شارا تاهیر
بەشی دووەم
ژن لە نێوان خوداوەند و کۆیلەدا
بەبێ گەڕانەوە بۆ شیتەڵکردنی بونیادی ئەفسانەی چاخی نوێی بەردین و وێنەی ژن تێیدا وەک بەرهەمهێنەر، ناتوانین ڕای ئاپۆ لەبارەی ژنەوە بزانین. هەموو ئەوانەی قسەیان لەسەر ئەم تێکستەی ئاپۆ کردووە، بە مەبەست بووبێت یان گێلانە، بەسەر ئەو ڕاستییەدا تێپەڕیوون کە وێنا ئەفسانەییەکەی ژن لای ئاپۆ کۆمەڵێک تایبەتمەندێتی کارەکتەری واقیعییانەشی هەیە نەوەک بە تەنیا فریوێکی ئایدۆلۆژی بێت و بیەوێت ژن لە خشتە ببات و بیکاتەوە بە کەرەستەیەک بۆ سەودا و مامەڵە پێوەکردن. هەموو ڕەخنەکان لە ئاپۆ بەو ئاقارەدا دەڕۆن کە پێیانوایە دید و بۆچوونە ئایدۆلۆژییەکانی بە ئەندازەیەک ئەفسانەیین کە هەندێک جار دەگۆڕێن بۆ یۆتۆپیا و لە مەحاڵ نزیک دەبنەوە، لێ لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەی ئاپۆ نییە، بەڵکوو هەڵەی ئەو ڕەخنەگرانەیە کە نەیانتوانیوە ڕووبەرێکی گەر بچووکیش بێت لە ئامادەیی، بە یۆتۆپیا لەناو ئایدۆلۆژیادا ببەخشن. مەبەستم لەوەیە هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نییە کە لە بنەڕەتدا ڕەهەندێکی یۆتۆپییانەی نەبووبێت. کەواتە گەڕانەوەی ئاپۆ بۆ ئەو وێنەیەی چاخی بەردینی ژن کە تێیدا ڕۆڵەکانی وەک بەڕێوەبەر، رێکخەر، بەرهەمهێنەر، دابەشکەر و… هتد، بەو ئامانجەیە کە سەرلەنوێ ئەو تایبەتمەندییانەی کارەکتەری ژن زیندوو بکاتەوە و بیداتەوە بە خودی ژن خۆی، کە پیاو دواتر لە گەشەی قۆناغی ڕاو و بوونیدا بە ڕاوچی و نێچیرەوان و چەلەنگ و دلێر، لێی دزیوە و بێبەریکردوون لێی. بە مانایەکی تر، سوود وەرگرتنەوە لەو وێنەیەی ژن ڕەنگە بە دیوێکدا جۆرە مۆركێکی ئەفسانەیی و یۆتۆپی ببەخشیتە ئایدۆلۆژیای ئاپۆ، بەڵام بە دیوەکەی تریشدا دەبێت بزانین کە سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی ژنە و بەخشینەوەی تایبەتمەندییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی خۆیەتی کە پیاو لە چنگی دەرهێناون و ئامادە نییە پێی بداتەوە و وەک بوونەوەرێکی هاوماف و هاوتوانا، دانبەژندابنێت.
ئاپۆ لە کتێبی ژنۆلۆژیدا بە گەڕانەوە بۆ میتۆلۆژیا و چاخەکانی پێش زایین باس لە سروشتی ژن دەکات دەڵێت:
”ھێزی دەستپێکردنی شۆڕشی کشتوکاڵی نیۆلیتیک ژنە و ھێزیش لەتواناکاری زاوزێ وەردەگرێت. بۆیە تەواوی خواوەندەکان لە رووخساری ژندان. لە یەکەمین قۆناخی سۆمەرییەکان، میسرییەکان و ھیندییەکانیش ناوی خواوەندی لە ژنان دەنرا. لایەنی پیاوێتی خواوەندی زۆر دوای ئەوە دەردەکەوێت. تەواوی ئەو پەیکەرانەی لەسەردەمی نیۆلیتیکەوە ماونەتەوە لە شێوەی ژن دروستکراون” [2]
ئەمە زۆر بەئاشکرا پلەوپایەی ژنمان لەو قۆناغە لە ژیاندا بۆ دەردەخات کە بەر لە قۆناغی ڕاوکردن لە ئارادابووە و ژن تێیدا سەنتەری کردار، چالاکی، بڕیاردان و دواجار بەرهەمهێنانیش بووە. لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ”کۆمەڵگای نیۆلیتیک ھێندە مۆرکی ژنی پێوەیە و ژن تێیدا بە کاریگەرە، وەکو بڵێی پیاو سڕاوەتەوە.ئەمەش ھەروەکوو ژنانی رۆژگاری ئەمڕۆمان وایە کە وەکوو ھێزێکی سەرەکی کۆمەڵگا نین. ژن ئەم ھێزە لە پێگەیاندنی دانەوێڵە، ماڵیکردنی ئاژەڵ، ئاواکردنی شوێنی حەوانەوە، لە چنین و ھاڕین و منداڵ بوون و بەخێوکردنیدا بەدەستدێنێ. ئەمەش بەھێزبوونێکی نائاساییە.[3]”. ژنسالاری و هەژموونی وێنەی دایک لەو قۆناغەدا کە ئاپۆ باسی دەکات، بە مەبەستی بەکارهێنانییەتی وەک دژە مۆدێلێک بە دۆخی ئێستای ژینی ژن لە کۆمەڵگەدا کە بەتەواوەتی لە بەرهەمهێنان و بڕیاردان دابڕێندراوە و بووەتە بەکاربەر، بەگەڕخەر و پێدروستکەر.
ئاپۆ خۆی ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە زمانی ئەفسانەکان و وێنەکانیان بۆ ژن وەک جادووگەر و خاوەن ئەفسون درێژکراوەی ئەو بۆچوونەیە کە وەک خواوەند بینراوە. سیحر و ئەفسوون لەو چەشنە کۆمەڵگەیەدا هەمان ئەو مانایەی نییە کە لەسەردەمی چاخەکانی ناوەڕاست و هەژموونی کەنیسەدا بە ناوی جادووگەرییەوە ژنان قاتوقڕدەکات، نا! ئەفسوون و جادووگەریی وەک خەسڵەتی ژن مۆرکە پۆزەتیڤەکەی داهێنان بوون وەک خوڵقێنەر. ژنان چونکە توانیویانە داهێنەربن، لە نەبوو شت دروستبکەن، هەر بۆیە وەک خاوەن توانای بانزەمینی و بانسروشتی بینراون. ژنان توانیویانە دانەوێڵە بچێنن، ئاژەڵ ماڵی بکەن، کەرەسەتەکانی ئاودێری و دوورینەوەی دانەوێڵە یا گواستنەوە دروستبکەن. ئاپۆ دەنووسێت: ”چەندین دۆزینەوە و داھێنان لەلایەن ژنەوە ئەنجامدراوە.شیمانەی ئەوە لەپێشە دانەوێڵەی بەسوود، دارەکانی میوە، ماڵیکردنی ئاژەڵ، منداڵ بەخێوکردن، کێڵان، ئاشی دەست و یەکەمین گالیسکە لە دۆزینەوە و بەکارھێنانی زەوی، ئاواکردنی ماڵ، خانوو داھێنانی ژن بووبێت.چەرخی خواوەندەکانی دایک دوای ئەم پێشکەوتنە مەزنانە دەبێتە سەمبۆلی رۆڵی ژن.” [4]
بۆ سەلماندنی زیاتری ئەوەی کە ئەم وێنە ئەفسانەییە بۆ ژن جەوهەرێکی واقیعییانەشی هەیە و بەتەنها خەیاڵ یا میتافۆر نییە، ئاپۆ دێتە سەر شیکردنەوەی دۆخە کۆمەڵایەتی و هیرارکییە سۆسیۆلۆژییەکەی ژن بە پاڵپشتی ئەو بەڵگە و سەرچاوانەی کە لە مێژووەوە وەرگیراون و ماونەتەوە. بۆ نموونە پلەوپایەی کۆمەڵایەتی ژن لە خێزاندا وەک ئێستای نییە کە سیمبولێک بێت بۆ کەموکورتی، بەڵکوو خاڵی بەهێزی تۆکمەیی و یەکگرتووی خێزان و خێڵە. ئاپۆ دەنووسێت:
”ئەو کۆمەڵگایەی لەتەوەرەی دایک ــ ژن پەرەیسەند بەھۆی ئاواکردنی یەکەمین کۆمەڵگای خزمایەتی جێگای گرنگی و بایەخ پێدانە. خزمایەتی لەسەر بنەمای نزیکبوون لەدایکـ-ژن دەستنیشان دەکرێت. لە رێگای ئەو خزمایەتییەوە لە کڵانی سەرەتاییەوە بە یەکەمین کۆمەڵگای قەبیلە دەگەن”[5].
هەموو ئەو وێنە دێرینانە بۆ ژن لەو سەردەمەدا و بەکارهێنانەوەیان لای ژن بەو مانایە وەردەگیرێت کە داخۆ چ گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە وا دەکات ژن لە داهێنەر و پیرۆز و بەرهەمدارەوە بچووکبکرێتەوە بۆ بێکردار و پۆخڵ و بوونەوەری ملکەچ و بێبەرهەم، جۆرێک لە سترەکتوری کۆمەڵایەتی کە لە کتێبەکەیدا بە هەژموون و زاڵبوونی دوالیزمەی (شێرەپیاو/چێلەژن) گوزارشتی لێدەکات؟

ئاپۆ مێژووی کۆیلایەتی ژن دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەفسانەکان و دەڵێت: ”ململانێی نێوان خوداوەندە ژنی ئوروک ئینانا (ڕەگی خۆی لە دایکە -خوداوەند ستار- عەشتاری میسۆپۆتامیایی سەروو وەردەگرێت) و خوداوەندە پیاوی ئەریدۆ، ئەنکی(یەکەم خوداوەندی پیاوی شار) لەم لایەنەوە زۆر بەکاریگەرە. ئینانا ھەوڵدەدات بسەلمێنێت چۆن و لەبەرچی تەواوی مافە ئیلاھییەکان ھی دایکە-خوداوەندە(١٠٤ ما بەناوبانگەکە، ٩٩ فەزیلەتەکە، بەھرە، داھێنان) بەرامبەر بەمەش ئەنکی وەعزی ئەوە دەدات کە ئەمە گرنگی خۆی لەدەست داوە، وەک بەڵگەی گوێڕایەڵیش داوا دەکا گوێ لە باوکی (لە کاتێکدا خۆی وەک خوداوەندی باوک پیاو رادەگەیەنێت، ئیتر ئینانای کۆنە خوداوەندەژنی کردۆتە کچ-ژنی خۆی)بگرێت.” [6].
ئیتر ئەم پێشینە ئەفسانەیییە دەبێتە سەرەتایەک بۆ داڕمان و لەناوچوونی کۆمەڵگەی دایکسالاری و چەسپاندنی کۆمەڵگەی باوکسالاری. لێرە بەدواوە ژن وردە وردە هەموو خاسیەت و تایبەتمەندییە ئەفسانەیی و یەزدانییەکانی لێ وەردەگیرێتەوە و دەبێتە کۆیلەی پیاو و کۆمەڵگە.
لە ڕووی مێژوویشەوە کاتێک پیاو دەچێتە دەرەوە و دەبێت بە ڕاوچی، هاوکات دەشبێت بە جەنگاوەر و دەکەوێتە ململانێی سەخترەوە لە ململانێی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ژن، کە بۆ گەرانتیکردنی مانەوەی خۆی و هاتنە دەرەوە بەزیندووی لێی، ناچارە هەم چەلەنگ و بەجەرگ بێت، هەم بکوژ و ببڕیش. دواجار هەر ئەم کەڵکەڵەی مانەوەیەشیەتی کە وای لێدەکات هێز و دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەم ژن و هەم ئەو سروشتەشدا بسەپێنێت کە تێیدا دەژی. هاوکێشەکە ڕوونە پیاو بۆ دەگۆڕدرێت، چونکە ئەوە بە تەنها پیاوی ئازایە دەتوانێت بە نێچیرەوە بێتەوە، بە دەستکەوت و غەنیمەوە، ڕێک پێچەوانەی سروشتی ژن کە جێگیرە، هەم هەڵگرە و هەم پارێزەرە بەڵام بەبێ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی کە دەبێت بە خەسڵەتی پیاو وەک شوناسی سەرەکی: خراپەکار و شەڕانگێز.
ئەم تێزەی ئاپۆ گەر گریمانەیەکی مێژوویش بێت ئەوا بە ڕای من شتێک لە ڕاستی و دروستی تێدایە چونکە ئەو قسە لەسەر قۆناغێک دەکات پیاو تێیدا دەگۆڕێت لە کارەکتەرێکی پەراوێزخراوەوە بۆ جەنگاوەر، پەلاماردەر، هێرشبەر، واتە سەنتەری دەسەڵات کۆنترۆڵ دەکات.
ئەم بۆچوونەی زیاتر لەو خاڵەدا زیاتر ڕوون و ساغدەکاتەوە کە ئیدی دێتە سەر قسەکردن لەسەر ئایینە یەکتاپەرستییەکان. ئاپۆ پێی وایە ئایینە یەکتاپەرستییەکان پشکی شێریان هەیە لە کۆیلەکردن و دابڕینی ژن لە هەموو خەسڵەتەکانی وەک خوداوەند، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش دەبینین لە هەزار پێغەمبەر تەنها یەک ژنیش بوونی نییە. ئاپۆ دەڵێت لە ئاینی مەسیحیدا ژن دەگاتە ئەوپەڕی لاوازی پاسیڤی خۆی، چیرۆکی دروستبوونی مەسیح کە گوایە مەریەمی دایکی بە هیچ شێوەیەک جووت نەبووە لەگەڵ پیاوێک بەڵکوو زادەی فوویەکی ئیلاهییە، ئەم چیرۆکە هیچ نییە جگەلە هەڵکشانی پیاو تا ڕادەی خوداوەند وەکچۆنیش داکشانی ژنە بۆ ئاستی بوونەوەرێکی بێگیان و بێدەسەڵات. بە ڕای ئاپۆ سێکوچکەی ڕۆحی پیرۆز_ باوک_ کوڕ، سەلماندنی ئەو ڕاستیەن کە دایک_ژن وەک پاشکۆ و کۆیلەی پیاو دەبینرێت، مەریەم ئاماژەو سیمبولی دایکێکی چاو بە فرمێسک و بێدەسەڵاتە.
ئەگەرچی لە ئایینی ئیسلامدا دایکی موحەمەد ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە و تا ڕادەیەک لە پەراوێزدایە بەلام ناتوانین ڕۆڵی خەدیجە پشتگوێ بخەین. ئاپۆ دەڵێت ئەوەی موحەمەد دەکاتە پێغەمبەر زیرەکی و لێهاتووی خەدیجەیە، خەدیجە وەک فیگەری ژنێکی زیرەک، بازرگان و خاوەن دەسەڵات، هەربۆیەش تا خەدیجە لە ژیاندایە موحەمەد هیچ ژنێکی تر ناناسێت. کەچی پاشتر و دوای مردنی خەدیجە کارەکتەری موحەمەد تەواو دەگۆرێت وەک پیاوێکی ژنباز تەنانەت کار دەگاتەوە ئەوەی بەناوی عەشقەوە لەگەڵ عائیشەی تەمەن نۆ ساڵ هاوسەرگیری دەکات. هەڵبەت گەر زۆربەی زۆری شیکردنەوەکان بە لای ئەوەدا بچێت کە ئاپۆ دەیڵێت کە موحەمەد بە نیازی ئاشتی و سەقامگیری نێوان خێڵە عەرەبەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شەڕ ئەم کارەی کردبێت، ئەوا من هاوڕای ئەو گوتارە شیعییەم(بۆ نموونە تێزەکەی ئەحمەد قوپانچێ) کە پێیوایە ناسینی موحەمەد بۆ ئەو هەموو ژنە لە خێڵی جیاواز و تەمەنی جیاواز ڕەنگی جیاواز بە تەنها ئەوە نییە کە وەک پیاوێکی هەوەسباز سێکسوالیتی خۆی تێرکردبێت بەڵکوو ئامانجی سەرەکی بوونی کوڕێک بووە تا ببێتەوە میراتگری ڕێبازو دینەکەی، دەشبینین کاتێک موحەمەد شکست دەهێنێت تا ببێتە باوکی کوڕێک کە ئەم پرۆسەیەش بۆ خۆی زیاد لە بیست ساڵ دەخایەنێت، ئەوجا بانگەوازی ئەوە دەکات ئەو خۆی دوا پێغەمبەری دونیایەو هیچ پێغەمبەرێکی تر لە دوای خۆی بوونی نابێت. لە بەرئەوەی موحەمەد بە ئاگابووە لەوەی کوڕ ریشە و میراتگری باوکە نەک کچەکانی.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی