لە کنە و پشکنینی شوێنەوارناسی لە هەرێمێکی نزیک شاری سێرتی باکوری کوردستان نەریتێکی ٤٨٠٠ ساڵەی قوربانیکردنی کچانی گەنج دۆزرایەوە. بەپێی ئەرکیۆنیوز، لەو کنە و پشکنینەی تەپۆلکەی باشور کە دەکەوێتە سنوورەکانی شاری سێرت بەڵگەی گرنگیان لەسەر ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی قوربانیکردنی مرۆڤ لە گۆڕەپانێکی شانیشینی دا دەستکەوتووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا. پاشماوەی ئەو کچە گەنجەی لە گۆڕستانێکدا دۆزراونەتەوە، ڕۆشنایی دەخاتە سەر لایەنە دراماتیکییەکانی پلەداری کۆمەڵایەتی و ئەزموونی دەسەڵات لە کۆمەڵگاکانی سەرەتای سەردەمی برۆنزدا.
تەپۆڵکەی باشور کە دەکەوێتە پارێزگای سێرت، وەک یەکێک لە گرنگترین شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو سەردەمە لە یەکتربڕینی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵدایە. لە هەڵکۆڵینەکاندا گۆڕی کەسانی بژاردە، هەروەها پاشماوەی ئەو تاکانەی کراونەتە قوربانی لە دەوری مەزارەکانی تردا دۆزرانەوە. شوێنەوارناسەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم جۆرە کارانە بۆ شایستەیی پێگەی فەرمانڕەوا مردووەکان و تەنانەت دوای مردنیش و بۆ هێماکردنی هێزی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا، ئەنجامدراون.
لە هەمان کنە و پشکنین، لە پاڵ ئەو دۆزینەوانەدا، شتگەلێکی بەناوبانگی وەک خەنجەری برۆنزی، سەری ڕم، مۆری سلندەر و خشڵ هەن. ئەم بابەتانە ئەوە دەردەخەن کە چینایەتی کۆمەڵایەتی و جیاوازی چینایەتی لە ناوچەکەدا تا چووە قووڵتر بۆتەوە. بە تایبەتی بوونی چەکی کانزایی و بوونی کەلوپەلی دیاری دەوڵەمەندی ناو گۆڕەکان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تەپۆڵکەی باشوور ناوەندێکی دەسەڵات بووە و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ شارە گەورەکانی میزۆپۆتامیادا هەبووە.

دۆزینەوەکان لە تەپۆڵکەی باشور لە سێرت، پرسیاری نوێی بۆ تێڕوانینەکان لەسەر سەرچاوەی شانشینیەکانی میزۆپۆتامیا دروست کردووە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دۆزینەوە نوێیانەدا، پێکهاتەی پلەداری و پرۆسەکانی پێکهێنانی دەوڵەت کە بە شێوەیەکی نەریتی وا بیردەکرێتەوە لە ناوەندەکانی شاردا گەشەیان کردووە، ڕەنگە لە قۆناغێکی پێشووتردا لە ناوچە گوندنشینەکاندا سەریان هەڵدابێت.
شیکارییە بایۆئارکیۆلۆژییەکان دەریدەخەن کە کچانی گەنج بە تایبەتی بۆ قوربانیدان هەڵبژێردراون، ئەمەش ئاماژەی گرنگ سەبارەت بە پاڵنەرەکانی دەسەڵات و پێکهاتەکانی بنەمای نایەکسانی کۆمەڵگە کۆنەکان نیشان دەدات. شارەزایان دەڵێن، ئەم جۆرە ڕێوڕەسمانانە بۆ بەهێزکردنی دڵسۆزی ناو کۆمەڵگە و پاراستنی دەسەڵاتی فەرمانڕەواکانە، تەنانەت دوای مردنیش.

کنە و پشکنینەکانی تەپۆلکەی باشور دیدێکی نوێ لەبارەی پرۆسە بەراییەکانی پێکهاتنی دەوڵەت لە میزۆپۆتامیا دەڕەخسێنن، ئەمەش ڕێگەمان بۆ دەکاتەوە کە باشتر لە پەرەسەندنی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی قۆناغێک لە مێژووی مرۆڤایەتی تێبگەین. لەگەڵ دۆزینەوە نوێیەکاندا، ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ئەم شوێنە دێرینانەی نیشتەجێبوون لە پرۆسەکانی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و گۆڕانی کولتووری لە ناوچەکەدا گێڕاویەتی، بەردەوامە لە هێنانەئارای زانیاری ڕوونتر.