ئەسما فەتحی – قاهیرە
قسەکردن لەسەر ژنۆلۆژی “زانستی ژن” بابەتێکی نوێیە لە میسر، ئەمەش گفتوگۆی نێوان کۆمەڵێک لە ژنان و نوێنەری ڕێکخراوکانی ژنانی دەربارەی کتێبی ” ناساندنێک بۆ ژنۆلۆژی” دەوڵەمەند کرد و چەندین تێز و بیرۆکەی پەیوەست بە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵی ڕێبەرایەتی ژن لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، دوای پەراوێزخستن و هەوڵی پەردەپۆشکردنی کاریگەرییەکانیان لەلایەن زیهنیەتی زاڵی پیاوسالارییەوە، هاتە ئاراوە.

خانەی نەفەرتیتی بۆ بڵاوکردنەوە، کۆڕێکی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کتێبی ” دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی” ساز کرد. لەم کۆڕەدا بەشەکانی کتێبەکە خرانە ڕوو و ئامادەبووان گفتوگۆی لەسەر کرد. بەتایبەت سەبارەت بە دۆخی ژن لە نێوان واقیع و ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت، هەروەها ئەوەی مێژوو تۆماری کردووە سەبارەت بە کاریگەرییەکانیان، سەرەڕای هەوڵی شاردنەوەی کاریگەرییەکانیان لە ژیانی گشتی و تایبەتدا.
ژنۆلۆژی لە میسردا بیرۆکەیەکی نوێیە، ئەمەش ڕۆڵی هەبوو لەو گفتوگۆیانەی سەبارەت بە زاراوەکە و ئامانجەکانی و پەیوەندی بە واقیعی ژنان و کاریگەری لە گۆڕینی ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەقی ژنان دەکرێت. هەروەها شێوازی کارکردنی فێمینیزم و تێبینییەکانی ژنۆلۆژی سەبارەت بە کەموکورتییەکانی، دژایەتیکردنی ڕەگەزگەرایی زاڵ و توندوتیژ دژی ژنان و دەرەنجامەکانی خرانەڕوو. باس لەو بەدیلانە کرانە کە کتێبەکە( ژنۆلۆژی) پێشنیاری دەکات کە لەلایەن کۆمەڵێک ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ئامادە کراوە. حەلیمە یوسف، یەکێک لە ئەندامانی ئەکادیمیاکە گووتی کە کتێبەکە دوای گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکەکەی کە زیاتر لە ٥ ساڵی خایاند، بڵاوکرایەوە.
گفتوگۆیەکی دەوڵەمەند و بیرۆکەی نوێ و کاریگەر
شەیما شەواربی، سەرۆکی یەکێتی ژنان لە حیزبی لیبراڵی میسری، کۆڕەکەی بە قسەکردن لەسەر گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆکە کردەوە، لەوانەش دیدی ژنۆلۆژی لەسەر تێگەیشتنی میتۆلۆژی و کولتوورە جیاوازەکان، ئایدیۆلۆژیا ڕەگەزگەرا و داخراوەکانی کۆمەڵگە و واقیعی ژن لە کولتووری گەلانی دێرین و پێش زایین و فەلسەفەی یۆنانی و سۆمەری.
ناوبراو جەختی کرد کە لە گفتوگۆکاندا باسیان لە کاریگەری ئایینەکان لەسەر ژنان و چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ژن تا گەیشتن بە واقیعی ئێستای زانستە کۆمەڵایەتیەکان و کاریگەری تەکنەلۆجی و شتی دیکەی نوێ کە ژنۆلۆژی لەگەڵیان مامەڵەی کردووە و کەموکورتییەکانی دیاری کردووە و پڕۆژەی بۆ چارەسەرکردنی کەلێنەکانی دیاری کردووە.
شەیما شەواربی ڕوونی کردەوە کە کۆڕەکە زۆر دەوڵەمەند بوو و چەندین ڕەوتی هزری لە خۆوەگرت، هەروەها باسی لە دۆخی ژن لە مێژوودا و هزری پیاوسالاری و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی بە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان کرا. ئاماژەی بەوەش کرد کە مشتومڕەکان لە نێوان پیاو و ژن بەرەو هزری پیاوسالاری و کاریگەرییەکانی لەسەر بوونی ژن ئاراستە دەکرێن.
هۆکارەکانی پێویستی بە ژنۆلۆژی
ئەسما فەتحی، پەیامنێری ئاژانسی نوژنها و دامەزرێنەری دەستپێشخەریی “مێیینەی سالم”، دۆخی گشتی کە پێویستی بە گفتوگۆی ژنۆلۆژی لە ناوخۆی میسر کردووە خستە ڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە واقیع گفتوگۆیەکی قووڵی لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی ژن و لێکۆڵینەوە لە قەیرانەکانی سەپاندووە، بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی کوشتنی ژنان و ئەگەری ڕوودانی لە وڵاتانی جیاواز و ئەو پێشێلکارییانەی لە بوارە جیاوازەکان بەرامبەریان دەکرێت، چ لە بواری گشتی یان تایبەتدا.
باسی چەند ناونیشانێکی کتێبەکەی کرد، لەوانە وەڵامدانەوەی پرسیاری بۆچی زانستی ژن لە ئێستادا و باسکردنی چوارچێوەی گشتی قەیرانەکانی ژنان و ئەو بارگرانییانەی لەسەر شانیانە، بەتایبەت بەهۆی جەنگ و ناکۆکییەکان و ئەوەی زیهنیەتی پیاوسالاری زاڵ بەسەریاندا سەپاندوویەتی و کەوتنی هەردوو ڕەگەز بە قوربانی دەسەڵاتە زاڵەکان و بیرۆکە سەرمایەدارییەکان کە بە ڕێژەیەکی زۆر ڕۆڵیان لە بەکاڵاکردنی ژن و کەمکردنەوەی پێگەیان هەیە.
هەروەها باسی لە بیرۆکەکانی ناو کتێبەکە کرد، لەوانە هاوژیانی ئازاد و پێویستی شۆڕش لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها بەدیهێنانی کۆمەڵگای ئازاد و تاکی ئازاد، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی چەمکی ژنۆلۆژی و چۆن دەتوانێت واقیعی ژیانی ژنان بگۆڕێت بە چنینی ئەو بیرۆکە و خەون و هەنگاوە کردارییەکانی لە ژیاندا. ناوبراو ستایشی بیرۆکەی هاوژیانی ئازادی کرد کە تێیدا یەکسانی و هاوتایی دێنێتە دی و لەو هاوژیانییەدا کەسایەتی ژنی لاواز یان پیاوی داگیرکەر و دەستدرێژکار نییە. لەو هاوژیانییەدا پیاو زاڵ نییە و مێژوو و بوونی ژن ناسڕێتەوە.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئەسما فەتحی، باسی لە چەندین قەیران کرد کە ژنان لە ئێستادا لە وڵاتانی جیاواز پێیانەوە دەناڵێنن و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت، باسی لە حاڵەتی ناهاوسەنگی کرد کە زاڵە بەسەر واقیعی ژن، بۆتە هۆی پەراوێزخستن و پشتگوێخستنیان و تیشکی خستە سەر بەشێک لە کتێبەکە کە ڕۆشنگەری ژن فەراهەم دەکات.
ئاماژەی بەوە کرد بە ئەنقەست بەرهەم و کاریگەری ژن پەردەپۆش دەکرێت و ئەو دۆخە تاریکیەی کە وەک لە کتێبەکەدا هاتووە، پێویستی بە کارکردن هەیە بۆ دەرهێنانی ژنان لەو تاریکییە و هەستپێکردنیان بە حەقیقەتی بوونیان لە ژیان و ڕێبەراییەتییە کاریگەر و چالاکەکەیان.
کتێبەکە هەوڵ دەدات ژن لەو بیرۆکانە ئازاد بکات کە بەسەریدا سەپێنراون
نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئەسما حوسەینی، گوتی کە کتێبەکە باس لە ژن لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا دەکات و هەوڵ دەدات چەندین واتا لە ناخیاندا زیندوو بکاتەوە، بەتایبەت کاتێ ژنان بوونەتە قوربانی جەنگ و ناکۆکییەکان و چەندین پرسیار خراوەتە ڕوو کە ژن لەو چوارچێوەیە ڕزگار دەکات کە بەسەریدا سەپێنراوە.
ناوبراو ئاماژەی کرد کە کتێبەکە لە مێژوو قووڵ دەبێتەوە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە ژن پێی گەیشتووە لە بوونی مێژوویی تا ئەوەی بووەتە دایکەخوداوەند و ئەوەی لە هەموو شارستانیەتەکان پێشکەشی کردووە لە بەشداری مێژوویی، چالاک و یەکسان لەگەڵ پیاو. بە بۆچوونی ئەو، کتێبەکە ئامانجی کارکردنە بۆ جیهانێک کە ئاشتی سەروەر دەکات ئەگەر دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ ژنان تا دیدیان بخاتە ڕوو و بەمەش واقیع بگۆڕێت بۆ ئاستێکی ئەرێنیتر لەوەی ئێستا هەیە.
فاتیمە سەید، خاوەن دکتۆرا لە دەروونناسی پەروەردەیی لە سوودان، ژنۆلۆژی سەرنجی ڕاکێشاوە چونکە بیرۆکەکە بۆ ئەو نوێیە و ڕوونی کردەوە کە ئەم کتێبە بە ڕادەیەکی زۆر سوودبەخشە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر واقیعی سوودان دابنێت، و ڕەهەندێکی قووڵ لە خۆدەگرێت و چەندین چارەسەر بۆ واقیعی ئێستا و ئەو ئاستەنگ و سەختییانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، دەخاتە ڕوو.
سەبارەت بەو سوودەی ڕەنگە بۆ ژنانی سوودان هەبێت، ڕوونی کردەوە کە کتێبەکە هۆشیاری و ڕۆڵی ژن و بوونی وەک کۆڵەکەی خێزان زیندوو دەکاتەوە و ئەگەر ژن بەم شتانە هۆشیار بێت، ڕەنگە تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری هەبێت، بەتایبەت کە باس لە بوارە جیاوازەکان دەکات. ئامادەبووان جەختیان لەسەر گرنگی لێکۆڵینەوەی قووڵ دەکەن لەسەر کێشەکانی ژنان و ئەو پێشێلکارییانەی ئاراستەیان دەکرێت و ئەو دوورکەوتنەوەیەی لە گۆڕەپانی گشتی پێی گەیشتوون و پێشخستنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی یەکێکە لە گرنگترین شتەکان کە دەتوانن ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هۆشیاری ژن بکەن.
نوژین یوسف، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و یەکێک لەوانەی کتێبی ” دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی”یان بەرهەم هێناوە، جەختی کردەوە کە زیاتر لە ٥ ساڵ کاریان لەسەر گفتوگۆکردنی ناوەڕۆکی کتێبەکە کردووە و زۆربەی بابەتانەی کە لە دیدارەکەدا وروژێنران و ئەوان سەرقاڵن بە بەبەرمهێنانی چەندین توێژینەوە و کتێبی دیکە کە گفتوگۆ لەسەر بوون و پێگەی ژن دەکاتەوە ، بەتایبەت سەبارەت بە کاریگەری ئایینەکان و میتۆلۆژی بە گشتی لەسەر واقیعی ژن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان چەندین ململانێی فیکریان لەسەر حەقیقەتی ژن و مافەکانی تێپەڕاندووە، ئەمەش ئەو شتەیە کە لە ماوەی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەری.
لە عەرەبیەوە: نەجیبە قەرەداغی
سەرچاوە: ئاژانسی نوژنها-عەرەبی