فێمێنیزم, مێژوو

سوپاسنامە و بانگەوازی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

بە ناوی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە سوپاسی کەسایەتی، ڕێکخراو، لایەنە سیاسییەکان و هەموو ئەو کەسە ئازادیخوازانە دەکەین کە دوای شەهیدکردنی هاوڕێ و هەڤاڵی تێکۆشەرمان، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی (ناگیهان ئاکارسەل – هەڤاڵ زیلان) بەشداری مەراسیمی پرسەکەیان کرد یان لە ڕێگای تەلەفۆن، نامەی ئەلەکترۆنی، سۆشیال میدیا پەیوەندییان پێوەکردین و بە دەربڕینی هەڵوێستیان کاردانەوەیان لە بەرامبەر ئەو تیرۆرە نیشاندا و هەموو ئەوانەشی لەگەڵمان بوون تاکوو بەڕێکردنی تەرمەکەی لە سلێمانییەوە بەرەو زێدی خۆی لە باکووری کوردستان. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاتنە شەقام و بە ڕۆحی بەرخودانیی خاوەندارییان لە ناگیهان کرد. سوپاسی هەموو ئەو ژنانە دەکەین بێدەنگ نەبوون لە هاواری ” ژن، ژیان، ئازادی” دا.

ئەگەر بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی و ژنۆلۆژی پێشتر ئاوات و خەونی (ناگیهان ئاکارسەل) بوو بێت، ئەوا ئێستا بڵاوکردنەوەی ئەو فەلسەفە و زانستە بووەتە خەونی سەدان ژنی ئاشتیخواز و ئازادیخواز. ناگیهان ئاکارسەل بەدرێژایی ژیانی لە پێناوی ئازادی ژن و ژیانێکی ئازاد تێکۆشا، کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەر بوو. بەهێندەی ئەوەی نیشتمانپەروەر بوو، ئینتەرناسیۆنالیست بوو. خاوەن ڕۆحێکی گەردوونی بوو. ڕەنجێکی گەورەی دا بۆ یەکێتیی ژنان بەگشتی و ژنی کورد بەتایبەتی. ناگیهان ئاکارسەل خەونێكی گەورەی هەبوو لە ئەرشیفکردنی بەرهەمەکان و مێژووی ژنی کورد، هەروەها بونیادنانی تۆڕێکی ڕۆشنبیرانی ژنی کوردستان و پێشخستنی زانستی ژن. لەم پێناوەشدا بێوچان خەباتی دەکرد. تاکوو بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی ئازادیخوازی هاوڕێیدا بناغەیان بۆ پڕۆژەی دروستکردنی ناوەندێکی بەناوی (ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد) گەیاندە قۆناغێکی گرنگ. تا ئەو ڕۆژەی (٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢) لە لایەن دەستی ڕەشی زهنیەتی فاشیست و داگیرکەری دەوڵەتی تورک و خۆفرۆشانی ناوخۆیی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی بە دڕاندانەترین شێوە تیرۆرکرا، هەڤاڵی تێکۆشەرمان (ناگیهان ئاکارسەل) کۆڵی نەدا. ئێمە وەک ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و هاوڕێیانی ناگیهان ئاکارسەل بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشانمان، کۆڵ نادەین و ماندوو نابین لەو ڕێگایەی ئەو خەباتی بۆ دەکرد. هاوڕێمان ناگیهان ئاکارسەل مۆمێکی هیوای داگیرساند، ئێمەش لێی زیاد دەکەین و بەردەوامی بەو ڕۆحە هەروەزییەی دەدەین لە کار و تێکۆشانماندا. بە درێژەدان بە کار و لێکۆڵینەوەکانمان ڕایەڵەی زانین و زانست بە هەست، ویژدان و ئەخلاقەوە دەگەیەنینەوە یەک و ڕۆح بە بەر زانستدا دەکەینەوە. هەروەک هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەل دەڵێ: “ئەو زانستەی لە ویژدان دابڕابێت، بێباک و بێئەخلاق دەبێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتای لەدەستدانی مانا و لادان لە حەقیقەت”.

وێرای سوپاس بۆ بەشداریکردنی بوێرانەتان لە مەراسیمی ڕێزلێنان و ناردنەوەی تەرمەکەی، بانگەوازیشتان لێدەکەین کە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە پشتیوانی بەدیهێنانی پرۆژە و خەونەکانی ناگیهان ئاکارسەل بن و بە پرۆژە و خەونی خۆتانی بزانن. داوا دەکەین، پێکەوە بە دواداچوون بۆ پرۆسەی لێپێچینەوە و سزادانی بکوژی ناگیهان ئاکارسەل بکەین و لە دژی داگیرکاری سەپێنراو بەسەر وڵاتەکەماندا خاوەن هەڵوێست بین. 

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ی زاینی

١٨ی  ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی