زانینگەی ئێمدن – لێر
بەشی کۆمەڵناسی و تەندروستی
پرۆفیسۆر د. میچێڵد ئێکسۆ، لە بەشی کۆمەڵناسی و تەندروستی زانکۆی ئێمدن-لێر یەکجار خەمباربوو بە هەواڵێک لە ئێراقەوە، کە لە ئاژانسی هەواڵی ئانەفەوە بڵاوکرایەوە و تیایدا هەواڵی مردنی پسپۆڕی ژنۆلۆژی و سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی، ناگیهان ئاکارسەل بڵاوکرابۆوە، کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە شاری سلێمانی و لەبەردەرگای ماڵەکەی خۆی تیرۆر کرا، کە لەسەر ڕێ بوو بۆ کتێبخانەی ژن.
وەک ئێکسۆ دەڵێت، ئاکارسەل لە چەند مانگی ڕابردوودا لەگەڵ ژنانی دیکەی کورد ”ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و کتێبخانەی ژنی کوردی”یان بوونیادناوە. “ئەم دامەزراوە نوێیە دەبێتە هۆکاری بەهێزکردنی ڕوانگەی ژنان بۆ مێژوو، ململانێ و پراکتیکە ستەمکارە هەنوکەییەکان – کە لەسەر دەستی توندوتیژیی پیاوسالاری و ژنکوژییەوە سەرهەڵدەدەن – بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد لە داهاتوودا تێدەکۆشن” کە ساڵانی ڕابردوو زۆر بە چڕی توێژینەوە و لێکۆلینەوەیان لەسەر ڕەوشی ژنانی کورد کردووە.
پرۆفیسۆر ئێکسۆ خۆی لە سەردانێکدا بەمەبەستی هەماهەنگی بەشی کۆمەڵناسی و تەندروستی زانکۆی ئێمدێن-لێر و بەشی ژنۆلۆژی زانکۆی ڕۆژاڤا لە ناوچەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چاوی بە ناگیهان ئاکارسەل کەوتووە و یەکیان ناسیوە. زاراوەی “ژنۆلۆژی” وەسفی زانستی ژن دەکات و بەشێکە لە بنەما سیاسییەکان کە خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژاڤا) لەسەری دامەزراوە. لە هاوینی ۲۰۱۸ دابوو کە شاندێکی زانکۆی ئێمدێن- لێر بەرەو ڕۆژاڤای کوردستان بەڕێدەکەوتن، ناگیهان ئاکارسەل لە شاری هەولێر چاوی بەو شاندە کەوت و هەم یەکتریان ناسی و هەم سەردانەکەی بۆ ناوەندی زانکۆی قامیشلۆ – لە ڕۆژاڤا ڕێکخست.
پرۆفیسۆر ئێکسۆ؛ “ئیدی لەو سەردەمەوە هەماهەنگی ئەکادیمییانە لە نێوان ناوەندەکە و خوێنکارانی بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆکەمان خوڵقاوە و لە ڕێگەی وانەبێژی (مامۆستای میوان) و سیمینار و وانەی ئۆنلاینەوە، لەودەمەوە سەرسامی و دەرفەتێکی گرنگی بۆ خوێنکارەکانمان دروستکردووە”. تیرۆرکردنی ناگیهان هێرشێکە بۆ سەر ژنێک کە تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ توێژینەوە و بەدواداچوونی زانستییانە لەسەر ڕەوشی ژن و هەڵسەنگاندنێکی قووڵی ئەو گۆڕانکارییە جێندەرییانەی کە کۆمەڵگای پیاوسالاری لە چەقی کۆمەڵگادا خوڵقاندوێتی. دواجار پرۆفیسۆر ئێکسۆ دەڵێت؛ “ئەو ژنکوژییە هاوکاتە لەگەڵ راپەڕینەکانی ئێران دوای مردنی ژنە گەنجە کوردەکە “ژینا ئەمینی” کە لەسەر دەستی بەناو پۆلیسی “ڕەوشت”ی ئێرانییەوە لەژێر ئەشکەنجە کوژراوە”.

دروشمی (ژن-ژیان-ئازادی) بۆتە سیمبولی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە دژی فۆرمی ژنکوژیی و لە سەرانسەری جیهاندا پشتیوانی دەکرێت و تەنانەت گەیشتۆتە ناو پەرلەمانی ئەوروپا، چاوگەکەی ژنانی کورد و بزووتنەوەی ئازادی ژنی کوردە کە چالاکوانانی وەک ناگیهان ئاکارسەل و ژنانی هاوخەباتی ئەو ئافراندوویانە.
وەک پڕۆفیسۆر ئێکسۆ ئاماژەی پێدەکات، تیرۆری ئاکارسەل وەک زانایەکی زانستی ژن (ژنۆلۆژی)، خاڵێکی جەوهەری لە ڕاپەڕینەکانی ئێرانیش دیاری دەکات، کە تا ئاستێکی بڵند ڕۆڵی ژن لەو ڕاپەڕینانەدا دەستنیشان دەکات. پڕۆفیسۆر ئێکسۆ لەو لایەنەوە دەڵێت؛ “دەبێت ئەو جۆرە هێرشە ژنکوژییانەی وەک تیرۆرکردنی ژینا لە ئێران و ناگیهان لە سلێمانی بەهەند وەربگیرێن، چون ئەوە ئاماژەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ پیلانگێڕی و سەرکوتکاری لە دژی بزووتنەوەی ئازادیی ژن و ناوەندی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە زانستییەکانی ژنان، هەربۆیە پێویستە هەماهەنگی و دەستی هاوکاری زیاتر بۆ ئەو بزووتنەوەیە درێژبکەین و پێکەوەکارکردن و هەماهەنگی زیاتر و چڕتر بکەینەوە.”
ناگیهان ئاکارسەل له باکوری کوردستان هاتۆتە دنیا و ڕۆژنامهوانی خوێندووه. ناوبراو بە هۆی ڕاپۆرتی ڕەخنەگرانە و پابەندبوونی بە بزووتنەوەی ژنانی کوردەوە ساڵانێکی زۆر لە زیندانەکانی تورکیا زیندانی کرابوو. لە یەکەم ئەو کەسایەتییانەیە کە ژنۆلۆژی وەک زانستێکی نوێ پەرەی پێداوە، چەندین بنەمای گرنگی لەو ناوەندەدا ئەفراندووە. بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری ژنۆلۆژی- بەشی زمانی تورکی گۆڤاری ژنۆلۆژی دامەزراندووە و تا کۆتایی ئەندامێکی باڵای دەستەی نووسەران بووە. هەروەها له ناوچهکانی خۆبهڕێوهبهریی باكور و ڕۆژههڵاتی سووریا (ڕۆژاڤای کوردستان) بەڕێوبەری كاری پهروهردهیی لهگهڵ ئهكادیمیای ژنۆلۆژی كردووه و ئەو ناوهندە زانستییە نوێیەی بۆ توێژینهوه دامهزراندووه و بناغەیەکی زانستی بۆ لێکۆلینەوە لە بواری زانسته كۆمهڵایهتییهكانیدا دامەزراندووە.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی