ڕسکی شۆڕشگێڕی و تێگەیشتوویی ژنێک دەکەین؛ کە جیاواز لەوەی فیگەرێکی شۆڕشگێری لەودا بەرجەستەکراوە؛ ئەو ئاستی مەعریفی لێوڕێژە، بە شێوەیەکی تەواو هێزی وشیاریی خۆی کردۆتە سەرچاوە بۆ جوڵەی پراکتیکی و زەینی بیرکردنەوە. بەشێوەیەک ئاخۆ دەتوانین شتێک لەبارەی مرۆڤێکەوە بڵێین کە ئێستا بوونە فیزیکیەکەی نەماوە، بەڵام گوتارەکانی وامان لێدەکات لەسەر ڕاستگۆییە فیکرییەکەی کڵێشەکان هەڵوەشێنینەوە و بەمەش ڕەنگە ئەفسانییەکانی گەشتی تێکۆشانی ببینین، لێرەدا بەتەنها باسی تێکۆشانی (ناگیهان) ناکەین، بەڵکو بە شرۆڤەکردن و تاوتوێکردنی بەشێک لە وتە و گوتارەکانی بەراورد کردنی بە وێنا شۆڕشگێڕییەکەی؛ وامان لێدەکات باشتر لە پرسی ژن تێبگەین، ئایا زەبر و هێز هیچ پەیوەندییەکی بە زەوتکردنی مافی ئەوانیترەوە هەیە؟ئایا: دەتوانن بەو ئیڕادەیەی کە هەیانە ئەم ژێردەستەیی و پەراویزخستنە، وەک واقیعیکی ئازادیخوازی ڕەتبکەنەوە، کە مەحاڵ نییە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان؛ ئەڤینی ژیان بۆ خۆیان و هاوشێوەکانیان بکەنە ئامانج. بۆ هەڵۆێستەکردن لەسەر ئەم بابەتە؛ باس لە کتێبی”گەڕیدەی حەقیقەت” دەکەین، وەک کۆگوتارێک و وروژاندن و ڕاڤەکردنی چەمکی “حەقیقەت و ئازادیی” لەچوارچێوەی ئیستاتیکایەکی وەک: ” سیاسەتی ئازادیی، چۆن پیاو لەحیکمەتەکانی ژنەوە فێربێت، پێویستە ژن ئامانجەکەی وەک خۆر ڕوون بێت”([1]) ببێتە چرایەک تاکو لە چەندین جیاوازەوە سەبارەت بە ژنێک؛ ئازادیخوازێک؛ وێڵبوویەکی حەقیقەت؛ بیرمەندێک و ئەڤین دۆستێکی ژیان و هاوپشتێک بۆ هەڤاڵەکانی؛ بدوێین، لیرەدا ئەم باسە بە (ناگیهان ئاکارسەل)ەوە گرێدەدەین و دەمانەوێ لە چوارچێوەی بابەتیدا بە زمانێکی شۆڕشگێڕانەی ژنانە لێی تێبگەین، ئەم شرۆڤەکردنە؛ بە تەنها بۆ شێوازی نووسینی نووسەر نییە؟! بەڵکو بۆ لێکدانەوە و تێڕوانین و سەرنج خستنەسەر کۆگوتاری نووسەر و تێکۆشەر و ڕاگەیاندکارێکە، ئەگەرچی ڕەوتە فیکریەکان لە خاڵی یەکتربڕینیشدا لە ململانێدا بن، بەڵام بە تێکڕا لە لایەنگیری بۆ دەستکەوتە مەعنەویی و مەعریفیەکان؛ بۆ هەمەلایەنی وشیاری خاڵی بەیەکگەیشتنمان هەیە، واتە وەک نێوەندگیر؛ خوێندنەوە و قوڵبوونەوە لە کتێبی” گەڕیدەی حەقیقەت” خاڵی بەیەکگەیشنی ژیان و بوونی ئێمەیە لەگەڵ تێکۆشانی ئەودا.
کۆگوتاری “گەڕیدەی حەقیقەت” دەرخەری هەستانەوە و گڕوتینی مەعریفە و ئەقڵی ژنێکە؛ کە وشیارێتی و هەڵوەستەکردنە؛ لەسەر ئاگایی ژن و باوەشکردنە بە پراکتیزەکردنی حەقیقەتی چەمکی ئازادیی و ئەڤین و عەشقی تێکۆشان. لەم نووسینەدا باس لە تراژیدیای مەرگی نووسەر ناکەین؛ کە وەک نووسەر و ڕاگەیاندکار و تێکۆشەرێکی کەموێنە و ئازا و ئازادی نێو ڕیزەکانی تێکۆشانی ژنان؛ بڕوای بە کۆڵنەدان و بەرەنگاریی بووە، لەکاتێکدا تراژیدیای مەرگی (ناگیهان) لە چوارچێوە دراوە بە کۆمەڵێک تراژیدیا، کە ئێمە جارێک وەک ژن و جارێکیش وەک کورد و جارێکیش وەک نووسەر و ڕاگەیاندکارێک دوور لە زێدی خۆی شەهیدکرا، دەشێ ئێمە؛ لەڕێی خوێندنەوە و ڕانان بۆ فیکر و تێکۆشان و ئامانجەکەی؛ مانایەک بە مەرگی نووسەر ببەخشین، هەرگیز وەک نووسەر و تێکۆشەرێکی ژن لێی دانەبڕێین.
ئەم گوتارانەی لە نێو دووتوێی ئەم کتێبە لە (پانزدە) ژمارەی جیاوازی گۆڤاری ژنۆلۆژییدا بڵاوکراوەتەوە، گوتارەکان لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کۆکراوەتەوە و چاپکراوە و ناونیشانی “گەڕیدەی حەقیقەت”ی پێبەخشراوە. بەهەرحاڵ ئەگەر بەو پرسیارە دەست پێبکەم؛ بۆچی ئەم کتێبە بۆ ئێمەی ژن گرنگە و بۆ دەبێت لە زەین و رۆحی ئێمەی ژندا؛ نشێو و بەرزیی و نزمی و کەوتنەکانی درک بکەین و کەڵکی لێوەربگرین، و دواتر پێناسەی تێکۆشانی بکەین و هۆشیاریی و مەعریفەی لێ هەڵێنجین؟ بێگومان گرنگیدانی ئێمە بە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە، زیاتر پەیوەندی بە ئایدیا و دنیابینی نووسەری کتێبەکەوە هەیە، گرنگیدان بە هەر بەرهەمێکی تیۆریی و فیکریی؛ دەشێ هەوڵێک بێت بۆ گەشەکردن و فراوانکردنی سەرچاوە مەعریفیەکانی ژنان، دەکرێ بە قووڵی لە ڕاڤەکردن و خستنەڕووی چەمکگەلێک؛ کە ڕۆشنایی گوتارەکانی لەسەر بونیادنراوە؛ وردبینەوە و وەک بونیادێکی گرنگ بۆ بەردەوامیدان و ڕێڕەوی تێکۆشانی ئەمڕۆی ژن لێی بڕوانین، لەو هێزەوە دەست پێدەکەین؛ کە گەرمایی بە ئەڤینی ئازادیی و عەشق و حەقیقەت دەبەخشێت؛ شەن و کەوکردنی ئەم چەمکانە لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە، وادەکات مشتومڕ و گفتوگۆ و دژیەکی و ڕەخنە بابەتیەکان زیاتر بنکۆڵ بکەین. چونکە ئەم بەرهەمە بە تەنها کتێبێکی ئەدەبی یان شرۆڤەیەکی سیاسی و فیکری نییە، بەڵکو تێڕوانین و سەرنج و خوێندنەوەی وردە بۆ زۆر چەمکی تیوریی و فۆرماسیۆنی تێکۆشانی پراکتیکی ژیانی ئیمە، چەمکەکان لە قوڵایی ڕەخنەی فیکرییەوە دەبووژێنەوە و ناکۆکی و بەریەککەوتنیان هەیە، لەگەڵ هەر زیادکردن و کەمکردنێکی ڕوواڵەتگەرایی ئەقڵیدا پێناسەی جیاوازتر لەخۆیاندا هەڵدەگرن. شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی هەر کۆنتیکستێکی بەهاداری ئەو لەناو بەشەکانی هەر گوتارێک؛ بەشێوەیەک لە شێوەکان؛ دەرگا کردنەوەیە لە مەعریفەی نوێتر و گشتگیر و هەمەلایەنەتری نووسەر، چونکە جگە لە تەکنیکی نووسین، هاوکات گرنگیدانی ئەو بە زمان و دەستمان دەگرێت بەرەو ئامانجە روونەکان و بانگهێشتمان دەکات؛ بۆ قوڵبوونەوە لەهەر ڕێبازێک کە لەڕێیەوە ژنان دەیانەوێ ئامانجەکان بەدیبهینین.
بەمشێوەیە کاتێک لە بنەمای زەینی ئەو نزیک دەبینەوە، ئەوا لە کلتوور و لە زمانی تێکۆشان و لێڕژانی مەعریفە و گەڕان بە دوای ئەودیوی شتەکان نزیکدەبینەوە، شتانێک وەک گومان کردن لە حەقیقەت لەودیوی گومان نەسرەوتنەوەن لە واقیعدا دەستمان بەریان ناکەوێت. دەبینین (ناگیهان) جگە لە گرنگیدان بە زمانی دەربڕین لە بەستێنی نووسیندا؛ کۆنتێکستی گوتارەکانی بەستۆتەوە بە دەیان چەمکی فیکریی و فەلسەفی و سۆسیۆلۆژی و سیاسیەوە، ئەم چەمکانەی لەخۆڕا بەکارنەهێناوە، بەڵکو زیاتر وەک خرۆشانی پشتەوەی گوتارەکان ئەم چەمکانە دەهێنێتە بەرباس، هەڵبەت لە ململانێی چەمکەکاندا هەرگیز ئامانجە سیاسیەکانی بچوک ناکاتەوە.
دەتوانین بڵیین؛ ئەم کتێبە(گەڕیدەی حەقیقەت) جگە لە تەکنیکی نووسین؛ هاوکات بونیادێکی مەعریفی گرنگیشە لە پێدانی هێز و تێڕوانین بۆ ئازادی ژن و پیاو و ڕێزگرتنی هەریەکەیان لە مافی ئازادی ئەویتر. ئەگەر بە شێوەیەکی تایبەت لەم دەرفەتە کەمەی ئەم نووسینەدا سەرنج بخەینە سەر چەند گۆشەنیگایەکی دیکەی ڕەهەندی گوتارەکانی؛ ئەوا لە ڕێی هەندێک کۆنتێکستی مەعریفی و میتۆد و ئامانج و دەرئەنجامەوە؛ دەتوانین لە چەند تەوەرێکدا شرۆڤەیەکی کورتی چەند ڕەهەندێک بکەین؛ لەوانە:
شوێندەست و نیشانە مەعریفیەکان لە چەند ڕوویەکەوە:
یەکەم:لە چۆنێتی دەربڕینی بیروباوەڕەکەیدا؛ زۆر بەڕوونی درک بەوە دەکەین، نووسەر خاوەنی مەعریفە و دنیابینییەکی فراوانە، ئایدیای بزوتنەوەیی چەپێکی دیموکراتە، بەڵام چەپێکی تەقلیدی نا؛ کە کار لەسەر فیکری ماتریالیزمی مێژوویی دەکات، ئەو خۆی لە ئەرسۆدۆکسیزم ڕزگارکردووە، بەردەوام بۆ ڕۆحی سروشت گەڕاوەتەوە، لەو ڕێیەوە داوای دادوەری لە نێوان مرۆڤەکاندا دەکات و داکۆکی لە زمان و هەموو کولتوورێک و بوونەوەرێکی پەراوێزخراو دەکات، هەست و نەست و ڕۆح و ئەقڵ ئاوێتە بە یەکتر دەکاتەوە، ڕەخنە لە زمانی نووسین و بە پرۆسیسەکردنی چەمکی ئەقڵانییەت لەلایەن بیرمەندان و نووسەرانی بەرەی پۆزتیڤیزم دەگرێ، بە بۆچوونی نووسەر؛ ئەوان تەنها گەڕاونەتەوە بۆ ئەقڵ، ئەقڵی ئەبستراکێتی لیبراڵە نوێیەکان. هەروەها بایەخ بەو کولتوور و فیگەرانەی کۆمەڵگە دەدات کە پشتگوێ خراون، دەربڕین و ئامانج و ئاڕاستەکردنی (ناگیهان) تەنها بۆ ژنی کورد نییە بەڵکو بۆ تەواوی ژنانی جیهان و بۆ پیاوانیشە، لەبارەی هەژموونی نێرسالاری چەندین ڕەخنەو لێوردبوونەوە و دەووروژێنیت، لە بەشێکی هەرە زۆری گوتارەکانی پێداگری لەسەر وشیارکردنەوەی پیاوان، کاڵکردنەوەی ویستی هەژموونگەرایی ئەوان دەکات، بۆ نموونە: لە گوتاری “ئایا بەڕاستی پیاو دەیەوێ لە حیکمەتی ژنەوە فێربێت” دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونێکی کلاریسا پینکۆلاس ئیستاس؛ دەڵێت: ئەگەر ژنان دەیانەوێت پیاوان بیانناسن، پێویستە هەندێک لە حیکمەتە قوڵەکانیان فێرکەن، هەندێک لە ژنان دەڵێن ماندوو بوون، پێشتر زۆر شتیان لەو بارەیەوە کردووە، بۆچوونی دڵنزمانەم ئەمەیە؛ دیارە هەوڵدەدەن پیاوێک فێر بکەن، کە گرنگی بەفێربوون نادات. زۆربەی پیاوان دەیانەوێت بزانن، دەیانەوێت فێربن، کاتێک پیاوان ئەو ویستە نیشانبدەن، ئەوا کاتی ئاشکراکردنی شتەکانە.([2]) لەڕێی ئەم ئایدیا پیشکەوتووخوازەوە، نووسەر داوای جیهانبینیەکی کراوە و پێشکەوتووی ئازاد دەکات، ناگیهان- دەیەوێ ژنان هێزی خۆیان پیشان بدەن، بەڕاڤەکردنێکی پرسیار ئامێزەوە لەبارەی ئەم بۆچوونەوە دەڵێت:”بە چ واتایەک دێت، کە ژنان پیاوان بناسن؟ بۆچی ژنان دەیانەوێت، پیاوان خۆیان بناسن؟ مەبەست لە حیکمەتی قووڵی ژنان چییە؟ ئایا بە ڕاستی پیاو دەیەوێت فێری ئەو حیکمەتە بێت؟ پێوەری ناسینی ئەو پیاوەی دەیەوێت فێربێت، چییە؟ دەکرێت پرسیاری زیاتریش بکرێت. لەڕاستیدا ئەو خاڵەی ئێمە لەم ئاماژەیەدا لەگەڵیدا هاوڕاین ئەوەیە، ئەو حیکمەتە قووڵەی ژن بە ناسینی خۆی پێی دەگات، بۆ پیاو پێویستە، کە دەیەوێ بەرەوپیش بچێت.([3]) نووسەر گومان لە گۆڕینی ئەقڵی چەقبەستووی نێرسالاری ئەو پیاوانەش دەکات؛ کە لەناو ڕیزەکانی شۆڕشدان، چونکە لەوباوەڕەدایە: تەنانە ئەگەر پیاو بشڵێت:”ڕێبەرایەتی ژن قبووڵ دەکەم، بەڵام هەمیشە ژنێک هەیە،کە لە مێشکی خۆیدا ئایدیالیزەی دەکات”([4]) هەروەها نووسەر لە گوتاری “بزووتنەوەی ئەوانەی لە بەرەیەکی ڕاستی مێژوودان؛١٩٦٨” لەم گوتارەدا نووسەر بەرلەوەی بچێتە نێو ڕیتمەکانی نووسینەوە بەم گوتەیەی گریتچن([5]) درێژە بە نووسینی گوتارەکەی دەدات؛ دەڵێت:”باوەڕێکی تەواومان هەبوو، کە لە بەرەی ڕاستی مێژووداین”. لێرەدا ناگیهان باس لە گرنگی ڕەنگدانەوەی فاکت و دیاردەکانی سەردەم دەکات، ئەوەی پێیدەگوترێت(ڕۆحی سەردەم) کە هەر نووسەرێک و هەر تێکۆشەرێک ڕۆڵەی سەردەمەکانی خۆیانن، پێویستە لە بەرەنگاری و ململانێکاندا؛ خوێندنەوەیان هەبێت بۆ ڕۆحی سەردەمەکەیان، ئەو کەشە ڕۆحی و هۆشیارییەی؛ ڕۆشنبیران و بیرمەندان دروستی دەکەن؛ گوزارشتە لە شێوازی بیرکردنەوە؛ هەستکردن و زەینیەتی ئەو سەردەمە.([6]) مەبەستی پشت ئەم گوتارە، پێدانەوەی خەسڵەتەکانی شۆڕشگیڕییە بە کارەکتەرەکانی نێو شۆڕش و ناسینی سۆبێکتی شۆڕشگێرییە لە هەر سەردەمێکدا. جگەلەوەش باس لە زیندوێتی هەر شۆڕشێک دەکات؛ لە کاتێکدا کەشی رۆحی و هزرییەکەی بە وزەی گەنج داگیرساوە، بۆ هەمان ئەم بۆچوونە، گەر بگەڕیینەوە بۆ ڕۆمانی ” ژیان وا لەشوێنێکی دیکە”([7]) ی میلان کۆندیرا، ئەوا نووسەر لە دەقی ئەو ڕۆمانەدا هەمان بۆن و بەرامەی شیعرییەتی تێکۆشان و کۆڵنەدانی گەنجە فەرەنسییەکان لەساڵی ١٩٦٨ بۆ خوێنەرەکانی دەخاتە ڕوو.([8]) ئەگەرچی ڕۆمانەکە بە ڕیتمی عاشقانە ڕێچکەی گرتووە بەڵام هەستی شۆڕشگێڕی تێیدا دەدرەوشێتەوە. کۆندێرا- هەمان بۆچوونی هەیە لەبارەی گەرمی شۆڕشەکان و ڕۆحی گەنجیتی و بکەر و ئەنجامدەری شۆڕشەکان. هاوکات ناگیهان دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونێکی عەبدوڵڵا ئۆجالان، لەمبارەیەوە: کە لە شیکردنەوەکانی ئایاری ١٩٩٦ دا دەڵێت: ” گەنجان ئەو بەشەن کە نزیکترینن لە ڕاستییەوە.([9]) هێز و جووڵەی گەنجێتیە وادەکات؛ شیعرییەت و ڕۆحی تێکۆشان بە زیندووی بمێنیتەوە.
دووەم: باکگراوندی مەعریفی نووسەر تەنها لە فیکرێکدا قەتیس نەبووە، ئەگەرچی فیکری نووسەر گرێدراوی فیکری “ئاپۆیی و ژنۆلۆژییە” بەڵام لە نووسینی گوتارەکانیدا بۆ ڕاوبۆچوون و تیۆری چەندان فێمنیست و نووسەری هاوچەرخ و مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە گەڕاوەتەوە؛ لەوانە(جۆرج ئاگامبین و سلاڤۆی ژەیژەک و نیچە و ڤێرجینیا وۆڵف و جولێت و لوسی ئیریگاری…تاد) ئەمەش ئەرگیۆمینتێکە لەسەر دنیابینی و هێزی وشیاری و ئاگایی نووسەر.
سێیەم: لە دیدێکی دیکەوە ئەگەر سەیربکەین؛ نووسەر دەیان چەمکی فەلسەفی و فیکری بەکار هێناوە؛ بۆ پاڵپشتی لە دەقی نووسینەکانی گەڕاوەتەوە بۆیان و شرۆڤەی کردووە و بەستوویەتیەوە بە ڕێبازی ژنۆلۆژییەوە، لەو چەمکانە:” ئیتیک و ئێستیک”(ئەخلاق و جوانناسی) لە گوتاری “لە بەرامبەر دیستۆپیای پێدراو، لە ئامێزگرتنی یۆتۆپیاکەمان”، ئەو لەو باوەڕەدایە:” مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکەکانی ئیتیک و ئێستیک ئەستەمە کاتێ لە جووڵەدا بن و ئەو جووڵەیەش سەرچاوەی خۆیان لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی تاکەکەسییەوە وەرگرن، هەم بە جیا و هەم لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتر. ئەنجامدانی ئەوە لە ڕوانگەی ژنۆلۆژیشەوە زۆر قورسترە، چونکە پێویستی بە پاککردنەوەی زاراوە و ڕستەکانە لە هەموو پێناسە زەق و تیژەکانی پۆزتیڤیزم.([10]) ئەو دەیەوێ لەسایەی ڕێبازی ژنۆلۆژییدا؛ ڕێگا پاکبکاتەوە بۆ گەشەپێکردنی زمانێکی لۆکاڵی ڕوون و پاکژ لە زاراوەی ڕەق و بێڕەونەق، زمانێک دوێنەری فیکر بێت و لە ڕێگەی شرۆڤەی فیکرییەوە ڕاڤەی کێشەکانی نێرسالاری و بیری ئازادیی و دیموکراتی بکات و بەرهەمهێنەرەوەی ئایندە بێت. سەرترلەوەش نووسەر لە هەمان گوتاردا کاتێک باسی چەمکی دیستۆپیا([11]) و یۆتۆپیا([12]) دەکات، هەوڵی تێگەیشتنیان دەدات لەسەر بنەمای هاوتاکردنیان لە ژیاندا، ئەو لە دەستپێکی باسکردنی ئەو دوو چەمکەدا پێناسەی جووڵە دەکات، دەڵیت: جووڵە حاڵەتێکی بوونە، چالاکییە و زیندووە. ئەستەمە پێناسەی شتێک بکەین کە زیندوو بێت. سەرنجدان لەسەر ئەنجامەکانی چالاکی، لەسەر وردەکارییەکانی ساتەوەختی ڕوودانەکەی دەکەوێت.([13]) بەدەر لەو چەمکانەی باسمان کرد، نووسەر بە ژیلەمۆی هەندێک چەمکی فەلسەفی و سیاسی دیکە؛ خۆڵەمیشی گوتارەکان دەگەشێنێتەوە؛ لەو چەمکانەی لە دید و ئایدیای خۆیەوە قوڵترین ڕاڤەیان دەکات:” حەقیقەت، پۆزتیڤیزم، چەمکی هەڤاڵێتی، نیولیبرالیزم، تۆتالیتاریا، سۆبژە و ئۆبژە، خۆناسین، ئازادیی، دیالێکتیک…تاد” ئەو لە باسی حەقیقەت و گەڕان بە شوێن ژیانێکی ئازاد، لە گوتاری “ڕەتکردنەوەی سیستەم، سەرەتایەکە” دەڵێت:” کاتێک کاروانەکەمان بەڕێکەوت؟ کاتێک سوێندمان خوارد کە هەرگیز ناگەڕێینەوە بۆ ئەو ژیانەی بەجێمان هێشتووە و لە ناخەوە هەستمان پێدەکرد، ئەو حەقیقەتە چی بوو کە لەوێدا قیبلەنمامان بوو؟ ئێمە پێمان دەگوت ژیانێکی ئازاد… باوەڕمان وابوو دابڕانێکی ڕیشەییمان لەگەڵ سیستەمدا بەدەستهێناوە. بێ ئەوەی ئاوڕ بۆ دواوە بدەینەوە… بەشداریکردن لە تێکۆشان بۆ ئێمە مانای ئازادییە.([14])“
لە گوتاری “پێویستە ژن ئامانجەکەی وەک خۆر ڕوون بێت” بە هۆی ئەوەی نووسەر ئەندامی ژنۆلۆژی بووە، دەیەوێ لە ڕێگەی ئەم ئاڕاستە فیکرییەوە دەستی ژن بگرێت بەرەو پارادایمی ڕۆحی و ئەقڵی، پێیوایە:” ئەستەمە بگەینە مەعریفەی ژیان و مۆراڵی مرۆڤایەتی بەبێ درککردن بە جیاوازیی و وشیاریی لە ئاست ژیاندا.([15])” بەر لەهەرشتێک لەم گوتارەدا باسی گرنگیدان بە زمان و خستنەجووڵەی جیهانی ڕۆحی و فیکریی دەکات، پێیوایە مەلەکردن لە قوڵایی زمانێکی سادەدا هەروا ئاسان نییە، جگە لەوەش کۆمەڵێک پرسیاری بوونگەراییانە لەبارەی “بوون”ەوە دەوروژێنێ، وەک: من کێم؟ چی دەکەم؟ بەرەوکوێ دەچم؟ ئایا پەیوەندییم بە گەردوونەوە هەیە؟ ئەم جێیەی پێی دەڵێن دونیا و ئەم هەسارەیە چۆن بەکاردەهێنم؟ ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی داوای تێڕامانێکی قووڵ لە مرۆڤەکان بکات. لە هەمووشی گرنگتر دەڵێین: دەبێ ئەم زمانە ببێتە زمانێک، کە بە پرسیار دەست پێبکات و کۆتایی پێبێت.([16])
سۆسیالیزم و مرۆڤبوون:
وەک ئەنجام؛ ناگیهان بە گەڕانەوە بۆ فیکری عەبدوڵڵا ئۆجالان، لەوباوەڕەدایە: “پێداگری لەسەر سۆسیالیزم، پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون.([17])” لە وەڵامێکی عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە: “بەر لەوەی باس ئاواکردنی دەوڵەت، پارت و ئابووری سۆسیالیستی بکەین، پێویستە مرۆڤی سۆسیالیست پێبگەیەنی” ئەم بۆچوونە لە وەڵامی پرسیارێکی (م.ساین) دەخاتەڕوو، بەمشێوەیە پرسیارەکە ئاڕاستە دەکات؛ خوڵقاندنی ڕێوشوێنێک–میکانیزمێک کە ڕێگربێت لە میکانیزمی ناوەندبوونی تاکەکەس و ڕێگربێت لە بەدەستهێنانی دەسەڵات؟ واتە کاتێک دەسەڵات و ئەرکی بەدەستهێنا؛ ئەو کاتە لەسەربنەمای کۆیلەکردنی ئەوانی دیکە دەسەڵاتەکە بەکاردەهێنێت، دەشێ ڕێگری لەوە بکرێت؟ هەر لە ناوکۆی وەڵامی ئەم پرسیارە؛ ئۆجالان دەڵێت: مەترسیەکی ئەوەندە گەورە لەبەردەرگایە و تاکە ڕێوشوێنیش؛ قاڵبوونەوەمە لە خەسڵەتی سۆسیالیستیدا، ئەو گەوهەرە لە کەسایەتی خۆمدا قوڵدەکەمەوە.([18]) ناگیهان بە ئەمانەتەوە داکۆکی لەم ئینتما سۆسیالیستیە دەکات، هاوکات باس لەو پێداگرییە سۆسیالیستیەش دەکات؛ کە وای لە گەنجان کردووە، بە ڕۆحێکی ئینتەرناسیۆنالیستی شۆڕشی خۆرئاوا لە ئامێز بگرن، ئەم پێداگرییە بە بونیادنانی سیستمێکی ئەلتەرناتیڤ وەسف دەکات، لەهەمانکاتدا پێیوایە یاخیبوونێکە؛ بەرامبەر بەو سیستمەی بێمانایی دروستدەکات، بە هەستێکی ساختەی ئازادییەوە، گوڕ بە هاربوونی بەرخۆری دەدات.([19]) ئەم بۆچوونە لە هەستێکی سۆسیالیستی بەهێزەوە سەرچاوەی گرتووە ئەگەر بە هەر ڕێگە و فۆرمێکی تر بخرێتەڕوو، ئەوا ئامانج و پرەنسیپەکە وەک خۆی دەدرەوشێتەوە.
میتۆد و شێوازی نووسین و گرنگیدان بە زمانی نووسین
میتۆدی نووسین؛ زیاتر بە شێوەی بەرکەوتن و بەیەکداکێشانی پرسیارییە و لە بەشەوە بەرەو کۆ و دەرئەنجام دەڕوات؛ هەروەک پارچەیەکی پتەو بەچەند دابەشکردنێکی ئاسۆییدا تێپەڕدەبێت. سەرەتا بە پیشەکییەکی بەهێز دەستپێدەکات؛ دواتر شرۆڤەی چەمک و بابەتی ناونیشانەکە تێهەڵکێشی ڕاوبۆچوون و توخمی دیکەی نووسین دەکات. لە هاتنی دەرئەنجامیشدا بە وەسفێک یان چەندان پرسیاری بەدوایەک؛ یاخود خوێنەر بە جەوهەری بابەتەکەوە سنووردار دەکات و دووچاری ڕاوەستان و بیرکردنەوە و تێڕامان و بەشداریکردنێکی زیندووی دەکات. نووسەر ئەزموونی ژیانی تێکۆشان و هەر هەنگاوێکی جیاوازی لە نووسینەکانیدا تیۆریزە کردووە.
کاتێکیش باس لە گرنگی زمان و ئامانجە ڕوونەکەی دەکات، کەواتە باسی یەکێک لە کێشەکانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی دەکات، کە کێشەی بایەخ نەدانە بەو گۆڕانکارییانەی ڕووی لە زمانی ئاخافتن و نووسین کردووە، لە جێیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: بەهۆی هەموو ئەو شڵەژانەی بەهۆی لە دەستدانی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایک؛ هەیە، ئەمانە بە بەربەستێکی کلتووری دادەنێت لەو پێناوەدا دەڵێت: وەلانانی واتای وشەکان لە ژیانماندا و خۆ ناچارکردنمان بە دەربڕینی وشەگەلێک لە زمانێکی ترەوە کە تازە فێری بووین، هەستێکی نیوە ناچڵ و ناتەواوی دروستدەکات.([20]) هەڵبەت زمانی دەربڕین و نووسین لەم کۆگوتارەدا؛ زمانێکی میکانیکی نییە، بەڵکو زمانیکە ئاوێتەیە لە هەست و نەست و ئەقڵ، هەڵگری ڕۆحێکی میزۆپۆتامیایی زیندووە، زمانێکە تەنها ژن لەخۆ ناگرێت، بەڵکو لە ئاڕاستەکردنیدا پیاویش لەخۆدەگرێت و پێیوایە: لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ جوانکردنی مەعریفە دوای زمانێکی تەمومژاوی ناڕوون و ئاڵۆز دەکەوین. زمان لای ئەو بایەخێکی ئێجگار گەورە و گرنگی هەیە، هێزی زمانی ئایدیانەی ئەو لە نووسیندا، وابەستەنییە بە زمانێکی تەمومژاوی، بە ڕوونی لە سەرچاوە و ئامانجی نووسینەکە تێدەگەین، چونکە بە ڕوونی و سادەیی پەیامەکان دەنێرێت، بەرەو تێفکرین و بیرکردنەوەی قوڵ ڕامان دەکێشێت، بە مانایەکی دیکە بەردەوام جەخت لە گرنگی زمان دەکاتەوە لە نێو گوتاری”ژنۆلۆژی”یدا، وەک ڕاسپاردە؛ بانگەشەی ئەوە دەکات: پێویستە زمانی ئایدیای ژنۆلۆژی؛ زمانێکی بێ تەمومژ و سادە بێت و هێزی بیرکردنەوە و گێڕانەوەی ئازاد و خرۆشاو بن.
ڕاسپاردە و ئامانج و ئەنجام لە دوا دێڕی گوتارەکاندا:
نووسەر لە گوتارەکانیدا ئامانجە سەرەکیەکەی پشتگوێ ناخات، لە گوتاری ” پێویستە ژن ئامانجەکەی وەک خۆر ڕوون بێت” ئەو لە ڕێی ئاڕاستە فیکرییەکەیەوە؛ دەیەوێ پارادایمی ئەقڵی و ڕۆحی تێکۆشان زیندوو بهێڵێتەوە، ئەو لۆکاڵیانە تێکۆشان دەکات و جیهانیانە بیری کردۆتەوە، چونکە ئەو لەژێر ڕۆشنایی بیرکردنەوەی قوڵدا لەدایکبووە.
کەواتە ئەم کتێبە لەڕووی تەکنیکەوە کۆکراوەی هزر و خاڵی گەڕان و بیرکردنەوەی داهێنانی نووسەرە، کە وەک گوتار دایڕشتووە و لە گۆڤاری ژنۆلۆژییدا بڵاوکردۆتەوە، نووسەر لەهەر گوتارێکیدا هەوڵیداوە بە زمانێکی بەهێز و ڕوون و سادە ئامانجەکەی بگەیەنێت، بە وزەیەکی زیندوەوە بەشداریکردووە لە دەوڵەمەندکردنی بابەتیانەی لاپەڕەکانی گۆڤاری “ژنۆلۆژی”؛ئەو ڕەخنە دەگرێت و لێکدانەوەی جیاواز دەکات بۆ هەر کولتوورێک؛ واقیعێک؛ چیرۆکێک؛ عەشقی نائومێدی مرۆڤەکان؛ کە لە ڕابردووەوە تاکو ئیمڕۆ لە سەر زەوی میزۆپۆتامیا ژیاون و هەبوون و بایەخیان پێنەدراوە، وەک چیرۆکی” عەلیشیر و زەریف” لە گوتاری “واتای شاراوە لە ئەشقی عەلیشێر و زەریفەدا “([21]) باسکردنی ئەم عەشقە؛ تەنها گیڕانەوەی چیرۆکێک نییە بەڵکو وەک قارەمانێک کە خۆشەویستییەکەیان بۆ ئازادی تەرخان کردووە و لاپەڕەیەکیش بۆ میژوو کۆمەڵگە تۆمارکردووە، دەرخستنی ئەم دوو عاشقە بۆ لێکدانەوەی چەمکی هەڤاڵیتییە لە ناو عەشق و ژیانی هاوژینی کۆمەڵگە. هێنانەوەی ئەم چیرۆکە بۆ شیکردنەوەی نهێنییەکانی بەرخودان و تێگەیشتنە لە تیکۆشانی ئازادانە. ئەو ناونیشانانەی لەناو ئەم کتێبەدا هاتووە؛ بێجگە لە فراوانکردنی ئەزموونی نووسینی ئێستاتیکیانە، پڕۆژەیەکی فیکرییە لە گەڕان بە شوێن حەقیقەتی ئەڤینی ئازادی، پرسیاری ئەو لەبەرامبەر واقیعدا ئەوە نییە لە بەرامبەر مێژووی فەرامۆشکراوی ژنان چی دەڵێت؛ بەڵکو تێگەیشتنی دیکەمان لەسەر خۆمان و جیهان بۆ دەخاتەڕوو. بەڵام لەهەر ویستگە و هەنگاوێکدا هێزی نووسین بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت و عیشقی ئازادی بەکاردەهێنێت.
دواجار دەتوانین بڵێین ئەم بەرهەمەی (ناگیهان) بۆ ژن؛ پایایەکی گرنگ و بەهێزی مەعریفیە، چونکە سەرجەم گوتارەکانی لە سەرچاوەی ئاگاییەوە بۆ ژیان و ئازادی قوڵپدەدەن، ئەگەر بۆ فیگەری تێکۆشان و ئازادیی ژنی کورد بگەڕێینەوە؛ بێگومان ئەو لە لوتکەی گەشەکردن دادەنرێ، بە تایبەتی ناگیهان ئاکارسەل؛ ژنە نووسەرێکی هاوچەرخە و دەکرێ وەک پێشەنگ و نووسەری کایەی مەعریفی لە دیدی هۆشیاری ژنبوونەوە لە گوتارەکانی قوڵببینەوە.
[1] – ناگیهان ئاکارسەل: کۆگوتار”گەریدەی حەقیقەت”، کۆکردنەوەی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، و: نەجیبە قەرەداغی، چاپی یەکەم
[2] – ناگیهان ئاکارسەل، سەرچاوەی پێشوو، ل١٠٦. بڕوانە: کلاریسا پینکۆلا ئیستاس، ئەو ژنانەی لەگەڵ گورگەکاندا غار دەدەن
[3] – ناگیهان ئاکارسەل، هەمان سەرچاوە، ل ١٠٦
[4] – هەمان سەرچاوە، ل ١٠٧
[5] – گریتچن دوچکە: یەکێکە لە سەرکردەکانی نەوەی ١٩٦٨ لە ئەڵەمانیا، لە ئێستادا وەک فێمنیستێک و ئەندامی پارتی سەوز لە ئەڵەمانیا دەژی
[6] – ناگیهان ئاکارسەل:گوتاری”بزووتنەوەی ئەوانەی لەبەرەیەکی ڕاستی میژوودان:١٩٦٨”. لە کتێبی “گەڕیدەی حەقیقەت” ل ٢٩٩. بڕوانە گۆڤاری ژنۆلۆژی: ژمارە:٢٣، ٢٠٢١، ل ١١٣-١٢٧
[7] – میلان کۆندێرا: ژیان وا لە شوێنیکی دیکە، و: شێرزاد حەسەن
[8] – میلان کۆندێرا: سەرچاوەی پێشوو، ل٣٧٢
[9] -ناگیهان ئاکارسەل: سەرچاوەی پێشوو، ل ٣٠١
[10] – ناگیهان ئاکارسەل: کۆگوتار”گەریدەی حەقیقەت”، سەرچاوەی پێشووتر، ل١٦٩
[11] -دیستوپیا: لە جیهانی ڕۆمانەکاندا بە شارێکی خراپەکار و جیهانی واقیعێکی تاڵ دەگوترێت
[12] -یۆتۆپیا:جیاوازی یۆتۆپیا لەگەڵ دیستۆپیا ئەوەیە؛ یۆتۆپیا هەوڵدەدات وێنەی دنیایەکی ئایدیالیستی بکێشێ کە لە واقیعدا نییە، بەڵام دیستۆپیا وێنەی ئەو سنوورانە دەکێشێ کە یۆتۆپیا ناتوانێت تێیپەرێنی.
[13] – ناگیهان ئاکارسەل: گوتاری “لەبەرامبەر دیستۆپیای پێدراو، لە ئامێزگرتنی یۆتۆپیاکەمان”، سەرچاوەی پێشووتر، ل١٦٩. بڕوانە: گۆڤاری ژنۆلۆژی، ژمارە ١٠، ٢٠١٨، ل ٤٦-٥٨
[14] -هەمان سەرچاوە، ل ٥٨. بڕوانە: گوتاری” ئەزموونەکانی ئازادییمان لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە”، گۆڤاری ژنۆلۆژی، ژمارە ٢، ل٤٠-٥٢
[15] – هەمان سەرچاوە، ل ٢١. بڕوانە: گۆڤاری ژنۆلۆژی، ژمارە ٢، ٢٠١٦، ل١٤١-١٥٣
[16] – هەمان سەرچاوەی پێشوو: ل٢٢
[17] – ناگیهان ئاکارسەل:ه.س، ل٣٢٢. بڕوانە: عەبدوڵڵا ئۆجالان: “پێداگری لەسەر سۆسیالیزم، پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون”،١٩٩٩
[18] – کوشتنی پیاوێتی: گفتوگۆی ماهیر ساین لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، وەرگێڕانی لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغی، چ:یەکەم، ٢٠٢١، ل٣٠٠
[19] – ناگیهان: سەرچاوەی پێشووتر، ل٣٢٢
[20] -ناگیهان ئاکارسەل: سەرچاوەی پێشووتر، ل٢٣
[21] – ناگیهان ئاکارسەل: هەمان سەرچاوە، ل١٢٣