ئاکادیمیای ژنۆلۆژی
بەشی یەکەم
لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی و سەربازییەوە دەکوڵێ، هەرێمەکە لە گۆڕانکارییەکی سەرتاسەریدایە. لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا تێکۆشانێکی فراون و هەمەلایەنە لە ئارادایە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. لە کاتێکدا گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر ئاستی میدیاکان، ئاکادیمی، بزووتنەوەی فێمینستی و کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر شۆرشی ژن و شۆڕشی کوردستان هەیە، بەتایبەتی لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسەر چەمک و زاراوەکانی وەک ژن، ئازادی، شۆڕش، هیوا و زۆر چەمکی دیکە، بەڵام لە باشووری کوردستان بابەتی جێندەر بووەتە بابەتی باسی بەشێک لە ڕای گشتی، نوخبەی نووسەر و ڕۆشنبیر و کەسانی ئایینی و چالاکانی ژن و بەشێک لە ڕێكخراوەکان. ئەو ململانێ و کێشمەکێشانە لەسەر تەوەری جێندەر بەئاگاییەوە بێ یان نائاگایی بووەتە جەمسەرگیری و پارچەبوونی زیاتری کۆمەڵگە. هەر بۆیە ئاکادیمیای ژنۆلۆژی بابەتەکەی بەشێوەیەک خستە ڕۆژەڤی گفتوگۆکانییەوە و بە شێوەی زنجیرە بڵاوی دەکاتەوە.
زنجیرەی یەکەم، کە تایبەتە بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسانەی دەربارەی جێندەر هەن لە ڕوانگەی زانستی ژنۆلۆژییەوە، کە بریتین لە: ڕاستی خودی جێندەر چییە؟ ڕوانگەی جیاواز لەو بارەیەوە چین؟ چۆن گۆڕانکاری بەسەر چەمکی جێندەردا هاتووە؟ چۆن گفتوگۆکان لەسەر ئەم بابەتانە بە شێوەیەک بەڕێوەببرێت کە ئەنجامی ئەرێنیی هەبێت؟
ڕاستیی خودی “جێندەر” چییە؟
ماوەیەکی درێژە لەنێو بزووتنەوەی فێمینستییەکاندا گفتوگۆ لەسەر جێندەر دەکرێت و لەم ساڵانەی دواییشدا بزووتنەوەیی ئازادیی ژنی کورد گفتوگۆی لەسەر دەکات، بەڵام نەک بەو شێوەیەی ئێستا، کە لە باشوری کوردستان دەکرێت. دیارە پێویستی بە تێگەیشتن و لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر بناغەی ئەو گفتوگۆیانە هەیە، کە ئێستا دەکرێن و چۆن گۆڕانکاری بەسەر پێناسەی جێندەر، ناوەڕۆک، ئاڕاستەی گفتوگۆکان و ئامانجەکاندا هاتووە.
ئەو گفتوگۆیانە لە پێناسەکردنی ناسنامەی ژندا چەقی بەستووە، لەبەرئەوەی، کە ناسنامەی ژن بابەتێکی گرنگە، لە کاتی دەرکەوتنی بزووتنەوەیکانی فێمینیستەوە ئەو گفتوگۆیە هەیە، هەندێ هەوڵ هەبووە بۆ ئەوەی ژن لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پێناسە بکرێتەوە، زۆر ڕەوت و مەیلی بزووتنەوەی فێمینیست لە ڕووی تیۆرەوە بەرهەمیان هەبووە و زۆر تێکۆشانیان کردووە، لە ساڵانی ٧٠ کانەوە کاتێ دەستەواژەی ”ڕەگەزی کۆمەڵایەتی”یان بەکارهێنا، ئەو کاتە ویستیان ڕوونی بکەنەوە، کە ڕۆڵێکی چۆن بە ژن و پیاو دراوە، کە لە لایەنی دەسەڵاتداری و کۆمەڵگەی ڕەگەزگەرییەوە پەرەی سەندووە. لە ئەنجامیشدا، لە بەرامبەر بە ژن هەم هەڵاواردنی ڕەگەزی لێکەوتووەتەوە و هەم ناسنامە و بوونی ژنی لە پێگە کۆمەڵاتییەکەی دوورخستۆتەوە.
کاتێ سیمۆن دو بوڤوار شیکردنەوەی لەسەر ژنبوون کرد ویستی ڕاستی ژن و پیاو شرۆڤە بکات، زیاتر ڕاوەستەی لەسەر ژن کرد، ویستی لە ڕووی فکریشەوە لەسەر بزووتنەوەکانی ژن قاڵ بێتەوە، پێناسەی بکات و ئەو بیر و بۆچوونانەشی لەگەڵ ژنان بەش بکات. هەندێ بزووتنەوەی فێمینستی فەرەنسا لە دژی ئەو زاراوەیە ڕاوەستان، بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بۆ یەکەم جار هەم پێناسەی فێمینیزم و سەرهەڵدانی یەکەم شەپۆلی فێمینیزم لەو وڵاتەوە سەریهەڵدا و بەزەحمەت دەستبەرداری ئەو داهێنانەی خۆیان دەبن و خۆیان بە خاوەنی ڕیشەی فێمینیزم دەزانن.


لە دوای ساڵانی نەوەدەکان، ئەو گفتوگۆیانە لەسەر ناسنامەی ژن و جێندەر بەپێی گۆڕانکاری لە دۆخی گشتی جیهان و پەرەسەندنی (نیولیبرالیزم) بەرەو ئاراستە و ناوەڕۆکێکی دیکە چوو. هەروەها دوای نەوەدەکان بە هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و داڕمانی (ڕیال سۆسیالزم)، کە بەشێکی هۆکارەکەی پەیوەست بە دەسەڵات و دەوڵەتەوە، دەوڵەت نەتەوە و سیستەمی سەرمایەداریی (کاپیتالیزم) بانگەشەی سەرکەوتنی خۆیان دەکرد و گفتوگۆیان لەسەر کۆتایی ئایدۆلۆژیا و کۆتایی مێژوو، جیهانگەریی (گلۆبالیزم) دەکرد و دەیانگووت ‘ناسنامە زۆر گرنگ نییە’ و بانگەشەی بێناسنامەییان دەکرد.
هەندێکیش دەیانگووت نەک بێناسنامەیی بەڵکوو فرەیی یان (پلورالیزم) لە سیستەم و ناسنامەدا. ئەو کاتە جێندەر لە لایەن سیستەمی دەسەڵاتدار و دەوڵەتیشەوە بووە بابەتی مشتومڕ. لە ڕاستیدا هێزی باڵادەست (لە واتای دەوڵەت و دامەزراوەکانی و هەروەها ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانەی کە بە پەرەسەندنی نیۆلیبرال و لەژێر ناوی گلۆبالیزم هاتنەئاراوە) لەسەر ئەو بابەتە ڕاوەستەی کرد و پەرەیان بە گفتوگۆکانی سەر ‘بێناسنامەیی‘ دا و لە ڕووی ئایدیۆلۆژی نیولیبرالیزمەوە ڕیشەی خۆی داکوتا و قووڵ کردەوە.
لە ڕاستیدا ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرا کە (گلۆبالیزم) یان جیهانیبوونە، پێک نەهات، بەڵکوو هێرشکرایە سەر بەرخودانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی، بزووتنەوە شۆڕشگێڕ و کۆمەڵگە خۆجێییەکان، لە ڕووی ئایدۆلۆژی و سەربازییەوە هێرشەکان ڕووی لە زیاد بوون کرد. لە هەمان کاتدا هێرشێکی زۆریش کرایە سەر ناسنامەی ژن، کە چۆن ئۆبژەیەک، یان چۆن ئۆبژەیەکی سیاسی یان چۆن ئۆبژەیەکی فێمینیست بێننە مەیدان؟ ئەو کاتە وەک ژنبوون زیاتر لە لایەن بزووتنەوەکانی فێمینیستەوە جێی گفتوگۆ بوو و هەم مەسەلەی ڕەخنە بوو کە تاکڕەهەندییانە واتە تەنیا قاڵبوونەوە لەسەر یەک ڕەگەز کێشەئامێزە، ئەو گفتوگۆیانە پێشتریش هەبوو. ئەو گفتوگۆیانە دوای ساڵانی حەفتاکان دەستپێ دەکات و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
پێناسەکردنی ژن و جێندەر لە ڕوانگە جیاوازەکانی فێمنیستەوە
لە ساڵانی ٧٠کاندا گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر جێندەر و ژن دەکرێت ئەو کاتە وەک ڕەگەزی کۆمەڵایەتی پێناسەی دەکەن، هەر لەو کاتانەدا گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر ژن دەکرێت، کە چۆن داگیرکارییەک لەسەر جەستەی هەیە، گفتوگۆ لەسەر ئەو پۆلێنکردنانە دەکرێت، کە وەک بواری تایبەت و بواری گشتی، ماڵ وەک بواری تایبەت کە خۆسەر نییە و سیاسەت وەک بواری گشتی لە لایەن دەوڵەتەوە بە زهنییەتی پیاوسالاری کۆنترۆڵ کراوە، ئەو ڕەوتانە لەو قۆناغەدا ڕەخنەی ئەو پۆلێنکردنانە دەکەن، پێیان وایە کە زهنییەتی پیاوسالاری و سیاسەتی دەوڵەت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکان هەیە.
لەو قۆناغەدا مەعریفە و هۆشیارییەکی قوڵی مێژوویی لەسەر ژن دێتە ئاراوە لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆ ولێکۆڵینەوانە، لە ڕووی تێکۆشانیشەوە هەنگاوی بەرچاو دەنرێت لە بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، بەڵام گفتوگۆ و تێکۆشان تاکڕەهەندیانە بووە، بۆ نمونە تێکۆشان بۆ مافی لە باربردن و زۆر مافی تر کە تەنیا پەیوەندی بە ژنەوە هەیە…. و لەسەر ژنیش زیاتر سیاسەتی جەستە و زایەند لە پێش بووە.
هەر لەو قۆناغەشدا هێرشی دەوڵەت و پیاوسالاریی بووە هۆی دەستگیرکردنی زۆرێک لە فێمینستەکان و بەشێکیان وڵاتەکانی خۆیان بەجێهێشت بۆ جێگەی تر، یەک لەوانەش ئێما گۆڵدمانە، بەڵام لەساڵانی هەشتاکاندا لە لایەک لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەت و پیاوسالاریی بۆ سەر بزووتنەوە فێمینستەکان ڕاوەستانێک لەو جموجوڵانەدا ڕوودەدات، هەروەها بە هۆی قەیران و لەبەریەکهەڵوەشانی یەکێتی سۆڤییەتیشەوە هەم بێهیوایی و هەم پاشەکشەیەک لە مافەکانی ژناندا ڕوودەدات بە تایبەتی ئەو مافانەی لە ڕووی یاساییەوە بە تێکۆشانی ژنان و بزووتنەوە فێمینیستەکان بەدەستهێنرابوون و و زۆرێک لە مافەکان قەدەغە دەکرێن.
لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانەوە (پۆست-مارکسیستەکان) ڕەخنەی ڕیشەییان لە مارکسیزم گرت کە ‘ دەبێ لە پێناسەکردنی فرەناسنامەییدا ڕوانگەی چینی تێپەڕێنێ و زۆر بەشی تری کۆمەڵایەتی بگرێتەوە، نەک تەنیا چینی کرێکار.
ڕەخنەیەکی دیکەشیان لە مارکیسیزم ئەوە بوو، کە بناغەی کێشە کۆمەڵایەتیەکانیان تەنیا وەک کێشەی چینی و لە ڕوانگەی چینایەتیەوە پێناسە کرد و مامەڵەکردنیان لەگەڵ ژن تەنیا وەک ڕەگەزێک کەم دێنێت’ کە دەبوو پێناسەی فرەییان بۆ ژن هەم لایەنی کۆمەڵایەتی، کولتووری، باوەڕیی، ئەتنیکی و ڕەنگ بگرێتەوە، ناکرێت هەڵسەنگاندنەکان گشتگیرانە بێت، بەو پێیەش لە بەرامبەر هێرشی ئایدۆلۆژی نیۆلیبرالیزم نەیانتوانی خۆیان بگرن کاتێ دەیانگووت کە ‘ ئیتر چینی کرێکار بەهۆی ئیمتیازەکانی لە سیستەمەوە بەرەو نەمان چووە و شتێک بەناوی کرێکارەوە نەماوە’ ئەوەش خۆی لە خۆیدا بووە پاساوێک هەم زەبر لە ناسنامەی چینی کرێکار بدات و هەم نەتوانێ پەرە بە دیدێکی نوێ بدات لە فرەناسنامەیی ژن بەو واتایەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
بە هەمان شێوەش فەیلەسوفی ئەڵمانی هانا ئارێنت، کە خۆشی لەو بارەیەوە خاوەن مێژووییەکە لە تێکۆشان، بە وتار و لێكۆڵینەوەکانی ئەوەی ڕەخنەکردووە، کە ڕوانگە بۆ ژن تاکڕەهەندییانە، تەنیا لە ڕوانگەی ڕەزگەییەوە بێت، بەڵکوو پێی وابوو، کە ژن ناسنامەیەکی فرەڕەهەندی هەیە. ئەو ڕوانگەیەی هانا ئارێنت لە لایەن بەشێک لە فێمینیستەکان ڕەتکرایەوە و بەشێکی دیکەیان لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ بایەخیان بەو ڕوانگەییەی ئەو دا، ئەلبەتە لەو قۆناغەشدا بیل هۆکس کتێبێکی نووسی و ئاماژە بەوە دەکات، کە ‘ فێمینیست بۆ هەموو کەسێکە’.
نکوڵیکردن لە مێژووی بەرخودانی ڕەگەزی ژن
بەو پێیە بەشێک لە ڕەوتە فێمینستەکان گفتوگۆکانیان لەسەر جێندەر بە ئاراستەیەک برد، کە بە زۆری گفتوگۆکانیان لەسەر ناسنامەی ڕەگەزی ژن بوو و پیاویان نەگرتەوە، ئەو ڕوانگەیە زاڵ بوو کە پیاو، پیاوبوون کەمتر لە چەقی گفتوگۆکاندا بێت. هەم لە ڕووی تیۆر و هەم پراکتیکەوە کەمتر سەرنجیان لەسەر گۆڕانکاری بوو لە پیاودا.
کاتێک کە بزووتنەوە فێمینستە پۆست-مۆدێرنەکان دەردەکەون، بە تایبەتی لە دوای ساڵانی ٩٠کان نەک تەنیا لە گفتوگۆکانی سەر جێندەر بەڵکوو بە کاریگەری گۆڕانکاری لە دۆخی گشتیشدا و هەروەها بە پەرەسەندنی گفتوگۆکانی سەر جێندەر دەگەنە ئەو ئەنجامەی، کە نەک تەنیا ڕەگەزی کۆمەڵایەتی (جێندەر) بەڵکوو ڕەگەزی بیۆلۆژی جیاواز هەن و ئەوەش تەنیا بونیادنراوێکی کۆمەڵایەتی نییە بەڵکوو زیاتر لەڕووی هەست و دەروونییەوە شرۆڤەی دەکەن و ئەوەش زیاتر دەبەستنەوە بە مەسەلەی جەستەیی و سێکسوالیتەوە.
بە بۆچوونەکانی جودیت باتلەر و چەند تیۆریسیەنێکی دیکە لە ئەنجامی گفتوگۆکانیان بانگەشەی بێڕەگەزیی و بێناسنامەییان کرد، کە خۆیان وەک کویەر پێناسە دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان کرد، کە ڕەگەز و ڕەگەزی کۆمەڵایەتی هەمان شتە.


ئەڵبەتە گفتوگۆکانیان لەسەر ڕەتکردنەوەی نەگۆڕیی لە ناسنامەی ژندا هەڵە نەبوو و داوایان دەکرد، کە دەبێت جیاوازییەکانی ژنیش ببینرێت، بەڵام ئەو ئەنجامانەی، کە پێی گەیشتن هەڵە بوو کە لەسەر بێناسنامەیی پەرەیان بە ڕوانگەیەک دا کە ژنبوون و پیاوبوون وەک پێناسە قبوڵ ناکەن و تەنانەت گفتوگۆکانی سەر ڕەگەزی سێیەمیش ڕەت دەکەنەوە و پێیانوایە، کە پێناسەکردنێکی وەک ژنبوون و پیاوبوون هەڵەیە و تەنیا دەستەواژەی ‘ مرۆڤ’ بەکاردێنن، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا زەمینەی تێکۆشانی ڕەگەزی و چینایەتیشیان لاواز دەکات و نکوڵی لە مێژووی بەرخودانی ڕەگەزی ژن دەکات.
ئەو گفتوگۆیانە زەمینەیەک ئاوا دەکات، کە خلیسکانی بۆ ناو تەڵەی نیۆلیبرالیزم لەبارە و زەمینەی تێکۆشانی ژن هەم پارچە دەکات و هەم لاواز دەکات.
پرسیارێکی گرنگ، کە پێویستە ڕاوەستەی لەسەر بکرێت، ئایا ڕێکەوتە، کە لە زۆر وڵاتی جیهاندا بەیەک جار هێرشێکی فراوان لەسەر ناسنامەی ژن هەیە و ناسنامەی ژن ڕەت دەکرێتەوە؟ و تەنانەت لە هەندێ ڕووبەردا ئەوانەی، کە پێناسەی ژنبوون بە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژووییەکەی پێناسە دەکەن وەک ‘ جەوهەرگەرایی’ تاوانبار دەکرێن، لە جێی ئەوەش هەوڵی دروستکردنی ڕۆژەڤێک دەدرێت، کە دابڕاوە لە کۆمەڵگە و وەڵامی پێویستیەکانی ئازادی کۆمەڵگە ناداتەوە و زۆربەی گفتوگۆکانیش لە نێو نوخبەیەکی ئاکادیمییدایە.
ئەو ناوەندانە بە زۆری گفتوگۆ لەسەر پۆست-فێمینیست دەکەن بەڵام شێوەی گفتوگۆکانیان و ناوەرۆکەکانی بەرەو نیولیبرالیزم دەچێت، چونکە لە ئەنجامدا ئەو هەموو پارچەبوونە لە ناسنامە لە ژێر ناوی ئەوەی، کە هەرکەس فێمینیستێکی تایبەت بە خۆی هەیە بە ئاگایی بێت یان نائاگایی، خۆپارچەکردن و دوورکەوتنەوەیە لە ئامانجی سەرەکی خودی فێمینیزم خۆشی، کە تێکۆشانە لە بەرامبەر زهنییەت و سیستەمی پیاوسالاری بەهەموو فۆرمەکانییەوە، ناکۆکی و ململانێێەکانیش دەگەیەنێتە ئاستێک، کە دروستبوونی بەرەیەکی فراوانی دژە-سەرمایەداری و دژە-پیاوسالاریی زەحمەت بێت.
بۆچی پێناسەکردنی ناسنامەی ژن گرنگە؟
پێناسەکردنی ناسنامەی ژن زۆر گرنگە و ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر ناسنامەی ژن لە هەندێ لاوە ڕاست بووە و لە هەندێ لاشەوە چەوت بووە، لە لایەک ویستیان ژن وەک ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی پێناسە بکەن، بزووتنەوەی ئازادی ژنی کوردیش لەهەمان ڕوانگەوە لێی دەڕوانێت.
لە هەندێ ڕووەوە شیکردنەوەکان لەسەر ناسنامەی ژن لە ڕوانگەی چینایەتیەوە بووە، هەندێکیان بواری ئەتنیکی، هەندێکیان بواری باوەڕیی بووە، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کاتێ شیکردنەوە دەکرێت ئەنجامێکی زۆری لێدەکەوێتەوە، کە هەم دەتوانێ تێکۆشانی پێ شرۆڤە بکات، هەم ئامانجی خۆشی بخاتەڕوو.
بۆ ئەوەش گرنگە، کە پێناسەی ژن پێناسەیەکی کۆمەڵایەتی بێ و شیکردنەوەی کۆمەڵایەتی لەسەر بکرێت، ئەگەر کۆمەڵایەتی نەبێ، ئەو کاتە تێکۆشانی ژن چۆن پەرەبسەنێت، ئامانجی چی دەبێت، پەیوەندی بە تێکۆشانی ئازادی کۆمەڵگەوە چی دەبێت؟
بەو پێیەش پلان و پرۆگرام دەستنیشان دەکات، کە چۆن تێکۆشانێك بکات بۆ گەیشتنە ئامانج، کە ئازادی ژنە و ئازادی کۆمەڵگەشە، ئەڵبەتە ئەوانە هەمووی پەیوەستن بە یەکەوە، لە ئەنجامدا، پێناسەکردن، دەستنیشانکردن ڕێ و بەردەوامیدان بە تێكۆشان پەیوەستن بە یەکەوە.
بۆ ئەوەش گرنگە، کە پێناسەی ژن پێناسەیەکی کۆمەڵایەتی بێ و شیکردنەوەی کۆمەڵایەتی لەسەر بکرێت، ئەگەر کۆمەڵایەتی نەبێ، ئەو کاتە تێکۆشانی ژن چۆن پەرەبسەنێت، ئامانجی چی دەبێت، پەیوەندی بە تێکۆشانی ئازادی کۆمەڵگەوە چی دەبێت؟ ئەگەر وا نەبێ، ئەو کاتە بزووتنەوەکانی ژن، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و فێمینستی بەرهەڵستکاری سیستەم و پیاوسالاری پەراوێز دەبن و دووچاری بەرتەسککردنەوەی مەیدانی تێکۆشان دەبن.
بەڵام لە شرۆڤەکانی جێندەردا دەردەکەوێت، کە بۆچی ئەوەندە پێویست بینراوە، کە شیکردنەوە لەسەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی ژن بکرێت، کە گەیشتۆتە ئاستێک کە هاوبەشبوون لە پێناسەکردن و ئەزمون لەسەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی ژن دروست بوو.
زۆر کەس لە دەوری ئەو هاوبەشبوونانە گەیشتنە یەک، لە ئاستی تێکۆشانی گشتیشدا لە زۆر جێی جیاوازی جیهان تێکۆشانی کۆمەڵایەتیشی لێکەوتەوە و پەرەی بە ئازادی کۆمەڵگەش دا، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی و لە ڕووی فکریشەوە ڕۆشنگەرییەکی لەگەڵ خۆی هێنا، بەڵام گفتوگۆکانی ئێستای جێندەر گەیشتۆتە ئاستێک کە ئەو لێگەڕینانەی پەرش و بڵاو کرد.
لە زانکۆکاندا گفتوگۆی ئاکادیمی لەسەر جێندەر دەکرێت، لە دونیای ڕۆژئاوا، ڕۆژهەلاتی ناوین و بە گشتی لە رۆژهەڵات لە ژێر ناوی لێکۆڵێنەوەی زانستیشدا گفتوگۆ دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا ناسنامەی ژن لە ڕەهەندە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتووریەکەی دادەبڕێت، کاتێ دەڵێن؛ ‘ ڕەگەز و ڕەگەزی کۆمەڵایەتی هەمان شتن’، هەر بۆ ئەوەش چۆن ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی بونیادنراون لە دەستی دەسەڵاتدار و کۆمەڵگەدا بونیاتنراون، بەهەمان شێوەیەش ڕەگەزیش بونیادنراون.
لە ڕاستیدا لە ڕووی زانستیەوە لێی بکۆڵرێتەوە، ئەو بۆچوونە شرۆڤەی زۆر هەڵە لە خۆوە دەگرێت، بۆ نموونە کاتێ باسی سروشتی ژن و سروشتی پیاو دەکەی، وەک دوژمنێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
کاتێک سیمۆن دو بوڤوار دەڵێ ” ژنبوون و پیاوبوون بونیادنراوێکی کۆمەڵایەتین”، شیکردنەوەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتداری دەکات بەڵام ئەم بۆچوونانەی دوایی لەسەر جێندەر و شرۆڤەی سەر ڕەگەز بەو شێوەیە نییە، بەڵکوو پەردەپۆشکردن و تەمومژکردنی ناکۆکیە سەرەکیەکانە، بۆ نموونە گفتوگۆکان بەشێوەیەک نییە کە شیکردنەوە لەسەر ڕێشەی ناکۆکی چینایەتی، دەسەڵاتدارێتی دەوڵەت، باوکسالاریی، داگیرکاریی لە خۆوە بگرێت بەڵکوو دەڵێن ‘ ئەو بابەتانە لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی سەر جێندەر نین’ ، هەوڵ بۆ بێمێژووکردنی ژن دەدرێت.
تەنانەت کاتێک باسی سەردەمی بەردینی نوێ ( نیۆلۆتیک) دەکرێت، کە ژن لەو سەردەمەدا پێشەنگ بوون، لەسەر دەستی ژن کۆمەڵگەبوون پەرەیسەندووە، ژن زۆر داهێنانی کردووە و زۆر شتی بەرهەم هێناوە، مرۆڤایەتی تا ئێستاش لەسەر ئەو بەرهەم و داهێنانانە دەژین، لەسەر بنەمای زەوتکردنی داهێنان و بەرهەمەکانی ژن باوکسالاریی، دەسەڵاتداری و دەوڵەت هاتەئاراوە بەڵام دەڵێن ‘ سەردەمێکی بەو شێوەیە نەبووە و دروستکراوە’.
ئەگەر ئەمڕۆ هەموو ئەو تێکۆشانەی بزووتنەوەی ئازادی ژن کردوویەتی، هەموو ئەو بەرهەمە و ئەزمونەی بە تێکۆشان بەدەستهاتووە بەو شێوەیە شرۆڤە بکرێت ئەوە بناغەی تێکۆشانی ئازادی ژن لەڕیشەوە هەڵدەکێشێت.
ئەگەر ناسنامەی ژن وەک ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و کولتووری شرۆڤە نەکرێت و تەنیا لە ڕووی بیۆلۆژییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئەوە ڕووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە دەبێتەوە. ئەو مەترسییە بۆ سەر پیاویشە، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە چەواشەکاری زیاتر لەسەر ناسنامەی ژن دروست دەکات.
“گفتوگۆکان لەسەر ناسنامەی جیاوازی ڕەگەزیی”
بەشێک لەو بزوتنەوانەی لەسەر ناسنامەی جیاوازی ڕەگەزیی گفتوگۆ دەکەن، تەمومژی و ئاڵۆزی دروست دەکەن، بۆ ئەوەش دەبێ گفتوگۆکان زانستی و کۆمەڵایەتی، مێژوویی و کولتووری بن. ناکرێت ئەو ناسنامە و ڕاستیانە دابڕێنی و وەها مامەڵەیەکی ڕۆژانەیی لەگەڵ بکرێ. مەترسیەکی بەو شێوەیە هەیە ؛ ‘ هێندە گفتوگۆی جێندەر و کویەر پەرەیپێدراوە، لە هەرکوێیەک باسی سروشتی ژن و سروشتی پیاو بکەی وەک هۆمۆفۆبیک و فاشیست تاوانبارت دەکەن و پێتدەڵێن کە ‘ تۆ لە دژی زانستی’ بەڵام بەشێکی زۆری بوارەکانی زانستی ئێستا لە دەستی دەسەڵاتداراندایە یان بەهزری دەسەڵاتداریی و بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتدارێتی ئاراستە دەکرێت، ئەوانەی لەسەر ئەو زانستەی کە کۆمەڵایەتیە، یان بناغەی کۆمەڵایەتی هەیە دەبێ لەبەرامبەر ئەو چەواشەکارییانە ڕاوەستێت. ئەو شرۆڤانە چەندە لەگەڵ سروشت یەکدەگرێتەوە؟. کاتێ سروشت دوالیتە بێ و ڕاستە کە شێوەی دیکەش هەیە، بەڵام تا ئەو ئاستە زەقکردنەوەی ئەو ناسنامانە و ئەوانەی دیکەش پەراوێز بکات، ئەوە لەناوبردنی ناسنامەیە. لە کاتێکدا کە دەگوترێت ‘ سەدەی بیست و یەک سەدەی ژن’ ە بەڵام کاتێ هێندە چەواشەکاری بکرێت لەسەر ناسنامەی ژن، تۆ لە دەوری چ ناسنامەیەک تێکۆشانت دەکەی. لەوە ڕووە تێکەڵوپێکەڵییەکی زۆر هەیە.
لە لایەکی تر کێشەی ئازادی ژن و ئازادی پیاو لە تێگەیشتنێکی سیاسی دادەبڕن و وەک بابەتێکی تاکەکەسی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن کە دەتوانن بەڕێی دروستکردنی جڤاتی دابڕاو لە کۆمەڵگە بژین، بەرهەمێکی زۆریش هونەری و وێژەیی لە ڕێی نوسین، سینەما و هونەرەوە بۆ نیشاندانی قوربانییبونیان بەرهەمهێنراوە، بەردەوام وەک وێنەی قوربانی نیشان دەدرێت. ئەمە ئەو ڕاستیە پەراوێز ناکات کە جووتڕەگەزەکان هەر لە سروشتەوە بەو شێوەیە بوون، ڕووبەڕووی ستەمێکی زۆر دەبنەوە هەم لە کۆمەڵگە و هەم لە لایەن سیستەمی دەوڵەتەوە.
ڕاستییەک هەیە کە ناکۆکی سەرەکی لە مێژووی پێنج هەزار ساڵەیی دواییدا لە نێوان دوو ڕەگەزدا پەرەیسەند و گەیشتنە ئاستی دروستبوونی دەسەڵاتداریی. ژن داگیرکراوی یەکەم و دواییە. ئەگەر ئەو ڕاستەیە شرۆڤە نەکرێت، لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکرێت ئەوە ناتوانرێت مێژووی ژن و کۆمەڵگە ڕۆشن بکرێتەوە و ناتوانی بگەیتە ڕاستی ژن و کۆمەڵگە. هەتا ڕاستی ژن ڕۆشن نەکرێتەوە، ڕاستی ڕەگەزەکانی تر ڕووشن ناکرێتەوە چونکە ناکۆکیەکانیان لە نێو کۆمەڵگەدا هەمان ناکۆکی پەیوەندیەکانی هێزە لە نێوان پیاو و ژندا نەک تەنیا وەک دوو ڕەگەزی بیۆلۆژی بەڵکوو وەک دوو ڕووباری شارستانی چینایەتی و دەوڵەت و شارستانی دیموکراتی.
بەو گفتوگۆیانە لەسەرەتای نەوەدەکاندا لە لایەن جودیت باتلەر دەستی پێکرد گەیشتە ئاستێک کە بەشێک لە فێمینیستەکان ئەوەیان وەک دژبەرییەک بۆ سەر فێمینیزم و شۆڕشی ژن بینی و دەڵێن ‘ مێژوو و ئایندەی ژن تەمومژ دەکات’. بۆ ئەوەش زۆر گرنگە کە گفتوگۆ لەسەر ناسنامەی ژن بکرێت، لە ڕووی زانستیشەوە بناغەیەکی باش بۆ گفتوگۆ هەیە، دەکرێ لە زۆر ڕووەوە شرۆڤە بکرێت.
لێکۆڵینەوەیەکی زۆریش لە ڕووی مێژوویی و لە ڕووی زانستیەوە کراوە کە دەمانگەیەنێتەوە حەقیقەت. ئەگەر ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر جێندەر دەکرێت، ڕێی ئێمە لە بارەی ناسنامەی ژن کە بناغەی تێکۆشانی ژن، ئازادی ژن و چارەسەری کێشەی ئازادی و کێشە کۆمەڵایەتیەکانە بە هەڵەدا دەبات، ئەوە دەبێ بەشێوەیەکی کراوە و زیاتریش گفتوگۆ لەسەر ناسنامەی مێژوویی، کولتووری و کۆمەڵایەتی ژن بکرێت. هەندێکیش هەن لەسەر ناسنامەکانی تر گفتوگۆ دەکەن بەڵام دەبێ پەیوەست بە ئازادی کۆمەڵگەوە، ئازادی ژن و پیاو گفتوگۆ لەسەر بکرێ، ئەوەش بەرپرسیارێتی بزووتنەوەکانی ژنانە.
دیارە کە جێندەر سەرەتا وەک تیۆر، بۆ ڕوونکردنەوەی داگیرکاری سەر ژن و پێناسەکردنی واقیعی ژن دەرکەوت کە لە ئەنجامی تێکۆشانی ژنەوە هەڵاواردنی ڕەگەزی وەک بونیادنراوێک دەخرایە ژێر پرسیارەوە. بۆ ئەوەش لە سەرەتا هاتنەئارای گفتوگۆکانی جێندەر هەم لایەنی چالاکڤانی ( ئاکتیڤیزم) و هەم بواری کۆمەڵایەتی و هەم بواری پراکتیکی زەق بۆتەوە، بەڵام ئەو گفتوگۆیانەی کە ئەمڕۆ لەسەر جێندەر دەکرێت، لەو ڕیشەیە دابڕاوە.
واتە گفتوگۆی ئەمڕۆیی لەسەر جێندەر و ئەوەی پێشتر کراوە هەندێ جیاوازن لە یەک. ئەگەر ئێمە گفتوگۆ لەسەر جێندەر بکەین دەبێ بپرسین کە چۆن دەرکەوت؟ ئەمڕۆ بە چ شێوازێک گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و چەند خزمەت بە ئازادی کۆمەڵگە و ئازادی ژن دەکات؟ ، دەبێ لەسەر ئەوە گفتوگۆ بکرێت. چونکە گەورەترین کێشە ئەوەیە لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی جێندەردا نەک بواری کۆمەڵایەیی، مێژوویی و کولتووری بەڵکوو زیاتر لایەنی ڕەمەک، جەستەیی و زایەند زەق دەکرێتەوە. ئەڵبەتە ڕەگەزگەرایی لە سەرەتادا وەک ئایدۆلۆژیایەکی دەسەڵاتداری پێناسە کرا.
کاتێک ئۆجالان پێناسەی جێندەر دەکات ئاماژە بە جێگە و مێژووی دەرکەوتنی لایەنی کولتووری دەکات کە چۆن کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و ڕاستی ژن و پیاویش کردووە. ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەسەر جێندەر تەنیا مەیلی زایەند-سێکس لە پێشە، پیاوبوون و ژنبوون پەیوەست بە ڕەمەک و زایەندەوە باس دەکرێت. بۆ ئەوەش گفتوگۆی جێندەر لە ئێستا لە چوارچێوەیەکی تەنگدایە. کاتێ بناغەی مێژووییەکەی نابینرێت هەردەچێت بنبەستبوون لەگەڵ خۆیدا دێنێت و بەکاریگەری زهنییەتی نیۆلیبرالیش لە دژی بزووتنەوەکانی ئازادی ژن بەکاردەهێنرێت.
گفتوگۆکانی جێندەر بە تێکۆشانی ژن دەرکەوت بەڵام ئێستا لە دژی بەکاردەهێنرێت. بۆ نمونە کاتێ دەگووترێت ژنبوون و پیاوبوون بە دەستی کۆمەڵگە بونیات دەنرێت، ئەوە ڕاستیەکە بەڵام تەنیا بە دەستی کۆمەڵگە بونیات نانرێت، بەڵکوو لە هەمان کاتدا مێژوو و ناسنامەیەکی هەیە. کاتێ دەگووترێت کە بەدەستی کۆمەڵگە یان تاکەکەسی دەکرێت گۆڕانکاری لە ژنبوون و پیاوبووندا دروست ببێت، ئەو کاتە زەمینە نامێنێ، بزووتنەوەی ژن وەک کردەیەک نامێنێ. لە ئەمڕۆدا سەرچاوەی ئەو هزرانە بە زۆری ئەنگلۆساکسۆنی ڕۆژئاواییە، ئەو گفتوگۆیانەی جێندەر و ڕاستی کۆمەڵگە لە هەموو وڵاتاندا وەک یەک نییە.
ئەگەر گفتوگۆیەک لەسەر جێندەر پێویست بێت ئەوە دەبێ بەپێی واقیعی کۆمەڵگەکە بێت. ڕاستە جێندەر وەک پەیڤ پیاوبوون و ژنبوون وەک ناسنامەیەکی کۆمەلایەتی دەبینێ بەڵام لە هەر کۆمەڵگە و کولتوورێکدا بەڕێبازی جیاواز بونیات دەنرێت بەڵام ئەو تیۆرییانەی کە لە دونیای ڕۆژئاوادا بەرهەمهاتووە یەکسەر خستنە ناو ئەجێندای کۆمەڵگە شتێکی ڕاست نییە. لە باشوری کوردستان کۆمەڵگەیەک هەیە کە ئاستی ئازادی ژن تێیدا لاوازە، ڕێکخراو و بزووتنەوەی ژن بە پێی پێویست ڕێکخستنکراو نین، هێشتاش کێشەکانی فرەژنی، زەواج لە تەمەنی بچوک و کوشتنی ژن وەک کێشەیەکی گەورەیە لەو کۆمەڵگەیە و لە کاتێکدا ناسنامەی ژن قبوڵ ناکرێت، لەو زەمینەیەی کە گفتوگۆ لەسەر جێندەر دەکرێت بە هزری ناوەندڕۆژئاوایی لە کۆمەلگەدا، خۆخەڵەتاندن و هەڵخەڵەتاندنە
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی