ئێتیک و ئێستێتیک, بوارەکانی ژیان, پەروەردە, کار و پڕۆژەکانی ژنۆلۆژی, وتار و لێکۆڵینەوە

هاوژیانی ئازاد، فەلسەفەی ژیانی ئازاد و دیموکراتییە – شیکاری

ئەڤین سۆران

شارستانی چینایەتی، بە لاوازکردنی سیستەمی کۆمەڵایەتی کۆمینال و ئەخلاقی-سیاسی کە لەسەر بنەمای کولتووری ژن-دایک دامەزراوە. ئەم ڕاستییە وەک خانەی شێرپەنجە گەورە بووە و لە ناو هەموو بوارەکانی سیاسەت، ئابووری، باوەڕ و تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ سروشتدا، بڵاو بووەتەوە. هاوسەرگیریی زاڵ کە زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنە، یەکەم بوارە لە درێژەدان بە سیستەمی چەوساندنەوە و سەروەری. بێگومان چەسپاندن و سنوورداکردنی پەیوەندییەکانی هاوژیانی وەک “بواری تایبەت” ڕێگایەکی کاریگەرە لەلایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە، بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە ئەم پەیوەندییە کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی کۆمەڵگە دەکات و ئەوان ئاراستە دەکات. زیادبوونی دانیشتوان و گۆڕانکارییەکانی دیمۆگرافیا، توندوتیژی، کۆلۆنیالیزم، کۆیلایەتی و قووڵبوونەوەی زهنیەتی باڵادەستی، بەرهەمی پەیوەندییەکانی ژن-پیاو لەسەر بنەمای دەسەڵاتە. لەبەر ئەوە هەتا پەیوەندییەکانی ژن و پیاو لەسەر بنەمای یەکسانی، ڕێز، پێوەرەکانی ئێتیک و ئێستاتیک دانەمەزرێت، ئێمە ڕووبەڕووی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبینەوە. ئەڵبەتە بواری هاوژیانی، بوارێکی ئاراستەکەرە لە هەموو پەیوەندییەکاندا.

لەم چەند ساڵەی دواییدا بە سەرهەڵدانی شەڕی جیهانی سێیەم و مەیلی ڕاستڕەو و موحافەزەکار، لە هەموو ئاستەکانی جیهاندا و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری ئیسلامی سیاسی، ئایینگەرێتی و فاشیزم، توندوتیژی دژی ژنان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. بە زیادبوونی توندوتیژی دەوڵەت، توندوتیژی دژی ژنان ڕەوا دەکرێت. هاوسەرگیری باڵادەستانە لەسەر بنەمای سیستەمی بنەماڵەی ناوەندی و دامەزراوەی خێزان بنیاد نراوە. لە ڕاستیدا پەیوەندییە باڵادەستەکان لە ناو خێزاندا هەموو پەیوەندییەکانی دیکتاتۆری و سەروەری بەرهەم دێنێتەوە و درێژە بەم کولتوورە پیاوسالارییە دەدات. ژن لە ژێر سێبەری کولتوورێکی لەم چەشنەدا و لە چوارچێوەی هەمان پێناسە، ڕۆڵ و هەڵسوکەوتانەی کە بۆیان دیاریکراوە، بیر دەکاتەوە و هەڵسوکەوت دەکات و ئەگەر بەپێی ئەو سنوورانەی کێشراون هەڵسوکەوت نەکەن، تاوانبار دەکرێن و سزاکەشیان کوشتنە. دەسەڵاتی باوکسالاری لە پەیوەندی هاوسەرێتی و دەسەڵاتی دەوڵەتان لەسەر گەلانی ژێردەست، چین و باوەڕییەکان وەک یەکن. چۆن زۆر جار سەرۆکی دەوڵەت خۆی بە باوکی کۆمەڵگە دەزانێت، لە بنەماڵەشدا باوک ئەم مافە بە خۆی دەدات کە بەسەر ژن و منداڵاندا سەروەر بێت و ئەگەر بەرهەڵستییەک دژی ئەم هەڵوێستە هەبێت، ماف بە خۆی دەدات کە بکوژێت یان سزا بدات.

توندوتیژی، ڕیشەی  مێژوویی و هۆکاری ئایدیۆلۆژی، کولتووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی هەیە و بەرهەمی هەستی موڵکایەتی، تووڕەیی، جیاکاری و سەروەری سەر ژنانە. ئەم توندوتیژییە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بە یەکگرتنی نێوان ئایین، دەوڵەت و سەرمایەداری پێک دێت. ئەو میکانیزمانەی ئەو مافە بە پیاوان دەدەن، توندوتیژی ڕەوا دەکات و بنەماکانی بەردەوامی دادەمەزرێنێت. دەستدرێژی، هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووکدا و هاوسەرگیری بە زۆرەملێی، خەتەنەکردنی ژنان و چەندین شێوازی دیکەی توندوتیژی، هەمووی بەرهەمی سەروەرییە بەسەر جەستەی ژنان، کە ڕەگەزی ژنان وەک ئامڕازێک بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی و سەروەری بەکاردەهێنن. کارەکتەری سەرەکی بۆ پێکهێنانی توندوتیژی دژی ژنان، دەوڵەتە. توندوتیژی لەلایەن دامەزراوە یاساییەکانەوە ڕەوا دەکرێت، لەبەر ئەوەی دەوڵەت خۆی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکات و وەک مافی سروشتی خۆی دەزانێت، بە هەر شێوەیەک کە دەیەوێت، بەکاری دەهێنێت. چۆن توندوتیژی وەک میکانیزمێکی کۆنترۆڵ جێبەجێ دەکرێت، لە سیستەمی بنەماڵەشدا وەک پرەنسیپێکی پلەداری بۆ سنووردارکردن، ترساندن و کۆنترۆڵی ژنان و منداڵان، لەلایەن باوک و پیاوی بنەماڵەوە جێبەجێ دەکرێت.

تێگەیشتنی نامووس

یەکێک لەو چەمکانەی کە ساڵانە سەدان ژن و کچ بەو بیانووەوە دەکوژرێن، تێگەیشتنی “نامووس”ە. ڕەگی وشەی نامووس، “نۆمۆس”ە کە بە عەرەبی واتای “یاسا” دەگەیەنێت. بەڵام ئێستا لە کۆمەڵگە کۆنەپارێزەکاندا هاوواتا کراوە لەگەڵ پیاوێتی و شەرەف. ژن وەک شەرەف و نامووسی پیاوان پێناسە کراوە، ئەمەش ڕێگای بۆ زۆر تاوان کردووەتەوە. چونکە بەپێی نۆرم و بەهاکانی کولتووری باوکسالاری، ژن شەرەف و نامووسی پیاوانە و دەبێت بە گیانی خۆشی بیپارێزن. لەبەر ئەوە کوشتن بە ناوی نامووسەوە، تەنها هەڵوێستێکی کەسی نییە و بە واتایەکی تر یاسای ئەم کۆمەڵگەیەیە. نامووس و شەرەف چەمکگەلێکی وا سادە و ئاسایی نین، لەوانەیە هەم دەربڕی دژایەتی ژنان و هەم سیستەمێک بن کە شێوە بە پەیوەندی ڕەگەزی دەدات و بەرهەمی دێنێتەوە. ئەو وڵاتانەی زیاترین کوشتنی نامووسی لێ ڕوودەدات، تورکیا، عێراق، ئێران، پاکستان، میسر، ئەفغانستان و زۆر وڵاتی تر، ئەم کوشتنانە وەک “کێشەی خێزانی” پێناسە دەکەن. بەم هۆیەشەوە دەست لەم بابەتە وەرنادەن و لە لایەنی یاساییشەوە بۆشایی هەیە کە ڕێگە دەدات پیاوان، هاوسەر، خوشک، دایک و خۆشەویستی خۆیان بکوژن و سزایەکی توندیشیان نەدرێت. ئەم بابەتەش دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ لە زیادبوونی کوشتنی نامووسیدا.

لە ڕووداوەکانی کوشتنی نامووسیدا چەندین فاکتەر هەن. یەکێک لەوان جیاکاری و نایەکسانییە. نایەکسانی بەو واتایەی کە ژنان لەسەر ژیان و جەستەی خۆیان خاوەنی ماف نین و مافی هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بە ئەوان لە مۆنۆپۆلی باوک، پیاو و برادایە. هەروەها گومان، پێشداوەری، هاوسەرگیری زۆرەملێ، فشار، کۆنترۆڵی توند و توندوتیژی، لە کوشتنی نامووسیدا کاریگەرن.

عەبدوڵڵا ئۆجالان سەبارەت بە چەمکی نامووس دەڵێت: ” لە پشت پەردەی نامووسەوە، بە خیانەت، فێڵ و توندوتیژی دەست بەسەر حەقیقەتی ژن دا دەگیرێت. دیلێتی بەردەوامی ژن لە دەستی پیاواندا بە ڕێگای بێبەشکردنی لە ناسنامە و کەسایەتی خۆی، دیاردەیەکە کە بە درێژایی مێژوو لە پێکهاتنی چینەکاندا زیاتر ئەنجامی نەرێنی دەخاتە ڕوو.” لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی بەناوی نامووسەوە ئەنجام دەدرێت، پێویستە خەباتێکی بەهێز لەسەر بنەمای گۆڕانکاری بنەڕەتی، لە ڕوانگە و هۆشیاری، پەروەردە و زانایی بەرفراوان و یاسایی کە مافی ژن دەپارێزن، بەڕێوە بچێت. بە یەکێتی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، دەتوانین هیوامان هەبێت کە چەرخی توندوتیژی ڕابگرین.

 دامەزراوەی خێزان و هاوسەرگیری

پێکهاتەی خێزان، میکانیزم و ڕۆڵەکەی، لە سەرەتای شێوەگرتنییەوە و بە تێپەڕبوونی کات لەژێر کاریگەری پێشکەوتن و گۆڕانکاری کۆمەڵگەکاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەم پێکهاتەیە وەک فۆرمێکی ژیانی کۆمەڵایەتی بە درێژایی مێژوو بەپێی شێوازی بەرهەمهێنان و ئابووری و هەروەها سیاسەت، ڕۆڵەکەی گۆڕاوە. بەڵام ئێمە زیاتر لە کۆمەڵگە باوکسالارییەکاندا دەبینە شایەتی بەهێزکردنی ئەو هەڵوێستانەی لەسەر بنەمای ستەمی ڕەگەزی و چینایەتیە لە خێزاندا. لەبەر ئەوە پێویستە چاوپۆشی لە بەهێزی پەیوەندی نێوان خێزان و فاشیزم، میلیتاریزم و دیکتاتۆری نەکرێت. زۆر لێکۆڵەری فێمینیست و بزووتنەوەی ژنان، لە زۆر بوارەوە  ڕەخنە و لێپرسینەوەی لە پێکهاتەی خێزانی کۆنەپارێز و دەسەڵاتدار کردووە. بەڵام بەداخەوە تەنها ڕەخنەکردنی خێزان و پەیوەندییەکانی، بەشی چارەسەری کێشەکانی خێزانی نەکردووە. لەبەر ئەوەی بنەمای کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ژنێتی و پیاوێتی دامەزراوە، واتە توندوتیژی و چەوساندنەوە لە ئەنجامی پیاوێتی سەردەست و ژنێتی ژێردەست و نەریتی دروست بووە. لەبەر ئەوە هەتا ئەم پەیوەندییانە نەگۆڕدرێن، کێشەکانی پەیوەست بە خێزانیش ناگۆڕدرێن. خێزان پێکهاتەیەکی ئایدیۆلۆژییە و هەموو پەیوەندییەکانی باڵادەستی لە خێزانی ناوەندیدا بەرهەم دەهێنرێتەوە. بە گشتی ڕۆڵی خێزانی ئێستا لە بەردەوامکردنی ژێردەستی ژنان، ڕۆڵیان لە ئابووری و دابەشکردنی کاردا دیارکەرە. دامەزراوەی هاوسەرگیریش هەر وەک خێزان لە پێکهاتەیەکی ڕەگەزگەرا و پلەداری، سەروەری ڕادەستی پیاوان کردووە کە ئەوانیش لەژێر سایەی دەوڵەت و دامەزراوەی ئایینیدان. دامەزراوەی باوکسالارانەی هاوسەرگیری، لەسەر بنەمای داماڵینی ژنان لە کۆمەڵگە و ژێردەستکردنیانە. بە کورتی ئایین، یاسا، زانست و سیستەمی کۆمەڵگە پەیوەندییەکانی ناو خێزان ڕەوا دەکات.

“هاوژیانی ئازاد” لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و لەسەر بنەمای پەیوەندی یەکسانی ژن و پیاوە. لە ڕاستیدا هەنگاوێکە بەرەو گۆڕینی پەیوەندییەکانی سەردەستی لە نێوان ژن و پیاودا. هاوژیانی ئازاد پرسیار دەخاتە سەر سیستەمی پلەداری و موڵکدارێتی کولتووری پیاوسالاری و هەوڵ دەدات هاوسەنگی دروست بکات. بە کورتی لە پەیجوری پرسی “چۆن بژین؟”، پێویستە چوارچێوەی هاوژیانی ئازاد تەنها بە پەیوەندییەکانی خێزان و هاوسەرگیری سنووردار نەکەین. هاوژیانی ئازاد هەم ناوەرۆکی پەیوەندییەکانی ژن و پیاو شیدەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەسەر پەیوەندییەکانی مرۆڤ-کۆمەڵگە و مرۆڤ-مرۆڤیش ڕادەوەستێت. لە ڕاستیدا ئەگەر پەیوەندییەکانی ژن و پیاو لەسەر بنەمای ڕێز و ناسینی ئیرادە بێت، ئەوا کاریگەری لەسەر هەموو پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەش دەکات. لەوێدا ئێمە دەکەوینە درکی گرنگی بونیاتنانی ڕاست و جوانی کەسایەتی ژن و پیاو. هاوژیانی ئازاد، فەلسەفەی ژیانی دیموکراتیانە، ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە. ڕزگارکردنی پەیوەندی هاوژیانی لە باڵادەستی پێویستی بە چارەسەری بونیادی و سیستەماتیکانە هەیە. ژنۆلۆژی وەک زانستی هاوژیانی ئامانجی ئەوەیە، ئەو هەلومەرجە مێژوویی و سۆسیۆلۆژییانەی ئەو پەیوەندییانەی تێیدا دروست بووە، شیکار بکات و ڕێبازی ئافراندنی پەیوەندی لەسەر پێوەرەکانی ئازادی، فەلسەفی و ئەخلاقی پێشکەوتوو بکات.

هاوژیانی ئازاد

پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی هەمیشەیی، تەنها بە دروستبوونی پەیوەندی نوێ دەتوانێت بێتە دی. هەر بەو ڕادەیەی کە مەعریفە-زانینی ئازادی لە ناو ئەندامانی خێزاندا پێشکەوێت و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێز پەرە بسەنێت، مرۆڤ دەتوانێت بە دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک هیوادار بێت. لەبەر ئەوە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە، گۆڕینی خێزان گرنگە. دامەزراندنی شێوازەکانی ژیانی ئازاد و ڕێنمایی لە پێناو ئایندەیەکی گەش، دەبێت لەسەر بنەمای کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بێت، بەبێ ئەوەی لاسایی مۆدێلەکانی بیرکردنەوەی ماتریالیستی و شێوازی پەیوەندییە تاکەکەسییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بکاتەوە و پێی کاریگەر بێت. لەبەر ئەوەی کاتێک باس لە شۆڕش دەکەین، لە هەمان کاتدا باسی نەهێشتنی هەموو جۆرە زۆرداری و داگیرکارییەک دەکەین. ئەزموونەکانی شۆڕشە مەزنە هاوچەرخ، پیشانی داوە کە بێ وەلاوەنانی تێگەیشتنی موڵکایەتی باوکسالاری لەسەر سیستەمی بنەماڵە و هاوسەرگیریی، گۆڕانکاری و وەرچەرخان دروست نابێت.

ئەزموونەکانی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنەوە هەتا ئێستا، هەوڵی داوە شۆڕشێکی کولتووری و هۆشیاری لە پاڵ شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرپا بکات و ئێمە ئێستا ئەم واقیعە دەبینین. بێگومان یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکان بۆ بونیاتنانی کولتووری هاوژیانی ئازاد، پەروەردەیە. بەتایبەتی پەروەردەی کچان سەبارەت بە پێوەرەکانی ئازادی ژن، دەتوانێت خۆی لە بەرامبەر ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی بپارێزێت. هەروەها ڕەتکردنەوەی ڕوانگەی موڵکایەتی لەسەر ژنان و دامەزراندنی بنەماکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی لە بەدیهێنانی هاوژیانی ئازاددا، گرنگە. خاڵێکی دیکە، خەباتێکی ڕادیکاڵی دژی باڵادەستی پیاوسالارییە. ژن و پیاوانێک کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشاندا توانیویانە شۆڕشێکی هۆشیاری و بەهاکانی ئازادی پێشبخەن، دەتوانن هاوژیانی ئازاد بونیات بنێن. شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی تەنها دەتوانێت بە بەدیهێنانی هاوژیانی ئازاد لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا بێتە دی.