فێمێنیزم, وتار و لێکۆڵینەوە

جێندەر لە ڕوانگەی زانستی ژنۆلۆژییەوە

ئاکادیمیای ژنۆلۆژی

 بەشی دووەم

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بە تایبەتی ئەو جێیانەی لە دیدی ناوەندئەوروپیەوە وەک وڵاتی دواکەوتوو، یان وڵاتانی ‘ جیهانی سێیەم ‘ یان ‘ جیهانی پێشکەوتوو نین’ بە ڕۆژەڤی ژن، جێندەر و ڕۆژەڤی دیموکراسی و بواری ئابووری دەیانەوێ رۆژەڤی ئەو وڵات و کۆمەڵگانە ئاراستە بکە.

ڕۆژەڤیان بە پێی رۆژەڤی خۆیان دیاری بکەن کە ڕۆژەڤی نیۆلیبرالیزمە، ئێستا بەڕێی ئاکادیمی و بانگەشەی ئازادی لیبرال، یان گەشەپێدانی مرۆیی، گوایە بەهێزکردنی ژن، لە هەموو وڵاتەکاندا بڵاو بکاتەوە.

ئەو ئەجێندایانە پێویستی هەم بە وشیارییەکی قووڵتر هەیە و هەم پێویستی گفتوگۆیەکی وریایانەتر هەیە. بۆ نمونە لە گفتوگۆکردن لە سەر جێندەر بزووتنەوەکانی ژن و کۆمەڵگە دەخەنە دۆخێکەوە کاتێ تۆ بۆچوونێکی جیاواز بخەیتەڕوو لەسەر جێندەر، لە کاتێکدا جێندەر لە سەرهەڵدانیدا بە ئامانجێک هاتەئاراوە بەڵام ئێستا بۆ ئامانجێکی تر بەکاردەهێنرێت، یەکسەر وەک دژە-جێندەر پێناسەت دەکەن.

ئەڵبەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر جێگەی تری وڵاتانی ئاسیا بەشی جێندەر و زانکۆ دەکرێتەوە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دید و ڕێنمایی یەکسانی و ئازادی بە کۆمەڵگە دەدات؟ ڕۆشەنبیران بۆچی بۆ لێکۆڵینەوە ڕوویان لەو ناوەند و زانکۆیانەیە؟ سەرچاوەی لێکۆڵینەوەکانیان چییە؟ ئامانجەکانیان لە کۆمەڵگەدا چۆن پێکدێنن؟. گرنگە لەسەر ڕێبازی کارکردن و لێکۆڵینەوەیان گفتوگۆ بکرێت.

ئەو کاتە باشتر ڕوون دەبێتەوە کە بەشەکانی جێندەر و گفتوگۆی جێندەر، بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی کە وەک ‘ جیهانی سێیەم ‘ بە ناوی دەکەن، بە ئاراستەی بەرژەوەندی نیولیبرالیزم و خزاندنی بۆ خزمەتی ئەجێندای ئەو وڵاتە بەکاردەهێنرێن یان نا. چەند لێکۆڵینەوە دەکەین ئەوەندە زیاتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە بۆچی لەم کاتەدا ئەم ڕۆژەڤە دروست دەبن. ئێمە دەزانین کە لە ماوەی بیست تا سی ساڵی دوییدا وڵاتانی باڵادەستی ڕۆژئاوایی کەوتنە ئەفغانستان و زۆر وڵاتی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بانگەشەی ئازادی ژن و دیموکراسی و ئیستاش ئەو سیاسەتە بەردەوامە.

بەشێکی زۆر لە سیاسەتەکانیان لە ژێر ناوی گەشەپێدانی مرۆیی، بەهێزکردنی ژن و پەرەدان بە دیموکراسی دەبەنە پێشەوە بەڵام ئێستا جێندەر بۆتە بابەتی سەرەکی کارنامەیان، کراوەتە مۆدە لە جێی گفتوگۆ لەسەر ژن ، لەبەرئەوەی وەک تێگە گونجاوترە و کەرەستەیەکی باشە بۆ پڕوپاگەندەی نیولیبرالیزم. بەڵام ئەو مەسەلەیە ڕوویەکی تریشی هەیە کە لە هەندێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بزووتنەوەی نەژادپەرست، ئایینی توندڕەو لە ژێر ناوی دژە-جێندەر هێرش دەکەنە سەر بزووتنەوەکانی ژنان و بزووتنەوەکانی فێمینست.

گرنگە لە یەک جیابکرێتەوە کە ئەرگومێنتەکانی دژ و لەگەڵ لەسەر جێندەر چییە، گرنگیشە ئەو هەلومەرجەی کە جێندەر دەرکەوت و لە ئێستاشدا گفتوگۆکان لە چ دۆخێکدایە لە یەک جیابکرێتەوە، چونکە ڕەخنەکان دەبێ ڕوون بن لە دژی چیین و لەگەڵ چیین. یان لەو جێیانەی کە تێکەڵاوی هەیە چۆن ڕاستیەکان ون نەکرێن. بۆ ئەوەش دەبێ لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی جێندەر، بەشەکانی جێندەر لە زانکۆکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت کە بە چ مەبەستێک کرانەوە؟ ئامانج لە دامەزراندنیان و کارنامەیان چی بووە؟ چ ئالۆگۆڕێکیان لە کۆمەڵگەدا کردووە؟

کاتێ باس لە پێویستییەکانی کۆمەڵگە دەکەین لە ئەمڕۆدا ناکرێ ئازادیی ژن وەک پێویستی یەکەمین نەبینین، چونکە کێشەی نەبوونی ئازادیی ژن کە جەوهەری ئازادی کۆمەڵگەیە، سەرچاوەی هەموو کێشەکانە، بۆیە پێویستمان بە هاوژیانیی ئازادە بەڵام ئەوەی ئێستا بە ئەجێندای تر دەسەپێنرێت گفتوگۆیە لە ژێرناوی ئازادی تاکەکەسی، ئازادی زایەندی، ئەوەش لەژێر ناوی پێشكەوتنخوازیدا دەکرێت، لەبەرامبەریشدا تاودانی مەیلی موحافەزەکار کە خاوەن زهنییەتێکی نادیموکراتییە، لەبەر نەبوونی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ئازادیخواز و نەبوونی هێزی رێکخستنکراوی ژن، ئەو هێرشانە مەترسییەکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ سەر ژن بەڵکوو بۆ سەر ئاسایشی هەموو کۆمەڵگە. ئەڵبەتە ئازادی زایەندی ئازادییەکی تایبەت و پەراوێزە کە هەموو کۆمەڵگە ناگرێتەوە بەڵام ئازادی کۆمەڵگە کە ئاسایش، ئابوری، ژیان، بوون، خۆپاراستن، ناسنامە و هتد.. هەموو کۆمەڵگە دەگرێتەوە.

کێشەی سەرەکی لەو پێناسە و زهنییەتەدایە، کاتێ ژن تەنیا وەک ناسنامەیەکی بیۆلۆژی و زایەندی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەو کاتە دەگەیەنەوە ئەو ئەنجامەی کە ئەمڕۆ بەشێک لە بزووتنەوە فێمینستەکان پێی گەیشتوون. بەڵام کاتێ ناسنامەی کۆمەڵایەتی، مێژوویی وکولتووری ژن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئەو کاتە ئازادی هەموو کۆمەڵگە دەگرێتەوە، هەر ناسنامەیەکی تریش لە نێو ئەو ئازادییەدا دەتوانێ دەربڕی ویستی و ئیرادەی خۆی بێت، داکۆکیکردن لە ئازادی ژن، داکۆکیکردنە لە ئازادی هەموو کۆمەڵگە.

ئەمڕۆ لە ژێر ناوی ئازادی زایەندیدا (سێکس)، پەرە بە ڕەگەزگەرایی – هەڵاواردنی ڕەگەزی دراوە و کراوەتە ئۆبژەیەک و بۆتە بابەتی سەرمایە و قازانج. ئەوە خۆی لە خۆیدا کێشەی سەرەکیە و سیاسەتی نیولیبرال ڕۆژەڤی پێ تەمومژ دەکات. ڕۆژەڤی سەرەکی پێ پەردەپۆش دەکات. بۆ نمونە هەندێ دەڵێن؛” بۆچی ناڵێن شۆرشی فێمینیست ، بۆچی دەڵێن شۆڕشی ژن” کە گوایە فێمینست تێگەیەکی فراوان و ژن تەنیا ڕەگەزێک دەگرێتەوە. لە جێی ئەوەی کە گفتوگۆ لەسەر کێشە سەرەکیەکانی ژن بکەن، دژایەتی شۆڕشی ژن دەکەن.

بەکورتی : لە ساڵانی هەشتاکاندا ناوەندەکانی لێکۆڵێنەوەی ژن لە زانکۆکانی وڵاتانی جیاوازی جیهان کرایەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بزووتنەوەکانی ژنانەوە هەبوو، پشتگیری لە بزووتنەوەکان دەکەن. بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەشێکیان بەو بیانووەی کە لەسەر پیاو پێویست بە لێکۆڵینەوەیە و بەشی لێکۆڵینەوەی ژن وەڵامدەرەوە نییە، بەشی لێکۆڵینەوەی جێندەریان پەرەپێدا.

لە ڕاستیدا وەک پرۆژەیەک پەرەی پێدرا، پیاو هەم وەک خوێندکار و هەم وەک مامۆستا لەو بەشانەدا بەشداریان کرد تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشەکانی جێندەر لە ڕێی پیاوانە بەڕێوەببرێت. بەو پێیەش تا چوو بەشەکانی جێندەر لە بزووتنەوەکانی ژنان دابڕا. پۆلێنێکی نوێ هاتەئاراوە کە پێیان بڵێن ئاکادیمیسیانانی فێمینیست.

پرۆژەکانی ئاکادیمی و شەقام/ کۆمەڵگە تا دێت لە یەک دادەبڕێت و دوای ساڵانی ٢٠٠٠ بەش / ناوەندەکانی کویەر دەکرێنەوە. واتە دەرەئەنجام لە ژێر ناوی با هەموو ڕەگەزەکان بگرێتەوە، لەبەرەوە ژن لە کارنامەی گفتوگۆکان وەدەرنرا.

ماریا میس بە توندی ڕەخنەی ئەو جیاکارییە دەکات و ڕەخنەکانی جێی سەرنجن. ئەو لەگەڵ جیاکردنەوەی جێندەر و ڕەگەز-زایەند دا نییە کە زیاتر لە لایەن فێمینستەکانەوە بەکاردێت کە جێندەر وا پێناسە دەکەن کە بوونێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریە بەڵام ڕەگەز-زایەند بیۆلۆژییە. زۆربەی جێندەرناسەکان پێیانوایە کە مادەم جێندەر شتێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریە کەواتە دەتوانن جیندەری نوێش دروست بکەن. بەشێک لە فێمینیست و جێندەرناسەکان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان جێندەری نوێ دروست بکەن و پێیانوایە کە هەندێ ڕەگەزی کۆمەڵایەتی دەکرێ لە ناوبچێت، ئەوەش لێدانە لە ناسنامەی ژن، لە ئیرادەی ژن، سەربەخۆیی و ئازادی ژن.

لە هاتنە ئارای جێندەری نوێدا ماریا میس لەگەڵ ئەو جیاکردنەوەیەی جێندەر و ڕەگەز نییە و پێی وایە کە لەو پەیوەندییانەدا بەردەوامی بە هەمان دوالیزمی سروشت و کولتوور دەدرێت. بۆ نموونە هۆش و هەست، ماتەری خراپ و ڕۆحی باش. سێکس یان ڕەگەز-زایەند بەهەمان شێوەی جێندەر مێژوویی کولتوورییە و دەڵێ دەکرێت ڕەگەز-زایەند وەک جێندەر مێژوویی و سۆسیۆکولتووری بێت. بەڵام ئەو جیاکردنەوەیە، هەمان جیاکردنەوە دوالیزمییەکەیە کە لە دیکارت بە دواوە لە سەردەمی مۆدێرنیتە، لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە کە زۆر زاڵ بوو بەسەر ئەقڵی گشتیدا. هەرگیز بایۆلۆژی پەتی نەبووە، بەڵکوو بەشێوەی پێدراوە بووە لە نێو کۆمەڵگەدا.

ماریا میس پێیوایە کاتێ تۆ ئەو جیاکارییە دەکەی لە ڕوانگەی جێندەرناسەکان و بەشێک لە فێمینیستەکانەوە، ئەوە تۆ دەکەویتە ناو هەمان هەڵوێستی سەرمایەداری، هەمان هەڵوێستی پیاوسالارییەوە کە چەوساندنەوەی ژن و جیاکاری ژن تێیدا زاڵە. گفتوگۆی جێندەر هەندێ لایەنی گرنگی تێدایە کاتێ باسی هەندێ جیاکاری نێوان ژن و پیاو دەکرێت، کە چۆن کچێک گەورە دەکەین ببێتە ژن، ببێتە کچێک کە نەریتیانە دڵی ئەوی دیکە ڕازی بکات، یان چۆن کوڕێک گەورە دەکەین کە زاڵ بێت. لە خوێندنەوەی ئەو دۆخی جیاکارییە گرنگە.

کاتێ دێینە سەر مشتومڕەکانی باشووری کوردستان، ئەڵبەتە نزیکەی لەسەر هەموو بابەتێکدا جەمسەگیریەکی چەند بەرەیەکی دروست دەبن، بەشێک لەگەڵ و بەشێک دژ  بەشێکی بێدەنگیش لە پەراوێزدا. بەشێکی زۆر لەو مشتومڕانەش ناکەوێتە خانەی گفتوگۆییەکی بەبەرهەم و دیالۆگێکی هزرییەوە بەڵکوو دەکەوێتە خانەی هێرش و ڕەشکردنەوە. یەکێک لەو بابەتانەی لەم دواییەدا قسەی لەسەر دەکرێت، بابەتی جێندەرە.

لەم ماوەیەی دواییەشدا ئەو کێشمەکێشە گەورەیەی لە سەر جێندەر هاتۆتە ئاراوە دەرئەنجامی شەو و ڕۆژێک نەبوو لەسەر چەند ڕوداوێک یان وەرگرتنی فەند و هەڵوێستی ڕێکخراوی ژنان لە ئاست ڕووداوەکاندا، بەڵکوو ئەنجامی پرۆسەیەکی درێژی پەنگخواردنەوەی قەیرانی زهنییەت، قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و زۆری بواری دیکەیە.

بەو پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراوە، لەو ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا لە عێراق، بەڕێی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کردنەوەی زانکۆ و بەشی جێندەر، پەرە بە کارنامەیەک دەدرێت. ئەو دۆخەش لەبەرئەوەی پێشوەختە کارنامەیەکی درێژمەودای تەندروستانەی بۆ گفتوگۆ لە نێو کۆمەڵگەدا نەکردۆتەوە کە هۆکارەکانی زۆرن بەشێکی زۆری پەیوەستە بە زهنییەتی پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستانەوە، بۆ ئەوەش دۆخەکە هەم کراوەیە بۆ هەڵایسانی ناکۆکی و بەیەکدادان و هەم شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر ژن بەدوای خۆیدا هێناوە. کە هەندێکی بەئاگایی و بە پلان ئەو دۆخە دەقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ژنان.

بەتایبەتی لە لایەن زهنییەت و گروپی توندڕەوەوە. بۆ ئەوەش لە کوردستاندا پێویست بە گفتوگۆیەکی نوێ هەیە لەسەر جێندەر، دەبێ ئەو پرسیارە بکەین کە چەندە ئازادی بۆ ژن دێنێ، لەسەر بنەمای ئەوەش ژنان ڕۆژەڤیان دەستنیشان بکەن نەک بەو ئارگومێنتانەی دەیخەنەڕوو و بەهەمان شێوە وەڵامدانەوە گونجاو نییە. پێویست بە پێناسەیەکی نوێی جێندەر هەیە. پێناسەیەک کە لە ڕووی مێژوویی، کولتووری و ئایدۆلۆژیەوە و لەهەمان کاتدا لەڕووی زایەندیشەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت بەڵام تەنیا لەسەر ئەو بنەمایەش نەبێت.

کاتێ باس لە پێویستییەکانی کۆمەڵگە دەکەین لە ئەمڕۆدا ناکرێ ئازادیی ژن وەک پێویستی یەکەمین نەبینین، چونکە کێشەی نەبوونی ئازادیی ژن کە جەوهەری ئازادی کۆمەڵگەیە، سەرچاوەی هەموو کێشەکانە، بۆیە پێویستمان بە هاوژیانیی ئازادە.

لە دوای ساڵی ١٩٩١ و بە چڕیش لە دوای ٢٠٠٣ ەوە پرۆسەی بە رۆژئاواییکردنی باشووری کوردستان و هەوڵی زاڵکردنی زهنییەتی نیولیبرالیزم دەدرێت، لە زۆر بواردا ، بە تایبەتی بواری میدیا، ئابوری، پەروەردە و هتد. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێک لە رێکخراوەکانی ژنانیش وەک بەردەبازێک بۆ ئەو پرۆسەیە بەکاردەهێنرێن.

لە کەشێکی بەو شێوەیەدا چاوەری ناکرێ کە بابەتی جێندەر بەشێوەیەکی تەندروست گفتوگۆی لەسەر بکرێ. لە لایەک ئەو باسانەی کە دەکرێت لە لایەک باشە و نیشانەی زیندوویی کۆمەڵگەیە و کۆمەڵگە بەشدارە، کۆمەڵگە هەم کاردانەوە نیشان دەدات و هەم گفتوگۆی لەسەر دەکات، جا چ هەڵە و چ ڕاست، بەڵام دیارە ئەو گفتوگۆیانەی سەر جێندەر دابڕاو نییە لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو هەڵکشانەی کە لە سەر بنەمای ئیرادەی ژن گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی گەورە بە خۆیەوە دەبینێ. بۆ نمونە چەواشەکارییەکی زۆر لەسەر وشەی ژن دەکرێت کە پێویست بە ڕاستکردنەوەی ئەو ڕەشکردن و چەواشەکارییانەیە کە لە مێژوودا لەسەر ناسنامەی ژن، لەسەر ئەقڵی ژن، جەستە و ڕۆحی ژن ئەنجام دەدرێت بەڵام لە لایەکی ترەوە بەشێوازی جیاواز دەخوازرێ ئەو گفتوگۆیانە بەڕێیەکی تردا ببرێت.

ئەو تێکڵاوییانەی لە گفتوگۆکاندا هەیە ئەگەر بەشێکی زۆری بە مەبەست و ئامانجەوە بێ بەڵام بەشێکی تری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تا ئێستا قسەکردن لەسەر ڕەگەز- زایەند چ لە ڕووی بیۆلۆژییەوە، چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی ، مێژوویی و کولتووری کەمتر بۆتە بابەتی باس و تێکەڵاوکردنی ئەم چەمکانە واتە ڕەگەز-زایەند و جێندەر، ئالۆزی دروست دەکات بەڵام ئێمە دەزانین لە نێو بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد دا بابەتی ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی،سیاسی، کولتووری لەسەر بنەمای هەڵاواردن دروست بووە، وەک بابەتێکی پەروەردە لە ئاکادیمیا گشتی و هەم لە ئاکادیمیا سەربەخۆکانی ژن بابەتی گرنگی پەروەردە بوون و هەم لە ستونێکی سەرەکی تێکۆشان بووە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو لادانە مێژووییە کە بەهەڵکشانی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی پیاوسالاری دروست بووە و شکاندنی بە چەندین قۆناغی مێژوویی لە ناسنامەی ژندا ئەنجام دەدات.

ئەو سیستەمەی لە ڕووی زهنییەتەوە ئاوا دەبێ لەوە دەردەچێت کە تەنیا هەڵاواردن مەسەلەیەکی بیۆلۆژی بێت بەڵکوو سەردەکێشێت بۆ سیستەماتیکبوونی لە دەزگا ودامەزراوەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارییدا. ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕووی تیۆرییەوە گفتوگۆی لەسەر نەکراوە بەڵکوو لە ڕووی کردارییەوە بزووتنەوەی ژن بونیادێکی ڕێکخراوەیی سەرپێخستووە کە لەبەرامبەر زهنییەتی ڕەگەزگەراییانە تێکۆشان بکات، ئەو هەڵاواردن و جیاکارییە ڕەگەزییە وەک کێشەیەک زەق بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی. لە ڕووی چەمکسازییەوە، لە ڕووی تیۆر و کردارییەو گفتوگۆی لەسەر ژنبوون و پیاوبوون کردووە، لە دید و سیستەمی ئەلتەرناتیڤەوە.

لە هەموو ئەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێت بەردەوام دیدێکی ناوەند ئەوروپی هەیە، پێناسەی جێندەر بەردەوام پێناسەیەکی دەرەوەییە، هەروەک هەموو ئەو چەمک و تیۆرانەی کە تا ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بۆنموونە هەمیشە کە باس لە دیموکراسی دەکرێت، بەردەوام ئەو نوخبەیە دەگەڕێنەوە بۆ پێناسە رۆژئاواییەکەی و سەرەتای سەرهەڵدانی لە یۆنانەوە کاتێکیش گفتوگۆ لەسەر جێندەر دەکرێت، بەردەوام ئەو ناوەندە ئاکادیمیانە  و ڕەوتە فێمیسنتانەی کە لە دەرەوەی سیاقی کۆمەلایەتی، کولتووریی و مێژوویی هەرێمەکەن.

لە ڕاستیدا دەبێ گفتوگۆ و لێکٶڵینەوەش لەوەش بکرێت کە لەو ناوەند و ئاکادیمیا و ڕەوتە فێمینستانەش تا چ ئاستێکی ڕاست بۆ کۆمەڵگە مامەلەی لەگەڵ کراوە. لەوێدا چ بوارێکی  پۆزەتیڤ و نەگەتیڤی هەبووە ، لەوێدا بەرچاو ڕوونییەک پێویستە. کاتێ دەڵیین بەڵی جیاوازی هەیە لە ڕووی بیۆلۆژییەوە ئەو جیاوازییانە لاوازی نییە، لە هەمان کاتدا کاتێ دەگوترێت ژنبوون و پیاوبوون بونیادنراوێکی کۆمەڵایەتیە کەواتە مەبەست چییە. کاتێ باس لە زایەند دەکرێت بەردەوام ژن لە ناوەندی گفتوگۆکاندا بەشێوەیەکی نەگەتیڤ باسی دەکرێت. هەموو کەسێک قسە لەسەر ژن دەکات بەلام ژن ئەو مافەی پێنادرێت کە قسە لەسەر خۆی بکات.

لەلایەکی ترلە گفتوگۆکانی سەر جێندەر لە باشووری کوردستان نوخبەیەک بەبەردەوامی ئەوە دەدەنەوە بە ڕووی یەکتردا کە ئەرگومێنتەکانی فڵانە کەس زانستیە، ئەوەی دیکە زانستی نییە. کاتێکیش دەگوترێ زانستی، ئەڵبەتە پشت بەو ئەرگومێنتانە دەبەسترێت دەکرێت کە بەپێی زانستی پۆزەتیڤیستی ناوەندئەوروپی پێوەر بۆ ڕاستی یان ناڕاستی گفتوگۆکان دادەنرێت بۆ هەموو زاراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفەییەکان و بەردەوام دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوەندە ئاکادیمیانەی دونیای ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی ڕاستی بۆچوونەکانیان لەبەرامبەر یەکتر بسەلمێنین کە ناتوانرێت بەرچاوڕوونی بکات بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی کولتووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی کۆمەڵگەکانی تری جیهان تەنانەت بەشێکی زۆریش لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان خۆشیان. ئەم دیدە ناوەندئەوروپیە لیبرالە تاکگەراییە کە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ مەسەلەی جێندەر و تێکەڵاوبوونی لەگەڵ گفتوگۆ لەسەر ناسنامە جیاوازەکانی ڕەگەزیی بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییەدا و دەرچوونی لەو چوارچێوەیە کە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە پەرەیسەند، وایکردووە کە ئەو دژبەربوونەی بەرامبەر یەک چڕبێتەوە و تەنانەت هەوڵی کردنەوەی گفتوگۆی تر بدرێ لەسەر ناسنامەی ژن و وەک دواکەوتوویی و هۆمۆفۆبیک لەقەڵەم بدرێت.

تەنانەت لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە بەرامبەردا دەیان دروشمی دیکە دەهێنرێتە کایەوە کە دژبەرە بە ئیرادەبوونی ژن. جەمسەرگەلێکی دژبەیەک دروست دەکەن و رۆژەڤە سەرەکیەکەش وون دەبێت.  ئاراستەکردنی گفتوگۆیەکی ڕاست و بەرهەمهێن و فرەڕەهەند کە کەڵکی بۆ پرۆسەی دیموکراتیزەکرن هەبێ. چ لە کەسایەتی پیاو و چ لە ژن و چ قسەکردن لەسەر ئەوەی ئێمە چۆن ژیانێکمان دەوێ، گرنگە.

ئەگەر گفتوگۆ و مشتومڕ لە سەر هەر زاراوەیەکی دونیای هزر لە سیاقی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و کولتووری خزمەت بە کۆمەڵگە، هەمەگیرییەکەی و گەشەی ئازادی، خۆبەڕێوەبەری، خۆڕێکخستنکردن و خۆپاراساتنی کۆمەڵگە نەکات، کۆمەڵگە پارچە بکات، لە هێزی بخات و بێهیوای بکات، چ جا کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی باشووری کوردستان کە داگیرکەریی دەرەکی و نەبوونی دیموکراتی لە ئاستی ناوخۆییدا هێزی لەبەربڕیوە، ئەوە دەبێ پرسیاری ئەوە بکرێت ئەو مشتومڕانە لە سەر ئەو جۆرە زاراوانە لەو چوارچێوەیەی کە دەکرێت، بۆچی دەکرێت و ئامانج لێی چییە؟

لە لایەکی تر ئێستا لەو نێو گروپەکانی ناسنامە جیاوازەکاندا، پارچەبوونێکی زۆر هەیە کە زیاتر مەیلی تاکەکەسی و سیاسەت لەسەر جەستە و سێکسوالیتی زاڵە. لایەنی سەرنج ڕاکێش ئەوە کە زۆرێک لە دەسەڵاتدارەکانی جیهانیش ئیتر پشتگیری لەم مەیلانە دەکەن و ئەوەش مرۆڤ ناچار دەکات کە گومان هەبێ لەو هەڵوێستانەی دەوڵەت لە بەرامبەر لاوازکردنی دینامیزمی کۆمەڵگە و پارچەکردنی وزەی کۆمەڵگە و ڕێگری لەوەی کە وزەی کۆمەڵگە بە ئاراستەی شۆڕش نەخرۆشێت و هێزی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی دیموکراتیانە پارچە و لاواز دەکات.

ئەو مەیلانە لە کاتێکدایە کە دیدێکی چارەسەرئامێز بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە نییە و هەر دەچێت کۆمەڵگە لە ژێر بۆردومانی بەردەوامی سیاسەتی نێولیبرالیزم لەبەریەکهەڵدەوەشێ و لە ڕووی مەعنەوییەوە لە بۆشاییدایە، بەڵام هەر گروپە و دەڵێ ” من ” لە ناو هەر گروپێکیشدا کەسەکان دەڵێن ” من ” و کاتێ پرسیاریان لێدەکەی کە چەند پەیوەندیتان لەگەڵ کۆمەڵگە هەیە؟ بەڵام لەبەرئەوەی کۆمەڵگە نزیک نییە لە مەیلی ئەوەوە خاوەنداری لێناکات و کۆمەڵگە لەو هێرشانە ناپارێزێت، بەڕێبازێک تێکۆشان دەکرێت کە ناتوانێ مەودای خۆی لەگەڵ کۆمەڵگە کەمبکاتەوە و لەگەڵ کۆمەڵگە ببێتە یەک.

لەو مەیلانەی کە گروپە جیاوازەکانی ئێل جی بی تییەکانی ساڵانی ٧٠کان و ٨٠ کان هەیانبووە و خۆیان بە ناسنامەی شۆڕشگێڕ و پێشەنگی کۆمەڵگە دەبینی و ناکۆکیان لەگەڵ سسیستەم و زهنییەتی دەسەڵاتدار هەبووە، کە خۆیان وەک دژە-سەرمایەداری و دژە-باوکسالاری پێناسە دەکرد، لە ئێستادا ئەو ناکۆکیە لاوازە و لە ئاستی لێگەڕینێکی بەهێز و ئەلتەرناتیڤدا نییە. بەڵکوو هەوڵی پچڕینی بەشن لە سیستەم و ئاو بە ئاشی سیستەمدا دەکەن.

ئەزمونەکانی دانوستاندن و لێکۆڵینەوەکانیش ئەوەی نیشانداوین کە لە نێو ئەو مەیلانەشدا، هەر وەک قەیرانی دوالیزمی ژنبوون و پیاووبون، قەیرانی پێکەوەژیان بە هۆی پەرەسەندنی تاکگەرێتیەوە لەسەر بنەمایەکی ڕۆژانەییە، دیدی پێکەوەژیان بنەمایەکی کۆمەڵایەتی نییە، زۆربەی بژاری تاکەکەسیانەیە و پەیوەندی هێزیش لەو پەیوەندییانە دووبارە دەبێتەوە. لێگەڕینەکان بۆ گۆڕینی شێوازی ژیان لەبەرئەوەی کە بەند نییە بە گۆڕینی زهنییەت لە پەیوەندیەکاندا ناتوانێ پەیوەندیەکان لەو قەیرانەی لە نێوان ژن و پیاودا هەیە کە لە مێژوودا لە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی هاوسەنگەوە گۆڕا بۆ پەیوەندی هێز، لەو پەیوەندییانەشدا دووبارە نەبنەوە و هێندەش قوڵکردنەوەی تیۆریی بۆ خۆپارچەکردن هەم دووریان دەخاتەوە لە کۆمەڵگە و پەراوێزیان دەکات و هەم وزەی کۆمەڵگەش بە فیرۆ دەدەن لە گفتوگۆکانیان دا و زیاتر بێئومێدی دروست دەکەن، ئەنجامێکی ئەوتۆش لە گفتوگۆکانیان نابینرێت کە هاوبەشییەک لە دید و بیروبۆچووونیاندا دروست بکات. زۆربەی ئەو تیۆر و گفتوگۆیانەش تەنیا لە نێو نوخبەیەکی زانکۆ، ڕۆشەنبیر و تیۆریسیاندا دەمێنیتەوە.

لە بەرامبەردا سێگۆشەی دەسەڵاتداری، سەرمایەداری و باوکسالاریی نەک لاواز نابێت بەڵکوو بە فۆرمی جیاواز خۆی بەرهەمدێنیتەوە. بۆ نمونە گوڕبوونی شەڕ، مەترسی شەڕی ناوکی، کۆچبەریی، هەڵکشانی نەژادپەرستی و فاشیزم، بڵاوبونەوەی نەخۆشی و پشبڕکێی چەک و کۆکوژی ژن. لەو خاڵەدا لە ڕاستیدا دەبێ بەشێکی زۆر لە بزووتنەوە فێمینستەکان دەست بە قۆناغێکی نوێی ڕەخنەداندان بکەن بۆ ئەنجامنەدانی گۆڕانکاری لە پیاودا و ئەوەش هەم وەک سەرچاوەی ئەو قەیرانە قوڵە ببینن و هەم هەموو لێگەڕینەکانی تریش بە دوای ناسنامەکانی تردا وەک دەرهاویشتەی ئەو بێچارەییە لێک بدەنەوە.

هەر قۆناغێکیش تێپەڕدەبێ پارچەبوونی کۆمەڵگە زیاتر دەبێ. گفتوگۆکانی ئەو گروپانە لەسەر بنەمای فرەڕەنگ و فرەناسنامەیی کۆمەڵگە نییە، ڕاستە کە لە گەردووندا دوالیزمی مێ و نێر هەیە و ڕەنگی دیکەش لە سروشتدا هەن بەڵام گفتوگۆکان لەسەر بنەمایەکی ڕاستی ئازادی کۆمەڵایەتی نییە، لەسەر کۆمەڵگەبوون نییە، بەڵکوو کۆمەڵگە بەشێوەی گروپی دژبەری یەکتر دابەشبووە و سیستەمی باڵادەستی نیۆلیبرالیش تا دێت پەرە بە سیاسەتی تایبەت دەدات لەسەر ئەو پارچانە. ئێستا لەو وڵاتانەی ئەو گروپانە هێندە خۆیان پارچەکردووە بەسەر ناسنامەی جیاوازدا لەسەر ژێرناوی ئازادی تاکەکەسی، قەیرانی خێزان لە لوتکەدایە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گەنج بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆ‎شبەر و کەوتنە ناو باندی جیاوازەوە یان لە زیندانەکاندان یان لە دۆخێکی بێواتاییدا دەژین.

کچانی گەنج دەبنە نێچیری زۆرێک لەو باندانە، کۆمەڵگە بێپاراستنە. دەزگاکانی دەوڵەت تەنیا لەچوارچێوەی پیشە و موچەی مانگانەدا مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە کەیسانە دەکەن کە دێتە بەردەمیان. دایکانی تەنیا، لەئاست قەیرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی خۆیان و منداڵەکانیان بێچارەن، ئەمانە و هەزاران جۆرە کێشە و قەیرانی تر بۆ ئەم بزوتنەوانە دەبێ ببێتە مەیدانی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی و ناچاریان بکات کار لەسەر چارەسەرکردنی بکەن، بەڵام بەهۆی مەیلی تاکەکەسی و بێواتاکردنی خۆڕێکخستنکردن و لاوازبوونی تێکۆشانەوە لە دەوری کێشەکانی خۆیان دەخولێنەوە. کێشەی سەرەکی بەشێک لە گفتوگۆکانی باشووری کوردستان، ئەم دیوەی دیکەی ئەو بزوتنەوانە نابینێ و تەنیا سەرنجی لەسەر ئەو بەرهەمە تیۆرییانەیە کە لەسەر مێز و بەشێکیش لە لێکۆڵینەوەی ئاکادیمی زانکۆکانی ڕۆژئاواوە بەرهەمدێن لەسەر جێندەر یان ناسنامەی ڕەگەزی تر، بەشێوەی کۆپی و لاسایی وەریدەگرن. بێگومان لە نەبوونی دیدێکی چارەسەرئامێزیان بۆ کێشە کۆمەڵایەتی، سیاسی، دەروونی، ئابووری و هتد…

لەو بۆشاییە فکرییەشی کە لە ئارادایە، هەندێ ڕەوت و گروپی دیکە کەڵکی لێوەردەگرن کە دەیانەوێ ژن جارێکی تر بکەنەوە بە ئۆبژەیەکی زایەندی و ژن خۆشی مافی قسەکردنی لەسەر بوون و ناسنامەی خۆی نەبێ. لەسەر گفتوگۆی چەوت، دژایەتیەک هەیە کە ڕاستی لەو نێوەدا وون دەکات.

ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان هەموو ئەو بابەتانەی کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەشێوەیەکی نەگەتیڤ جەستە و بوونی ژن دەخرێتە چەقی هەموو بابەتێک و دەکرێتە کەرەستەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ژن. بۆ ئەوەش پێویستییەکی زۆر بە سەرلەنوێ پێناسەی چەمکەکان هەیە. هەر لە ژنبوون، پیاوبوون، ڕەگەز، زایەند، ڕەگەزگەرایی، ئازادی، دیموکراسی، کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی، سیاسەت و هتد… زۆر گرنگە سەرلەنوێ بە پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی پێناسە بکرێتەوە. ڕوونە کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هەموو دامەزراوە زانستی و مەعریفەکانی جگە لە قەیرانی کەڵەکەبوو ئەنجامێکی ئەوتۆی بۆ کۆمەڵگە پێی نییە. هەم بزووتنەوەی ئازادی ژنی کورد و هەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە ئەلتەرناتیڤەکان لە جیهاندا خاوەن ئەزمونێکی کەڵەکەبووی تیۆری و مەعریفی و ئەزمونی پراکتیکین کە لە هەوڵی تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریین. گرنگە کە وزە و بەرهەمی ئەو تێکۆشانانە بگەیەنرێتە هەموو جێیەک و وەڵامدەرەوەی پێویستیەکانی ژن، ژیان، سروشت و کۆمەڵگە بێت.