جینی کالفام
لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا ئەنستیتۆی ئەندریا وۆڵف-ی ژنۆلۆژی، نامیلکەیەکی لەسەر تیۆری ” کوشتنی پیاوێتی- Killing the dominant male” بڵاوکردەوە. ئەو نامیلکەیە کە بە زمانی ئینگلیزی دەرکرا، توێژینەوەیەکی هەروەرزییانەی دوو ساڵیی زمان و کیشوەری جیاواز بوو، لەسەر تیۆرییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی تیۆری کوشتنی پیاوێتی.

بینینەوەی ئەو خاڵەی لە کوێوە دەستمان پێکرد؟ ئاسانترین شت بوو، لە بەهاری ساڵی ٢٠١٩لە ئەنستیتۆی ئەندەریا وۆلف-ی ژنۆلۆژی لەسەر چەند کورسییەکی پلاستیک دانیشتبووین. گروپەکەمان لە وڵاتی جیاوازی ئەوروپا هاتبووین، لەوێ لەگەڵ گروپێک لە ئەندامانی بزووتنەوەی ژنی کورد و گروپێکی تر لە هەڤاڵانمان کە هاتبووین بۆ ئەوەی لێرە فێربین.
سیمینارێکمان هەبوو لەسەر کوشتنی پیاوێتی، ئەو وانەیە وای لێکردین کە زۆر زیاتر لە هەموو پەرورەدەکانی تر قسەی لەسەر بکەین. ئەنستیتۆی ئاندریە وۆڵف جێیەکی خۆسەری ژنان بوو و هیچ پیاوێک لەوێ نەبوو، بەڵام ئەوە ڕوون بوو کە ئەم گفتوگۆیانە دەربارەی پیاو و پیاوسالاری بۆ هەمووان زۆر گرنگ بوو. بۆیە ویستمان ئەم بابەتە قووڵتر بکەینەوە و لێکۆڵێنەوەی زیاتری لەسەر بکەین. دووەم دانیشتنمان ئەنجامدا و بۆ زانینی ئەوەی چۆن بیر لەو بابەتە دەکەنەوە و دیدیان لەسەر ئازادیی ڕەگەزی و یەکسانی جێندەری چییە، هەوڵی دیدارمان لەگەڵ ژمارەیەک لە پیاواندا. وەڵامەکان هەندێ جار بێزارکەر، هەندێ جار پێگەیشتووانە، هەندێ جار ڕۆشنکەرەوە و زۆریشسەیر و سەرنجڕاکێش بوون. بۆمان دەرکەوت کە پێویستە زیاتر قسە بکەین و زیاتر گوێبیستیان بین بۆ ئەوەی بزانین پیاوان چۆن کەوتونەتە ژێر کاریگەری باوکسالاری و ڕەنگدانەوەی لە ژیان دا چییە و چۆن بەرجەستەی دەکەن.
باوکسالاری لە هەموو چیرۆکەکانماندا هەیە
بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کورد ماوەیەکی درێژە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکات. بزووتنەوەی ژن لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوی تیۆری و کرداری ناوە بۆ کوشتنی ئەو پیاوێتییەی لە ڕاستیدا لە ناخی هەمووماندا دەژی و ڕێی یەکگرتنی هزری و چالاکیشیان بینییەوە. بۆیە ڕەنگە ئەو شوێنەی کە پرۆسەی نامیلکەکەی لێدەسپێکرد، چیاکانی ئازادی کوردستان بوو لە ساڵانی نەوەدەکاندا. یان ڕەنگە ئەو ساتانەی هەموو ژیانمانی گرتەوە کاتێ ئێمەی بەرەو ڕێی کوردستان برد. ئەم ساتانە، هەم سیاسی و لەهەمان کاتدا تاکەکەسی بوو. لە وڵاتانی جیاواز، لە چین و کولتووری جیاوازی جیهانەوە هاتووین. بەڵام هەموومان باوکسالاریی لە چیرۆکەکانماندا هەبوو و هەمووشمان بەدوای وەڵامدا دەگەڕاین. کاتێک دەستمان کرد بەباسکردنی ئەم نامیلکەیە، بینیمان شتێک لەژیانی تایبەتی خۆمانەوە دەگێڕینەوە: خۆکوشتنی هاوڕێیەکی نزیکمان، توندوتیژیی ڕەگەزی و خیانەت لە هاوڕێیەکی ‘متمانەپێکراو’ەوە، گیچەڵ بە کوڕانی گەنج و هتد…
لە وڵاتانی جیاواز، لە چین و کولتووری جیاوازی جیهانەوە هاتبووین. بەڵام باوکسالاریی لە چیرۆکەکانی هەمووماندا هەبوو و هەمووشمان بەدوای وەڵامدا دەگەڕاین.
بەهەرحاڵ، پرسیار و نائومێدیمان هاوبەشی پێکرد، بۆ نموونە: باوکسالاری، دەرقەت نەهاتنی ئەو پیاوێتییەی کە لە ناخماندایە، حەزی گەیشتن بە پیاو، کارکردن لەسەر ئەو کێشانە پێویستی بە ڕووبەڕووبونەوەیەکی هەروەرزییانە هەیە نەک تاکەکەسییانە.
نموونەی کاری هەرەوەزییانە
نامیلکەی کوشتنی پیاوێتی بە زمانی ئینگلیزی بەدڵنیاییەوە نموونەیەکە بۆ کاری هەرەوەزی. زیاتر لە بیست کەس – بە ڕێنووس و وێنەکێشانەوە- ڕاستەوخۆ بەشدارییان لەم لێکۆڵینەوەدا کرد. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵان بە گفتوگۆ، ڕەخنە، گروپی کار و پێکەوەکارکردنمان پشتیوانییان لەم کارە کرد. لە پڕۆسەی نووسینی نامیلەکەکەدا، بۆ نووسینی بەشە درێژەکانی دوور لە یەکتری کارمان کرد. بەڕێی ئۆنلاین و شێوازی دیجیتاڵی جیاواز کارمان دەکرد بەڵام هەمووی بەڕاستی قایلکەر نەبوو و وای لێکردین حەسرەتی خواردنەوەی پیاڵەیەک چایی بکەین لەگەڵ یەکدا. بەڵام بیرەوەرییەکانی ئەو ساتانەی کە پێکەوە بەسەرمان برد، وزە و هەستی گرنگی ئەو کارەی بۆ هەڤاڵە دوورەکانمان و بەردەوامی کارەکە پێدەداین.
لاپەڕەکان لەژێر سێبەری دار و لە خۆری گەرمی هاوینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسران. بەشەکانی تری نامیلەکەکە تا درەنگانی شەو لە تورکی و کوردییەوە لەژێر بەتانیدا وەرگێڕدران. ئەو دەنگانەشمان کرد بە نووسین کە لە شارە باراناوییەکانی ئەوروپاوە هەڤاڵانمان بۆیان ناردبووین لەسەر بابەتەکە. لەدەرەوەش لە کەشی سەهۆڵبەندانی باکوردا، لە بەردەم ئاگردا، وێنەکانمان شەنوکەو کرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، سەرقاڵی فێربوون و گۆڕان بووین. ژنۆلۆژی وەک هەر کارێکی تر نییە یان کارێکی تاکڕەهەندانە نییە، بەڵکووگفتوگۆیەک بوو. ژنۆلۆژی وازتان لێناهێنێت، لەو جێیەی لێی ڕاوەستاون. تۆ هاندەدات، بەرەو ڕۆچوونی قووڵتر لەوەی چۆن بیردەکەیتەوە و چۆن هەست دەکەیت، هەروەها کردن و بینینەوەی خۆمان لەناو ئەو کارەی دەیکەین.
بێگومان تیۆریی کوشتنی پیاوێتی تەنیا بەشێک نییە لە ژنۆلۆژی، بەڵکوو پەیوەندی بەتەواوی بزووتنەوەی ژنی کوردەوە هەیە. زانیمان ناتوانین ئەم بەشە یان هیچ بەشێکی دیکە بە جیا لە تەواوی بزووتنەوەکە و مێژووی خەباتەکە بڕوانین. لە ”ئایدۆلۆژییڕزگاری ژن” و ”تیۆرییدابڕان ” و ”هاوژیانی ئازاد” هەروەها دەرکمان بەوەش کرد پێویستمان بە نامیلکەی زیاتر دەبێت!
یاخیبوون لە بەرانبەر باوکسالاری
چەندە قورسە بڵێین کەی دەستمان بە نووسینی نامیلکەکە کرد، بەهەمان شێوەش دەکرێت بڵێین ئەو هەستەمان لا دروست بوو کە هەرگیز کۆتایی پێنایەت. نامیلکەکە بڵاوکرایەوە، ئێستا هەموو دەرگاکان کراوەن بۆ هەموو ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێت دەستپێبکەن. تەنانەت لەم ماوەیەی هاوبەشانە کارمان کردووە، دەتوانین بڵێین خەڵک برسییە بۆ قسەکردن لەسەر ئەم کێشانە. گفتوگۆ، ڕەنگدانەوە و کاردانەوەکانی داهاتوو بەهێندەی نووسینەوەیان گرنگن. نامیلەکەکەمان بە چۆنێتی پێکهێنانی گروپی کاری “کوشتنی پیاوێتی” و بۆچی پێویست بە نامیلکەیەکی بەو شێوەیەیە دەبینین، دەستپێکرد. بە وەڵامی پرسیاری باوکسالاری چییە دەستمان بە کارەکەمان کرد. بۆ ئەوەی پێناسەی باوکسالاری بکەین، دەستمان بە کاروانێکی مێژوویی کرد و سەرەتا کۆمەڵگەی سەردەمی نیۆلتیک، کۆمەڵگەی دایکانە، تێکشکانی ڕەگەزییەکان لە مێژوودا، هەروەها هەڵکشانی باوکسالاریمان لە ژیان و هەست خستەژێر پرسیارەوە. بۆ ئەوەی باشتر لە بنچینە و ناوەڕۆکی تیۆریی “کوشتنی پیاوێتی” لە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان تێبگەین، لە دامەزراوە و چەمکەکانی وەک تیۆریی دابڕان ئایدیۆلۆژیای ڕزگاری ژن و پارتیی ژن و هاوژیانی ئازاد و سوپای ژنمان کۆڵیەوە. گفتوگۆمان لەسەر چوارچێوەی تیۆری و پراکتیکی ئۆجالان کرد بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ‘بۆچی کوشتنی پیاوێتی؟’. لەسەر ئەم بنەمایە، بەرنامەی ڕاهێنان و پەروەردە و هەروەها ئەو تێکۆشانەی لەئارادایە بۆ گۆڕین و وەرچەرخانی پیاو، لە بەرنامەی کار و گفتوگۆکانی سەر نامیلکەکە بوو. لە بەشی یاخیبوون لە دژی پیاوسالاری و هەنگاوی ڕاست بۆ ئازادی ئاوڕێکمان لە تێکۆشانی شەهید فیکری بایگلدی، شەهید قادر ئوستا (عەرەب) و شەهید ئاتاکان ماهیرمان دایەوە. لە بەشی ڕەنگدانەوەی پەروەردەی پیاوان، بۆچوون و کاردانەوەکانی هەڤاڵانی پیاوی ئەنتەرناسیۆنالیست، وەڵام لە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کرێکارانی پیاو لە قامشلۆ و ئەزموونەکانی پەروەدەی پیاوان لە ڕۆژاڤا بە گشتی و (کۆبانێ و جزیرە)مان وەرگرت.

نموونەگەلێکی ڕێنیشاندەر
وەک بەشێک لە بەرنامەی پەروەردە لەسەر کوشتنی پیاوێتی، سەیری نووسینەکانی بیل هۆکسمان کرد. ئاماژەکردن بە نووسینی فێمینیستێکی ڕەشپێست، نووسەر و چالاکوانی وەک بیل هۆکس لە نامیلکەکەدا گرنگ بوو. ئەو لە هەزاران کیلۆمەترەوە دووری کوردستان، بەڵام لەهەمان کاتدا دژە-داگیرکاری و دژە-سەرمایەداری، لەسەر پیاوێتی، پیاو و فێمینیزم زۆر شتی نووسیوە. دیارە ئەو تێمایانەی پیاوسالاری لە هەموو شوێنێک دێنە ڕێمان کە ستەملێکراوان دژی زوڵم و زۆرداری تێدەکۆشن. هەروەها گرنگە تێبینی ئەوە بکەین هەم فێمینیزمی ڕەش و هەم بزووتنەوەی ژنانی کورد دژە-داگیرکارین و گەشەکردنی تێکۆشانەکەیان سنووری جێندەر، ڕەگەز و چینایەتی تێپەڕاندووە. گرنگە هەر بزووتنەوەیەکی کە لە هەموو جیهاندا بۆ ئازادیمان تێدەکۆشن وەک نموونەی ڕێنشاندەرییمان ببینرێن. کاتێک نامیلکەی “کوشتنی پیاوێتی”یمان نووسی، لەو ڕووەوە هەندێک هەنگاومان نا. فێربووین، لەگەڵ فێربوونمان، ئەوانەمان بەشکرد کە فێری بووین و لەوەدا هاوکار بووین. هەڵگری ئەو بەرپرسیارێتی و کارە دەبین کە پێکەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ژنی کورد ئەنجاممان دا و هێزی پێ بەخشین، لە هەرکوێیەک بین.
سەرچاوە:
لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغی
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی