وتار و لێکۆڵینەوە

ئاپۆ (دۆنجوان/فرانکشتاین)ەسیاسییەکەی کورد

شارا تاهیر

بەشی سێیەم

شەڕی عەشق و ڕزگارکردنی لە چنگی پیاوگەرایی

قسەکردن لەسەر شەڕانگێزی ناڕاستەخۆ ناچار بە قسەکردن لەسەر خۆشەویستیمان دەکات. دیارە هەمیشە پانتایی ئاخاوتن قسەکردن لە کولتووری ئـێمەدا لە دەوری شەڕانگێزیدا خولاوەتەوە بەڵام هیچ کات قسە لەسەر دژەکەی کە خۆشەویستییە نەکراوە. بە مانایەکی تر، وزەیەکی بێشوومار لە وەسفکردن و ڕاڤەکردنی مانا جیاواز جیاوازەکانی شەڕەنگیزی جا چ لە بواری سیاسیدا بێت یان لە بواری کۆمەڵایەتیدا بە هەدەر براوە، لە کاتێکدا تاکە پانتایی بۆ تیۆریزەکردن و ڕاڤەکردنی خۆشەویستی وەک یەکێک لە هەرە بابەتە گرفتئامێزەکانی ئێمە بە تەنها بە زمانی سۆز و غەزەلی ئەدەبی قسەمان لەسەر عەشق و سۆز کردووە. کاتێک ئاپۆ لەناو کێشمەکێشمی ئەو گوتارە سیاسییەی ناوچەکەدا باس لە پرسی عەشق دەکات و کێشەی ژنیش وەک شاکلیلێک بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی ئازادی، یەکسانی و دیموکراتیزەکردن دەبینێت، بەم کارەشی بابەتی عەشق و جەستەی ژن دەبات بە ئاقارێکی تەواو جیاواز لەوەی کە ئێمە پێیڕاهاتووین و بیستوومانە، ئەوا لە جێ خۆیدایە کە هەڵوەستە لەسەر تێزەکەی ئاپۆ لەبارەی عەشق و خۆشەویستی بکەین. ئاپۆ عەشق و جەستەی ژن لە خەیاڵێکی شاعیرانەوە دەهێنێتەوە و دەیگۆڕێت و دەیکاتەوە بە هەوێنێک بۆ کەرەستەی شەڕێکی گەورەتر کە شەڕی ئازادییە، ئەو دەڵێت: عەشق ئەو ڕاستییە دژوارەیە کە دەمانکاتە جەنگەوە، بەڵام چ جەنگێک، جەنگی ئازادی و یەکسانی نێوان ژن و پیاو بەر لە ئازادکردنی نیشتمان. ئاپۆ پێیوایە گەر پیاوەتییەک بڕوای بە بوونی خۆی هەبێت ئەوا نەک لە ئازادی ژن دەترسێت و دەبێتە بەربەست لە بەردەمیدا بەڵکوو دەبێت بە فیداکارترین شێوە هاوکار و هاوپشتی بێت. پێویستە لە بری شانازیکردن بە گوتەی ژنی من، جەخت و قورسایی بخاتە سەر گوتەی ئەو ژنەی کە دەبێت ئازاد بێت.

ئاپۆ لەبارەی خۆی دەڵێت: ”من ژنم نەهێنا، بەڵام ئازادیم هێنا”.

دیارە خاڵی گرنگی پرەنسیپی تێزەکەی ئاپۆ لەبارەی کێشەی ژن لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە کە کۆیلەبوونی ژن شتێک نییە جەستەیی و بایەلۆژی بێت بەڵکوو زادەی ئەو کولتوورە پاتریارکییە کۆمەڵاتییە، ئایینییە کە ڕەگوڕیشەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە وا ڕۆچۆتە ناو هەموو سوچ و کونوقوژبنێکی کۆمەڵگەی کوردییەوە کە ژن خۆیشی ئەو باوەڕەی نییە بتوانێت لە دەرەوەی ئەو نۆرمە باوانەی پیاو بۆی دایڕشتووە جیاواز مامەڵە بکات. هەر بۆیە ئەوەی کە بۆ ژن و جەستەی ژن ماوەتەوە درۆ و دەلەسەی عەشقە یان چێژ لە عەشق. بەڵام داخۆ چ عەشقێک؟ بۆچی؟ بۆ کێ؟ لە نێوان کێ و کێدا؟ عەشق و چێژ لەناو ئەو پەیوەندییە باوەی نێوان ژن_پیاوی ئەمڕۆدا چرۆ ناکات و ڕوو نادات چونکە پیاوی سەردەستەو ئاغا خۆی بە تاک و تەنها خوداوەند دەبینێت، بە مانایەکی تر، چێژ و عەشقێکی نارسیستی کە لە نێوان هەمان توخمدایە ئەویش پیاو خۆیەتی بە مانا لاکانییەکەی. ئاپۆ دەڵێت کورد میللەتێکە بەدرێژایی مێژووی خۆی لە خۆشەویستی بێبەشکراوە، هەر بۆیەش پرسیارە جەوهەرییەکە لای من ئەوەیە ئەم عەشق و دڵو دڵخوازییەی کورد هی کێێە؟هەست و نەستەکەی هی کام داگیرکەر و کام دوژمنەیە؟ ئەو پیاوەی کە لە ‌هەڵپەیەکی بەردەوامدایە بۆ گەشتن بە عەشق و گەرەکییەتی لە ڕێیکۆیلەکردنی ژن بگات بە ترۆپکی سەرداری خۆی لە بنەڕەتدا لە ژن کۆیلەترە. ئەم دیدە فانونییە بۆ لێكشیتاڵکردنی نەستی پیاوی کورد وەک داپڵۆسێنراوێک و چەوسێنراوێکی دەستی دوژمنانی دەوری خۆی، وا لە ئاپۆ دەکات بگاتە ئەو دەرئەنجامەی شتێک نییە بە ناوی پیاوی کوردەوە کە بۆ خۆی خاوەنی هەست و سۆزی سەربەخۆ بێت، تا بتوانێت عەشق و خۆشەویستی بکات بەڵکوو ئەوەی هەیە پیاوێکە بە نەستی سەردەستە تورکەکەی یاخود عەرەبەکەی یان فارسەکەی دوژمنییەوە کە بەبەردەوامی گەمەی پێدەکرێت و پێیکراوە. ئاپۆ بەئاگایە لە چەمکی ئاوێنە بە مانا لاکانییەکەی زۆر ژیرانەیش لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاوی کوردا تەوزیفی دەکاتەوە. بە ڕای ئاپۆ ئەو ژنە کوردە باوەی هەیە ئاوێنەی پیاوی کوردە، بە مانایەکی تر، ژن دەبێتەوە بە نیشانەکانی پیاو، ئەو وێنای خۆی لە ژندا دەبینێتەوە وەک بوونەوەرێکی خەسیوو، بچووک و داپڵۆسێنراو، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم وێنە نالەبارەش پیاو بەشێوەیەکی هیستری و نائاقڵانە هەموو توندوتیژی خۆی لە ژن و دواتر لە منداڵەکانیشیدا بەتاڵدەکاتەوە. هەر لەبەرئەوەی پیاوی کورد وەک سەبژێکتێکی ئازاد خەسڵەتاکانی دیار نین، سەیر نییە ئەو پیاوە توندوتیژە لە هەمان کاتیشدا نەرمونییانە دەخوازێت عاشق بێت. بە مانایەکی تر، لەیەک کاتدا پیاوی کورد هەم لە ژنەکەی دەدات وەک دوژمنی سەرسەختی خۆی دەیبینێت هەم خۆشیدەوێت و فرمێسکی بۆ دەڕژێت و وەک تاقانەترین یار دەیبینێت. ئەم دووفاق و دووڕووییەی پیاوی کورد لە پەیوەندی بە جەستەی ژنەوە لە شیعر و ئەدەبیاتدا دەگاتە ئەوپەڕی هەر لەوێشدا ژن و جەستەشی پارچە پارچە دەکرێت هەر پارچەیەشی تامێک و نرخێکی خۆی هەیە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت لە کولتووری کوردیدا تەنها پیاو قسەدەکات و هاتۆتە ناو بونیادی زمان، ژن کاتێک دێتە ناو زمانەوە ئەوا وەک جەستە بە پارچە پارچەکراویش دێت، بۆ نموونە ژن وەک چاو و برۆ، برژانگ، پاو پووز… جەستەی ژن بەشێوەیەکی هیرارکی و قات قات لە زماندا داڕێژراوە. لە سەرەوە تاوەکووناوقەدی ڕێپێدراوە بۆ گوزارشت لێکردن، وەسفکردنی و عاشقبوونی، لە کاتێکدا لە خوار ناوەکییەوە وەک تابو_مەحرەم دەبینرێت و باسی لێوەناکرێت تەنها لەو دۆخەدا نەبێت کە پێدەوترێت ڕەحم لە دۆخە سێکسوالیتییەکەی خۆی دابڕاوە بۆتە ئۆرگانێکی تر بۆ بەرهەم هێنانی منداڵ[7].

دیدی ئاپۆ لەسەر جەستەی ژن لە سیستمی سەرمایەدرایدا ڕوونە، ئەو دەڵێت: ژن وەک کاڵایەکی هەرزان- بەها لە هەموو کات و سەردەمێکدا کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە بەڵام بە بەراود لەگەڵ سەردەمی سەرمایەداریدا، ژن لە کۆندا وەک یەک پارچە کاڵا کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا لەژێر سایەی پیاوگەرایی-سەرمایەدارییدا هەر وەک چۆن لای قەساب لاشەی ئاژەڵ پارچە پارچە دەکرێت و هەر پارچەیەکیشی نرخێکی جیاوازی هەیە، جەستەی ژنیش ئابەو شێوەیە لە پاژنەی پێیەوە تا تەوقی سەری، لە سنگ و مەمکییەوە تا ڕانەکانی، لە ورگی تا دەگاتە ئۆرگانی سێکسی، لە باوەشیەوە تا ئەژنۆکانی، لەپشتییەوە تا پاوپوزی، لە چاوەکانییەوە تا گەردن و ملی پارچە پارچە دەکرێت لە بازاڕی سەرمایەدارییدا هەر پارچەیەکی نرخێکی جیاوازی خۆی هەیە. تاکە شوێنێک کە بێنرخ دەمێنێتەوە ڕۆحییەتی. لەبەرئەوە سەیر نییە گەر زۆر جار ئەو پرسیارە بە خەیاڵماندا بێت بڵێین ئایا ژن خاوەنی ڕۆحە یان نا؟ با بیریشمان نەچێت ژن لە ڕووی ئەقڵ و زیرەکییەوە بە کەم ئەقڵە ئەبەدییەکە دەبینرێت، وەک کاڵایەکی چێژبەخشی قەحبەخانە تایبەتی و گشتیەکانە، ژن ئەو مرۆڤەیە کە بە مرۆییانە نابینرێت و مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، ئەو مرۆڤەیە تەنانەت لە لایەن بژاردەترین پیاویشەوە دووچاری هێرشی سۆزداری دەبێتەوە، بەکورتی ژن بابەتگەلێکە هەموو پیاوێک بەبێ جیاوازی وەک ئیمپراتۆر خۆی بەسەریدا دەسەپێنێت و زاڵدەکات.

ئاپۆ تەواوی ئەو سیستمە خێزانییە کوردییە ڕەتدەکاتەوە کە لەسەر پرەنسیپی موڵکدارێتی و ناموس دامەزراوە، بە باوەڕی ئەو ئەم جۆرە لە خێزان لە مرۆڤی نەخۆش و بێئیرادە زیاتر هیچی تر بەرهەمناهێنێت. ناموسپەرستییەک لەسەر ژن و جەستەی ژن بونیاد بنرێت نیشانەو ئاماژەی بێناموسییەکی زۆر قووڵی کۆمەڵایەتییە.

ئەوەی پیاوی کورد عەوداڵی دڕانی پەردەیەکی وەهمی بە ناوی پەردەی کچێنییەوە هیچ نییە جگە لە بێناموسییەک بە ناوی ناموسەوە. کوشتنی ژن بە ناوی پاراستنی شەرەف و ناموسەوە نەک تەنها هەر جەهالەت و نەزانینە بەڵکوو بێئەخلاقییە بە ناوی ئەخلاقەوە، ئاپۆ دەڵێت من لە کچی کورد دەپرسم تۆ چۆن دەتوانیت لەگەڵ ئەم جۆرە لە پیاو ژیان بەسەر بەریت، وەکچۆن لە پیاویش دەپرسم و دەڵێم چۆن دەتوانیت لەگەڵ ژنێک ژیان بەسەر بەریت کە تۆ خۆت پێتوابێت هەموو شتێکی ئەو هی تۆیە، ئەم ژنە چ کەڵکێکی دەبێت کە خۆی خاوەنی هیچ شتێکی خۆی نییە؟

گرنگیشە لێرەدا ئاماژە بە هەڵپەی پیاوی کورد بۆ ژنانی غەیرە کورد بدەین هەڵبەت ئەمەش هەر بە بیانووی عەشقەوەیە بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کە لەگەڵ ژنانی غەیرە کوردە پیاوی کورد تەنها دیوە نەرمونیانەکەی بەگشتی دەردەکەوێت، هەڵبەت ئەمە بە تەنها هەر لەبەر ئەوە نییە کە بیەوێت قەرەبووی ئەو تێبڕین و سمینە سیاسییە بکاتەوە بەڵکوو بە ڕای من زیاتر زادەی ئەو ڕاستییەیە کە پیاوی کورد دیسان لەوێشدا لەبەرکەموکورتی خۆی وەک بوونەوەرێکی سیاسی هەوڵدەدات بناسرێتەوە دانی پێدابنرێت.

بۆ زیاتر ڕاڤەکردنی ئەم تێزەی ئاپۆ لەبارەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاوی کورد ئەوا پێمباشە تێزەکەی فانون[8] بە بیری خۆمان بهێنینەوە، کە پێوایە هەردوو کەسی باڵادەستی ستەمکار و و ژێردەستەی چەوساوە نیشانەی پاتەلۆژی ستەمکاریین . هەر لە بەر ئەم هۆیەش شتێک نییە بە ناوی پیاوی سپی و پیاوی ڕەش بەڵكوو هەردووکیان لە پەیوەندییەکی هەماهەنگییدان لەگەڵ یەکدا پێکەوە دروستدەبن. ئەم دیدە بۆ ژن و پیاوی کوردیش هەر ڕاستە، واتە شتێک نییە بە ناوی ژن و پیاوی کوردییەوە بەڵکوو ئەوەی هەیە هەر پیاوە و ئەویش کائینێکی خەسیوە هیچ لەبارانەبووە هەم لە ڕووی سیاسییەوە هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە. بە باوەڕی من ئاپۆ زۆر زیرەکانە ئیشی لەسەر ئەم دیوە پاتەلۆژییەی پەیوەندی نێوان ژن وپیاوی کورد کردووە و توانیویەتی تەواوی ئەو هاوكێشەیە هەڵبوەشێنێتەوە. ئاپۆ دێت وێنای ژنێک دروستدەکات و زیندوویدەکاتەوە کە تەواو جیاوازە لەو مۆدێلەی هەیە و بۆتە ئاوێنەی پیاو. ئاپۆ ئاقڵانە ئیش و دەستکاری سەبژێکتیڤێتی ژنی کورد دەکات. لە ڕێی ئەوانەوە دەیەوێت جارێکی تر بگاتە سەبژێکتیڤێتی پیاوی کورد و ئەو وێنا خەسیوو و پووچەڵەیان بۆ ڕاستبکاتەوە کە مێژووی کۆیلایەتیبوونی سیاسییان بۆی دروستکردوون.

ئاپۆ دەپرسێت:ئایا عەشق دەتوانێت هێلانە لەناو دڵی ئەو شوێنانە نەشونما بکات و دروست بێت کە تا بینەقاقای داگیرکراوە؟ ئاپۆ بە ئاماژە بە ئەزموونی خۆی[9] دەڵێت بەبێ خیانەتکردن لە ئەرکە شۆڕشگێڕییەکان، ئاستەمە بتوانیت لەگەڵ ژنێکی سیستەمدا بژیت. شۆڕشی ژن لە خۆیدا شۆڕشێکە لەناو شۆڕشدا. دیارە مەبەست لە شۆڕشی ڕزگارکردنی ژن و جەستەی ژن لە چنگی پیاوگەرایی و قوتارکردنی وەک ماشێنێک بۆ خستنەوەی منداڵ لە زهنییەتی کۆنەپەرستی ئایینی و زهنییەتی سەرمایەداری یەکێکە لە ئەرکە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی ئەو جەنگە. عەشق پێویستی بە ئازادی، ئازایەتی، سەرکەوتن و خۆشەویستییەکی مەزن هەیە.

ئەوەی جێی سەرنجە لە تێزەکەی ئاپۆ لەبارەی عەشق، دابڕاندنییەتی لە سێکسوالیتی و پێیوایە هەرکەسێک عەشق بۆ ئاستی تامەزرۆیی جەستەیی و سێکسی نزم بکاتەوە ئەوا بێگومان خیانەتی لە عەشق کردووە. ئەم دۆگمایەی کە عەشقی پیرۆز ئەو عەشقەیە بێ بوونی ئارەزووی سێکسی، پێچەوانەکەشی بۆ سێکس ڕاستە، چونکە بەرەیەکی تر هەیە کە پێیوایە سێکس و چێژی پاک و بێگەرد ئەوەیە کە خاڵی بێت لە خۆشەویستی و پۆخڵنەکرابێت بە خەیاڵی عەشق. بە مانایەکی تر، ئەوەی کە تۆی خۆشدەوێت لە بەرخاتری سێکس ئەوا بە ڕاستی عاشقی تۆ نییە، وەکچۆن ئەوەی کە سێکست لەگەڵ دەکات لەبەرئەوەی خۆشی دەوێیت ئەوا لە ڕاستیدا ئارەزووی تۆ ناکات. هاوشێوەی شۆپنهاوەر ئاپۆش زۆر ڕەشبینانە دەڕوانێتە پەیوەندی نێوان خۆشەویستی و سێکسوالیتە، دەڵێت: لە سێکسدا هەموو دەمامکەکان دەکەون، سێکس ئەو پانتاییە کۆیلەبوونی تاکەکان تێیدا باڵا دەکات. ئاپۆ دەڵێت گەر عەشق مانا شۆڕشگێڕییەکەی خۆی لەدەستبدات ئەوە هیچ نییە جگە لە وەهمێک بۆ پاراستنی ڕەگەزی مرۆڤ لەسەر زەوی. هەر بۆیە ئەو دوو خۆشەویستەی وا دەزانن لە سایەی خۆشەویستی و خەیاڵەکانیدا دەژین لە ڕاستیدا ئەوانیش وەک هەموو ئەوانی تر ملکەچی مێگەلن، چونکە دواتر هەموو بە عەزرەتی دەنگی منداڵێکەوەن.

دیارە ئاپۆ بەتەواوی دژی بەکارهێنانی ژنە وەک ماشێنێک بۆ خستنەوەی منداڵ و زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان لە ڕێی کارابوونی ژن وەک کارخانەیەک. لە کاتێکدا ئێمە وەک میللەتێک هەمیشە لە بەردەمی هەڕەشەی قاتوقڕیدان لە لایەن داگیرکەرەکانمانەوە، ڕەنگە دروستکردن و خستنەوەی منداڵی زۆر بە تایبەت کوڕان یەکێک بووبێت لەو میکانیزمانەی کە بە هۆیەوە درێژە بەم شەڕە نابەرانبەرە درابێت. کەچی لێرەشدا ئاپۆ جەوهەری ژن وەک مرۆڤ دەبێنێت و نایەوێت بیکاتەوە بە بەشێک لەو کارخانەیە. بە ڕای ئاپۆ کێشەی زیادەڕۆییانەی ژمارەی دانیشتوان لە کێشەی چینایەتی زیاتر هەڕەشە لە کۆمەڵگەی کوردی بەتایبەتی و جیهان بەگشتی دەکات. بە مانایەکی تر، زیادبوونی لە ڕادەبەری ژمارەی دانیشتوان لە نزیکەوە گرێدراوی کۆمەڵگای پیاوگەرایی و سەرمایەدارییە. پرۆسەی لەدایکبوونی منداڵ کە بە یەکێک لە قورسترین و بە ئازارترین ئەرکەکان لە ژیانی ژندا دادەنرێت کەچی بە ڕەنجدانانرێت. ئاپۆ دەڵێت: دەبێت ئێمە ئەوە زۆر باش بزانین کە وەچەخستنەوە دیاردەیەکی سیستەماتیک و کولتوورییە نەک بایەلۆژی. لەدایکبوونی هەر منداڵیک لە خۆیدا چەندین جار مانای مردنی ژنە بەڵکە هەر زۆربوونێک مانای مردنە. ئەو بوونەوەرەی کۆتاییەکەی مردن لەناوچوونە باوەڕی وایە کە لە ڕێی زۆربوون و زاوزێکردنەوە دەتوانێت خۆی بۆ هەمیشە بژێنێت و بمێنێتەوە. بە مانایەکی تر، کورتکردنەوەی فەلسەفەی ژیان بۆ زاوزێ لەگەڵ ژندا، لە خۆیدا لەدەستدانی مانای ژیانە.

ئاپۆ زۆر بەئاگایانەوە دەستی بۆ چەمکی ئیرۆتیزم و مەرگ بردووەو تێزەکەشی مۆرکێکی فەلسەفی قووڵ و وردی پێوە دیارە، هەر بۆیە لەجێی خۆیەتی لێرەدا بۆ زیاتر جەختکردنەوە لە قووڵی و وردی بابەتەکەی بیبەستینەوە بە تێزەکەی فەیلەسوفی فەڕەنسی جۆرج باتای لەسەر ئیرۆتیزم. باتای لە پێشەکی کتێبەکەیدا بە ناوی (مەرگ و چێژ: توێژینەوەیەک لەسەر ئیرۆتیزم و تابوو) پێیوایە ئیرۆتیزم تا ئەوپەڕی مردنیش هەر ژیانبەخشە، هەرچەندە باتای خۆی دەڵێت: ڕەنگە ئەمە پێناسەیەکی وردی ئیرۆتیزم نەبێت، بەڵام بە ڕای ئەو ئەم دەستەواژەیە لە هەموو پێناسەیەکی تر زیاتر مانابەخشە. بە ڕای باتای چالاکی سێکسی وەک پرۆسەیەک بۆ بەرهەمهێنانەوە و بەردەوامی ژیان تایبەتە بە هەردوو مرۆڤ و ئاژەڵیش، بەڵام ئەوە تەنها مرۆڤە کە ئەم چالاکییە سێکسییەی گۆڕیوە بۆ چالاکییەکی ئیرۆتیکی. ئیرۆتیزم بەپێچەوانەی هەر چالاکییەکی سێکسی تر داوایەکی سایکۆلۆژییە و ئامانجە سروشتییەکەی بریتییە لە زاوزێ و خستنەوەی منداڵ. بە بەکارهێنانی ئەم فۆڕمەلەیە، باتای دەگەڕێتەوە بۆ پێناسەکەی خۆی بۆ ئیرۆتیزم و پێیوایە گەر ئامانجی سەرەکی لە ئیرۆتیزم بەرهەمهێنانەوە و خستنەوەی منداڵ بێت ئەوا ئەم پرۆسەیە بە دەر نییە لە ڕەگەزی مەرگ، واتە ناتوانین باس لە چێژ و خرۆشی سێکس بکەین بەبێ باسکردنی مەرگ. بە واتایەکی تر، ئەنگێزەی مەرگ بۆخۆی چێژوخرۆشی سێکسوالیتی دروست دەکات.

لەم بارەیەوە باتای دەڵێت: ”منداڵخستنەوە پێچەوانەی ئیرۆتیزمە تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە ئامانج لە ئیرۆتیزم گۆڕینەوەی چێژو خرۆشی چوونییەکی نێوان دووکەس بێت کە ئامانجیان خستنەوەی منداڵ نەبێت”. منداڵ خستنەوە واتە بوونی بوونەوەری جیاواز و دابڕاو لە یەکتری، بوونەوەرگەلێک کە خۆیان دووبارە دەکەنەوە وەک یەکەیەکی جیاواز و دابڕاو لەوی تر، وەکچۆن ئەوەی کە دروستیش دەبێت یەکەیەکی جیاوازو دابڕاوە لەوانی تر، لەو دایک و باوکەش ناچێت کە لێوەی دروستبوون. هەر بوونێک لەوی تر جیاوازە بەو مانایەی هەر کەسێک لەدایکبوونێکی جیاواز، ژیانێکی جیاواز و مردنێکی جیاوازی هەیە، ئەگەرچی ژیانی هەرکەسێک کەم تا زۆر گرنگی و پەیوەندی بە وانی ترەوە هەیە، بەڵام دواجار ئەو ژیانە بە تەنها پەیوەستە بە خۆی. باتای دەڵێت: ئێمە بە تەنیا لە دایک دەبین و بە تەنیاش دەمرین. لە نێوان بوونێک و بونێکی تردا بۆشاییەکی گەورە لە جیاوازی و لێکپچڕان هەیە، هەربۆیە کاتێک تۆ دەمریت ئەوە بە تەنها مردنی تۆیە نەک مەرگی من. بە ڕای باتای مرۆڤ بۆ خۆی بوونەوەری جیاواز و لێکدابڕاوە، مەرگیش بەردەوامی دەدات بەم جیاوازییە. منداڵخستنەوە واتە جیاوازبوونی بوونەکان، بەڵام لە ڕێی بەردەوامبوونیانەوە. بۆ ئەوەی مەبەستی باتای لە پەیوەنی نێوان مەرگ و منداڵخستنەوە ڕوونبکەمەوە ئەوا پێویستە درێژە بە تێزەکەی بدەم و وردەکارییەکانی باسبکەم. باتای بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو پەیوەندییە باس لە دوو جۆر بەرهەمهێننانەوەی بوونەوەرەکان دەکات: یەکەمیان بە زیادکردنی نا سێکسوێل دەناسرێت کە زیاتر دابەشبوونی خانە دەگرێتەوە بەبێ هیچ چالاکییەکی سێکسی بۆ دوو خانە، ئەو دوو خانە نوێیە بەرهەمی خانەی یەکەم. بەڵام خانەی یەکەم خۆی نامێنێت و دەمرێت. بە مانایەکی تر نابەردەوامی و مەرگی یەکەم دەبێتە بەردەوامی ژیان بۆ دوو خانەکەی تر. جۆری دووەمیش لە پرۆسەی بەرهەهێنانەوە لە نێوان بوونەوەرە سێکسوالییەکان تا ڕادەیەک بە هەمان شێوەیە، بەو مانایەی یەکگرتنی سپێرم و هێلکە وەک دوو یەکەی نابەردەوام دروستبوونی کۆرپەلە وەک یەکەیەکی بەردەوام کەلە دیارنەمان و مەرگی ئەو دوو یەکەیەوە(سپێرم و هێلکە)ەوە دروستدەبێت.

کتێبی ئیرۆتیزم (جۆرج باتای)

بۆ پێچانەوەی ئەم بابەتە و بەستنەوەی بە تێزە سەرەکییەکەی ئاپۆ لەبارەی عەشق و بەکارهێنانی ژن وەک جەنگاوەرێکی دانەبڕاوی شەڕی گەشتن بە عەشق، ئەوە ماوە بڵێین گەر ڕامبۆ پێیوابێت عەشق پێویستە سەرلەنوێ دابهێنرێتەوە‌، لای ئاپۆ زیندووکردنەوەی عەشق یەکێکە لە زەحمەتترین ئەرکە شۆڕشگێڕییەکان کە پێوستی بە ڕەنجێکی گەورە و بیر و هۆشێکی ڕۆشنگەر هەیە. ئاپۆ دەڵێت وردە وردە دەرک بەوە دەکرێت من لە سیاسەتی کادیرانی ژندا عەشق دەچەسپێنم، هەوڵمداوە دوور لە ڕەهەندە جێندەرییەکەی ئەم هەڵوێستە لەناو چەمک و بیرۆکەی کولتووری، سیاسی، ئازادی و یەکسانیدا پێشبخرێت. بە مانایەکی تر، پێویستە سەرلەنوێ پێناسەیەکی ترمان بۆ عەشق هەبێت، ئەمەش شانبەشان و هاوتای ڕزگاریکردنی ژن دێت لەژێر کۆتوبەندی کۆیلایەتی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا. بۆ ئەوەی بگەین بە دیوە ڕاستەقینەکەی عەشق ئەوا پێشوەخت پێویستە هەردوو ژن و پیاو لەگەڵ یەکتر ئاشتبکەینەوە و دەرک بەو ئیلاهیبوونە بکرێت کە پێویستە لە نێوان هەردوو ژن و پیاودا هەبێت. هەڵبەت گەشتن بەم دۆخە گەر کارێکی مەحاڵ نەبێت، ئەوا زۆر قورسە لە سایەی شارستانەتی چینایەتی بەتایبەتیش سیستمی سەمایەداریدا بێتەئاراوە.

بە ڕای من ئاپۆ بۆ گەشتن بە مەرامە سیاسییەکانی و هێنانی ژن و ئامادەگی بۆ ناو کایەی سیاسی و بەکارهینانی وەک جەنگاوەرێک لە شەڕی عەشقدا زۆر ئاقڵانە و بەئاگایانە ئیشی بە زمان و بونیادە کۆمەڵایەتی و سیاکۆلۆژییەکەی پشت زمانیشەوە کردووە. ئەو بەئاگایە لەوەی کە زمان وه‌ك سیستمی كو‌لتووریی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌كی ته‌واوی هه‌یه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی وێنای ژن، سه‌یركردنی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ژن په‌یوه‌سته‌ به‌ بونیادی ئه‌و زمانه‌وه‌ كه‌ كو‌لتووره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی لێ پێكهاتووه‌. بە مانایەکی تر، زمان به‌ ته‌نها وێنای حه‌قیقه‌تمان نیشاننادات به‌ڵكوو ئامرازێكیشه‌ بۆ دروستكردنی حه‌قیقه‌ت خۆی. دیاره‌كو‌لتووری كوردی پاتریاركییه‌و هه‌موو شته‌كانی له‌ ده‌وری سه‌یركردنی پیاو‌ بۆ وجودی خۆی كۆده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م وجوده‌ ته‌واو بێت پیاو پێویستی به‌ ژنه. هاوشێوەی سیمۆن دیبوڤوار ئاپۆش جه‌سته‌ی ژن به‌ (حاڵه‌ت) دەبینێت و پێیوایه‌ ژن به‌هۆی وه‌زیفه‌ی به‌رهه‌مهێنانی منداڵ و بازنه‌ی هۆرمۆنییه‌وه‌و له‌ژێر خانه‌ی مرۆڤدا ده‌كرێته‌ كۆیله‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆیله‌و به‌ندبوونه‌شی بۆ تۆخ ده‌كاته‌وه‌ بیروڕاو لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌تی له‌سه‌ری. واته‌ ئه‌وه‌ی وا ده‌كات كه‌ جه‌سته‌ی ژن وه‌ك حاڵه‌تێك سه‌یر بكرێت ئه‌و وێناو ڕاستییانه‌یه‌ كه‌ ژن تێیدا ده‌ژی. بۆ نموونه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا جه‌سته‌ی ژن به‌ندی حاڵه‌تێكه ‌زیاتر لێكدانه‌وه‌ی بیروڕای كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌ نه‌وه‌ك هه‌قیقه‌تی ئه‌و جه‌سته‌یه خۆی‌ وه‌ك سەبژێكتێك. بۆ نموونە، كاتێك ده‌ڵێن ژن(زه‌عیفه‌یه‌)، ئا لێرەدا ئاپۆ ئیشی لەسەر جەستەی ژن کردووە لە جەستەیەکی لاواز و بێدەرەتانەوە گۆڕیویەتی بۆ جەستەیەکی زاڵ و جەربەزەو ئازاد کە باکی بە هیچ شتێک نییە تەنانەت بە مەرگیش. وا بزانم هەموو ئەوەمان لە یادە کە چۆن یەکێک لە هەرە سیما زۆر دیار و بریقەدارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیزم لە واقیع و میدیای کوردیدا بریتی بوو لە بەجێنده‌ركردن و ڕەگەزاندنی جەنگ، هەروەها پیرۆزکردنی هاتنی ژن بۆ ناو مەیدانی شەڕ: ژن وەک چەکهەڵگر، وەک پێشمەرگە، شەڕڤان و گەریلایەک دەتوانێت شانبەشانی پیاو لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕدا، بجەنگێت. کەم نەبوون ئەو گوتار و شیعر و شانامانەی لەو جەنگەدا دژ بە داعش، بە شانوباڵی ژنی چەکهەڵگردا نووسران و هەوڵیاندا: واتە وێنا و مەزنکردنی ژنەپێشمەرگە و ژنەگەریلا و ژنەشەڕڤان وەک دلێر، جوامێر، جەربەزە، نەسرەوت و ئازا و شێری مەیدان… هتد وێنا بکەن، کە هەموو ئەم زمانە میتافۆرییە وەسفگەرایە لە بنەڕەتدا خۆی زادەی ڕیتۆریک و سیمبولەکانی جیهانی پیاوە، زمانێکە پیاو دروستیکردووە تا ستایشی خودی خۆی وەک بوونەوەرێکی میلیتاریزەکراو، پێبکات. بەکارهێنانی ئەم زمانە میتافۆڕییە بۆ ژنیش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئاپۆ سەکەوتوو بووە لە دەستکاریکردنی سیستمی سیمبولی زمانی کوردی لەبارەی جەستەی ژن و گۆڕینی لە دۆخی زەعیفەو لەرزۆکەوە بۆ جەستەیەکی جەربەزەو نەبەرد.

لەم کتێبەدا ئاپۆ چەند جار ئاماژە بەو کۆجیتۆیەی ئیسلام بۆ ژن هەیەتی دەدات: (ژنەکانتان کێڵگەکانتانن، چۆن دەتانەوێت ئەوا بیانكێڵن)، یان گوتەی (ژنەکان وەک ئامێری موزیک وان، چۆن پێتانخۆشە ئاوەها بیانژەنن). بە مەبەستی ئەوەی پیاو بەدرێژایی مێژووی خۆی هەوڵی سڕینەوەی کارەکتەری ژنی داوە و ویستوویەتی بیکاتە بەو شتەی کە خۆی دەیەوێت هەبێت، واتە ژنێکی پاسیڤ، گوێڕایەڵ، ترسنۆک و لەرزۆک کە ئەم بۆ خۆی هیچ بوون و سوودێکی نییە بەڵکوو تەنها وەک پاشكۆی پیاو دەتوانێت هەبێت، ئەرکی سەرەکیشی لە ژیندا ڕازیکردنی غەریزەو سێکسوالیتی پیاوە. هەڵبەت بۆ کەسێک کە بەچاوی ڕەخنە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە یەکەم پرسیار کە بەخەیاڵیدا بێت ئەوەیە: ئەی داخۆ ئاپۆش هەمان میکانیزم بەکارناهێنێت بۆ میلیتاریزەکردنی ژن، بەو مانایەی کە ئەویش وەک ئەوانەی پێشخوی ژن دەکاتە ئامرازێک بۆ شەڕ بە ناوی شەڕی عەشقەوە؟ بەڵام ئاپۆ هەر خۆی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە دەڵێت کە ئەو بەئاگایە لەوەی ژنی خستۆتە چ تەنگەژە و ئاگرێکەوە. ئاپۆ ڕوو دەکاتە ژنە شۆڕشگێڕەکان دەڵێت: ”… هەرچەندە خیانەتکارو بەکرێگیراویش دەرکەوتبن هەرگیز نابێت ئەوانە لە بیربکرێن کە بە دڵ و بە گیان تەڤلی بوون. بەتایبەتیش شەهیدەکانیان بەردەوام وەک عەزیزە پیرۆزەکانی ئەم خاک و گەلەکانمان یادیان دەکرێتەوە. ئەوان هەریەکەیان خوداوەندێکی ئازای ڕاستەقینەن. بەڕێزەوە پێشوازیم لە یەکێتی و بە پارتیبوونیان کردو یارمەتیانم دا. بەردەوام جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ببنە گەرەنتی ژیانێکی ئازادو جوان. بەو باوەڕەوە درێژەم بە هەوڵ کۆششەکانی خۆم دا کە مسۆگەر ڕۆژێک بە ئاستی ئەو ژنە بەهێزە دەگەن کە پیاوی ستەمکار، درۆزن و پاشڤەڕۆ دێنێتەوە سەر ڕێ. مرۆڤ تەنیا لە میانەی ئەو ژنەوە مەزن نابێت و نابێت بە پیاو، کە موڵکیەتی. من نەمخواست بەم جۆرە مەزن ببم و ببم بە پیاو: تەنانەت ڕەوشێکی وام بە کەرامەتشکێن بینی. دەزانم ژنانم خستۆتە ڕەوشێكی سەختەوە، دەرک بەوەش دەکەم ئەوانم کردووە بە پارچەیەک لە ئاگر، ئەوەش دەزانم هی وەها لە نێوانیاندا هەن کە دوژمنایەتیەکی مەزن و ستەمکاریش دەکەن، ئەویش دەزانم بەتەنیام هێشتوونەتەوە، بەڵام گرنگترین ڕاست کە دەخوازم بیزانن، پێویستە بیزانن هێندە بەهێز بن کە چارەنوسی شەڕ و ئاشتی دیاری بکەن. ئەگەر ئەمە نەبێت ژیان حەرامە، ئەگەر ئەمە نەبێت عەشق نابێت”.

ڕەنگە ئەم چەند دێڕەی سەرەوە بەس بێت بۆ خوێندنەوە و تێگەشتن لە تەواوی گوتاری ئاپۆ لەسەر بەشداربوونی ژن لەو بزووتنەوە شۆڕشگێریەدا کە ئاپۆ خۆی سەرکرادیەتی دەکات، بەڵام سەڕەرای هاوسۆزی و سەرسوڕمانم بۆ ئەو هەست و نەستەی لە پشت ئەم گوتارەوەیە هێشتا ئەمە بەو مانایە نایەت کە خودی ئەم گوتارەش جێی ڕەخنە نییە. ئەم دیدەی ئاپۆ بۆ دەسەڵاتدارکردنەوەی ژن بێگومان پڕۆژەیەکی قەشەنگە و باوەڕناکەم هیچ ئازادیخوازێکی راستەقینە دژی بێت، لێ گرفتەکە ئەوەیە ئاپۆ بیری دەچێت دەسەڵاتدارکردنی ژن ناڕاستەوخۆ یەکسانە بە بەنێرکردنەوەی ژن: بەو مانایەی بەر سترەکتورێکی درێژخایەن و کەڵەکەبوو لە بەها دەکەوێت بەردەوام بە نۆرم و ئایدیای پیاوسالارانە بەرهەمهاتووە و داڕێژراوە. ئاپۆ بیر لەوە ناکاتەوە بەهاکانی پیاوسالاری لانیکەم گەر بەس لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە لێی بڕوانین، بۆ ماوەی نزیکەی ٧ سەدە چەسپیوون، کۆی شێوەکانی پەیوەندی و دەسەڵاتیان لەسەر هیرارکیزمی سوڵتان و ڕەعیەت، دەسەڵاتدار و ژێردەستە بەرهەمهێناوە، بەو مانایەی دەسەڵاتداری بووە بە پیاوسالاری، هەر بۆیە تێکشکاندنی وا ئاسان نییە. کەواتە ئەوەی کە لێرەدا گرنگە و ئاپۆ گفتوگۆی ناکات ئەو میکانیزمەیە بۆ گۆڕینی فۆرمی دەسەڵات لە نێرینەوە بۆ مێیینە بەبێ وەستان لەسەر میکانیزم و پێشنیارەکان بۆ چۆنێتی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات بەو مۆدێلەی کە بەس پیاو بکەر و بەرهەمهێنەر و بڕیاردەریەتی.

په‌ڕاوێز:

[1]بڕوانە، ئاپۆ: ژنۆلۆژی، لاپەڕە ٦٠.

[2] بڕوانە: ژنۆلۆژی، لاپەڕە ٣.

[3] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٥.

[4] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٤.

[5] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٩.

[6] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١٠.

[7] بەشی دووەمی وتاری کلیترۆس.فۆبیا: ژن پانتاییەک لە چێژو سێکسولیتی(ژمارە چواری کولتوور ماگەزیندا بڵاوکراوەتەوە)

[8] فرانز فانون: کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی(پێستی ڕەش و ماسکی سپی، لە ساڵی ١٩٥٢ دا بڵاوکرایەوە.

[9] پەیوەندی سۆزداریی ئاپۆ خۆی لەگەڵ خاتوو کەسیرە کە لێرەدا بە پێویستم نەزانی باسی لێوە بکەم، چونکە ئەو بابەتە بە تەنیا خۆی قسەی زۆر هەڵدەگرێت.