کاتژمێر ١٠ ی ڕۆژی ٤ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەندامی ئاکادیمیاکەمان- ئاکادیمیای ژنۆلۆژی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی، ناگیهان ئاکارسەل لە گەڕەکی بەختیاری بەشێوەیەکی پلانڕێژکراو لە لایەن کەسێکەوە تەقەی لێکرا و شەهید کرا.
ئێمە وەک ئاکادیمیای ژنۆلۆژی بەتوندی ئەم تاوانە سیاسییە شەرمەزار دەکەین، کە هێزە فاشیست و هەژموونخوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەرامبەر ژنانی سەربەخۆ و ئازاد ئەنجامی دەدەن.
ناگیهان ئاکارسەل ماوەیەکی درێژ ڕەنجی دا لە تێکۆشانی ئازادیی ژندا، بەتایبەت لەنێو خەباتی بزووتنەوەی گەنجانی زانکۆ، چاپەمەنی و کاروخەباتی ژنۆلۆژی، بە فیداکارییەکی گەورەوە پێشەنگایەتی کرد، چەندین ساڵ لە زیندان توند کرا، بەڵام ئەو ملکەچی داگیرکەر و فاشیزم نەبوو و بەرخۆدانی کرد.
ناگیهان ئاکارسەل لە زەحمەترین ساڵەکانی شۆڕشی ژن لە ڕۆژاڤای کوردستاندا، لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژاڤا و بەتایبەت لە عەفرین، بەبوێریی و پێداگیرییەکی زۆرەوە هەوڵیدا بۆ ئەوەی شۆڕشی ڕۆژاڤا ڕەنگ و شوناسی ژن وەربگرێت و ژنان هۆشیار بکاتەوە، دەست لەسەر دڵ بووە بۆ ژنانی شەنگال، کە ڕووبەڕووی دڕندەیی داعش ببوونەوە. لێکۆڵینەوەی زۆری بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵناسیی و مێژووی شەنگال و شەنگالییەکان کرد.
ناگیهان ئاکارسەل لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستاندا لە سلێمانی کاری کتێبخانەی بەرهەمەکانی ژنانی کورد و ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەدەبرد، لەکاتێکدا بە زانستی ژن پێشەنگایەتی خوڵقاندنی ڕۆشنبیریی ژنی دەکرد، بەدەستی چەپەڵ و تاریکی هێزە داگیرکەرەکان بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدکرا.
ناگیهان ئاکارسەل چەندین ساڵ ڕەنجی دا بەرامبەر ئەو فاشیزمەی، کە ژینا ئەمینیی بەشێوەیەکی دڕندانە کوشت، کاری بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی زیهنیی و زانستیی ژنان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەکرد. ئێمە ناگیهان ئاکارسەل بە بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ژنانی کوردستان دەژیێنین، جەخت دەکەینەوە، کە تۆڵەی هەڤاڵ ناگیهان لە زیهنییەتی تاریکی فاشیزم و پیاوێتی بکەینەوە.




ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی داواش لە هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ، دیموکرات، ئازدیخواز و ئەکادیمیستەکان دەکات، “ئەم تاوانە سیاسییە شەرمەزار بکەن و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” تێکۆشان دژی داگیرکاری و بیری تاریکی فاشیزم بەهێزبکەن.
دەبێ بەزووترین کات بکەرانی ئەم تاوانە بدۆزنەوە و سزایان بدەن، کە درێژکراوەی تاوانە دڕندانەکانی پێشووە کە بەرامبەر هەریەک لە یاسین بوڵوت و محەمەد زەکی چەلەبی و سوهەیل خورشید ئەنجامدران، ئەگەر بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرانەکرێن، ئەوە حکومەتی هەرێمیش دەکەوێتە بەر شەپۆلی شۆڕشی ژن، کە ئێستا سەریهەڵداوە.
وەک ئەکادیمیای ژنۆلۆژی وێرای ئیدانەکردنی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دامودەزگاکانی ئیدارەی سلێمانی دەکەین، بەزووترین کات بکەرانی ئەو تاوانە ئاشکرابکەن، هاوکات داوا لە ژنانی باشووری کوردستان بەگشتی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و کافیە سلێمان سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان دەکەین، فشاربکەن بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران، لە بەرامبەری ئەم تاوانەش وەک بەشێک لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” چالاکی بکەین. بەڵێن بە ژنان و هەموو کۆمەڵگە دەدەین بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی هەڵگری یادەوەری، تێکۆشان و ڕەنجی ناگیهان ئاکارسەل دەبین و درێژە بە خەونەکانی دەدەین، کە دروستکردنی یادگاییەکی مێژووییە بۆ سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووی ژن، درێژەدان بە کارەکانی، تا گەیشتن بە ژنی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسان.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی